ڕووانگەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ چەمکی دیموکراسی (1)

دیموکراسی لە سەردەمی ئێستادا لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی زانستی سیاسەتدا یەكێکە لە چەمکە هەرە باوەکان کە زۆرترین گفتووگۆ و پێناسەی لە بارەوە دەرکرێت.
AM:12:10:06/12/2021
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا


م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، و مامۆستای زانکۆ


"پووختە"

دیموکراسی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا یەکێکە لە چەمکە هەرە باوەکانی نێو زانستی سیاسەت، بەچەندین شیوازی جیاواز پێناسە دەکرێت، لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییە گۆڕاوانەی کە هەیەتی. هەر پێناسەیەکی دیموکراسی بە گوێرەی دیدگا و تێڕوانیی خۆی ناوەڕۆکەکەی بەردەوامی پێ دەدرێت. پەیوەست بوونی دیموکراسی بە ڕەگوڕیشەی هەڵبژاردن و بەشداری گشتی خەڵک لە پرۆسەکانی وەرگرتنی بڕیار، وای کردووە زۆربەی پێناسەکان گەڵ و هەڵبژاردن لە خۆبگرێت.  لەبەر ئەوە یەکێک لە پێناسە هەرە باوەکانی دیموکراسی پەیوستە بە بەڕێوەبردنی گەل. گەڵیش لە ڕێگەی کێبڕکێی نێوان پارتە سیاسییەکان، هەڵبژاردنی ئازاد، دادپەروەرانە، نیشتیمانی و ناوخۆییەوە خۆی بەڕێوە دەبات. لە دیموکراسییەتدا هەر هاووڵاتییەک چەند مافێکی بنەڕەتی هەیە کە هیچ کەسێک ناتوانێت لێی وەربگرێتەوە. دیموکراسییەت دەگەڕێت بە دوای مەرجی زۆرینە بۆ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن، بەڵام لێرەدا مافی کەمینەکان چی بەسەردا دێت؟ هەروەها لەلایەکی دیکەوە ئافرەتان لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهان نزیکەی نیوەی ژمارەی دانیشتوان پێکدێنن، بەڵام بۆچی لە پڕۆسەی سیاسییدا نوێنەرایەتی نێوەی ڕێژەی دانیشتوان ناکەن؟ ئەو کێشانەی ئەمڕۆ دیموکراسی ڕووبەڕووی دەبێتەوە چییە و ڕەخنەکانی کە ئاراستەی چەمکی دیموکراسی دەکرێت چییە؟ ئەم لێکۆڵینەوەیە بە ئامانجی شیکردنەوەی پەرەسەندنی دیموکراسی ، هەوڵ دەدات وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بداتەوە.

وشە کلیلییەکان؛ (دیموکراسی، پۆست دیموکراسی، دەوڵەتی یاسا، مافەکانی مرۆڤ)

(١) پێشەکی

دیموکراسی لە سەردەمی ئێستادا لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی زانستی سیاسەتدا یەكێکە لە چەمکە هەرە باوەکان کە زۆرترین گفتووگۆ و پێناسەی لە بارەوە دەرکرێت. لەبەر ئەوە ئەو ڕژێمانەی کە پەیڕەوی سیستمی دیموکراسیش ناکەن بەردەوام باسی دیموکراسی دەکەن. بەهۆی بوونی مانای جیاواز لە ناو و تایبەتمەندیی چەمکەکانی وەک ( دیموکراسی لیبڕالی، دیموکراسی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی ڕادیکاڵ، دیموکراسی موحافیزکار، دیموکراسی تەکنۆکرات و چەندین چەمکی هاوشێوەی تر) بۆتە هۆی ئەوەی چەندین پێناسە و جۆری  جیاواز لە دیموکراسی سەرهەڵبدات. هەر پێناسەیەک جەخت لەسەر ناوەڕۆکی پێش خۆی دەکاتەوە. لەسەردەمی ئەمڕۆماندا سەرەڕایی ئەوەی چەمکی دیموکراسی لەلایەن بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگە وەک مەشروعترین شێوازی بەڕێوەبردن پەسەند دەکرێت، بەڵام تا ئێستاش بەچەندین شێوازی جیاواز پێناسە دەکرێت و لە بابەتی پێناسەکردندا تا ئەمڕۆش کۆبەندییەکی تەواو بەدی نەکراوە.   کەواتە بۆچی؟  ئایا دیموکراسی چ مانایەک دەگەیەنێت؟

دیموکراسی بەر لە چەندین سەدە لە دەوڵەت شارەکانی یۆنانی کۆن بەدی کراوە لە نێوان شێوازەکانی بەڕێوەبردن. کاتێک "ئەفلاتوون" وتی ستەمکاری خراپترین نەخۆشی دەوڵەتە کە هۆکارەکەی لە دیموکراسییەوە دروست دەبێت، ئەرستۆش دیموکراسی بە لادان لە دەستوری ڕاست و دروست ناودەبات. (Schmidt, 2002: 28).  کاتێک کانت (Kant) لە ساڵی ١٧٩٥دا دیموکراسی وەک "دیسپۆتیزم" ناوبرد، ئەم چەمکە هێشتا شکۆی خۆی بەدەست نەهێنابوو.  ئەلێکس دی تۆکفیل (Alexis De Tocqueville ) لە پەرتووکی (دیموکراسی لە ئەمریکادا) لە ساڵی ١٨٣٠ییەکاندا بۆ ئەوەی بەشێوەی پۆزەتیڤ باسی دیموکراسی بکات پێویست بوو چاوەڕیی ئەوە بکات کە دیموکراسی لە ئەمریکا بڵاوببێتەوە. 

دیموکراسی نوێنەرایەتی کە دەستی بە پێشکەوتن کرد لە دوای شۆڕشی پێشەسازی، تیۆریسییەنەکان بۆ چەندین ساڵ دیموکراسییان بە سیستمێک لێکدەدایەوە  کە تەنها ئەو پیاوانەی کە لە تەمەنێکی دیاریکراو خاوەنی سەروەت و سامان بوون دەتوانن پراکتیزەی مافە سیاسییەکانی خۆیان بکەن.  سپینۆزا  (Spinoza) گوتی تەنانەت منداڵان لە ژێر دەسەڵاتی باوکان و ژنانیش لە ژێر دەسەڵاتی مێردەکانیاندان و  هیچ ئیرادەیەکییان نییە، بۆیە نابێت دەنگ بدەن. لەڕاستیدا بە گوێرەی ئەمەش؛   ئەوانەی لە دایک و باوکییان هاتوونەتە دونیاوە یان ئەوانەی لەسەر خاکی نیشتیمان لە دایک بوونە  خاوەن مافی مەدەنین، یاخود ئەوانەی خاوەن مافن دەوڵەت یان بەهۆی هەر هۆکارێکی تر بێت هەر کەسێک کە خاوەنی مافی ژیان کردنە لە شار، هەروەها خاوەنی مافی دەنگدان و  ئەنجامدانی کاروباری گشتییە. هەموو ئەمانەش بە تەواوی وەک ماف داوا دەکرێت و نکۆڵی لێ ناکرێت، جگە لەوانەی تاوانبارن  یان تاوانێکیان لەسەر تۆمارکراوە. (Spinoza, 2007:14). بەم گوێرەی ئەمەش دیموکراسی؛ "هەموو ئەوانەی بە یاساکانی دەوڵەت حوکم دەکرێن" بەبێ ئەوەی بکەونە ژێر هەژموونگەرایی یەکێکی تر، بەناوی ژیانێکی شەرەفمەندانە خاوەنی مافی دەنگدان و لە ئەستۆگرتنی کاروباری گشتین لە ئەنجومەنی گەورەکان. "سپینۆزا" ئەو پێوانەیەمان بیردێنێتەوە کە " ئەوانە تەنیا بە یاساکانی دەوڵەت بەڕێوە دەبرێت " بۆ ئەوەی نەتەوە بیانییەکانی دەوڵەتی تر بەجێ بهێڵێت.  بۆ ئەوەی ئەو ئافرەت و منداڵانەی لە ژێر کاریگەری پیاوەکاندان، ئەو منداڵە بێ باوکانەی لە دەرەوە دەژین، بەبێ ئەوەی کەوتبێتنە ژێر کاریگەری هیچ کەسێکی تر مافی ژیانێکی شەڕەفەمەندانەیان هەیە (Sunat, 2014: 79-91 ).

کەواتە چۆن پێناسەکانی دیموکراسی لە سەردەمی مۆدێرندا دەستیان کرد بە لەخۆکردنی ئەو مانایانەی کە هەموو خەڵکی لە خۆ دەگرێت؟ ئایا دیموکراسی لەسەر بنەمای یەکسانییە یان شایستەیی؟ ئایا دەکرێت دامودەزگاکانی هەر یەکە لە سەدام حوسێن و حوسنی موبارەک، بەشار ئەسەد و بەشێکی زۆر لە ڕژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دیموکراسی ناوبنرێن بەهۆی ئەوەی کە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە   گەیشتوونەوە سەر دەسەڵات؟ یان ئایا نەوەندە بەسە بۆ ئەوەی سیستمێک یان ڕژێمێک بە دیموکراسی ناوببەین کە مافی  بەکارهێنانی دەنگدان و هەڵبژاردنی تێدا بێت؟ بۆچی  جگە لە هەڵبژاردنی ئازادانە و ڕاست و دروست دیموکراسی ناوزەند دەکرێت بە چەمکەکانی؛ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دەوڵەتی یاسا، ئازادی بیر و ڕا، بەشداری کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد؟ یانیش کەموکورتی و لایەنە ڕەخنە لێگراوەکانی دیموکراسی چین؟  ئایا ئەو بارودۆخەی دروست بووە لە ئەزموونی گۆڕانکاری کۆمەڵگەکان لەگەڵ شۆڕشەکانی پێشەسازی و پەیوەندی بۆتە هۆی ئەوەی پێناسەکانی دیموکراسی فراوانتر و گشتگیرتر بێ؟  ئامانج لەم لێکۆڵینەوەیە شیکردنەوەی پەرەسەندنەکانی دیموکراسییە بە گەڕان بە دوای وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەدا.

(٢) دیموکراسی چییە و چی نییە؟ (What is Democracy and What is Not)

هەروەک (Robert Dahl) ڕۆبەرت داڵ دیاری کردووە کە دیموکراسی دەستەواژەیەکی لێکدراوی یۆناییە لە هەردوو وشەی (Demos) خەڵک و (Kratos) حوکمڕانی و بەڕێوەبردن پێکدێت کە یەکەم جار لە یۆنانی کۆن لەلایەن ئەسیناییەکانەوە بەکارهاتووە (2002: 11). دەکرێت ئەو گوزارشتانەی کە داڵ بۆ وشەکانی (Demos) و (Kratos) دایهێنا زیاتر فراوان بکرێت. لە یۆنانی کۆندا  (Demos)  واتە " خەڵک "، هەروەها  زیاتر" جەماوەری خەڵکی هەژار " و " هاووڵاتیبوون " دەگرێتەوە. (Kratos)  کە داڵ بە حوکمڕانی وەسفی دەکات، هەروەها مانای " ڕێسا "، " هێز " ، " دەسەڵات " ، " بەکارهێنانی دەسەڵات " ( حوکمڕانی ) و "سەروەری" دەگەیەنێت. بۆیە دەرکەوتنی پێناسە جیاوازەکانی دیموکراسی لەڕاستیدا لە نزیکەوە پەیوەستە بەم لێکدانەوە جیاوازانە. لە ڕاستیدا داڵ لە کارەکانی لەسەر دیموکراسی درێژە بەو پێناسەیەی سەرەوە دەدات  " وشەی (Demos)  بە زۆری پەیوەست بووە بە هەموو ئەسیناییەکان لە ئەسینا، هەندێک جار خەڵکەکە یانیش تەنیا خەڵکی هەژار. کەوایە وا دەردەکەوێت وشەی "دیموکراسی" وەسفێکە لەلایەن ئەرستۆکراتەکان بەکاردەهێنرا کە ڕەخنەیان لێئەگرت تا نیشانی بدا کە بەشەڕ کردن کۆنترۆڵی ئیدارەیان کرد. لەم بارودۆخەدا دیموکراسی بە تایبەتی لە لایەن ئەسیناییەکان و یۆنانییەکانی ترەوە بەکار هاتووە بۆ ڕوونکردنەوەی حوکمی ئەسینا و شارەکانی دیکەی یۆنانی کۆندا (2002: 11).

بە پشت بەستن بەو پێناسانە دەکرێت دیموکراسی بە " دەسەڵاتی خەڵک " یان " دەسەڵات هی خەڵک "ە  وەسف بکرێت. بە بۆچوونی سارتۆری، دیموکراسی وشەیەکی شەفاف و ڕوونە، واتە دەتوانرێت  وشەکە بە ئاسانی و  ڕوون و ئاشکرا  مانای خۆی لە زماندا گرێ بدات. لەگەڵ ئەوەشدا پێناسەکە لەسەر بنەمای وشەی هیچ مانایەکی نییە جگە لە وەرگێڕانی وشە بۆ وشە، بۆ واتای زاراوەکە لە یۆنانی کۆندا. بەم شیوەیە چەمکی دیموکراسی لە هەمان کاتدا گوزارشت لە چەمکێکی ئایدیالی دەکات. کەواتە بابەتەکە تەنها ئەوە نییە کە وشەکە مانای چییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پەیوەستە دەربارەی ئەوەی بابەتەکە یان نموونەکە (ئایدیاکە) چییە.  ئەگەرچی چەمکی دیموکراسی مانایەکی ڕوون و ئاشکرای هەیە، بەڵام هێشتا بەس نییە بۆ ئەوەی تێبگەین دیموکراسی ڕاستەقینە  بە مانای چی دێت. بۆیە هیچ ڕێگایەک نییە بۆ جیاکردنەوەی ئەوەی دیموکراسی چییە لەوەی کە دەبێت دێموکراسی چی بێت (Sartori, 1996: 8).

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دیموکراسی بە گشتی بەمانای  " خۆبەڕێوەبردنی گەل " پێناسە دەکرێت، بەو مانایەی لە باوترین فۆرمی خۆیدا لەسەر بنەمای سەروەری گەڵ بنیاتنراوە، دەکرێت وەک شێوازێکی حوکمڕانی دەرببڕدرێت کە تێیدا فەرمانڕەواکان لەلایەن گەلەوە، لە ناو گەلەوە بە هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ئازاد و ڕێکوپێک هەڵبژێردراون. هەندێک جار  پێناسەی جیاوازی (Demos)  گەڵ  بە شێوازی جیاواز و تەنانەت  پێناسە ناکۆک و دژ بەیەکانی دیموکراسیش بەدی دەکرێت.  هەندێکیش وشەی (Demos)  گەڵیان بە کۆمەڵی خەڵکی هەژار وەسف کردووە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەشیان دیموکراسییان بە حوکمی جەماوەری هەژاری کۆمەڵگە پێناسە کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەم دەربڕینە واتە "حوکمی هەژاران" بەدی نەکراوە. لەوانەیە نزیکترین شت لە هەژارانەوە ، حوکمی چینی کرێکار بێت، کە ناتوانرێت بە دیموکراسی وەسف بکرێت، بەڵکو بە دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاری ناسراوە. کاتێک لێرەوە سەیر دەکرێت، دەتوانرێت  ئەوە بگوترێت کە ئەوانەی دیموکراسی بە حوکمی جەماوەری هەژاری خەڵک پێناسە دەکەن ڕەنگە پەنا ببەن بۆ ناسینێکی تری وەک  گوزارشتکردن لە ئەرستۆکراتی کارگێڕی. چونکە بەر لە  دیموکراسی پاشا و سوڵتان و بنەماڵەکان ئیمتیازاتی گرنگییان هەبووە  و تەختەکانیان بۆ میراتگرەکانیان گواستووەتەوە، لە دژی شێوەی حوکمڕانی گەڵ  دەسەڵات و شەرعییەتی خۆی لە خوێن یان ئەسڵ و نەسەب وەردەگرت. بەڵام لە سیستمی دیموکراسییەتدا ئەوە قبوڵ نییە کە بنەماڵەیەک یان خانەدانێک ئەو جۆرە ئیمتیازاتانەی هەبێت و سەروەری و دەسەڵات بە بنەماڵەکانی خۆیان بدەن. لە دیموکراسییدا هاووڵاتییان نەک خێزان بڕیار دەدەن کێ مافی سەروەری هەیە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نیشتمانی و کێ حوکم دەکات، هاووڵاتییانیش ئەوانە لە نێو حزبە سیاسییە کێبڕکێکارەکاندا هەڵدەبژێرن کە لە هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ئازادانەدا کێبڕکێیان کردووە.

بۆیە دیموکراسی واتە سەروەریی "گەل" یان حوکمی "گەل"، لە فەرمانڕەوایی گەل-یشدا بنەمای دەرکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکان لە خۆدەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا گەڵ لە سەردەمی ئەمڕۆدا  بڕیارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان لە دەستی گەڵدا نییە، بەڵکو لە دەستی نوخبەیەکی بچووکی کۆمەڵگەدایە کە ئەو نوخبەیە وەک نوێنەری گەڵە لە وەرگرتن و دەرکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکان، ئەمەش لە ڕووانگەی سارتۆری گوزارشتە لەوانەی کە دیموکراسی بەڕێوە دەبەن (1996: 95). بە دەربڕینێکی تر، لە دیموکراسییدا،  گەڵ نوێنەرایەتی بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی دەکات لە دەوڵەتدا. لێرەدا دەسەڵات و هێز لە خەڵکەوە بۆ ئەو کەسانە دێت کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو حکومەت بەڕێوە دەبەن. لێرەدا زۆرینە هەیە لەپەرلەماندا وەک پێویستییەک بۆ ئەوەی یاساکان دەربکرێن و بڕیاری سیاسی بدرێت، بۆ دیاریکردنی ئەو سیاسەتانەی کەپەیوەندییان بەسەرکردایەتیی وڵاتەوە هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەم زۆرینەیەی پەرلەمان بەو مانایە نایەت کە هەرچییەکی بیەوێت ئەنجامی بدات ومافی کەمینە لەبەرچاو نەگیردرێت، بەڵکو لە سیستمی دیموکراسییدا مافی کەمینەش بە شێواز و میکانزمی جیاواز پارێزراوە. لە سیستمێکی دیموکراسییدا؛ هەموو هاووڵاتییەک هەندێک مافی بنەڕەتی هەیە کە هیچ کەسێک بە دەوڵەتیشەەوە ناتوانێت لێی زەوت بکات و دەستی بەسەردا بگرێت، ئەم مافانە لە ڕێگەی یاسا و ڕێککەتنامەی نێودەوڵەتییەوە مسۆگەرکراون. هەموو هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە باوەڕی بەو ئایینە هەبێت کە خۆی دەیهەوێت و بە ئارەزووی خۆی بیر دەکاتەوە و ئەوەی پێی وایە گوزارشتی لێ بکات یان دەرینەبڕێت. بە گوزارشتێکی تر، لە دیموکراسییەتدا ئازادی ئایین، بیرباوەڕ، ویژدان و بیرکردنەوە هەیە، هەروەها جگە لەوەی هەر کەسێک چۆنی بوێت دەتوانێت بەو شێوەیە گوزارشت لە ژیانی خۆی بکات و بیروباوەڕەکانی لە ژیانی خۆیدا پراکتیزە بکات. هەر تاکێکیش (سەر بە گرووپێکی بچووک یان کەمینەیە بێت) مافی ئەوەی هەیە کە بەشێوەی تایبەتمەندی خۆی بژیت  و گەشە بە کلتووری خۆی بدات.

بە تەنها هەڵبژاردن بەس نییە بۆ ئەوەی سیستمێکی حوکمڕانی وەک دیموکراسی پێناسە بکرێت، بەگوێرەی دیدگای (Alain Touraine) ئالان تۆرەین  بۆ ئەوەی سیستمێک وەک دیموکراسی بناسرێت پێویستە چەند تایبەتمەندییەکی تێدا بەدی بکرێت لەوانە؛ مافی مرۆڤ، پاراستنی کەمینەکان، سنووردار کردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و مەرکەزییەتی دەسەڵاتی ئابووری دەوڵەت. لە چوارچێوەی دامەزراوە سیاسییەکاندا سێ بنەما لە دیموکراسییدا هەن وەک؛ پەسەندکردنی مافە بنەڕەتییەکان کە دەسەڵات دەبێت ڕێز یان بگرێت، دەبێت فەرمانڕەواکان نوێنەرایەتی سیاسی  کۆمەڵگە و هاووڵاتییان بکەن، هەروەها هۆشیاریی هاوڵاتیبوون، یانی ئینتیما بۆ کۆمەڵگە لەسەر بنەمای یاسا (Touraine, 1994: 358-360). لەم ڕووانگەیەشەوە "دیموکراسی پلۆرالیزم" سیستەمێکە کە لەسەر بنەمای شەفافیەت و بەشداری کردن وەستاوە (Bayhan, 2002: 1). 

لەگەڵ ئەوەشدا لە پرۆسەی مێژووییدا چەندین پێناسەی جیاواز بۆ دیموکراسی کراون، (Türköne) تورکونە چەند پێناسەیەکی دیموکراسی  لە پرۆسەکەدا بەو شێوەیەیە خستۆتەڕو(2010: 188-189)؛

دیموکراسی سیستمی فەرمانڕەوایی هەژاران و تاقمە سەرکەشەکان.

دیموکراسی سیستمێکە مرۆڤەکان خۆیان سیاسەتمەدارە پرۆفیشنالەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی خۆیان دیاری دەکەن.

دیموکراسی مۆدێلێکی کۆمەڵگەیە لەسەر بنەمای شایستەبوون و دەرفەتی یەکسان لەبری پلەبەندی و ئیمتیازاتی تایبەت.

دیموکراسی سیستەمی خۆشگوزەرانی و پرەنسیپی دووبارە دابەشکردنەوەیە  بە ئامانجی زاڵ بوونی زیاتر بەسەر نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان.

دیموکراسی سیستمێکی بڕیاردان لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی زۆرینە.

دیموکراسی ئەو سیستمەیە کە ماف و بەرژەوەندی کەمینەکان دەپارێزێت بە سەپاندنی سنوور بەسەر دەسەڵاتی زۆرینەدا. 

دیموکراسی شێوەی حکومەتێکە کە خزمەت بە بەرژەوەندی خەڵک دەکات بێ گوێدانە بەشداری لە ژیانی سیاسییدا.

لێرەدا پێناسەی جیاواز و تەنانەت دژ بەیەکیش دەبینین  لەبارەی دیموکراسی. بۆ نموونە؛ کاتێک سەیری پێناسەکانی " سیستمێکی بڕیاردان لەسەر بنەمای حوکمی زۆرینە " لەگەڵ  "ئەو سیستەمەی کە ماف و بەرژەوەندی کەمینەکان دەپارێزێت بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی زۆرینە " دەبینین ئەو پێناسانە بە شێوەیەکی تەواو گوزارشت لە جیاوازییەکان دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، پێناسەی هەرە بەربڵاو و بەکارهاتووی دیموکراسی لەسەر بنەمای سەروەریی گەڵ ڕادەوەستێت.  کەواتە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە دیموکراسی فۆرمێکە لەحوکمڕانی لەسەر بنەمای گەڵ یانی خاوەنی ڕاستەقینەی سەروەری لەدیموکراسییەت دەبێت " گەڵ" بێت. بۆیە (Abraham Lincoln) ئەبراهام لینکۆلن دیموکراسی وەسف دەکات بەوەی کە حوکمی گەڵە لە ڕێگەی گەڵ، بۆ گەڵ (Heywood, 1992: 272). لەبەر ئەوە کاتێک ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە پێناسەکانی سەروەریی گەڵ یان سەروەریی زۆرینە یان دەسەڵات لە دەستی خەڵکدا تەماشا دەکەین، دەبینین کە چەمکەکانی خەڵک و هەڵبژاردن لە هەموو ئەم پێناسانەدا زۆرترین جار دەرئەکەون. بە مانایەکی تر، لە سیستمی دیموکراسییدا کە شێوازی حوکمڕانی لەسەر بنەمای سەروەری گەڵ دامەزراوە، گەل وەک بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی سەیر دەکرێت.

(٣) دیموکراسی لە ڕووانگەی بەکارهێنانی سەروەری (حاکمییەت) (Democracy in the View of Using Sovereignty)

وەک لە پێشەکیەکەدا باسکرا ، زۆر جۆری دیموکراسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی بەکارهێنانی سەروەرییەوە بەگشتی جۆرەکانی دیموکراسی لەژێر سێ جۆری سەرەکیدایە وەک دیموکراسی ڕاستەوخۆ و دیموکراسی نیمچە ڕاستەوخۆ و دیموکراسی نوێنەرایەتی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت:-

(٣/١) دیموکراسی ڕاستەوخۆ (Direct Democracy)

دیموکراسیی ڕاستەوخۆ؛ ئەو جۆرە دیموکراسییەیە کە گەڵ بڕیاری سیاسی دەدات بەبەکارهێنانی مافی سەروەریی ڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی پێویستی بەهیچ ئامرازێک یان نێوانگیرییەک بێت. لە دیموکراسییەتی ڕاستەوخۆدا هەموو ئەو بڕیارانەی پێویستن  بۆ دەوڵەت، بە بێ نێوانگری و نوێنەر، لەلایەن هاووڵاتییانی کۆمەڵگەوە وەردەگیردرێن.  دیموکراسی ڕاستەوخۆ بەنزیکترین سیستمی نموونەیی دیموکراسی وەسف دەکرێت.  دیموکراسی ڕاستەوخۆ یەکەم  جار لە یۆنانی کۆن پەیڕەو کراوە. لە یۆنانی کۆندا هاووڵاتییان لە گۆڕەپانەکان بە ناوی " ئاگۆرە " یان " کۆڕ " کۆدەبوونەوە و بڕیاریان لەسەر ئەو بابەتە گرنگانە دەدا کە پەیوەندییان بە بەڕێوەبردنی وڵاتەوە هەبوو. دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە سەردەمی ئێستادا تەنها لە کانتۆنێکی بچووک و چوار نیمچە کانتۆن لە سویسرا  جێبەجێدەکرێت. ئەمانەش کانتۆنی (Glaris)، سەروو و خوارووی (Anterwald) لەگەڵ  کانتۆنی (Appenzell) لە ناوەوە و دەرەوەیدا (Gözler, 2013: 103-104). ئەم کانتۆنانە لە ناوچە شاخاوییەکانی سویسرا کانتۆنی بچووکن و ژمارەی دانیشتوانیان لە نێوان  25- 30 هەزار کەس دەبێت. ئەو پێداویستی و کارە سیاسییانەی کە لەو جۆرە شوێنە بچووکانەدا دەکرێت زۆر چڕ و ئاڵۆز نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر ئاسانترە لە شوێنە پڕ ئاوەدانەکان و پایتەختە گەورەکان. لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو وڵاتانەی لە کۆمەڵگای مۆدێرندا ژمارەی دانیشتوانەوە بە ملیۆنانە، هاووڵاتییان دەبێت بەردەوام کار بکەن  و پێداویستییەکان ئاڵۆز و هەمەچەشنن، بۆیە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە بواری کردەنیدا زۆر ئەستەم دەبێت. لە دەوڵەتەکانی شاری یۆناندا، ئەوەی وای کردووە ئەمە جێبەجێ بکرێت ئەوە بوو کە هاووڵاتییان کۆیلەیان هەبوو کە کاروباری رۆژانەی خۆیان پێ ئەنجام دەدا و پێویستی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی کاتیان هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری دەوڵەتدا. جگە لەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا کە  بە ملیۆنان کەس پێکەوە لە چوارچێوەی یەک کۆمەڵگە دەژین، زۆر زەحمەتە هەموویان بە یەکەوە  بەشداری لە پرۆسەکانی بڕیاردانی ڕاستەوخۆدا بکەن، لە هەمان کاتدا  پێداویستییە جۆراوجۆرەکان و ئەو ڕاستییەی کە هاووڵاتییان دەبێت لە دۆخی ژیانی ئاڵۆزدا کار بکەن، جێبەجێکردنی سیستمی دیموکراسی ڕاستەوخۆی زۆر زەحمەت کردووە. بۆیە دەکرێت کلتوورە سیاسییەکەی و هەروەها کەمیی ڕێژەی دانیشتوانی سویسرا لە نێو ئەو مەرجانەدا ڕەچاو بکرێت کە وای کردووە ئەم جۆرە سیستمە بە شێوەیەکی کرداری جێبەجێ بکرێت.


ئه‌م بابه‌ته 903 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر