ڕووانگەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ چەمکی دیموکراسی (3) کۆتایی

دیموکراسی کە چەندین ساڵە لەگەڵ خەباتی چەوساوەکان گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە بینیووە، کاتێک جەماوەریبوونی گەیشتۆتە لوتکە، بەڵام ئەمڕۆ ڕەخنەی جدیشی لێ دەگرێت.
PM:03:18:17/12/2021
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا


م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، و مامۆستای زانکۆ


(٧) جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دیموکراسی (Separation of Powers and Democracy)

ئەو پێناسەیەی کە دەڵێت دیموکراسی بە مانای دیسپۆتیزم (دیکتاتۆری)ی زۆرینە دێت، لەگەڵ پێناسەکانی ئەمڕۆی دیموکراسییدا یەکناگرێتەوە. بۆیە هەرچەندە ئەگەر لەپەرلەمان بڕیارەکان لە ژێر دەسەڵاتی زۆرینە دابێت، بەڵام دیموکراسی مانای سەروەری بوونی حاکمییەتی زۆرینە نییە. لە دیموکراسیدا یاسا و سیاسەت و بڕیارەکان لەسەر بنەمای زۆرینەی پەرلەمانییە بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە  زۆرینە  یان دەوڵەت دەتوانێت ئەوەی مەبەستی بێت ئەنجامی بدات. چونکە ئەگەر ئەوەی زۆرینە دەیەوێت ئەنجانی بدات، ئەوا مانای دیکتاتۆرییەت دەگەنێت و ناگونجێت لەگەڵ دیموکراسی. پێویستە دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەمای ڕەزامەندی فەرمانرەواکان بێت و ویست و ئیرادەی زۆرینەس بە هەند وەردەگیرێت. بەڵام نابێت ڕەزامەندی زۆرینە ببێتە هۆی ئەوەی مافە بنەڕەتییەکان پەرتەسک بکرێنەوە (Yayla, 1999: 45).
 بۆ ڕێگری کردن لە زاڵبوون و تەحەکوم کردن دامودەزگا دیموکراتییەکان؛ بنەمای لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، یاسا و دامودەزگاکان کە زامنی کلتووری بە دامەزراوەیی کردن دەکەم گەشەیان کردووە و بەدامەزراوەیکراون. بنەمای جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان مانای وایە کە دەزگای یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لە ئۆرگانە جیاجیاکانی دەوڵەتدان، ئەمەش ڕێدەگرێت  لەکۆکردنەوەی یەک دەستانەی دەسەڵات و مسۆگەرکردنی ئەوەی کە ئەم سێ دامەزراوەیە دەتوانن چاودێری لەسەر یەکتر بکەن. (Soysal) سۆیسال ئەمە بەڕادەستکردنی ئەو هێزانە باس دەکات کە بەهێزی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ی پێناسە دەکرێت بۆ ئۆرگانی جیاواز کە بە شێوازی جیاواز دەست بەکار دەبن و میکانیزمی " کۆنترۆڵ و هاوسەنگی (Checks and Balances) " لەنێوانیاندا هەیە (19990: 47). 

(Ozbudun) ئۆزبودون پێی وایە؛ جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان مانای وایە کە کارە یاساییەکانی دەسەلاتی دەوڵەت بەئۆرگانە جیاوازەکانەوە بەهەماهەنگی لەنێوانیاندا جێبەجێدەکرێت (2008: 183). بەگوێرەی پێناسەیەکی تر؛ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەر یەکەیان بەشێوەی سەربەخۆ و بەبێ دەستوەردان لە ئۆرگانەکانی تر کارەکانی خۆیان جێبەجێدەکەن(Teziç, 2003: 393).

ئەو  بیرۆکەیەی دەڵێت؛ کە دەسەڵاتی دەوڵەت دەبێت دابەش بکرێت بە سێ بەش و هەر بەشێک بە ئۆرگانێک جیابکرێتەوە، لەسەر بنەمای پۆلێنکردنی ڕژێمە سیاسییەکانە. بەم پێیە ئەو ڕژێمانەی کە دەسەڵاتی یاسادانان وجێبەجێکردن لێ کۆدەبێتەوە لە لایەک پێی دەگوترێت " دەسەڵاتی هێز یان یەکێتی دەسەڵاتەکان " و ئەو سیستمانەی کە ئەم دەسەڵاتانەی پێ دەدرێت بۆ جیاکردنەوەی ئۆرگانە سەربەخۆکان لە یەکتری بە سیستەمەکانی " جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان " ناودەبرێت. 

(JohnLocke) جۆن لۆک هێزی دەسەڵات جیادەکاتەوە بە شێوەی یاسادانان، جێبەجێکردن و ئیتیحادی. لێرەدا دەسەڵاتی فیدراڵی گوزارشتە لە هەموو کۆمەڵگە، جەنگ، ئاشتی، یەکێتی، هاوپەیمانی، کەسانی دەرەوەی خودی دەوڵەت هێزی ئەنجامدانی هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ کۆمەڵگەکان. لەژێر سایەی بەشکردنی دەسەڵات هەوڵدرا کە رێگری لەو کەسانە بکرێت کە بە رێگەی دیموکراتی هاتنە سەر دەسەڵات و ستەمکاری خۆیان  سەپاندووە.

مۆنتسکویو گوتی " ئەگەر دەسەڵاتی یاسادانان هەوڵی دەستوەردان بدات لە کاروباری دەسەڵاتی جێبەجێکردندا ، ئەوا دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەڕوخێت" (Montesquieu, 2009: 370). مۆنتسکویو بە ئەستەم دەزانێت ئەگەر هاتوو هەر سێ دەسەڵاتی یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەری لە یەکتر جیانەکرێنەوە و هاوسەنگی نێوانیان نەپارێزرێت، ئەوا بتوانرێت سیستمێکی دیموکراسی و ئازاد دروست بکرێت. بەگوێرەی تێڕوانینی مۆنتسکویۆ ئەگەر هاتوو هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێەجێکردن بدرێت بە کەسێک یان کۆمەلێک فەرمانبەری مەدەنی، ئەوا هیچ مانایەک نامێنێتەوە بۆ ئازادی(Kıran, 2013: 264-275). پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان زیادی کردووە لە ڕێگەی گرنگی کۆنترۆڵکردنی هاوبەش، بەتایبەتی پێش جەنگی دووەمی جیهانی دوای گەیشتنی ئەدۆڵف هیتلەر بۆ سەر دەسەڵات لە ڕێگەی دیموکراسییەوە.

(٨) مافی کەمینە و دەوڵەتی یاسا (Minority Rights and the State of Law)

وەک لە پرەنسیپەکانی سەرەوەدا دیاریکراوە، لە دیموکراسییدا هەموو جۆرە مافێکی کەمینەکان پارێزراوە هەروەک چۆن لە بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەڵەتییەکان مسۆگەر کراوە. بۆیە لەکاتی دانانی یاسا و سیاسەتەکان و دروستکردنی بڕیاردا، پێویستە زۆرینە ڕێز لە هەموو جۆرە مافی کەمینەکان بگرێت وەک ئەوەی لەپەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە.

دیموکراسی نە یاسایە، نە لەلایەن تاکەکان و نە بە ویستی تاکەکانیشە بەڵکو سیستمێکی بەڕێوەبردنە و پەیوەستە بەلایەنی کلتوورییەوە و گەشەسەندنی لە کۆمەڵگە. لە سیستمی دیموکراسییەتدا؛ سنوردارکردنی هێزی حکومەت، سەروەری یاسا، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بوونی هەیە و هەموو هاووڵاتییان لەبەرامبەر یاسادا یەکسانن. هیچ کەسێک بە هۆی زمان، ئایین، ڕەگەز و گرووپی ئیتنیکییەوە جیاکاری لە بەرامبەر نەئجام نادرێت و هەموو جۆرە جیاکارییەک لە ڕێگەی یاساوە قەدەغەکراوە. هیچ کەسێک بەبێ دادگاییەکی دادپەروەرانە لەلایەن دادگای سەربەخۆ، سزا نادرێت،  زیندانی ناکرێت و دوورناخرێتەوە. هەر کەسێک کە دەستبەسەر کراوە مافی ئەوەی هەیە بزانێت تاوانەکەی چییە یان بۆچی دەست بەسەرکراوە. سەرەڕای ئەو دەنگۆیانەی کە لە دژی تاکێک دەکرێت گوایە تاوانی ئەنجامداوە، بەڵام هەتا تاوانبار  ئەو تاوانەی کە ئەنجامیداوە نەسەلمێنرێت، بێ تاوانە. هەر کەسێک بە هەر تاوانێک تۆمەتبار بکرێت ئەو کەسە مافی ئەوەی هەیە کە بە خێراترین کات لەلایەن دادگای سەربەخۆ و بێلایەن دادگایی بکرێت. هیچ کەسێک ناکرێت باج بدات یان دادگایی بکرێت لە دەرەوەی یاسا و بەبێ ئەوەی پێشتر ڕاگەیەنرا بێت. دیموکراسی لەگەڵ سنووردارکردنی سەروەری هاووڵاتی بە گوێڕایەڵ بوون بۆ  یاسا و گواستنەوەی ئەو سەروەرییە بۆ هەڵبژێردراوەکان، هەروەها جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان و مسۆگەرکردنی مافی تاک و پاراستنی ژیانی تایبەتی تێدا دەستەبەر دەکات. لەم چوارچێوەیەدا دیموکراسی فرەیی بیروڕا و بەرژەوەندییەکان لە خۆی دەگرێت. دیموکراسی مانای ئەوە نییە زۆرینەیەکی هەڵبژێردراو خۆی بسەپێنێت بەسەر کەمینە کە ئەمە وەک دیکتاتۆری زۆرینە دەناسرێت، بەڵکولە سیستمی دیموکراسییدا دەبێت ڕێز لە هەموو جیاوازییەکان بگیردرێت. بۆیە دەبێت دیموکراسی مافی کەمینە و ئۆپزسیۆنیش بپارێزێت و بوونیان هەبێت و گوزارشت لە بیر و باوەڕی خۆیان بکەن و ڕێگە بە تێڕوانییە جۆراجۆرەکانییان بدرێت (Morin, 2000: 197-198). 

لە نێو سیستمی دیوکراسییدا کەس لە سەرووی یاساوە نییە، تەنانەت پادشا و سەرۆکی دەوڵەتەکان و هەموو کەسێک لەبەرامبەر یاسادا یەکسانن. یاسا و دادگاکان بێلایەنانە و دادپەروەرانە کار دەکەن و بەردەوام سەربەخۆن لە دەزگاکانی دیکەی حکومەت. هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجەدان، ستەم  و زۆرداری و هەر مامەڵەیەکی تری نامرۆڤانە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکراوە. سەروەری یاسا لە سەرووی هێزی حکومەت و هەر شتێکی ترەوەیە. هیچ حکومەت و دەسەڵاتێک ناتوانێت ئەم سنوورانە پێشێل بکات.  هیچ بەرپرسێکی دەوڵەت و سەرۆک وەزیران و وەزیر و هیچ نوێنەرێکی حیزبی سیاسی ناتوانێت لە بابەتی ڕێنمایی، چۆنیەتی دەرکردنی بڕیار یان  چۆنیەتی شێوازی کارکردنی دەستەی دادوەرەکان و دادگاکان دەستوەردان بکات. هیچ بەرپرس و بەرپرسێکی حکومی ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەکاربهینت بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان یان ئەندامانی خێزان یان ئەو کەسانەی کەخۆیان دەیانهەوێت. ئەوەی لەلایەن دادگاکانەوە تاوانبار بێت  هەر کەسێک بێت سزا دەدرێت.

(٩) بۆچی دیموکراسی (Why Democracy)

بۆچی پێویستە پشتگیری لە دیموکراسی بکەین؟ ئەم جۆرە پرسیارە ئاراستەی زۆرێک لە تیۆریسییەنەکانی دیموکراسی کراوە  و هەر یەکەو بە گوێرەی خۆی وەڵامی داوەتەوە. داڵ بۆ ئەم پرسیارە ئەم وەڵامانەی خوارەوەی داوەتەوە (2001: 63-64):-

1.دیموکراسی یارمەتیدەرە بۆ ڕێگری کردن لەوەی کە  ڕژێمە ئۆتۆکراتە ستەمکار و خراپەکارەکان خۆیان بە پیرۆز و گەورە دابنێن.

2.دیموکراسی گەرەنتی چەند مافێکی بنەڕەتی بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات کە لە ڕژێمە نادیموکراتەکان ناتوانرێت دەستەبەر بکرێن.

3.دیموکراسی بوارێکی فراوانتر لە ئازادی کەسێتی بۆ هاووڵاتییان دابیندەکات وەک لە ئەلتەرناتیڤەکانی گونجاوی خۆیان.

4.دیموکراسی یارمەتی خەڵک دەدات کە پارێزگاری لە بەرژەوەندی سەرەکی خۆیان بکەن.

5.تەنیا حکومەتێکی دیموکراسی دەتوانێت زۆرترین دەرفەت بە خەڵک بدات بۆ ئەزموونکردنی ئازادی مافی چارەی خۆنووسین، واتە ژیان کردن لەژێر یاساکانی هەڵبژاردنی خۆیاندا.

6.تەنیا حکومەتێکی دیموکراسی دەتوانێت زۆرترین دەرفەت بدات بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی لە کۆمەڵگە.

7.دیموکراسی زیاتر لە هەر بەدیلێکی تری گونجاو بۆ پێشکەوتن، پشتگیری لە مرۆڤ دەکات.

8.تەنیا سیستمێکی دیموکراسی یەکسانی سیاسی تا ڕادەیەک زیاتر دەستەبەر دەکات.

9.سیستمە دیموکراسییە نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکان لەگەڵ یەکتریدا ڕووبەڕووی جەنگ نابنەوە.

10.ئەو وڵاتانەی خاوەنی حکومەتێکی دیموکراتین دەوڵەمەندترن لە حکومەتە نادیموکراتییەکان.

لە دنیای ئەمڕۆدا کۆدەنگییەکی فراوان هەیە لەبارەی ئەوەی دیموکراسی وەک ڕژێمی سیاسی  کەمترین خراپەکاری تێدا بەدی دەکرێت کە مرۆڤایەتی تا ئێستا توانیبێتی گەشەی پێ بدات، هەرچەندە لە جێبەجێکردنییدا بەرەوڕووی چەندین کێشە و ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبێتەوە. بەشی هەرە زۆری جیهان تا سەدەی بیستەم لە ڕێگەی سیستمی دیموکراسییەوە بەڕێوە نەدەبرا، بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا خوازیارانی دیموکراسی چەند بەرامبەر زیادی کرد، ئەمەش بەهۆی ئەو خاڵە پۆزەتیڤانەی کە لە پڕۆسەی مێژوویی ئەم سیستمە بەدی کراوە، وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە. بەتایبەتی لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و لەگەڵ لێکهەڵوەشانەوەی جەمسەری سۆسیالیستی بە سەرکردایەتی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، ئەمەش وای کرد دیموکراسی ببێتە باوترین شێوەی حوکمڕانی.  ئەگەر دیموکراسی ڕاستەقینە بێت یان نا ، ئێستا بەشێکی زۆر لەجیهان خۆیان بەدیموکراسی پێناسە دەکات.

"کرۆوچ" کە دەڵێت، لە یەک کاتدا بە لووتکەی دیموکراسیدا تێپەڕ دەبێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوای لەیەک هەڵوەشانی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو، زۆر دەوڵەتی نەتەوە بە بەراورد بە قۆناغی پێشوو زیاتر چوونە سەر نەریتە دیموکراتییەکان.  کرۆوچ وەبیرمان دینێتەوە کە لە چارەکی سەدەی ڕابردوودا نیمچە دوورگەی ئیبیریا، بەشێکی زۆری ئیمپراتۆریەتی سۆڤییەت، ئەفریقای باشوور ، کۆریای باشوور و بەشەکانی دیکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دواجار هەندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەیان پەسەند کردووە بە باش و خراپییەکانەوە (Crouch: 2004). بەپێی داتا و زانیارییەکانی لێکۆلینەوەیەک لەبارەی دیموکراسی لە جیهان کە لەلایەن (Philippe Schmitter ) فلیپ شمیتەرەوە ئەنجامدراوە؛ لە ساڵی ١٩٨٨ (سەروبەندی لێکهەڵوەشانەوەی سیستمی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو) ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی لە ئاستێکی پێویستدا هەڵبژاردنی ئازادییان تێدا ئەنجامدراوە ١٤٧ دەوڵەت بوون، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٩٩٥ بەرزبوویەوە بۆ ١٦٤ دەوڵەت و ساڵی ١٩٩٩ گەیشتە ١٩١ دەوڵەت (Schmitter & Brouwer, 1999). لە ڕاستیدا بە واتایەکی ووردتر داتاکان ئاڵۆزتر دەبن کاتێک سەیری هەڵبژاردنی ئازاد دەکرێت؛ لە نێوان ساڵی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٥ کەمبوونەوەیەکی ئاشکرا بەدی دەکرێت ژمارەکە لە ٦٥ بۆ ٤٥ دابەزیوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٩ ئاراستەی بەرزبوونەوە دەبینرێت کە ژمارەکە بۆتە ٨٨ (Crouch:2004).

(١٠) ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی دیموکراسی دەکرێت (The Criticisms that Are Directed Towards Democracy)

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شەعبییەتی بوونەی دیموکراسی مانای ئەوە نییە کە شێوە حوکمڕانییەکی بێخەوش بێت. بێگومان ڕەخنە لە دیموکراسی هەیە کە سەردەمی ئەمڕۆدا زۆر باوە. بۆ نموونە پێش هەموو شتێک ڕەخنەی جدی لە پەیوەندی دیموکراسی لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریدا هەیە. بە تایبەتی "دیموکراسی لیبراڵی" لە دەوڵەتدا تووشی ڕەخنە بووە بەهۆی نەبوونی سامان و دەسەڵات و کاریگەری ، کردنەوەی ڕێگا بۆ ئیمتیازات بۆ بەشێک و فەرامۆشکردنی بەهاکانی وەک دادپەروەری و برایەتی (Lipson, 1986: 223). ئاماژەیەکی کەم بە پابەندبوونی چینایەتی مافی هەڵبژاردنی لە دیموکراسی  پەیوەستە بە بابەتی بۆماوەیی یان کڕین لە ئەرکە سیاسییەکاندا کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی تیۆری دیموکراتی ڕەخنەیی پێکدێنێت. دیسان میکانیزمی دیسپلین و سنووردارکردن کاریگەرە لە پرۆسەی دامەزراندنی سەندیکا لە سیستەمی پارتە سیاسییەکاندا ، ڕێکخستنی پرۆفایلی فیکری سیاسیی حیزبەکان و تەرکیزکردنە سەر سیاسەتی خۆیان لەسەر بازاڕی دەنگدانی دەنگدەران ، بە تایبەت لەسەر ئەو بابەتە مشتومڕانەی ئێستا هەڵئاوسان تەنیا بۆ ئەم مەبەستە و پێکهێنانی ویستووی دیموکراتی، وەک پێکهاتەی ناوخۆیی حیزبی، کە دەرفەتی زۆر بەو کەسانە نادات کە سەربە گرووپی کەمینەن(Schmidt, 2002: 187). بۆیە تیۆری دیموکراسی ڕەخنەیی، کە رەخنە ئاراستەی دیموکراسی دەکات، تەنها بەرژەوەندی لایەنی تێوەگلاوی سیاسی نییە، بەڵکو پەیوستە بە ڕەهەندی ئەرک، بەرپرسیاریەتی و دەرهاوێشتە. بە پێی ئەم  هەڵسەنگاندنە، دیموکراسی نەک هەر بە دەرفەتەکانی بەشداری کردنی دانیشتوانی پێگەیشتوو بە چۆنیەتی گەشەکردن و کۆمەڵکردنی بەرژەوەندییەکان دەپێورێن  بەڵکو بە تەجاوزکردنی کاریگەری سەروەری، کە دیارە شەرعی نییە و بە ئامادەکردنی دابینکردنی ئاستێکی بەرزی بەهای پەیوەست بە دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و دەستوەردەرەوە دەپێورێت (Offe, 1986: 218 – 232; Schmidt, 2002: 188).

هاوکات هەر یەکە لە دامەزراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و ڕێکخراوی "سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی"، لەژێر کاریگەری ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپادان، ئەم دامەزراوانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەو دەوڵەتانە بیر و باوەڕ و ڕووانگەکانیان بڵاودەکەنەوە، لە کاتێکدا ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییانە خۆیان وەک پارێزەری دیموکراسی دەناسێنن، بەم شێوەیە ئەمەش وای کردووە متمانە دیموکراسی لاواز بێت. لەلایەکی ترەوە سیاسەت و دەستوەردانی ئەم دەوڵەتانە لە کاروباری (ئەفغانستان و ئێراق) وای کردووە گومان بەرامبەر دیموکراسی زیاتر بێت، کە دەگەڕین بە دوای سیستمێکی جێگرەوە بۆ ئەو دەوڵەتانە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

لەلایەکی ترەوە تا دێت توانا و پێگەی سیاسەتمەداران بەرەو بێ هێزی دەچێت و ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی ئەوەی شەرعییەتی دیموکراسی لەگەڵ سیاسەت و سیاسەتمەداران ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر ببێتە جێگەی پرسیار. هەروەک چۆن هەر یەکە لە (Putman) پوتمان (١٩٩٣)، (Pharr) فار و (Dalton) دالتۆن (٢٠٠٠) ئاماژەیان کردووە؛ دەکرێت بلێین کە بێتوانایی یان لاوازی جەماوەری بۆ ڕازی بوون بە تەوژمێکی گەشەسەندوو لە سیاسەت و سیاسەتمەداران بەڵگەیە لەسەر دیموکراسی: ئەو جەماوەرەی کە لە ڕووی سیاسیەوە پێگەیشتوویی تەواویان هەیە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ نەوەکانی پێشووینا دەبینین زیاتر داواکاری و چاوەڕوانییان هەیە لە سەرکردەکانییان.

ئۆمێدی سەرکەوتنی دیموکراسی دەکرێت  لە ڕێگەی بەخشینی دەرفەتی پێویست بۆ جەماوەری ئاسایی، لە پێناو ئەوەی چالاکانە لەڕێگەی گفتووگۆ و ڕێکخراوە سەربەخۆکان بەشداری لەسیاسەتدا بکەن و کاتێک جەماوەریش ئەم دەرفەتە بۆ دیاریکردنی ئەجێندای ژیانی گشتی بەکاربهێنێت.  بەپێی ئەم بیرۆکەیە، جەماوەر لەبری ئەوەی پاسیڤانە بەشداری ڕاپرسیی بیروڕاکان  بکات، پێویستە بەکردەوە بەشداری لەمشتومڕە سیاسییە گرنگەکان بکەن و ئەجێندای پێویست دابنرێت و بەمەعریفە و پێزانین  بۆ ڕووداو و پرسە سیاسییەکانەوە بەشداری پرۆسەکە بکەن. ئەم بانگەشەیە وەک هەموو ئایدیا مەحاڵەکانی تر، مۆدێلی نموونەیی ئاشکرا دەکات، کە دەڵێت دەبێت چی بێت، هەرچەندە هەرگیز ئەمە بە تەواوی ناتوانرێت بە دی بهێنرێت. مۆدێلی نموونەیی هەمیشە بەنرخە کاتێک لە ڕووی بڕوابوون بە کارپێکردن و هەوڵدان بۆ پێشخستنی خۆمان لە ڕێگەی گونجاندنی کارەکانمان لەگەڵ  مۆدێلی نموونەییەکەدا ڕەچاو دەکرێت. سەرەڕای نزیکبوونەوەیەکی بەربڵاو کە بانگەشەی ئەوە دەکات بە ئاسانی بیرۆکەی ئایدیاڵی بەدەست بهێنرێت، بەڵام وەها نزیکبوونەوەیەک لە پڕۆسەی دیموکراسیدا گرنگە. پەسەندی نەهجێیەکی هاوبەش کە ئاشتی هزر دەهێنێتە دی، وەک خۆڕازیکردن و نەهێشتنی نیگەرانییەکان، ئەمەش ئەو ڕێگایانە ئاشکرا دەکات کە دیموکراسی تێیدا لاواز دەبێت. ئەمەش لەڕاستیدا دەبێتە هۆی ئەوەی دیموکراسی کە چەمکێکی نا پێوانەیی (نا نۆرماتیڤ)، بەدیموکراسی لیبراڵ پێناسە بکرێت، کە مۆدێلێکە لەسەر بنەمای هەلومەرجە مێژووییەکانە. ئەم مۆدیلە شێوازی سەرەکی بەشداری لە هەڵبژاردن، کە بەشداری جەماوەرییە؛ ئەمەش سیستەمێکە کە تێیدا ئازادییە فراوانەکان دەستەبەرکراوە  و شێوە حوکمڕانییەک زاڵە کە تێیدا هەر کردارێک زیان بە ئابووری سەرمایەداری بگەیەنێت خۆی لێ دەپارێزێت. ئەم سیستەمە مۆدێلێکە کە کەمتر گرنگی دەدات بە سەرنجی ڕای گشتی فراوان و ئەو ڕۆڵانەی کە ڕێکخراوەکانی تری دەرەوەی کەرتی بازرگانی دەیگێڕن. ئاشتی هزری ڕازیبوون بە چاوەڕوانییە دیموکراتییە بێهیواکانی دیموکراسی لیبراڵی ئەوەی "کرۆچ" بە پۆست دیموکراسی ناوی دەبات. لە کاتێکدا بەپێی ئەم مۆدێلە؛ هێشتا هەڵبژاردن بەڕەوایی ماوەتەوە و توانای گۆڕینی حکومەتەکانی هەیە، ڕای جەماوەری سەبارەت بەهەڵبژاردنەکان بەتوندی کۆنترۆڵ دەکرێت، لەلایەن گرووپە کانی کێبڕکێکارەوە کە پێکهاتوون لە پسپۆڕان لە میتۆدەکانی قایلکردندا، ڕێنووێنی دەکرێت و ژمارەیەکی کەم لەوانەی کە لەلایەن ئەو گروپانەوە دیاری دەکرێن بۆ بابەتەکە سەرنج ڕاکێشن. هاووڵاتییان ڕۆڵێکی پاسیڤ و سست و تەنانەت بێ جیاوازیش دەگێڕن، تەنها کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو بابەتانە هەیە کە دێنە بەردەمیان. بە ئاشکرا لە پشت ئەم گەمەی هەڵبژاردنە سیاسەت و  بە تایبەتی بە کارلێککردنی نێوان حکوومەتە هەڵبژێردراوەکان و ئەو هەڵبژێردراوانە کە تا ڕاددەیەکی زۆر نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی جیهانی بازرگانی دەکەن. کروچ بانگەشەی ئەوە دەکات کە  ئەم دۆخە بەڵگەی تەواوی هەیە بۆ پۆست دیموکراسی و پارێزگاری دەکات لەوەی  کە ئێمە بە تەوژمێکی زیادەوە بەرەو جەمسەری پۆست دیموکراسی دەچین (Crouch, 2004). 

(١١) دەرئەنجام 

دیموکراسی کە چەندین ساڵە لەگەڵ خەباتی چەوساوەکان گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە بینیووە، کاتێک جەماوەریبوونی گەیشتۆتە لوتکە، بەڵام  ئەمڕۆ ڕەخنەی جدیشی لێ دەگرێت. بە تایبەتی بەکارهێنانی بەهێز لە بەرژەوەندی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان بە شێواندنی بەهاکان و بەتاڵکردنەوەی چەمکەکان،  ڕەخنە و گومانەکان لە دیموکراسی برەوییان پێ دەدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕاستییەی کە هێشتا سیستمێکی باشترمان نەدیوە لەدیموکراسی و خودی ئەو دیموکراسییە ڕەخنەی خۆی تێدایە و توانای بەرگری کردنیشی هەیە،  کە بوون و پایەی خۆی بەهێز دەکات. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دیموکراسی توانای ئەوەی هەیە کە مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشانەدا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی دیموکراسی پەیڕەو بکرێت و بنەما سەرەکییەکانی جێبەجێ بکرێت، پێویستە ڕێوشوێنێکی پەسەند بگیرێتەبەر و دامەزراوەی نوێ پێکبهێنرێت  بۆ بە‌هێز بوون و گەشپێدانی زیاتری دیموکراسی. 

بۆ ئەوەی دیموکراسی  وەک سیستمێکی حوکمڕانی پەیڕەو بکرێت، ئەوەندە بەس نییە کە هاووڵاتی تەنیا مافە سیاسییەکانی خۆی بەکاربهێنێت. لە هەمان کاتدا دەبێت هاوڵاتیان پابەندبن بە یاساو بنەماکانی دیموکراسی و پێداچوونەوە بکەن بەوەی کە ئایا ئەم یاساو ڕێسایانە کار دەکەن یان نا.  هەروەها پێویستیی دیموکراسییە کە خەڵک ڕێز لە یاسا بگرن و هەموو جۆرە توندوتیژییەک ڕەتبکەنەوە، لە بارەی بڕیارەکانی حکومەت بپرسن و بە نەریتە هەڕەمەکییەکانی حکومەت قایل نەبن. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کەسێک پێویستە ڕیز بۆ دەسەڵاتەکانی حکومەت دابنێت. لە کاتێکدا هەر گرووپێک مافی ئەوەی هەیە کە بەپێی بنەما کلتوورییەکانی خۆی مومارەەسەی ژیانی خۆیان بکەن، بەڵام  نابێت لە بیرییان بچێت کە بەشێکن لە دەوڵەت. کاتێک ئێمە مافی ئازادی ڕادەربڕینمان هەبێت بۆ ئەوەی گوزارشت لە دید و ڕووانگەمان بکەین، بەڵام بە ناچاری دەبێت ڕێز لە دیدگا و تێڕوانینی ئەوانی تریش بگرین، ئەمە گونجانی نێو دیموکراسییەت دەردەخات.

لەبەرامبەردا دیموکراسی بە مانای ئەو سیستمە نایەت کە هەر کەسێک ئەوەی هیوای بۆ بخوازی بە دەستی بێنێت. بەڵکو دیموکراسی تەنیا ئەو سیستمەیە کە تێیدا هەموو کەسێک دەتوانێت هەموو شتێک کە بیەوێت بە تەوافوقی بەدی بهێنێت، تا ئەو کات لەگەڵ بەرژەوەندی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا دا تەجاوز نەکات و مافی هیچ کەسێک پێشێل ناکات. لە سیستمە دیموکراسییەکاندا دەبێت ئەو گرووپانەی کە بەرژەوەندی و بۆچوونی جیاوازیان هەیە ئامادەبن لەگەڵ یەکتردا دانیشتن و دانوستان بکەن.  دیموکراسی، وەک تاکەکەس ، مانای ئەوە نییە هەموو گروپێک (تەنانەت ئەم گرووپەش زۆرینە بێت) هەموو شتێکی خۆی بەدەستیبهێنێت کە دەیهەوێت.  پێکهاتە جیاوازەکان لە گرووپە جیاوازەکان دەتوانن سەرکەون. لەگەڵ ئەوەشدا لە دیموکراسیدا هەموو کەس بە پێی کات شتێک بەدەست دێنێت.  ئەگەر هەندێک لە گرووپەکانی کۆمەڵگە بەردەوام لە کار دوورخرانەوە و بە هیچ جۆرێک داواکارییەکانیان بە هەند  وەرنەگیرێت، ئەوا بەردەوام  ئەم گروپانەی دوورخراونەتەوە و ڕێگەیان پێنەدراوە گوزارشت لە بیر و بۆچوونەکانی خۆیان بکەن، بێ ئومێد دەبن  لە دیموکراسییدا، ڕەنگە بە پێی کات یاخی بن و لە بەرامبەر دیموکراسییدا بوەستنەوە. دیموکراسی دەبێت کراوە بێت بۆ هەمووان و هەموو گرووپێک کە  ئەوەی دەیهەوێت بەئاشتی بچێتە پاڵی، هەروەها ڕێگە بە گرووپەکان جۆراوجۆرەکان بدات بەهەموو جیاوازییەکانەوە گوزارشت لەخۆیان بکەن و داخوازی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی ئازادانە و دوور لە زۆرە ملێ دەرببڕێت.



سەرچاوەکان

Aktan, C. C. (1999), "Demokrasi, Liberalizm ve Sınırlı Devlet”, Yeni Türkiye Dergisi,
Yıl 5, Sayı 25.
Aktas, M. (2014), The Arab Uprisings and Democracy. http://istanbulnetwork.org/the-arab-uprisings-and-democracy/.
Bekcan, U. (2005), Demokrasi Kuramları Açısından Türk Demokrasisine İlişkin Bir İnceleme, Yayınlanmamış Doktora Tezi, Pamukkale Üniversitesi Sosyal Bilimler Enstitüsü Kamu Yönetimi Anabilim Dalı, Denizli.
Bayhan, V. (2002), "Demokrasi ve Sivil Toplum Örgütlerinin Engelleri: Patronaj ve Nepotizm”, C.Ü. Sosyal Bilimler Dergisi, Cilt: 26, No: 1, 1-13.
Crouch, C. (2004), Post Democracy, Londra: Polity Press, Çev. Emre Yıldırım, online versiyonu, emreyildirim.me/dosyalar/postdemokrasi.pdf.
Çam, E. (1995), Siyaset Bilimine Giriş, Ankara: Der Yayınları.
Dahl, R. A. (2001), Demokrasi Üstüne, Çev. Betül Kadıoğlu, Ankara: Yetkin Yayınları.
Gözler K. (2013), Anayasa Hukukuna Giriş, Bursa: Ekin Kitabevi, 20. Baskı.
Heywood, A. (1992), Political Ideologies, New York: St. Martin‌s Press.
Kıran, A. (2013), Başkanlık Sistemi Erkler Ayrılığı ve Türkiye, (içinde) Başkanlık Sistemi
(Eds.) Murat Aktaş ve Bayram Coşkun, Ankara: Nobel Akademik Yayıncılık 1. Baskı.
Kışlalı, A. T. (2003), Siyasal Sistemler, Siyasal Çatışma ve Uzlaşma. Ankara: İmge Kitabevi.
Montesquieu (2009) "Yasaların Ruhu‌ndan Seçmeler,” Çev: Fehmi Baldaş, Derleyen: Mete Tunçay, Batıda Siyasal Düşünceler Tarihi, İstanbul: İstanbul Bilgi Üniversitesi Yayınları, 3. Baskı.
Lipset, S.M. (1986), Siyasal İnsan, Çev. Mete Tunçay, Ankara: Teori Yayınları.
Lipson, L. (1986), Politika Biliminin Temel Sorunları, Çev. Tuncer Karamustafaoglu, Ankara: Birlik Yayınları.
Morin, E. (2000), Demokratik Belirsizlikten Siyasal Ahlak Felsefesine, (içinde) Bir Uygarlık Siyaseti. Edgar Morin ve Sami Nair, Çev. S. Köm, İstanbul: Om Yayınları.
Offe, C. (1986), "Demokratie und ‘höhere Amoralitat”, (içinde) Der Traum der Vernunft. Vom Eleod der Aufklarung, Eine Veranstaltung der Akademie der Künsie, Berlin, Darmstnd/Neuwied, 218-232.
Özbudun, E. (2008), Türk Anayasa Hukuku, Ankara: Yetkin Yayınları.
Pharr, S.J., Putnam, R.D. and Dalton, R.J. (2000), Disaffected Democracies: What‌s Troubling the Trilateral Countries?, Princeton: NJ: Princeton University Press.
Putnam, R.D., Leonardi, R. and Nanetti, R. (1993), Making Democracy Work: Civic Traditions in Modern Italy, Princeton: NJ: Princeton University Press.
Sarıbay, A. Y. (2001), Türkiye‌de Demokrasi ve Politik Partiler, İstanbul: Alfa Yayınları.
Sartori, G. (1996), Demokrasi Teorisine Geri Dönüş, Çev. Tuncer Karamustafaoglu,
Mehmet Turhan, Ankara: Yetkin Yayınları.
Saylan, G. (1994), Değişim Küreselleşme ve Devletin Yeni İşlevi, Ankara: İmge Kitabevi.
Schmidt, M. G. (2002), Demokrasi Kuramlarına Giriş, Çev. M. Emin Köktaş, Ankara: Vadi Yayınları.
Schmitter, P.C., Brouwer, I. (1999), Conceptualizing, Researching and Evaluating Democracy Promotion and Protection, Working Paper SPS 1999/9, Florance: European Universtiy Institute.
Soysal, M. (1990), 100 Soruda Anayasanın Anlamı, İstanbul: Gerçek Yayınevi.
Spinoza, Baruch (2007), Tractatus Politicus, Çev. Murat Erşen, Dost Yayınları, I: 6.
Sunat, H. (2014), "Etika‌dan ‘Demokrasiye‌/‘Teolojik-Politik Edimselliğe‌ Yol Alırken/ II”, Birikim Dergisi, (297), 79-91.
Tekeli, İ. (2004), "Tek ve Kademeli Demokrasi Kurumlarının Ontolojik Kabulleri Üzerine”, Doğu Batı Düşünce Dergisi, (28), 195-225.
Teziç, E. (2003), Anayasa Hukuku, İstanbul: Beta 8. Basım.
Touraine, A. (1992), Modernliğin Eleştirisi, Çev. H.Tufan, İstanbul: Yapı Kredi Yayınları.
Türköne, M. (2010), Siyaset, İstanbul: Lotus Yayınevi.
World Report (2013), "Challenges for Rights After Arab Spring”, How to Build Rights-Respecting Democracies After the Dictator Falls February 1, 2013 http://www.hrw.org/news/2013/01/31/world-report-2013-challenges-rights-after-arab-spring.
Yayla, A. (1999), Liberalizm, Ankara: Liberte Yayınları.


ئه‌م بابه‌ته 547 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر