یەمەن؛ وڵاتی خەنجەر بەدەستەکانی برسی

یەمەن ولاتێکە پەرلەمانتارەکانی بە خەنجەر لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ئامادە دەبن.
PM:03:15:31/07/2021
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا-دەوڵەتەکان


دكتۆر هیوا مەجید خەلیل
دکتۆرا لە گەشەسەندنیی سیاسیی، زانكۆی سەلاحەدین.



''ئەگەر پێناسەیەکی واقیعگەرا لە سیستەمی سیاسیی یەمەن پێش جەنگ بکەین، دەتوانین بڵێین؛ ولاتێکە، پەرلەمانتارەکانی بە خەنجەر لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ئامادە دەبن.''

"پێشەکی"

لە رێککەوتی ٩/٧/٢٠٢١. دامەزراوەی "ئۆکسفام"، کە دامەزراوەیەکی جیهانییە و لەسەر پرسە جیهانییەکانی وەک؛ برسێتی، گەشەسەندن، پەروەردە، منداڵ و ئافرەت کاردەکات، راپۆرتێکی دڵتەزێنی بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا دەڵێت؛ وەها بڕوات رێژەی مردن بە هۆی برسێتییەوە پێش رێژەی مردن بە هۆی کۆڕۆنا دەکەته‌وە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە لە سەرتاسەری جیهاندا لە هەر خولەکێک هەفت کەس بەهۆی کۆڕۆناوە دەمردن، کەچی تا کۆتایی ئەم ساڵە یازدە کەس بەهۆی برسێتییەوە دەمرن. ئەویش بە هۆی سێ فاکتەری سەرەکی، جەنگ، پەتای کۆڕۆنا و گۆڕانکاریی لە کەش و هەوا. بە پێێ راپۆرتەکە؛ یەمەن لە دوای کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک دووەمین وڵاتە کە لە رێژەی پێشەوەی داتاکانی برسێتیدایە.

یەمەن؛ برسێتی و قاتوقڕی؛

یەمەن لە شەپۆڵە ماڵوێرانکەرەکەی بەهاری عەرەبی بەدوور نەما. بەهاری عەره‌بی دووبارە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەوەی کە بە یەمەنی باکوور و یەمەنی باشوور دەناسرێت، کە نزیکەی سی ساڵ یەکگرتنەوەیەکی رووکەشیان راگەیاندبوو و، دواجار لە دژی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەی "عەلی عەبدوڵا ساڵح" کە لە کاتی یەکگرتنەوەی هەر دوو "یەمەن" لە ساڵی ١٩٩١ەوە حوکمی یەمەنی دەکرد. ئەگەرچی بە سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان "عەبدوڵا ساڵح"، دەسەڵاتی رادەستی عەبدولرەبە هادی کرد، بەڵام ئەم گواستنەوەی دەسەڵاتە بەس نەبوو بۆ هێنانەدی ئارامی و رێگریکردن لە جەنگ تا دواجار لە ساڵی ٢٠١٥ یەمەن نووقمی جەنگی ناوخۆ بووە. جەنگێک بە سەرکردایەتی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە "عەبدولرەبە هادی مەنسوور" و لایەنگرانی لەلایەک و "عەلی عەبدوڵا ساڵح" و حوسییەکان لەلایەکیترەوە، دواتر لاینە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەم جەنگە بەرفراوانتربوو. جەنگێکی وێرانکەر کە هیچی لە یەمەن نەهێشتووتەوە جیا لە برسێتی و قاتوقڕی. لە ساڵی ٢٠١٦ تا ئێستا، بەهای کاڵا خۆراکییەکان لە یەمەن ١٠٠٪ بەرزبووەتەوە، کاڵایەکی وەک برنج ١٦٧٪ نرخەکەی بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٦دا بەرزبووەتەوە. ئەمە بەرزبوونەوە ساروخییەی نرخی خۆراکەکان، بەو مانایە دێت؛ تا کۆتایی ئەم ساڵ، ساڵ پتر لە شانزدە ملیۆن کەس لە "یەمەن" لە قەیرانی خۆراک یاخود بەدخۆراکیدا دەژین. واتە نزیکەی ٧٠٪ دانیشتوانی ئەم وڵاتە. لە خودی ئەم رێژەیەش یەک ملیۆن ئافرەتی دوو گیان و دوو ملیۆن و سێسەد هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ دەبینرێن. واتە؛ رێک ئەو نەوەیەی کە کۆڵەکەکانی داهاتووی یەمەن دادەڕیژن لە برسێتیدا دەژین برسێتی وایکردووە کە لە ناو ئەم منداڵانەدا، رێژەی ٨٦٪ بەدەست کەم خوێنییەوە بناڵیینن بە هۆی نەگەیشتنی ڤیتامینات و کالۆری پێویستی رۆژانە بە جەستەیان.

هەڵبەت دۆخی برسێتی یەمەن تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆ. لە ساڵی ٢٠١٠ لە شاری "لەندەن" سەبارەت بە ئاسایشی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی یەمەن، دیدارێک رێکخرا. ئەگەرچی یەمەن لەو ساڵەدا بە یەکێک لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت هەژمار دەکراو نەوت هاوشێوەی وڵاتانیتری عەرەبی پتر لە ٩٠٪ داهاتی نیشتیمانی ئەم وڵاتەی پێکدێنا، بەڵام لە هەمان ساڵدا لەم دیدارەدا رێژەی هەژاری لە یەمەن نزیکەی ٤٠٪ کۆی گشتی دانیشتوانی پێکدێنا و رێژەی بێکاریش لە سەرووی ٣٥٪ بوو. هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ شێوازی خراپی حوکمڕانی لە یەمەن و بەش بەشێنێی خێلایەتی و ئایینزایی دەگەڕایەوە. کارەساتەکە هەر لێرەدا ناوەستێ، بەڵکو بەهۆی نەبووی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، گشت کەرتەکانی پاراستن و گواستنەوەی خۆراک و کەرتە تەندروستییەکان لەکار وەستان و رۆژ بەرۆژ لە نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک کارەبا، ئاوی پاک، خواردن، سووتەمەنی و پێداویستییەکانی تەندروستی بەرزدەبێتەوە. نەبوونی سووتەمەنی بووەتە هۆی وەستانی موەلیدەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ئاودێری و وەستانی پاپوڕەکانی راوە ماسی. واتە؛ رێک ئەو کەرتە بچووکە پیشەسازیانەی کە خەڵکی یەمەن لە پێش هەڵگیرساندنی جەنگیش بۆ دابینکردنی بژێوی رۆژانەیان پشتیان پێدەبەست. کێشەکە لێرەدایە کە یەمەن یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە دۆخی ئاساییدا بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکانی پشتی بە هاوردەکردن دەبەست و نزیکەی (٩٠-٨٥٪) ئەم پێداویستیانە لە دەرەوە هاوردەدەکران. هەر بۆیەش ئاساییە کە لە کاتی جەنگ و نەمانی سەقامگیریی ناوخۆیی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پرۆسەی هاوردەکردن و هەناردەکردن بوەستێت یاخود کەم ببێتەوە.
 
ئەگەرچی پێش سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆ، نیوەی هێزی کاری یەمەن لە کەرتی کشتوکاڵدا کاریدەکرد، بەڵام لە راستیدا ئەم کەرتە تەنیا نزیکەی (١٥٪)ی کۆی داهاتی گشتی ئەم وڵاتەی پێکدێنا. کەرتی بەرهەمهێنانی دانەوێلە بۆ نیوە بەراورد بە پێش ساڵی ٢٠١٥ کەمبووەتەوە. لە کۆی ئەو چوار ملیۆن دار خورمایەی کە لە یەمەندا هەبوو و سەرچاوەیەکی گرنگی بژێوی ژیانبوو پتر لە نیوەی بە هۆی جەنگەوە لە ناوچوونە. لە ناوچوونەکەش بووەتە هۆی بەبیابانبوونی زۆرتری زەویە کشتوکاڵی و دارستانەکانی یەمەن. لە هەندێ ناوچەی وەک "مەعارب" پتر لە چەند مانگە هیچ فەرمانبەرێک مووچەی وەرنەگرتووە. ئەو پارەیەش کە هەیە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک "ئۆکسفام" و "نەتەوە یەکگرتووەکان" و "رێکخراوی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە" و رێکخراوەکانیتر دابینیدەکەن، كه‌ بۆ هەر خێزانێک مانگانە تەنیا سی و شەش دۆڵارە. ئەو مووچەیەش کە حکومەت دەیدات بەشی کەمتر لە یەک هەفتە دەکات. داتاکانی رێکخراوی بانکی جیهانی کە لە مانگی مارچی ٢٠٢١ بڵاوکراونەتەوە، وێنەیەکی کارەساتبارتر دەخەنەڕوو، بەپێی داتاکانی ئەم رێکخراوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لە کۆی ٢٠.٥ ملیۆن دانیشتووانی یەمەن. ١٩.٩ ملیۆن کەس لە سیستەمی چاودێری تەندروستی بێبەشبوونە، هەربۆیەش نەخۆشییەکانی وەک کولێرا، دیفتری، سوورێژە و گرانەتا لەم وڵاتەدا بە تایبەتیش لە نێوان منداڵاندا رۆژ بە رۆژ زۆرتر دەبێت.

هاوکات بە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکییەکان، نرخی کەرەستە پێویستەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکیش لە ناوخۆی یەمەندا بەرزبووەتەوە، وەک سوتەمەنی و کرێی گواستنەوە، ئەویش ئەگەر جوتیارێک بتوانێ بەهۆی جەنگی ناوخۆوە کاری کشتوکاڵی بکات. هاوکات بە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بۆ ١٠٠٪، ئاستی هاوکاریی مرۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەم وڵاتە بە رێژەی ٥٠٪ کەمیکردووە. یەمەن لە دۆخێکدا دەژیێ کە چیتر دایکان و باوکان لە هزری ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە نین، بەڵکو لە هزری دابینکردنی ئەو سێ پێداویستییە سەرەتاییەی ژیانن کە ''ئابراهام مازلۆ'' باسیدەکات واتە پارە، بۆ دابینکردنی خواردن و خواردنەوە، ئەویش لەپێناو مانەوەدا نەک لە پێناو ژیانێکی بە کەرامەتدا. 

ئامارەکان تەنیا هەر لێرەوە ناوەستن، بەپێی داتای رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی؛ یەمەن هەر لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ئێستا لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٧٦ی وەرگرتووە و بە گەندەڵترین وڵات لە رووی شەفافییەت و حوکمڕانی باشەوە دێت، تەنانەت گەشەی شەفافییەت و پێوەرەکانی حوکمرانی باش لەم وڵاتەدا (٨-)ە واتە رێژەی ژێر سفڕی دەربازکردووە. 

لە رووی ئاستی خوێندەوەارییەوە، داتاکان سەرسورهێنەرن و داتاکان تا ساڵی ٢٠١٦ لەبەردەستن و دوای دەستپێکردنی شەڕ هیچ داتایەک کۆ نەکراوەتەوە. لە کۆی گشتی ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە خوارە هەژدە ساڵە و لە قوتابخانەکان ناونووسکراون بە پێی داتاکانی یۆنێسکۆ، لە ساڵی ٢٠١٦ (٨٤٠٢٪) بۆ خوێندنی سەرەتایی و رێژەی (٤٧.٦٪) بۆ خوێندنی ناوەندی ناونووسکراون؛ واتە کەمتر لە نیوەی ئەو کەسانەی مافی خوێندنیان هەیە. هەرچی تایبەتە بە ئامارەکانی دواناوەندی تەنیا ئاماری ساڵی ٢٠١١ لەبەردەستە کە ئەویش رێژەکەی (١٠.٢٪). کەواتە پرسیارە گرنگەکە بریتییە؛ لەوەی کە رێژەی دەرچوانی زانکۆ و بوارە تەکنیکی، پزیشکی، پەرەستاریی و مامۆستایی کە بواری هەرە گرنگی پەروەردەیی وڵاتێکن دەبێ چەند بێ؟

بە کورتی گشت ئەم داتانە پێماندەڵێن؛ کە یەکگرتنەوەی نێوان هەر دوو یەمەنی باکوور و یەمەنی باشوور، هەڵەیەکی کوشندەی مێژوویی بوو. چونکە یەکگرتنەوەکە بریتیبوو لە یەکگرتنەوەی دوو جیهانبینی سیاسی تەواو لێکجیاواز لە کۆمەڵگەیەکی بەدەوی و نەخوێندەواری دواکەوتوو، کە تێدا نەک گفتوگۆ و دیالۆگ، بەڵکو خەنجەر کێشەکان چارەسەر دەکات.


"پوختە"

پێشکەوتنی هەر وڵاتێک پێویستی بە کۆمەڵێک فاکتەر هەیە کە لە هەموویان گرنگتر سەقامگیریی سیاسییە. سەقامگیریی دەبێتە هۆی هینانەدی ئاسایش و لەوێشەوە گەشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی دەسپێدەکات و چینی ناوەند سەرهەڵدەدات و وڵات هێدی هێدی بەرەوە مۆدێرنیتە و گەشەسەندن هەنگاو دەنێت. یەمەن پێش ساڵی ١٩٩٠ دابەشی سەر یەمەنی باکوور و باشوور کرا و کەوتە ژێر رەحمەتی ململانێی ئایدۆلۆژیای سەرمایەداریی و کۆمۆنیستی. سی ساڵ یەکگرتنەوەی هەر دوو یەمەن تەنیا ناکۆکییە خێڵایەتی و ئایینزایی و ناوچەیی بەرهەمهێنا. بەهاری عەرەبی ئەم ناکۆکیانەی قووڵترکرد و تا دواجار شەڕێ ناوخۆیی روویدا. جەنگ دۆخێکە کە تێدا چینی ناوەند نامێنێ و تەنیا چینی هەژار پان و بەرینتر دەبێ. یەمەن سەختە بتوانێ تا چەندین ساڵیتریش ئەم زامانە ساڕێژ بکاتەوە.



ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر