ڕووانگەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ چەمکی دیموکراسی (2)

دیموکراسی نیمچە ڕاستەوخۆ؛ ئەو جۆرە سیستمەیە کە لە نێوان دیموکراسییەتی ڕاستەوخۆ و دیموکراسییەتی نوێنەرایەتیدایە.
PM:01:11:11/12/2021
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا


م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، و مامۆستای زانکۆ



(٣/٢) دیموکراسی  نیمچە ڕاستەوخۆ (Semi-Direct Democracy)


دیموکراسی نیمچە ڕاستەوخۆ؛ ئەو جۆرە سیستمەیە کە لە نێوان دیموکراسییەتی ڕاستەوخۆ و دیموکراسییەتی نوێنەرایەتیدایە. بەمانایەکی تر، ئەم جۆرەی دیموکراسی لە ئەنجامی بەیەکەوە بەستنەوەی دیموکراسی ڕاستەوخۆ و نوێنەرایەتی دێتە ئاراوە. لە سیستمی دیوکراسی نیمچە ڕاستەوخۆدا سەروەی خەڵک دەدرێت بەو نوێنەرانەی کە "گەل" هەڵیبژاردوون. بەڵام لە هەندێک بارودۆخدا، لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەک ڕاپرسی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن و سەروەری خۆیان بەکاردێنن. لەم ڕوویەشەوە دیموکراسی نیمچە ڕاستەوخۆ دەبێتە جۆرە دیموکراسییەتێکی نوێنەرایەتی. لەم بارودۆخەشدا دیموکراسی نیمچە ڕاستەوخۆ دیموکراسییەتێکی نوێنەرایەتییە، گەل دەتوانێت هەندیك کات و لە بەکارهێنانی سەروەریدا ڕاستەوخۆ بەشداری تێدا بکات. لەبەر ئەوەش چەمکی دیموکراسی نیمچە نوێنەرایەتی لە جیاتی چەمکی دیموکراسی ڕاستەوخۆ بەکاردەهێنرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەمکی " دیموکراسی نیمچە ڕاستەوخۆ " جێگیر بووە و بەشێوەیەکی بەربڵاوتر بەکاردەهێنرێت. لە دیموکراسییەتی نیمچە ڕاستەوخۆدا گەڵ ڕاستەوخۆ بەشداری لە بەکارهێنانی سەروەرییدا دەکات لە ڕێگەی " ڕیفراندۆم " و " ڤیتۆی خەڵک " و " پڕۆژەی جەماوەری " و "  نوێنەرایەتی ڕێژەیی " یەوە. نموونەی ئەمجۆرە سیستمەش لە سویسرا و ئیتالیا بەرچاو دەکەوێت. 

(٣/٣) دیموکراسی نوێنەرایەتی (Democracy Representation)

دیموکراسی نوێنەرایەتی؛ ئەو جۆرە دیموکراسیە کە تێیدا سەروەری بۆ گەلە، لە ڕێگەی ئەو نوێنەرانەوە بەکار دەهێنرێت کە بە بەردەوامی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵدەبژێرێت بەشیوەی خوولی،  لە دیموکراسییەکی نوێنەرایەتیدا هەڵبژاردن ئامرازی سەرەکییە، هەرچەندە گرێبەستی نێوان دەنگدەر و نوێنەر لەسەر بنەمای هەڵبژاردن دامەزراوە، بەڵام هەوڵدراوە لەڕێگەی ڕێوشوێنەکانی وەک مافی سکاڵا تۆمارکردن ، بەشداری هاووڵاتی لە بەڕێوەبردن مسۆگەربکرێت. دیموکراسی نوێنەرایەتی لەسەر بنەمای تیۆری سەروەری نەتەوەیی بنیات نراوە، لێرەدا نوێنەر وەک نوێنەری هەموو میللەت دەبینرێت (Gözler, 2013: 104). 

ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ئەو جۆرە دیموکراسییەی باوە و پیادە دەکرێت دیموکراسی نوێنەرایەتییە،  هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمریکا و یابان و وڵاتانی ئەوروپا نموونەی ئەم جۆرە دیموکراسییەن. هەروەها چەندین جۆری  دیموکراسی نوێنەرایەتیی هەیە، لەم جۆرە دیموکراسییەدا لە سەردەمی ئێستادا بۆ ئەوەی میکانزمی نوێنەرایەتی جێبەجێ بکرێت پارتە سیاسییەکان وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت. هەروەهاحزبە سیاسییەکان زۆر پێویستن بۆ ئەوەی دیموکراسی نوێنەرایەتی جێبەجێ بکرێت. هەندێک هۆکار هەن کە دەبنە هۆی ئەوەی کە حیزبە سیاسییەکان بە پێویست دابنرێن بۆ ئەوەی سیستەمێکی دیموکراسی هەبێت. ڕژێمە دیموکراتییەکان تاکە ڕژێمن کە دەسەڵات تێیدا دەتوانێت بە شێوەیەکی شەرعی ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت (لە رێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە) (Sarıbay, 2001: 16). بۆیە بەبێ حیزبە سیاسییەکان هیچ میکانیزمێک نییە کە هەموو هاووڵاتییەک بە شێوەیەکی ئازادانە دیدگا و تێڕوانینی خۆی دەرببڕێت و کاریگەری لەسەر دەسەڵات دروست بکات.

بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و ئازاد بەڕێوەببرێن، پێویستە دەوڵەت بە یەکسانی دووربێت لە هەموو حیزبە سیاسییەکان و هەموو کاندیدەکانییان. هەموو حیزب و کاندیدە سیاسییەکان دەبێت  دەرفەتی یەکسانییان هەبێت لە باری پێشبڕکێی ئازادانە و دادپەروەرانە و ڕاستەوخۆ  لە ڕێگەی ماس میدیاوە،  هەروەها دەبێت لە بواری قسەکردنیش بەشێوەیەکی ئازادانە و دادپەروەرانە ڕووانگە و بەرنامەی خۆیان بۆ کۆمەڵگە بخەنەڕوو لە ڕێگەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە، لە هەمان کاتیشدا دەبێت بە شێوەیەکی یەکسان  سامانی گشتی سوودەی لێ وەربگیردرێت. بۆ ئەوەی دەنگدەر ئازادانە بە سیستمێکی دەنگدانی نهێنی دوور لە تووندوتیژی و ستەمکارییەوە دەنگ بدات، دەبێت دەوڵەت لە بەکارهێنانی ئامرازەکانەوە ڕەوایەتی بە خۆی بدات. هاوکات پێویستە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگیرێتەبەر لەکاتی ژماردنی دەنگەکاندا هەروەک لەکاتی دەنگداندا بۆ ڕێگرتن لەساختەکاری لەهەڵبژاردنەکان و بوونی نادادپەروەری لە دەنگداندا،  هەروەها بۆ ئەوەی چاودێرانی سەربەخۆ بەئاسودەیی کاربکەن پێویستە مەرج  و ڕێوشوێن تایبەت بگیرێتەبەر.

دەبێت کاری دادگا بێلایەن و سەربەخۆکان زامن بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ئەگەرانەی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و دەنگۆی بوونی ساختەکاری و گەندەڵی لە پڕۆسەکەدا. بۆیە ئامادەکردنی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و دیموکراتی کارێکی قورسە و کاتێکی زۆریشی پێویستە. هەموو دەوڵەتان دەتوانن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن بەڵام بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت پێوستی بە ڕێکخستنی زۆر و کاری جدی هەیە. پێویستە بەر لە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە کانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو کەسانەی کە لە هەموو ئەو دەزگا و ڕێکخراوانەدا کار دەکەن کە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن ئامادەکاری جددی پێشوەختە دەستەبەر بکەن.  

(٤) دیموکراسی لیبراڵی (Liberal Democracy )

یەکەم جار ئەزموونی دیموکراسییەت لە سەر بنەمای زۆرینە بنیاتنراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە قۆناغی دووەمی سەرهەڵانی دیموکراسییدا لە شیوەی هەڵبژێردراوەکاندا گەشەی پێدراوە. مافە سیاسییەکانی مسۆگەرکراو لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕەوتی  ڕێنێسانس و چاکسازییەوە، بەبەهێزبوونی پرۆسەی ڕۆشنگەری و دەرکەوتتنی چینی بورجوازی لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی، کە بەئامانجی سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەرستۆکراتییەکان و مۆبیلیزەکردنی جەماوەر بوو، ئەگەرچی سەرەتا تەنیا  پیاو لە تەمەنێکی دیاریکراو ئەو مافەیان هەبووە کە خاوەنی موڵک و ماڵی خۆیانن و باجیان دەدا. پاشان لەگەڵ گەشەکردنی لیبڕالیزم و دیموکراسی لیبراڵی ، شێوە حوکمێک کە دەکرێت بە دیموکراسی لیبراڵی پلورالیستی وەسف بکرێت، تا بەئەمڕۆش گەیشتووە پەرەی  سەند. 

دیموکراسی لیبراڵی، شێوە حوکمڕانییەکە کە تێیدا دەسەڵات و دەسەڵاتەکانی دەوڵەت سنوردارە و ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان لەو دەستوورانەی کە وەک دەقی گرێبەستی کۆمەڵایەتی پەسەند کراون، پارێزراو و مسۆگەرکراوە. بە مانایەکی تر، دیموکراسی لیبراڵ ئەو سیستمەیە کە کۆدەنگی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەماکانی فەرمانی کۆمەڵایەتی لیبراڵ بەدیهاتووە و دەسەڵاتە سیاسییەکان لە سنوری دەستووردا هێز و دەسەڵاتەکانی خۆیان بەکاردێنن (Aktan, 1999: 142-145). لیبراڵیزم پێناسە دەکرێت لە ڕێگای کەمترین دەستوەردانی دەوڵەت و  پرەنسیپی تاکایەتییەوە،  واتە پێناسەکە نزیک دەبێتەوە لە چوارچێوەی ئازادییەکانی تاک بە شێوەیەکی گشتی. دیموکراسی لیبڕاڵی بەندە بە چونییەتی تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەکانی دیموکراسی. لە کاتێکدا ئازادی، دەستپێشخەری تاک و فەرمانی دەوڵەت لەلایەن لیبراڵیزم ڕێکخراوە؛ یەکسانی، خۆشگوزەرانی، یەکێتی کۆمەڵایەتی، کە لە ژێر باڵی دیموکراسی ڕێکخراون، لەبەر ئەوە ئامانجی دیموکراسی لیبراڵی بەدیهێنانی یەکسانییە لە ڕێگای ئازادییەوە (Sartori, 1996: 417-420).  ئەم جۆرەی دیموکراسی دامەزراوە لەسەر بەلاوە خستنی لایەنی کۆمەڵایەتی، دووپات کردنەوە لەسەر ماف و ئازادییەکانی تاک و مەبەستییەتی  دەسەڵاتی دەوڵەت لەبەرامبەر تاکدا سنووردار بێت. چونکە دەستێوەردانی دەوڵەت  هارمۆنیای سرووشتی و ئاوێتەبوون لە ناودەبات و ئەمەش بە واتای بەرتەسککردنەوەی ئازادی تاک و فشار خستنە سەر ئەوانی تر لەلایەن تاقمێک لە تاکەکانەوە دێت. بەرتەسکردنەوەی ئازادی و پیادەکردنی ستەم مانای زاڵبوونی ژینگەی ململانێی کۆمەڵایەتی لەبری هاوگونجانی کۆمەڵایەتی(Şaylan, 1994: 25).

لە ناوەڕۆکی چەمکی دیموکراسی لیبڕاڵییدا دیدگای جیهانی ئازاد جێدەگرێت، لێرەدا چەمکی ئازادی گرنگی بە ئازادی دەدات بۆ لایەنی بەرامبەر. لە سەدەی هەژدەدا، بەرزبونەوەی بۆرژوازی ئامانجی ئەوە بوو بتوانێت ئازادانە و بەبێ هیچ دەستتێوەردانێک لەلایەن دەوڵەت  بۆ کاروباری بازرگانەوە، کاری خۆیان بکەن و مەبەست لە بوونی دەوڵەت یان دەسەڵات دیاری کراو تەنها بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی تایبەتی بووە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لیبڕاڵ دیموکراسی نوێنەرایەتی پلۆرالیستی بەربڵاوترین جۆری دیموکراسییە کە لەسەر ئاستی جیهان جێبەجێ دەکرێت. ئەم جۆرە لە دیموکراسییەت لەلایەن هەندێک سیستمی فەرمانڕەواییی وەک سیستمی پەرلەمانی و سیستمی سەرۆکایەتی و سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی (سیستمی تێکەڵ) و حکومەتی پەرلەمانییەوە پیادەدەکرێت. لە بەرامبەر ئەوەشدا لەو وڵاتانەی کە دیموکراسی پلورالیستی زاڵە، لە ڕووی پڕاکتیکییەوە هیچ یەکریزییەک بەدی ناکرێت. هەر وڵاتێک باری کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، ئابووری و کلتووری سیاسی جیاواز لەخۆ دەگرێت، ئەمانەش ئەو حاڵەتانەن کە لە نزیکەوە کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی هەیە. هەرچەندە لە باری کردەییدا ئەگەر یەکێتی و یەکڕیزییەکیش بەدی نەکرێت بەڵام لە بەرامبەر دیموکراسی لیبڕاڵی پلۆرالیستییدا هەندێک بنەما و پێوانەش پەرەیان پێدراوە (Bekcan, 2005: 16-32). 

لە سیستمی دیموکراسیدا نوێنەرانی هەڵبژێردراو لەسەر ئاستی نیشتیمانی و ناوخۆیی دەبێت گوێ لە هاووڵاتیان بگرن و وەڵامی پێویستیەکانیان بدەنەوە. پێویستە هەڵبژاردن بەپێی یاساکان دیاری بکرێت و دەبێت لەماوەکانی ئاسایی خۆییدا ئەنجام بدرێت وەک ئەوەی چۆن لەیاساکەدا دیاریکراوە. لە ڕاستیدا (Lipset) لیپسێت دەیەوێت دیموکراسی وەک سیستمێکی سیاسی پێناسە بکات کە ئەگەرە دەستوورییە ئاساییەکان بۆ گۆڕینی فەرمانڕەواکان و میکانیزمێکی کۆمەڵایەتی دابین دەکات،  کە ئەمەش ڕێگە بە بەشێکی زۆری دانیشتوان دەدات کاریگەری لەسەر بڕیارە گرنگەکان دروست بکەن لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک لە نێوان ئەوانەی کە لە دژی دەسەڵاتی سیاسین لە وڵاتدا (1986: 25). لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەیە کە دیموکراسی تەنها وەک سیستمێك بکرێت کە ئەوانەی فەرمانییان بەسەر دەکرێت فەرمانڕەواکان هەڵدەبژێن یان دیارییان دەکەن. لە سیستمی حوکمڕانییدا چەند بنەمایەک هەیە بۆ ئەوەی وەک سیستمی دیموکراسی پەسەند بکرێت، توێژەر (Esat Çam) ئێسات چام بەم شێوەیەی خوارەوە گوزارشتییان لێ دەکات؛

بەشداری تەواوی جەماوەر ( یان لانی کەم کەسانی سەرو تەمەنێکی دیاریکراو ) لە پرۆسەی دیاریکردنی پەیوەندی کەسی - کۆمەڵگە؛

دڵنیابوون لە سیستمێکی زۆرینە کە ڕێز لە مافی کەمایەتییەکان بگرێت؛

پاراستنی ماف و ئازادییەکانی کەسی؛

دابین کردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا (1995: 388).

سەرەڕای ئەمانە؛ هەڵبژاردنی ئاسایی کە تێیدا کاندیدەکان بە ئازادی دیاری بکرێن لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، ناساندنی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان  و مسۆگەر کردنی، بنەماکانی دامەزراندنی پارتی سیاسی بە بۆچوونی دژبەیەک و هەبوونی ئازادی و دەرفەتی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بێت، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە دەسەڵاتەکانی تر، ئازادی بیر و ڕادەربرین و ئازادی ڕۆژنامەگەریش فەراهەم بکرێت.

(٥) گەل یان سەروەری زۆرینەی دەستەبژێر (People or Majority of the Electors)

دەسەڵات لە خەڵکەوە بۆ ئەو سەرکردانە دێت کە فەرمانڕەوای گەڵ دەکەن، لە دیموکراسییەتەکانی نوێنەرایەتییدا کە لە سەدەی 19وە بە شێوەی جۆراوجۆر جێبەجێ کراوە، ژنان و پیاوانی هەژار کە باجیان نەدەدا لە سەدەی بیستەمەوە دەستیان کردووە بە مومارسەکردنی مافە سیاسییەکان.  لە یۆنانی کۆنەوە تا سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم کاتێک دەوترا خەڵک، تەنها مەبەست پێی بەشێکی بچووکی نفوسی پیاوانی پێگەیشتوو بووە.  لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە نووسەران کە چەمکی خەڵکیان بەکارهێناوە  گوزارشت بووە لە وەسفکردنی خەڵکی هەژار. کەواتە ئەم دژیەکە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟  لەبارەی ئەم پرسیارەش هەندێک دەلێن ناکرێت خەڵک خۆی حوکمی خۆی بکات یان چەمکی خەڵک لێرە بە دروستی بەکارناهێندرێت، چونکە بەکارهێنانی مافی سیاسی بەستراوەتەوە بە چەند مەرجێکی دیاریکراو لە هەموو کۆمەڵگەکان. چونکە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە لە زۆر وڵاتدا ئەوانەی هاووڵاتی نین لە مافی سیاسی سوودمەند نین، لێرەدا پێویستیی بەکارهێنانی چەمکی هاووڵاتی سەریهەڵدا لە جیاتی  چەمکی خەڵک.  لە ولاشەوە بێبەشکردنی بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە لە مافە سیاسییەکان، منداڵانی تەمەن بچووکن توانای بەکارهێنانی مافە سیاسییەکانیان نییە هەرچەندە هاووڵاتیش بن،  لە هەندێک وڵاتیشدا بێبەشکردنی سەربازەکان و تۆمەتباران لە مافە سیاسییەکاندا، چەند پرسیارێک دروست دەکات کە ئایا هەموو هاووڵاتییان بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەکەن یان بە پێچەوانەوە ئەوانەی بەشدارن لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بەشێکی کۆمەڵگەن؟ کەواتە ئەگەر هەموو هاووڵاتییەک ناتوانێت بەشداری  پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵات بکات، ئەی بۆچی  هەوڵدەدرێن بە شێوەیەک وێنا بکرێت کە هەموو هاووڵاتیان  بەشدارن لەو پرۆسەکە. لێرەدا دەبینرێت کە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن وا لە هەموو خەڵک بکەن کە بەشدار بێت  یان هەموو هاووڵاتییەک ئامادەی هەبێت لەم پرۆسەیە،  ئەمەش لە پێناو ئەوەیە کە شەرعییەتی دەسەڵاتییان لەسەر بنەمای جەماوەرێکی بەرفراون دروست بووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی بەشداری ئەم پرۆسەیە دەکەن دەنگدەرن. کەواتە ئەی بۆچی وشەی دەنگدەر لە بری جەماوەر یان هاووڵاتییان بەکار ناهیێنرێت؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەڵوەستە کردن لە سەر چەمکەکانی خەڵک و هاووڵاتی  سوودی دەبێت کە بۆ چ مەبەستێک بەکاردێن. دەکرێت بەم شێوەیە ڕوون بکرێتەوە کە کە مەبەست لە چەمکی خەڵک هەموو ئەو کەسە ئازاد و یەکسانانەی کۆمەڵگەیەک دەگرێتەوە کە لە بەشە جیاوازەکانی دانیشتووی ناوچەیەکەوە لەگەڵ هاووڵاتیانی تردا دەژین. لە ڕابردوودا ئەو هاووڵاتییانەی مافی خۆبەڕێوەبردنییان هەبووە تەنها بەشێکی هەڵبژێردراوی کۆمەڵگەیان لەخۆگرتبوو، بەڵام لە دوای سەدەی بیستەمەوە کۆدەنگییەک هەبوو  کە دەبێت کۆمەڵگە هەموو هاووڵاتییان بە هەموو بژێوی ژیانیانەوە لەخۆبگرێت. بەم شێوەیە کاتێک باس لە خۆبەڕێوەبردنی خەڵکی وەها پێناسەکراو دەکرێت، وا دەردەکەوێت کە ئەو یاسایانەی بۆ دەستەبەرکردنی بەڕێوەبردن و  ئەو بڕیارانەی پێویستن بۆ جێبەجێکردنی ڕێکخستنی ژیان،  بەم جۆرە کاتێک باس لە دیموکراسی دەکرێت، ئاماژە بە کۆی بپڕۆسەی بڕیاردان و جێبەجێکردن دەکرێت کە لە ژێر کۆنتڕۆلی تاکی یەکسان و ئازاددا دەمێنێتەوە (Tekeli, 2004: 195-225).

(٦)  بەشداری سیاسی و کۆمەڵی مەدەنی  (Political Participation and Civil Society)

گرنگترین تایبەتمەندی دیموکراسییەت، بریتییە لە توانای هاووڵاتییان بۆ بەشداری ئازادانە لە ژیانی گشتیدا. بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن چاودێری ئەوە بکەن کە چۆن سەرکردەکان  کارە سیاسییەکان و  دەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنن، دەبێت لە هەموو کێشەکانی کۆمەلگە جەماوەر ئاگادار بکرێت و ئازادانە بیرو بۆچوون و بەرژەوەندی خۆیان دەربڕن. دەنگدان لە هەڵبژاردندا یەکێکە لە گرنگترین ئەرکی مەدەنی هاووڵاتییان، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هاووڵاتیش ئەو دەرفەتەی هەبێت کە ئازادانە گوێ لەهەموو کاندیدەکان بگرێت و نوێنەری خۆی لەناو ئەو کاندیدانە هەڵبژێرێ کە دەتوانێت ئازادانە گوێی لێبگرێت. بەهەمان شێوەش پێویستە هاووڵاتییان بە ویستی خۆیان، بەتوانای خۆیان ئەندامێتی حیزب یان کۆمەڵە و ڕێکخستنی هەڵبژێرن، بەشداری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بکەن، کۆبونەوە و خۆپیشاندان سەبارەت بە بابەتە جۆراوجۆرەکان  ڕێکبخەن. یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی بەشداری سیاسی ئەوەیە هاووڵاتییان نەک تەنها بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەڵکو دەتوانن ئازادانە ببنە ئەندامی کۆمەڵە و دەزگا و ڕێکخراوەکان کە پێی دەگوترێت کۆمەڵگای مەدەنی. ئەم ڕێکخراوە مرۆڤدۆستانە دەتوانن گوزارشت لە بیروباوەڕ و بەرژەوەندی جیاوازی خۆیان بکەن،  دەتوانن ئەم ڕێکخراوە جۆراوجۆرانەش وەک ڕێکخراوە پیشەیی و کۆمەڵەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و قوتابیان و مافی مرۆڤ ناوزەندییان بکەین.

لە لایەکی ترەوە زۆر گرنگە بۆ دیموکراسییەت کە ئەو ژنانەی کە فشارە سیاسییە مێژوویی و تەقلیدیەکانییان لەسەر بووە و  درەنگ دەستیان بە خەبات کردن بۆ مافە سیاسیەکانیان کردووە، دەتوانن بەشدار بن و بە شێوەیەکی کاریگەر لە ژیانی مەدەنی و سیاسیدا نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن. هەروەها توانای ژنان بۆ بەشداری کردن لە ژیانی مەدەنی و سیاسی بە یەکسانی و ئازادانە  کاری هاوبەش لە دەوری بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیان ڕێکبخەن، ئەویش لە ڕێگای هۆشیاری و ڕاهێنانییان لەلایەن ڕێکخراوە ناحکوومییەکان (Non-Government Organization).

بەتایبەتی لەزۆر ولاتدا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانن، کێشەی مافی ژنان و نوێنەرایەتی کردنی ژنان لەژیانی سیاسی و مەدەنیدا زیاترە وەک لەوڵاتانی ڕۆژئاوا. تێبینی ئەوە کراوە کە ئەم جۆرە گرفتانە زۆرن  بەتایبەتی لەوڵاتانی عەرەبییدا. لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دا پارتە سیاسییەکان ڕێژەیەکی دیاریکراویان (کۆتا  CUOTA) بۆ  ژنان داناوە بۆ ئەوەی ژنان بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەشداری ژیانی سیاسی بکەن، لە کاتێکدا لە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبییدا ئەو ڕێسا و بنەمایانە پەیڕوە دەکرێن کە نایەکسانی نێوان ژن و پیاو دەپارێزن لە بارەی بەشداری لە ژیانی مەدەنی و سیاسییدا (World Report, 2013). دەتوانرێت نموونەش بۆ ئەمە نەبوونی نوێنەرایەتی ئافرەتانە لە پەرلەمانی وڵاتانی وەک (سعودیە و قەتەر) بجرێتەڕوو.

لە دیموکراسییەتدا دەبێت بەشداری مەدەنی و سیاسی بە تەواوی خۆبەخشانە بێت. هیچ گرووپ و کەسێک سەرەڕای ویست و ئیرادەی خۆی، ناتوانرێت لە بەشداریکردندا بەشێویەکی زۆرەملێ بێت. لەگەڵ ئەوەی حزبە سیاسییەکان ئۆرگانی سەرەکی و زیندووی دیموکراسین و ئەندامێتی هاووڵاتییان لە حزبە سیاسییەکاندا پرۆسەی دیموکراسیی بەهێز دەکات. لە هەمان کاتدا کەس ناتوانێت ناچار بکرێت یان بە زۆر و هەڕەشە بۆ سەر هەندێک بەرژەوەندی  بچێتە پاڵ پارتێکی سیاسی یان ڕێگری بکرێت لە ئەندامبوونی کەسێک ناو پارتی سیاسی. بەشداری دەبێت بەتەواوی خۆبەخشانە و ئاشتیخوازانە و بەپێی یاسا بێت، قبوڵی بۆچوونی جیاوازیش بکرێت.

لە سیستمە دیموکراسییەکاندا هاووڵاتی ئازادە لەوەی کە ڕەخنە لە سەرکردە سیاسییەکان یان نوێنەرەکانییان بگرێت، چونکە لە دیموکراسییدا ئازادی چاپەمەنی و گوزارشتکردن لە بیروڕا بوونی هەیە. دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هاووڵاتییان مافی ئازادی چاودێری و ڕەخنەیان هەیە کە چۆن کەسانی هەڵبژێردراو وڵات بەڕێوە دەبەن. میدیای جەماوەریی جیاواز و جێگرەوە هەیە کە لە ڕوانگەی جیاوازەوە هەموو جۆرە تێڕوانینی سیاسی و کاروبارەکانی دەوڵەت لێکدەدەنەوە. خەڵک ئازادە لەوەی ببێتە ئەندامی هەموو جۆرە حزب و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها ئەو سەندیکا و یەکێتییانەی کە خۆیان دەیانەوێت بچنە پاڵیانەوە. هاووڵاتییان ئازادن لەوەی کە کۆچ بۆ هەر شوێنێک بکەن کە لە وڵاتدا دەیانەوێت و ژیانی خۆیان ڕێکبخەن، هەروەها دەتوانن لە هەر کاتێک و هەر شوێنێکدا کە خۆیان دەیانەوێت کۆبکەنەوە بۆ دەربڕینی بیروڕا و بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو پرسەی کە خۆیان دەیانەوێت و ڕەخنە و ناڕەزایی دەربڕین لە هەر سیاسەت و بڕیارێکی حکوومەت کە بە دڵی ئەوان نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەر کەسێک دەتوانێت ئەم مافە بە ڕێگەی ئاشتیانە و لە سایەی یاسای ئازاد و دیموکراسییدا بەکاربێنێت و  ڕێز لە مافی ئەوانی تریش بگرێت. بەکارهێنانی ئەم مافانە بەشێوەیەکی تووندوتیژی لەگەڵ بنەماکانی پڕۆسەی دیموکراسییدا ناگونجێت.

لە دیموکراسیدا مافە بنەڕەتییەکانی هەموو هاووڵاتیاین بە شێوەیەک مسۆگەرکراوە کە دەوڵەت و هیچ دەسەڵاتێکیش بۆی نییە لێیان وەربگرێتەوە. ئەم مافانە بە یاسای نێودەوڵەتی مسۆگەرکراوە. (Kışlalı) کشلالی؛ دیموکراسی بە ئیدارەی زۆرینەی ئازادی خوازی پێناسە دەکات کە تێیدا ڕێز لە مافی ئەوانە دەگیرێت کە کەمینەن و ڕێگەیان  بە کراوەیی بۆ ده‌هێێێتەوە کە ڕۆژێک وەک زۆرینە بگەڕێنەوە (Kışkalı, 2003: 238). لە بەرامبەر ئەوەشدا کەسانێک هەن کە بانگەشەی دیموکراسی دەکەن وەک حوکمی زۆرینە.


ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر