هەڵکشان و داکشانی کۆمەڵگای مەدەنی

بە هەمان مۆدێلی ئەفغانستان، ئەمریکا لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگا و سیستەم و حکومەت ملیۆن، ملیۆن دۆلاری لە هەموو بوارێکدا سەرفکرد.
PM:07:22:08/09/2021
دۆسیە: کلتوور و مرۆڤسازی


د. سەردار عەزیز
نووسەر و توێژەر


بە هەمان مۆدێلی ئەفغانستان، ئەمریکا لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگا و سیستەم و حکومەت ملیۆن، ملیۆن دۆلاری لە هەموو بوارێکدا سەرفکرد. یەکێک لەو بوارانە کۆمەڵگای مەدەنی بوو. دەرئەنجام دروستبوونی کۆمەڵە ڕێکخراوێکە دژ بە مەدەنی بوونی کۆمەڵگای کوردییە. ئەم دیاردانە لە چەندین ئاستدا پێویستی بە ڕامانی قوڵە. سی ساڵی رابووردوی ئێمە پڕیەتی لە ئەزمون و وانە، ئەگەر لێی تێنەگەین ئەوا مەحکومین بە دووبارەکردنەوەی.

ئایا کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان مرد؟ ڕەنگە هەندێک بڵێن؛ ئایا هەر لە دایکبوو، هەتا بمرێت؟ ئەم پرسیارانە هێندە جێگای بایەخ نین، چونکە زیاتر دەربڕینی هەڵوێستێکن لە بڕی هەڵەوداوان بۆ تێگەیشتن. کۆمەڵگای مەدەنی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کوردستانی ئێراق پاش هاتنی ئەمریکاییەکان لە ٢٠٠٣ دێتە ئاراوە. تایبەتمەندی ئەم مێژووە لەوه‌دایە کە کۆمەڵگای مەدەنی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پرۆسەی ئازادکردنی ئێراق و هەوڵی ئەمریکا بۆ بە لیبراڵکردن و دیموکراسیکردنی ئێراق و کوردستان.لە پاش ئەم بەروارە، پارەیەکی زۆر لەلایەن ڕێکخراوەکانی سەر بە ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتوەکان ڕوودەکاتە کوردستان و زۆر بەئاسانی خەڵکانێکی زۆر دەتوانن ئەوەی پێی دەوترێت "فەند" بەدەستیبهێنن. ئەم پەیوەستبوونەی پرۆژەی "ئەمریکا" و پارەی "ئەمریکا"، کۆمەڵێک خەسڵەتی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانمان بۆ دەردەخات؛ 

یەکەم؛ کۆمەڵگای مەدەنی خۆرسک و ناوەکی و دەرئەنجامی ئاگایی و خواستی ناوخۆ نییە. بەڵکو وەک زۆر دیاردەی تر پاڵنەرێکی دەرەکی هەیە. ئایا لە نێوان ئەکتەرە ناوخۆییەکان و پاڵنەرە دەرەکییەکان چ جۆرە پەیوەندییەک هەبووە؟ چ جۆرە پەیام و ئامانجێک لە ئارادابوە؟ بە باشی نازانرێت. بەڵام ئەوەی ڕوونە پەیوەندییەکە زیاتر لە بوارێکی دارایی و بیرۆکراسیدا قەتیسماوە و هەرگیز ڕەهەندی فیکریی و فەلسەفی و ئامانجگەرایی پرسەکە ڕون نەبووە. ئەگەر خواستی ئەمریکاییەکان و داراییەکەیان پاڵنەری سەرەکی بووبێت بۆ هەڵکشانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەوا هەر ئەمەش هۆکارێکی گەورەی داکشانی ئەم کۆمەڵگایانەیە. لە میانەی پەیوەندی نێوان فەندەرەکان و چالاکواناندا جۆرێک لە پەیوەندیی هەبووە، کە لە سنوورێکی تەسکدا قەتیس بووە، وەک چەند چالاکوانێکی دیاری ئەو بوارە پێیان گوتم. وەک دەردەکەوێت پەیوەندییەکە بریتی بووە لە بەدەستهێنانی فەند لە دەرەوە و دروستکردنی ڕێکخراوێک لە بوارێک یان بۆ پرسێک و ئەنجامدانی چەند چالاکییەک. ئەم سنوردارێتییە، وەهایکردووە کە کۆمەڵگای مەدەنی نەبێت بە بنەمای هاتنەئارای جۆرێکی تر لە پێکەوە بوون، خۆڕێکخستن، دروستکردنی جڤات و کۆمەڵە، لە سەروی هەموویەوە دروست نەبوونی خەیاڵی نوێ، کە ئەگەر ئەندرسنیانە (بێندیکەت ئەندەرسن) بیربکەینەوە بنەمای هەموو پێکەوەبونێکی مۆدێرێنە. بەڵگەیەکی تری ئەم بوارە ئەوەیە؛ کە کاتێک ئەمریکاییەکان و ئەوانیتر هەست بە بارگرانی پرۆسەی دیموکراتیزەیشن دەکەن و لە هەمانکاتدا بۆیان دەردەکەوێت کە هێنانە ئارای دیموکراسی لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوی وەک عێراق و کوردستان جۆرێکە لە مەحاڵ، ئیتر پارەکانیان دەگرنەوە و لە ئەنجامدا، ئەوەی پێی دەوترا کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان لە شەو ڕۆژێکدا دەبێتە مێژوو. پێش ئەوەی بێین، باس لە قەیرانەکانی تری کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانی بکەین، با چیەتی کۆمەڵگای مەدەنی ڕوون بکەینەوە. کۆمەڵگای مەدەنی، بەشێکە لە پرۆژەی لیبرال، بۆ هێنانە ئارای جۆرێکی نوێ لە پێکەوەبونی ئەندامانی کۆمەڵگا، بە پێچەوانە یان دژ بە پێکەوەبونی تەقیلیدی یان ترادیسوون.

وەک لە بەدواداچونەکانماندا بۆمان ڕون دەبێتەوە، هیچ چالاکوانێکی ئەم بوارە بە ئاگا نەبووە کە ئەو ئەرکی ئەوەیە شێوازێکی نوێ لە پێکەوەبون بهێنێتە ئاراوە و دژایەتی بونیادە تەقلیدییەکان بکات، بەڵکو زۆرینەیان وەک پیشەیەک یان سەرچاوەیەکی بژێوی یان بەدەستهێنانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی وڕەمزی مامەڵەیان لە گەڵدا کردووە.لێرەدا دەبێت جەخت لە گرنگی ڕەهەندی فیکری ئەم بوارە بکەینەوە. کاتێک چالاکوانێک نازانێت ئامانجی گەورە و درێژخایەنی ئەو چییە، ئەوا ناتوانێت کار بۆ بەدیهێنانی بکات. پێکەوەبونی مەدەنی یان کۆمەڵگای مەدەنی کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە کە لە سەرمایەدارییەوە بۆی هاتووە، خەسڵەتی سەرەکی کراوەییەتی. کۆمەڵگای مەدەنی کراوەیە بۆ هەمووان و هەمووان دەتوانن تیایدا ببنە ئەندام و وازی لێبهێنن. ئەم کراوەییە پێچەوانەی کۆمەڵە تەقلیدییەکانە وەک (خێزان، تیرە، هۆز، خێڵ) کە کەسێک یان تیایدا ئەندامە یان نا، نە کراوەیە و نە ئازادە. 

دووەم؛ خەسڵەتی سەرەکی جوڵەی بەردەوامییەتی، ئەوەی پێی دەڵێن "فلۆ". کرۆکی سەرمایەداریی "فلۆیە"، دۆلۆز بە چڕی باس لە ئەمە دەکات. "فلۆ" یانی شل بوون. یانی نەبوونی بەربەست و گرێ و ڕێگر.

خەسڵەتی سێیەم، دروستبوونی جۆرێکە لە باوەڕ، ترەست.  "فۆکۆیاما" زۆر جەخت لە سەر ئەم ڕەهەندە دەکاتەوە. کۆمەڵە تەقلیدییەکان لە سەر بنەمای ڕق و بێ سیقەیی لە نێوان کۆمەڵەکاندا دروست دەبێت. ئەندامی خێزان و تیرە و عەشیرەتەکان بەردەوام لە دژایەتی و بەربەرەکانیی یەکتردان. بە هیچ جۆرێک باوەڕ بە یەکترکردن لە نێوانیاندا نییە. دیارە باوەڕ بنەمای گەشەی ئەوروپایە لە بەرامبەر ئەوانیتردا. وەک چالاکوانێک بۆی ڕونکردمەوە، زۆربەی چالاکوانانی بواری کۆمەڵگای مەدەنی لە بڕی پێکەوەبون و دروستکردنی تۆڕ و هەوڵی گەورەکردنی فشار و کاریگەرییان، کاریان بە پێچەوانەوە کردووە و هەوڵی کێبڕکێ و پەرتەوازەیی و بە سیاسیبوونیان داوە. ئەمە لە کاتێکدا تێنەگەیشتنە لە بوارەکە هەروەها لە زۆر باردا دژە بە بەهاکانی کۆمەڵگای مەدەنییە، بە تایبەتی کە دێتە سەر پرسی گەندەڵی و هەڵپەی داهات و فێڵ و تەڵەکەبازی لەو بوارەدا.

خەسڵەتی چوارەم؛ خەیاڵە. کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ خۆیدا خەیاڵێکی هاوبەش لە نێوان ئەندامان و هەوادارانیدا دروست دەکات. بەبێ ئەم خەیاڵە ئەندامێتی بەرفراوان مەحاڵە. ئەم خەیاڵە نە ئاگایی هەبووە بەرامبەریی و نە کاری بۆ کراوە. گرنگی خەیاڵ لای هەردوو "ئەندەرسن و نۆڤال حەریری" بۆ کاری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زۆر جەختی لە سەر کراوەتەوە. خەیاڵ لە سنوورە تەقلیدییەکانی پێکەوەبوون، وەک خزمایەتی و ناسراویی و هاوبەشی ئاینی و ئایدەلۆجی فراوانترە. 

سەرباری ئەمانە ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێت لە سرووشت و خەسڵەتەکانی کۆمەڵگا تەقلیدییەکان بە ئاگابن. ئەگەر لە سرووشتی نەیارەکەت تێنەگەیت ئەوا ناتوانیت بە باشی ڕکەبەری بکەیت. کۆمەڵگا تەقلیدییەکان وەها بینراوە کە ڕەقهاڵاتوون، بواری جوڵە و بەریەکكەوتن و پێکەوەبونی ئازاد نادەن. "مارکس" ئەوان بە بنەمای ستەمکاریی و دواکەوتویی دادەنێت، لە میانەی قسەکردنی لە سەر گوندی هیندی. لیبرالەکانیش بە هەمانشێوە کۆمەڵگا تەقلیدییەکان وەها نابینن کە بنەمای دیموکراسی و نوێنەرایەتی و کۆمەڵگایەکی کراوە دابمەزرێنن.

دەرئەنجامی هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێت کە کۆمەڵگای مەدەنی کورستانی دیاردەیەکی دەرەکی، دارایی و بێ مەعریفە بووە. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نییە کە لە ئەنجامدا بە ئاسانی دابکشێن و نەمێنن.

لە ماوەی هەڵکشانیدا کۆمەڵگای مەدەنی و بوارەکانی تری وەک میدیای ئازاد، کە فەندی دەرەکییان هەبوو، فشارێکیان لە سەر دەسەڵات دروستکردبوو. بەڵام چونکە پاڵنەری سەرەکی فشارەکە پارە دەرەکییەکە بوو، لە گەڵ نەمانی پارە دەرەکییەکەدا زۆربەی ئەم چالاکوانانە چونکە بەرەی حیزب بۆ بەدەستهێنانی دارایی و گۆڕینی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ کۆمەڵێک ڕێکخراوی نامەدەنی سیاسی و حیزبی کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی بوارە جیا جیاکانە بۆ سوودی حیزب. "پەکەکە" پێشەنگە لەم بوارەدا بەردەوام ڕێکخراوی جیاواز بە ناوی جیاواز لە بواری جیاوازدا دروست دەکات تەنها لە پێناو کۆنترۆڵکردنی رێگری لە دروستبوونی جیاواز. (یەکێتی و پارتی) و ئەوانیتریش بە هەمانشێوە دەخوازن کۆمەڵە مەدەنییەکان بکەنە ئامرازی کۆنترۆڵ لە بڕی بنەمای دروستبونی کۆمەڵگایەکی لیبرال لە سەر بنەمای پێکەوەبونی جیاواز و خەیاڵی جیاواز. ئەم وەرچەرخانە ١٨٠ پلەییە، وەهایکرد کە کۆمەڵگای مەدەنی ناوی بزڕێت و هەموو سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی و سیمبولی و مەدەنی لە دەست بدات. ئامانجی هەرە سەرەکی حیزبەکانیش پێش هەموو شتێک ئەمەیە. کاتێک ڕێکخراوێک یان میدیایەک سەرمایەکان و باوەڕی لە دەست دەدات، ئەوا لە دارێکی ئەستورەوە دەبێتە پوشێکی بێگیان.

کەواتە ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگای مەدەنیمان هەبێت، دەبێت مەعریفەمان هەبێت بە کۆمەڵگای مەدەنی. چالاکوانان خۆیان ناتوانن ئەم مەعریفەیە بەرهەم بهێنن، بۆیە دەبێت کەسانی تر ئەو کارەیان بۆ بکەن. هەرچەندە نامەی ماستەر و دوکتۆرا بە زۆری لەم بوارەدا نوسراوە، بەڵام بە گشتی توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەی تایبەتیان نییە بە کەیسەکە. بەڵکو زیاتر جوینەوەی ئەدەبیاتی ئەم بوارەیە بەبێ هەبوونی توانای تێڕامان. لەلایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی ببین بە خاوەن کۆمەڵگای مەدەنی خۆمان، دەبێت بیر لە خۆبژێوی خۆمان بکەینەوە. زۆر ڕێکخراوە ناحکومییەکانی دونیا، سەرباری ئەوە سودمەندن لە فەندی حکومەت بەبێ هیچ مەرجێکی سیاسی، سەرچاوەی بژێوی خۆیان هەیە،. ئەگەر دەرەوە لە پێناوی ئامانجی خۆیدا هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە دونیای ئێمەدا داو، ئێمەش بێ بیرکردەوە هەوڵی پیادەکردن و سودلێوەرگرتمان دا، بەڵام ماوەکورت و بێ ئەنجام بوو. ئەوا دەبێت لە داهاتودا لە خۆمانەوە بۆ خۆمان ئەم پرسە بوروژێنین. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا تەقلیدییەکان لە بوژانەوەیەکی خێرادان. خێڵگەرێتی نوێ، دیاردەیەکی کوشندەیە.

دیارە چەندین لایەنی تری ئەم پرسە هەیە کە شایستەی ڕەخنەکردنە، وەک باری دەروونی چالاکوانان، بە ئۆپۆزسیۆنبوونی کۆمەڵگای مەدەنی. دیاردەی بە ئۆپۆزسیۆنبوون لە کۆمەڵگای کوردستاندا نابێت وەک تەنها وەک ئۆپۆزسیۆنبوون ببینرێت، بەڵکو زیاتر دەبێت وەها ببینرێت کە ڕێگایەکی خێرایە بۆ ناسراویی وبەناوبانگبون، لە کاتێکدا ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنی ئۆپۆزسیۆنبوون نییە، چونکە ئەو کاتە دەبێتە بەشێک لە کۆمەڵگای سیاسی.


ئه‌م بابه‌ته 327 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر