رۆانینێک بۆ دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان

لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتانی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، زۆرتر وەک پارسەنگی ڕاگرتنی هێز سەیری کورد کراوە.
PM:09:46:16/09/2021
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا


دكتۆر هیوا مەجید خەلیل
دکتۆرا لە گەشەسەندنیی سیاسیی، زانكۆی سەلاحەدین.


"پێشەکی"

لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتانی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، زۆرتر وەک پارسەنگی ڕاگرتنی هێز سەیری کورد کراوە. بە واتایەکی تر؛ زۆرتر لە ڕوانگەی سەربازیی و وزە سەیری پۆتانسیێلی هێزی کورد کراوە. بە حوکمی پێگەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هەرێمە بەشێکی سەربەخۆ نییە لە ململانێی هێزی ڕەق و هێزی نەرمی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەڵکو لە ناو هێزی ڕەق و هێزی نەرمی ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان گەمە بکات. ئەمە ڕاستییەکە کە پیویستە زۆر بە وردی و وریاییەوە ڕەچاو بکرێت. ئەگەرچی لە دووای ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتوبەری ٢٠١٧، کوردستان لە ڕووی سەربەخۆیی سیاسیی و ئابووری توشی کۆمەڵێک بەربەست کرایەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تا حاڵی حازر، هەرێمی کوردستان توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش بە سەربەخۆیانە ئێدارەی کاروبارەکانی سەربازی و وزەی خۆی بکات. لە خوارەوە کۆمەڵێک بەرچاو ڕوونی سەبارەت بە چۆنییەتی گەمەی سیاسیی  دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان خراوتەڕوو.

"دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان چۆن گەمە بکات؟"

هێزی ڕەق (سەربازیی) هەمیشە بۆ کورد فاکتەرێکی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن هەژمار ناکرێت، چونکە ئەم فاکتەرە بەندە بە سەرهەڵدانی شەڕ و بەشداری کورد لەم شەڕەدا لە بەرژەوەندی لایەنێک یان چەندین لایەن لە ئەکتەرەکانی هەرێمایەتی و نێودەڵەتی. بەڵام مەرج نییە هەمیشە شەڕ ڕووبدات. سەرەڕای ئەمەش ئەم فاکتەرە ئامادەگی و پۆتانسێلی خۆی هەیە. بۆیە؛ بە ڕەچاوکردن و بەهێزکردنی هێزی ڕەقی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم هەرێمە باشترە زۆرتر لە چوارچێوەی هێزی نەرم (وزە بە گشت جۆرەکانییەوە، تەنانەت خۆراکیش) گەمە بکات. لەم گەمەیەدا باشترە، "هەرێمی کوردستان" ڕەچاوی ئەو کێشەیە بکات کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بووه‌تە کێشەیەکی زەق، واتە پرسی ئاو. کەواتە هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی وەزی سوتەمەنی (نەوت و موشتەقاتی) پێویستە سیاسەتی وزەی خۆراکی (ئاو و موشتەقاتی) بگرینەبەر. هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وزەی نەوتیدا لە ناو ململانێی هێزی نەرم و ڕەقی ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا گەمە دەکات و لە چوارچێوەی وزەی ئاویش دەتوانێت سەربەخۆیانە کار بکات و وەک کارتی گوشاریش بەکاری بهێنێت. سەرباری ئەم دوو خاڵەی سەرەوە؛ پێویستە ڕەچاوی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت؛ هەرچەند مەڵبەندەکانی بەسەربەخۆ دەرکردنی بڕیار لە "هەرێمی کوردستان" زۆرتر بێت، بەهەمان ئەندازە لە توانایی هێزی نەرم و هێزی ڕەقی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە و ناتوانێ بە باشی ئەم دوو کارتە بەکار بهێنێت. کەواتە هاوكێشەیەکی پێچەوانە لە نێوان توانایی مانوردانی هەرێمی کوردستان و زیادبوونی مەڵبەندەکانی دەرکردنی بڕیار لە ناوخۆی هەرێمدا بوونی هەیە. باشترە مەڵبەندەکانی دەرکردنی بڕیاری سیاسی کەمتر و بە تواناتر بکرێن. واتە یەک ناوەند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی دەرەوە هەبێت. تەوافقی سیاسی لە نێوان هێزە کوردییەکان تا ڕادەیەکی باش ئەم گرفتە چارەسەر دەکات.

بۆ تێگەیشتن لە پوختەی سەرەوە، لەم نووسینەدا هەوڵدەدرێت کۆمەڵێک هاوکێشەی ناوخۆی، هەرێمایەتی و جیهانی بخەینەڕوو تا کاریگەرییەکانیان لەسەر قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان دیار بکەین؛ بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا کورتە مێژوویەک خراوەتەڕوو دواتر بابەتەکە بە شێوەی خاڵبەندی داڕێژراوە. لەوانەیە تێکەڵیەک لە داڕشتنی خاڵەکاندا بەدی بکرێت، هۆکاری ئەمەش بریتییە لە تێکەڵبوونی هاوکێشە و ڕووداوەکان.
 
"مێژووی هاوکێشەکان و دەستێوەردانەکان"

١. دەتوانین بڵێین؛ لە شۆڕشی گوڵانەوە یەکەمین دەستێوەردانی هەرێمایەتی لە کاروباری ئێراق لەلایەن سووریاوە دەست پێدەکات. سووریا (تجمع دیموقراطی ئێراقی) دروستکرد و یەکێتی نیشتیمانی، بەعس و سۆشیالیستەکان تێدا بەشداربوون. دواتر ململانێی نێوان سووریا و ئێراق بووە هۆی دروستبوونی جوقد (جبهە الوگنیه‌ القومیه‌ الدیموقراطیة). 
 
٢. بە هاوکاری ئێران ''مجلس اعلا'' دروستکرا کە کۆکردنەوەی گرووپە شیعەکان بوو. دواتر "حزب الڵە" ی کوردستان چووە ناو ئەم هاوپەیمانییەوە. سەرەتا "ئێران" لە ڕێگەی شاهرودیەوە سەرپەرشتی ئەم هاوپەیمانیەی دەکرد. دواتر لە ڕێگەی حکیمەوە.

٣. لە کوردستان لە ژێر باڵی پارتیدا جود دروستکرا. دواتر لە ناوەڕاستی هەشتاکان بە سەرپەرشتی "ئێران" بەرەی "کوردستان" دروستکرا. هاوکات لە ناوچەی بادینانیش ئاشوورییەکان تەجەموعاتی بچووکیان دروستکرد. لە هەمان سەردەمدا، تورکمانی شیعە چ وەک کەسایەتی و چ وەک گرووپی سیاسی لە ناوەڕاستی هەشتاکان لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری کران. خاڵێکی زۆر گرنگ لەو سەردەمدا بریتی بوو لەوەی کە لە هەشتاکان سوورییەکان "لیوا حەسەن" نەقیبیان بۆ "ئێران" نارد بۆ ئەوەی کە سووریا و ئێران لە دژی ئێراق ''تەشریکی مەساعی'' بکەن.

٤. دواتر "لیبیا" هاتە ناو گۆڕەپانەوە. "موعه‌مه‌ر قه‌زافی" لە دژی سەدام و لە شەڕی نێوان (ئێراق  و ئێران) بۆ لایەنگریکردن لە کوردەکان لێدوانیدا. هەر بۆیەش کوردەکان سەردانی لیبیایان کرد و هاوکاری داراییان وەرگرت. بەڵام "لیبیا" لە ڕووی جوگرافییەوە دوور بوو و هاوکارییەکانیش کەم بوون و مەنفەزی لیبیاش بۆ یارمەتیدانی کوردەکان (سوریا و ئێران) بوو.

٥. دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا، تورکیای هاندا کاریگەریی لەسەر کوردەکان دروست بکات، بەڵام قەبارەی ئەم کارەش زۆر گەورە نەبوو و تورکیاش بڕوای نەدەکرد پەرلەمان هیندە بەهێز بێت. "تورکیا" لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و دەزگا سیخورییەکانەوە وەرەقەی تورکمانی دروستکرد، بەڵام کێشە لێرەدا بوو کە بە پێچەوانەی مەسیحییەکان زۆربەی تورکمانەکان لە دەرەوەی هەرێمدابوون واتە لە کەرکوک و تەلەعفەر و پردێ و بەغدا. 

گشت ئەم گۆڕانکارییانەی سەرەوە لە پێش و هاوکات لەگەڵ ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن بوون. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ئەمریکا بڕیاریدا کە رژێمی سیاسی لە ئێراق بگۆڕێت. سیاسەتی ئەمریکا لەهەمبەر ئیراق کاتێک هەڵەبوو کە خۆی بە هێزی داگیرکەر ناساند کەچی لە کۆنگرەی لەندەنی ٢٠٠٢ خۆی بە هێزی ڕزگارکەر ناساندبوو. هەڵبەت "ئەمریکا" لەم ڕێگەیەوە بەرژەوەندی خۆی پاراست. بەڵام ئێراقی تووشی شەڕی ناوخۆکرد. بۆ نموونە، ''ڕابوونی شیعە'' دروستبوو و پارەیەکی زۆریشی بۆ خەرجکرا. ئاڵای جۆراوجۆر، چوون بۆ نەجەف و کەربەلا بە پیادە و پێخواسی کە پێشتر قەدەغە بوو. رابوونی شیعە هاوکات بوو بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ''تەوابین'' کە بریتی بوون لە ئێخسیرەکانی ئێراقی لە شەڕی نێوان (ئێراق و ئێران) کە دواتر لە سەدام هەڵگەرابوونەوە. گشت ئەمانە سەرەتای دەستێوەردانی جیددی و ڕاستەوخۆی وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە ئێراقدا بوون. لەم میانەیەدا، تورکیا بە ٣ وەرەق هاتە ناو مەیدانەکەوە؛ 

١. تورکمان
٢. عەرەبی سوونە 
٣. کورد 

هەڵبەت "تورکیا" بە پێچەوانەی "ئێران" زۆرتر بە دوای بازاری ئابووریدا دەگەڕا. چونکە کۆمپانیا ئێرانییەکان زۆرتر کارگەی بچووک بوون و زۆرێکیان سیخور بوون و ئامانجی سەرەکیش باڵادەستی سیاسی بوو لە ئێراقدا.

لەم سەروبەندە و فەوزای بارودۆخی سیاسی لە ئێراقدا، سووریا خۆی بە بێبەش دەبینی؛ هەر بۆیەش سوریا بە پشتگیریکردن لە حزبی بەعسی ڕوخاوو و ناردنی تیرۆریست هەوڵیدا پێگەی خۆی لە عێراقدا بکاتەوە. سەرەتا قاعیدە لەلایەن سوریاوە پشتگیریی لۆجیستیکی دەکرا. سەبارەت بە ئەردەن، لە ساڵی ١٩٥٩ ئەردەنیەکان هەوڵیاندا بۆ گەڕاندنەوەی عەرشی مەلیکی هاشمی بۆ عێراق. لە ساڵوی ١٩٦٣ ئەردەن، بەعسییەکانی بە بریتانیا ناساند و شۆڕشیان کرد. لە ساڵی ١٩٧٥ سەرۆک عەشیرەتەکانی عەرەبی سووننە عێراق، بە نهێنی لەلایەن ئەردەنیەوە هاوکاری دەکران. لە ٢٠٠٥ بە پاڵپشتی ئەردەن یەکەمین حزبی مەلیکی لە عێراق دروستبوو و لە هەڵبژاردنەکاندا دوڕاندی. بۆیە دووبارە هەوڵی کاریگەری نواندنە سەر سەرۆک عەشیرەتەکانیدا. خەمیس خەنجەر میلیاردێری عێراقی لە ئەردەن نیشتەجێبوو و یارمەتی ئەحزابە سوننەکانی دەدا. حئەگەرچی لە ئێستادا خەمیس خەنجەر لەسەر بەرەی ئێران و نزیک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەژمار دەکرێت. ''هیئه‌ العلما‌‌و المسلمین'' لە فەلوجە و ڕومادی نەما و چووە ئەردەن. حزبی ئیسلامی عێراقی لەلایەن ئەردەنەوە پشتیوانی دەکرێت. لە ناو کوردیش ئەردەن زۆرتر پشتگیریی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. بەڵام ئەردەنییەکان هەوڵیان نەدا کە لە عێراقدا دەست بەسەر ئابوردا بگرن، تا ئەو کاتەی کە لە ساڵی ٢٠١٨ پرۆژەی شامی نوێ گەڵالە دەکرێت کە تیدا عێراق و میسر و ئەردەن لە هەوڵدان لە رووی ئابورییەوە تەجەموعێکی ئابوری لە نێوان ئەم سێ وڵاتانەدا دروستبکرێت و تا ئێستا چوار گەرێ دانیشتن لەسەر ئەم پرۆژەیە بەڕێوەچووە و دوواین جاریش لە بەغدا و لە مانگی جوونی ٢٠٢١ لە بەغدا کۆبوونەوە. هەرچی سەبارەی بە سعودیایەم لەم ململانێیە سیاسییەی ئێراقدا سعودیا بە شەرمنانە پشتگیریی سووننەی دەکات. بە شەرمنانە پشتگیریی لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکات. هەر بۆیەش تا ئێستا لەسەر گشت ئەو هەڵبژاردنانەی لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ئێراقدا ئەنجامدراون هیچ کاریگەرییەکی نەبووە. هەر دوو وڵاتی قەتەر و ئیماراتیش بە ناوی گرووپە خێرخوازییەکانەوە پارەیان دابەشدەکرد. یەکگرتوو یەکێک لەو حزبانیە کە لەم پارە دابەشکردنە سوودمەندە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ سەرەوە ململانێی نێوان تورکیا و ئێران لەبارەی ئێراق قووڵبوونەوە. لە هەمان ساڵدا، تورکیا بانگهێشتی هەموو ئەحزابی ئێراقی کرد، کە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، سەردانی "تورکیا" بکەن، ئەمەش بە مەبەستی ئاشنابوون لەگەڵ دامەزراوەکان و ئەحزابی تورکیا. سەرەڕای گشت ئەم هەوڵانە دۆگماتیزم و رەگەزپەرستی "تورکیا" نەیتوانی لەم دەرگایەوە کاریگەری بنوێنێت. هەر لە ٢٠٠٥ەوە، ئێران بە پارەیەکی کەمتر بەڵام بە بەردەوامی کاریگەری لەسەر کۆمەڵێک ئەحزابی ئێراق دروست دەکات و بە بەردەوامی ئەحزابی ئێراقی لە بۆنەی جۆراوجۆر و بە تایبەتیش لە ٢٢ی بەهمەن سەردانی ئێران دەکەن. هەروەها درێژی سنووری نێوان (ئێراق و ئێران) و بوونی خزمایەتی لەهەر دوو دیوی سنوور، کاریگەری ئێرانی لەسەر ئێراق و لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر کردووە. تەنانەت ڕاوێژی ئێران لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکاندا زۆرە. ئێراقییەکان تەنانەت نەیاندەزانی چۆن هەڵبژاردن بکەن، بەڵام دواتر لەلایەن ئێرانییەکانەوە فێرکران. لە ساڵی ٢٠١٢ لوبنانییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان هەندێ ئەحزابیان بانگێشتی لوبنان کرد تا لەگەڵ دامودەزگا و یاساکانی هەڵبژرادنی لوبنان ئاشنا بن. بەڵام ئەمەش تەنیا بەخشینی زانیاری بوو نەک دەستێوەردان لە کاروباری ئێراقدا. بە هۆی فرەیی کۆمەڵگایی لوبنانی و ململانێی قووڵ لەم وڵاتەدا، لوبنان شارەزایی تەواوی لە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردندا هەیە. 

سەرەڕای هەوڵەکانی هەڵبژاردن و هەوڵەکانی ئێران بۆ ساختەکارییکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام ئەمریکا و بریتانیا واتە ئەنگلۆ-سەکسۆن، هەر چووار ساڵ جارێک یاساکانی هەڵبژاردن لە ئێراقدا دەگۆڕن، بۆ ئەوەی کە لەم ڕێگەیەوە ئەو کەسانە دەربچن کە دەیانەوێت. بەم جۆرەش سیاسەتی ئەنگلۆسەکسۆن و ئێران یەکتر دەگرێتەوە. سێ شت ئەنگلۆ-سەکسۆنی لە وڵاتانی کەنداو ناراحەت کردووە؛ 

یەکەم؛ وڵاتانی کەنداو چەکدارە ڕادیکالە سووننەکانی لە گشت جیهاندا بڵاوکردەوە. لە چیچان، یۆگۆسلاڤیا، فلیپین، ئەفغانستان، پاکستان، بەنگلادێشن و لە ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی تا دەگاتە ولاتانی باشووریی بیابانی ئەفریقیا. 

دووەم؛ تەبشیری ئیسلامی بە پاڵپشتی کەنداو، لە ئەمریکا و ئەورووپا برەوی سەندووە. زۆرێک لە مەسیحییەکان بوونەتە ئیسلام، ئەگەرچی زۆربەیان کۆچبەری ئەفریقین واتە ڕەشپیشتەکان. کەنداو بە دروستکردنی مزگەوت و جەمعیاتی خێرییە، ئەوروپای سێکۆلار و لائیکی هەراسانکردووە. تەقینەوە و کارە تیرۆریستییەکان بەتایبەتیش لە ئەوروپای رۆژئاوا کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی یەکێتی ئەروروپا و مەنزلگەی کۆچبەرە موسڵمانەکانە نموونەن.

سێیەم؛ ئەمریکا لەوە ترسا کە پارەیەکی زۆری وڵاتانی کەنداو کە لە بانکەکانی ئەمریکادان سەحب بکرێتەوە، چونکە ئەم وڵاتانە فێری چۆنییەتی بازرگانیکردن بوونە و بوونەتە سەرمایەگوزار. بەمجۆرەش ئابووری ئەنگلۆسەکسۆن، ئەگەری داتەپینی هەیە. هەر بۆیەش دەبێ بەرەیەکی شیعە هەبیت کە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو سەرقاڵ بکات. بوونی ئێران، حزبوڵای لوبنان و حەشدی شەعبی ئێراق باشترین پەرەچەکردارن بۆ راگرتنی هەر جۆرە کردەیەکی دارایی و ئابووری وڵاتانی عەرەبی سووننە لە دژی ئەمریکا. ئەگەرچی بە چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئەگەری هەیە ولاتانی عەرەبیش پێداچوونەوە بە جۆری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا بکەن.
کەواتە لە ئێراقدا هاوکێشەکە بەم شێوەیەیە؛ بە ڕەزامەندی ناراستەوخۆ و نابەدڵی ئەنگلۆسەکسۆن، ئێران گەمەکاری سەرەکییە، بەڵام ئەنگلۆساکسۆن براوی سەرەکییە. چونکە ئەنگلۆسەکسۆن سیاسەت و ستراتیژیی درێژخایەنەی هەمەلایەن دادەرێژێت و لەرووی جوگرافیایشەوە کەمتر رووبەڕووی هێرشی بەرفراوانی تیرۆریستی دەبنەوە بە چاوپۆشین لە کێشەی کۆچبەران کە گرفتێکی سەرەکی بۆ وڵاتانی ئەوروپی. هەربۆیەش باشترە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ستراتیژی ئەمریکا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریکا گەمە بکات. بۆ نموونە فەڕەنسا کە لەم دواییانەدا گرنگی زۆر بە ئێراق، لوبنان و هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەدات. چونکە دوو دەوڵەتی بەهێز لە ئێراقدا هەن (ئەمریکا و ئێران). ئەمەش وادەکات کە هەم پشتگیریی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەستەبەر بکرێت و هەمیش توانای بەرپەرچدانەوەی ئێرانی هەبێت و هاوکات پەیوەندییەکانیش لەگەڵ ئێراندا خۆش بکرێت. 

"پۆڵێنبەندی کردنی کێشەکان"

بەپشتبەستن بەم خاڵانەی سەرەوە، دەتوانیین کێشەکە لەسەر سی ئاست پۆلێن بکەین:

 ١. جیهانی
 ٢. هەرێمایەتی
 ٣. ناوخۆ.

یەکەم؛ ئاستی جیهانی. 
لە ئاستی جیهانیدا دوو لایەن لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناڤین کار دەکەن؛ لایەنێک پێی باشە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نائارامی بمێنێتەوە تا لەم ڕێگەیەوە ئامانجەکانی دەستەبەر بکات. بۆ نموونە، بەهاری عەرەبی تا ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە. تەنیا کێشەی تونس و میسر لە باکوری ئەفریقیا چارەسەر کرا، ئەویش بە دەستێوەردانی وڵاتانی کەندا، کەچی لە "تونس" سەر لە نوێ جۆریک لە کۆدەتای سپی روویداوە. بەڵام وڵاتانی کەندا نەیانتوانی کێشەی بەهاری عەرەبی لە وڵاتانیتری ڕۆژهەڵاتی ناڤین چارەسەر بکەن. چونکە یاریزانێکی بەهێزی هەرێمی ئامادەگی هەبوو، ئەویش ئێرانە.
 
دووەم؛ ئاستی هەرێمایەتی.
لە ئاستی هەرێمایەتیدا چووار یاریزان هەن. دوو یاریزانی کارا؛ دوو یاریزانی ناکارا.

یاریزانە کاراکان؛ ئێران و تورکیان. ناکاراکان سعودیا و ئیسرائیلن. ڕێک لێردا کێشەکە سەرهەڵدەدات. سعودیا و ئیسرائیل لەو بڕوایەدا بوون کە تورکیا و ئێران لەسەر پرسی ئێراق و سووریا لێکدەدەن و ئەگەری هەیە بچنە شەڕێکی بچووک. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم دوو دەوڵەتە خەریکی دابەشکردنی غەنائیمن لە سووریا، ئێراق و وڵاتانیتری ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر بۆیەش هێدی هێدی رۆڵی سعودیا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا زۆرتر دەبێت. سعودیا لە میسر و یەمەن کارا بووە. سعودیا توانی لە میسر سەرکەوتن مسۆگەر بکات، چونکە لە میسر سووپا باڵا دەست بوو و ئیخوانەکانی لەکار لابرد. لە یەمەنیش توانیویەتی تا رادەیەک سەرکەوتن بە دەست بهێنت چونکە بە پێچەوانەی میسر، وڵاتێکی پارچە پارچە بوو و هیچ سوپایەکی بەهێز و ناوەندێكی بڕیاری نەبوو و تا هەنۆکەش درێژەی بە شەڕەکە داوە. ئێستا سعودیا لە کێشەی یەمەن لە پاڵ ئێران گەمەکاری سەرەکییە. ئیسرائیل تا ئێستا لە چەند خاڵێکدا کارا بووە، لە لێدانی بنکەکانی ئێران لە سوریا و ئێراق، لە دزینی بەڵگەنامە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ناو خودی ئێراندا، هێڕشی ئەلکترۆنی کردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئیسرائیل لە غەزەش سەرکەتوو بووە و ئێستاش خەریکی بەرفراوانکردنی پەیماننامەی سەدەیە لەگەل وڵاتانی عەرەبی بۆ هێنانەدی سەقامگیریی. زۆر بە سارەزایانەش، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی وەک یەکەم وڵات هەلبژارد بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی لەگەل ئەم وڵاتە.

تورکیا گوشاری هێنا تا کۆبانی داگیر بکات، چونکە لەو بڕوایەدا بوو کە کوردستانەکانی باشوور، باکور و ڕۆژئاوا خەریکە ببنە دەوڵەتی یەکپارچە؛ بۆیە هەوڵی سەرکەوتن و پشتیوانی داعشیدا تا ڕۆژئاوا و باشوور داگیر بکات، بەڵام لەم کارەش سەرکەتوو نەبوو. لە قۆناغی دووەمدا تورکیا بە ڕاستەوخۆ هاتووەتە ناو گۆڕەپانەک و هەوڵدەدات قەندیل، شنگال و کەمپی مەخمور داگیر بکات یاخود بەلانیکەمەوە لە ژمارەی بنکە سەربازییەکانی لە باشوور و رۆژئاوا زیادبکات. بە واتایەکیتر، هەوڵی ڕاماڵینی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات، چونکە ئەم پارتە خاوەن پرۆژەی دەوڵەتە. ئەمە کارەشی بە بیانۆی راوەدوونانی پەکەکە ئەنجامدەدات، پەکەکەش بە زانین یاخود نەزانین یارمەتیدەری ئەم پیلانەی تورکیایە. لەلایەکیترەوە بە گەیشتن بە قەندیل تورکیا دەگاتە ناوچەی دەستڕۆیی ئێران. ئەگەر نا وەک دوایین ڕێگە چارە، تورکیا هەوڵدەدات دەوڵەتی داهاتوی کوردستان بە دەوڵەتێکی وشکایی بمێنیتەوە تا بە بەردەوامی پێویستی بە تورکیا هەبێت. گوتەکانی ئەردۆگان لەسەروبەندی رفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ دەرخەری ئەم راستیەن، کاتێک کە گووتی ''کوردەکان بۆ کوێ دەچن لە هەموو لایەکەوە دەورەدراون''. هەر بۆیەش تورکیا هەوڵیدا رێگربێت لە کورد کە لە رۆژئاوای کوردستانەوە بگاتە سەر دەریای ئازاد و ناجاربوو هێزی بەکارهێنا و پشتیوانی ''جەبهەی نوسرە''ی کرد و ئێستا بە یارمەتی قەتەر کە ١٥ ملیار دۆلاری داوە، هەوڵدەدن کۆچبەر و ئاوارە سورییە عەرەبەکان لەم ناوچانەدا نیشتەجێ بکەن، ئەم پرۆژەیەش لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. واتە درێژەپێدەری سیاسەتی ''پشتێنی عەربییە'' کە لە سەردەمی حافز ئەسەد لە سوریا بۆ دەورەدانی کوردەکان جێبەجێکرا و ئێستاش تورکیا بە یارمەتی دارایی قەتەر بەردەوامی بە سیاسەتەکە دەدات.

کەواتە بە پێێ خوێندنەوەی سەرەوە، لەو شەڕی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات کۆمەڵێک بابەت بۆ کورد گرنگن کە تێبینی بکرێن کە بریتییە لە؛ یەکەم، کە لە دوای ڕێککەوتنامەی واشنتۆن تا ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاودیوی سنووری یەکتر نەبوونە، ئەمریکا هەوڵدەدات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە سنووردارێتی سیاسی تێکبدات، بەڵام سنووردارێتی سەربازی و ئیداری هەر وەک خۆی بمێنێتەوە. تەنانەت ناوچەکانی مادەی ١٤٠ی دەستوری ئێراقیش دابەشکراون. خودی ئەم دابەشکردنەش هۆکاری سەرەکی دووبارە لە دەستدانی ئەم ناوچانە بوو. لە دوای سەرهەڵدانی حەشدی شەعبی، ئەمریکا وازی لەم سیاسەتە هێناوە و بۆیە هەوڵدەدات هێزی پێشمەرگە رێکبخاتەوە، وەک پەرەچەکردارێک لەهەمبەر هێزەکانی حەشدی شەعبی. هەر بۆیەش تا ئیستا یارمەتی دارایی و سەربازیی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و لە پرۆژە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا مانگانە بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلار، وەک مووچەی هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە تەرخانکراوە. بەڵام ئەم پارەیە بە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ نادرێت، چونکە ئەمریکا ئەم هێزانە بە هێزی حابی هەژماردەکات. دووەم، ئێمەی کورد لەسەر تورکیا حیساب کراین، بەڵام لە دوای ئەنجامدانی رفراندۆم وەها دەرنەچوو. دواتر ئێمەیان خستە پاڵ سعودیا و ئیسرائیل، بەڵام ئەوانیش بە هانامانەوە نەهاتن. 

سێیەم؛ لە هەرێمی کوردستاندا ئایدیۆلۆژیا وەک جاران نەماوە. تەنانەت کۆمەلێ ئیسلامیش ناوکەی بۆ کۆمەلی دادگەریی گۆڕیی. یەکگرتووی ئیسلامیش بەنیازبوو پاشگری ئیسلامی لە حزبەکەی بکاتەوە. لە خاڵێکدا گشت ئەحزابەکان پێکدەگەن، زیاد لەمەش لە هەرێمی کوردستاندا سەختە بزانین لە داهاتوودا چی دەقەومێت، ئەمەش وا دەکات  گەلی کوردستان بە بەردەوامی لە چاوەڕوانییەکی پیرۆزدا بێت. واتە لە چاوەروانی فریادرەس یاخود قەدەری ئیلاهی. لە هەرێمی کوردستان ئەم دوو خاڵە تێکەڵ بوونە. بۆیەش هەر کاتێک کەسێک سەرهەڵبدات، کۆمەڵانی خەڵک پەیڕەوی لێدەکەن.


"پوختە"

لە کۆی گشتی ئەمانەی سەره‌وە بە دەرەنجامگیرییەکی گرنگ دەگەین. کوردستان خاوەن هێزی نەرم و هێزی ڕەقی سەربەخۆ نییە. بەڵکو لە چوارچێوەی ‌هێزی ڕەق و هێزی نەرمی وڵاتانی جیهانی و هەرێمایەتیدا دەوەستێت. بۆ باشتر گەمەکردن حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لە توانایی سەربازی (هێزی ڕەق) و توانایی وزە (هێزی نەرم) وەرگرێت و لەم چوارچێوەیەدا پارێزگاری لە ئەمنییەت و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئەگەر سەیری مێژووی کورد بە تایبەتیش لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بۆ سەرەوە بکەین، هێزە هەرێمایەتی و جیهانییەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی سەربازی و وزەوە سەیری کورد و هەرێمی کوردستانیان کردووە. 



ئه‌م بابه‌ته 245 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر