سیاسەتی دەرەوە لە دەروازەی ناسنامە و کلتوور

لەچارەکی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا، گرنگی بابەتەکانی کلتوور، ناسنامە، شارستانییەت و ئایین لەلایەن پسپۆرانی پەیوەندییە نێودەولەتییەکان زیاتر دەرکەوتووە.
PM:10:08:03/01/2022
دۆسیە: نیشتمانسازی


م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، و مامۆستای زانکۆ

شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە لە دەروازەی کلتوورییەوە ئاراستەیەکی نوێیە لە تیۆرەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتییدا. لەچارەکی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا، گرنگی بابەتەکانی کلتوور، ناسنامە، شارستانییەت و ئایین لەلایەن پسپۆرانی پەیوەندییە نێودەولەتییەکان زیاتر دەرکەوتووە. چونکە لەمێژوودا تەوژمە سەرەکیەکان وەک "ڕیالیزم و لیبڕالیزم" تەنها لەڕووانگەی هێز و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان خوێندنەوەیان بۆ سیاسەتی دەرەوە کردووە، ئیتر لەم بارودۆخەشدا دەوڵەت بێ ئەنجام دەمێنێتەوە لە شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەدا. دیدگا و بۆچوونە نوێیەکان بەتایبەتیش ئەوەی لە لقەکانی سۆسیۆلۆژی و زانستی کلتوورییەوە لەلایەن زاناکانەوە گەشەی پێدرا، بەگوزارشتێکی گشتی، دەتوانین ئەم دیدگا نوێیەش ناوی "قوتانخانەی بوونیاتگەرایی" لێ بنرێت. بەگوێرەی بیروبۆچوونی ئەم قوتابخانەیە؛ ناسنامەی دەوڵەت، کاریگەری دەکاتە سەر سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت. بەپێی ئەم تیۆرە کاتێک شیکردنەوە بۆ سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت دەکرێت، دەبێت هەموو توخمەکانی ناسنامەی دەوڵەتەکە و چۆنیەتی دروستبوونی ناسنامەکە باسبکرێت. بەکورتی مەبەست لە ناسنامەی دەوڵەتیش ئەوەیە چۆن خۆی پێناسە دەکات لەبەرامبەر دەوڵەتانی تر و هەست و ڕووانگەشی بۆ ئەکتەرەکانی تر "ئەوانی تر" چۆنەچۆنیش هەست بە ئەوانی تر دەکات. 

لەم ڕووانگەیەوە (Samuel Hantington) ساموێل هانتینگتۆن  لە تێزەکەی بەناوی (Clash Civilizations) "پێکدادانی شارستانییەکان" باسی دەکات کە "بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئایین، کلتوور و شارستانییەتی دەوڵەتەکان چۆن کاریگەری دەکاتە سەر سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت". ئارگیۆمێنتی سەرەکی ئەم تێزە ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوە تەنها لە ڕەهەندی ناوخۆیی دەوڵەتەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە چۆنییەتی پێزانینی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی سەرچاوە  دەگرێت وەردەگرێت. هەروەها، دەوڵەت خۆی بەنزیکی کام شارستانی دەبینێ، خۆی بە کام شارستانی هەژمار دەکات و کامەیان وەک دوژمنی خۆی دەبینێت، ئەمانە گرنگن لە ڕووانگەی پەیوەندی نێوان سیاسەتی دەرەوە و کلتوور.  لێرەوە بەخێرایی، بابەتی پێزانین لەم دواییانەدا لەپیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەچڕی کاری لەسەر کراوە. (Glen Fisher) گلێن فیشەر لە پەرتوکێکیدا بەناوی "پێکهاتەکانی ئەقڵ؛ ڕۆڵ کلتوور و پیزانین لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان"، بەرگری لەوە تێزە دەکات، "لەڕاستیدا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بابەتی چۆنییەتی هەست کردن و پیزانین گرنگترە لە بابەتی کاروبارەکان چۆن و بەچ شێوەیەکە". هەروەها، ئەم پێزانینە شێوازی پەروەردە و کلتووری دروستکەرانی بڕیار، دیزاین دەکات. ئەم دیدگا نوێیە، لێکۆلینەوەکانی ڕیالیزم کە تا ئەمڕۆ کراوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەخاتەژیر لێپرسینەوە. وەک ئاشکرایە لە ساڵی ١٦٤٨دا لەگەڵ دەست پێکردنی قۆناغی وێستڤالیا و لەو سەردەمدا (Kardinal Richelieu)ی پیاوی دەوڵەت  بەسەروەری دانانی بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا، ناسنامەی ئایینی فەڕەنسا و هاوبەندیبوونی مەسیحیەت چەمکی ئەقلی دەوڵەتی هاتە نێو ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەم چەمکە دەوڵەتەکان وەک ئەکتەرێکی ئەقلانی پەسەند دەکات.

لەبەرئەوە دەوڵەتەکان پەیوەست نین بە چەمکەکانی کلتوور، ناسنامە و ئایین و بیر و باوەڕەکان بەڵکو دەوڵەتان پەیوەستن بە هێزی سەربازی و ئابووری.
لەسەدەی حەڤدە ڕێککەوتنی فەرەنسا لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی موسلمان لەبەرامبەر هابسبۆرگی مەسیحی بەپێی ئەم چەمکە لێکدەدرێتەوە. لەسەدەی هەژدەهەمدا لاوازبوونی فەرەنسا و دەرکەوتنی بەریتانیا بەبەرپەرچدانەوەی هەمان مەنتق گۆڕانکاری بەسەرداهات.  دبلۆماتکارانی ئینگلیز بەم شێوەیە ڕوون کردنەوەیان خستۆتەڕوو، "بەریتانیا نە دۆستی هەمیشەیی نە دوژمنی هەمیشەیی هەیە"، "بەڵام بەریتانیا بەرژوەندی هەمیشەیی هەیە"، کاری ئێمەش پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەیە".

ئەگەر سەیری مێژوو بکەین لە دبلۆماسیەتی ئینگلیزدا؛ وەها دەبینرێت کە پێکهێنانی دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا بووە. بەدرێژایی سەدەی نۆزدە بەریتانیا لەگەڵ ڕووسیا لەڕکابەری دابوو، بەڵام لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا پێویست بوو هاوپەیمان بێت، بەم شێوەیە هەلوێستی "بەریتانیا" ڕووندەکرێتەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی. بەهەمان شێوە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم "ئەلمانیا" دەستیکرد بە بە‌هێزبوون، بەڕەنگدانەوەی هەمان بیرۆکە لە ئەدەبیاتی چەمکی سیاسەتی واقیعگەرایی ناسێنرا. بەکورتی ئەمانە، لەسەر بنەمای بەهاکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ناوەستێت بەڵکو لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێز ڕادەوەستێت.

ئەوروپییەکان دوای داگیرکردنی هەموو جیهان و بڵاوکردنەوەی دیدگا و بۆچوونی خۆیان لەڕێگەی ئامرازی دەوڵەت - نەتەوەی نوێ کەلەسەر بنەمای شێوازی ئەورووپی ڕێکخرابوو، بەرژەوەندی و دیدگای هێزی ئەورووپایییان ڕێکخستبوو. ئەم بارودۆخە لەشیکردنەوەی پێکهاتەی سەردەمی جەنگی سارد دا وەک میتۆدێکی ڕاست دەبینرێت. بەڵام کۆتایی هاتنی لەناکاوی جەنگی سارد پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ڕەهەندێکی جیاواز گواستەوە. 

ئەوەی ناودەنرێت واقیعگەرایی کە ئەمڕۆ پێی گەیشتووە، وەها تێبینی دەکرێت ئەو ڕووداوانە لە واقیعیدا بارودۆخی بابەتی تێپەڕبوون لەڕێگەی فلتەری کلتووری، پێکهاتەی ئەقلی و دونیای ناوەوەی دروستکەرانی بڕیار. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی ئامرازەکانی پەیوەندی ڕای گشتی گەڵ ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو زیاد بوون دەچێت لە سیاسەتی دەرەوە. لەم دۆخەدا؛ وەها دێتە بەرچاو کە تا ئێستا ئەو دیاردەیەی وەک "بەرژەوەندی نەتەوەیی" پێناسە دەکرێت لە ڕاستیدا پەیوەست نین بە نیشتیمان بەڵکو پەیوەستە بە بەرژەوەندی دەسەڵاتدار. بۆ نموونە پێش شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران پەیوەندی "تاران" لەگەڵ "ئەمریکا"  پشتبەستوو بە بەرژەوەندی نەتەوەیی "ئێران" پێناسە دەکرا، بەڵام لەدوای شۆڕش، ئەمریکا لەڕووانگەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دوژمنی نەتەوەی "ئێران" پێناسە دەکرێت. لەبەر ئەمەش پێناسەکردنی ئەوەی کێ دۆستە و کێ دوژمنە پەیوەست نییە بە نیشتیمان، بەڵکو پەیوەندی بە ناسنامەی دروستکەرانی بڕیاڕ و دیدگا و و جیهانبینی ئەوانەوە هەیە. وەک بابەت، پێناسە کردنی دۆست و دوژمنی نیشتیمان زەحمەت دەبێت.  لەبۆچوونی بوونیادگەراییدا، سیاسەتی دەرەوە وەک ڕەنگدانەوەی ناسنامەی دەوڵەت دەبینرێت. هەروەک لە دیدگای سۆسیۆلۆژیدا هەیە، هەر دەوڵەتێک ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە. لەوەڵامی پرسیاری "ناسنامەی دەوڵەت چۆن دروست دەبێت؟" ئەم دوو بۆچوونە تێبینی دەکرێت؛ بۆچوونی یەکەم، لەسەر ئاستی سیستم  ناوی لێنراوە، بۆچوونی دوەەمیش لەسەر ئاستی یەکەم ناوی لێنراوە. بەپێی تێڕوانینی سیستم دروستبوونی ناسنامەی دەوڵەتەکان وەک دەرئەنجامی کاریگەری نێوان دەوڵەتەکان شیدەکرێتەوە، لیرەدا بەستێنی سەرەکی بابەتەکەیە پەیوەندی کاریگەری لەگەڵ ناسنامەیە. بەگوێرەی ئەمە پەیوەندی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتر دەتوانێت کاریگەریان بکاتە سەر. بەکورتی، بەگوێرەی ئەم بۆچوونە ناسنامەکان بەرهەمی کاریگەرییەکانن. 

تێڕوانینی ئاستی یەکە زیاتر پەیوەندیدارە بە سیاسەتی ناوخۆی دەوڵەت. بەگوێرەی ئەمەش، گۆڕانکارییەکانی سیاسی ناوخۆیی دەوڵەت کاریگەری دەکاتە سەر ناسنامەی دەوڵەت. بەمانایەکی تر، کاتێک ناسنامەی تێڕوانینی سیستم لە دەرەوە بنیات دەنرێت، ناسنامەی تێڕوانینی ئاستی یەکە لەناوخۆی دەوڵەت بنیات دەنرێت. لەڕوانگەی سیاسەتی ناوخۆ، لەزانستی ساسەتدا چەمکی "کلتووری سیاسی"ش لەم دواییانەدا دەرکەوتووە. بەگوێرەی ئەوەی نوسەر (Mansour Farhang) مەنسور فەرهەنگ دیاری کردووە، لە ڕۆژئاوا لەدۆخی ئاساییدا کاتێک سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتێک شرۆڤە دەکرێت، لەڕوانگەی بەرژەوەندییە ماددییەکانەوە هەڵدەسەنگێنرێت. لەدەرەوەی جیهانی ڕۆژئاواشدا تیۆری مۆدێرنیزاسیۆن و پشت بەیەکتربەستن بەکاردەهێنرێت. بەڵام لەهەندیک بارودۆخدا بەتایبەت لەبارودۆخی ئێراندا ئەم تیۆرانە سوودی لێ وەرناگیرێت. بەگوێرەی بۆچوونی نوسەر فەرهەنگ، هۆکاری سەرەکی پێشبینی نەکردنی ڕۆژئاوا بۆ شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی پێنەدانی دیاردەی ئایین وەک پێویست لەلایەی توێژەر و پسپۆرانی ڕۆژئاوا. لێرادا نووسەر، جەخت لەسەر بوونیادنانی ناسنامەی ئێران لەناوەوە دەکاتەوە. بەگوێرەی ئەوە ڕۆژئاواییەکان، گرنگترین تایبەتمەندی ناسنامەی ئێران کە تایبەتمەندی "ئایین"ە لەبەرچاونەگرتبوو. بەمانایەکی تر، هەندێک جار تێگەیشتن لە کۆدی جیۆ-کلتووری زۆر قورسە لەهەر دەوڵەتێک، ئەمە بۆ ئێرانیش ڕاستە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری  هەڵە سەرەکیەکان لە لێکدانەوەکان. 

جیۆ-کلتوور، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا چەمکیکی تازەیە. لەئەدەبیاتی ڕۆژئاوایدا چەمکی "جیۆ-کلتوور" بەکارناهێنرێت. کاتێک تویژەرانی ڕۆژئاوایی زیاتر چەمکی "کلتوور" بەکاردێنن، تیۆرەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی و قوتابخانەی بنیاتگەراییش کە جەخت لەسەر ناسنامە دەکات بەکارهێنانی چەمکی کلتوور پەسەند دەکات. بۆ نموونە، (Peter Katzenstein) "پیتەر کاتزەنستێین" لەپەرتوکێکدا لەبارەی قوتابخانەی بنیاتگەرایی بەناوی "کلتووری ئاسایشی نیشتیمانی؛ پێوەر و ناسنامە لە سیاسەتی جیهانیدا". لە قوتابخانەی بوونیادگەرایی هەرچەندە (Emmanuel Wallerstein) "ئیمانوێل والرشتاین" پەرتوکێکی ناونابیت "جیۆپۆلیتیک و جیۆ-کلتوور؛ لەبارەی نووسینەکانی گۆڕانی سیستمی جیهانی"، نووسەر لە پەرتوکەکەیدا مەبەستی بەکارهێنانی چەمکی جیۆ-کلتوور نیە بەڵکو مەبەستی چەمکی کلتوورە، ئەویش لە ڕوانگەی کەپیتالیزم بەکاردەهێنێت. چەمکی جیۆ-کلتوور، چەمکێکە لە بەیەکەوە گرێدانی جوگرافیا لەگەڵ کلتوور سەریهەڵداوە. کاتێک جیۆپۆلیتیک وەک کاریگەری نێوان جوگرافیا و سیاسەت شیدەکرێتەوە، جیۆ-کلتووریش وەک کاریگەری جوگرافیا لەگەڵ کلتوور لیکدەدرێتەوە.  هەروەک بڕگەی "جیۆ" بوو بە سیاسی، چەمکی کلتووریش ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی  وەرگرت. بۆ نموونە، کاتێک دەوترێت چالاکی کلتووری بەگشتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو چالاکییانەی پەیوەندیدارن بەکلتوور، کاتێکیش دەوترێت چالاکی جیۆ-کلتووری، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕەهەندی نێودەوڵەتی بە چالاکی دەدات. 

کاتێک دەگوترێت کۆدی جیۆپۆلیتیکی، ڕێکخستنی ناسنامەی دەوڵەتێکی دیاریکراوە بەدرێژایی سەدان ساڵ هەندێک مۆدێل وەها دەردەکەون. ئەم مۆدێلانە تایبەتمەندی گرنگن بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤەکان لەنێو نیشتیمان. بەگوزارشتێکی سەردەمیانە، دەتوانرێت بەو مۆدێلانە بگوترێت دەستەواژەی تێڕوانینی لایەنگری کوێرانە. لەدەرئەنجام ئەم کۆدانە بەتایبەتی لەسەردەمی قەیرانەکاندا دەردەکەیت کە ڕۆلێکی دیاریکەر دەبینن. بۆ نموونە، لەسەردەمی شەڕی یوگوسلافیادا پشتگیری کوێرانەی سربیەکان لەدژی بۆسناییەکان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی وێرانکارییەکی زۆر گەورە ڕووبدات. لەبەر ئەوە کاتێک سیاسەتەکانی دەرەوەی نەتەوەکان شرۆڤە دەکەین، نابێت کۆدەکانی جیۆکلتووری وەلاوە بنرێت. چونکە هەرچەند ئەگەر دروستکەرانی بڕیاری سیاسەتی دەرەوە واقیعگەراییانە کاربکەن لەدەرئەنجامدا ئەوانیش ئەندامی کۆمەڵگە (نەتەوە)ن و هەست و پێزانینی نەتەوە بەشدەکەن. ئەوەی ماوە، لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا،  زیادبوونی بوونی کاریگەری گرووپەکانی کۆمەڵگەکان لەبەرچاو بگیرێت، لەڕاستیدا دروستکەرانی بڕیار ناچار دەبن گوێ لە کاردانەوەی خەڵک، هەستیاریان، تەنانەت لایەنگری کوێرانەیان بگرن. ئەگەر لەم قۆناغەدا دیموکراتیزەکردن زیاد بکرێت، دەسەڵات  بیەوێت و نەیەوێت دەنگی نیگەرانی کۆدەکانی جیۆکلتووری نەتەوەیی بەهەند وەردەگرن. 

لەتیۆرەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتییدا، لەجیاتی چەمکی "کۆدی جیۆکلتووری" چەمکەکانی "ناسنامەی نەتەوەیی"، "ناسنامەی دەوڵەت"، "ناسنامەی کلتووری" یانیش "ناسنامەی ئەکتەر" بەکاردەهێنرێت. لەبەرئەوە کۆدی جیۆکلتووری یەکسانە بە ناسنامەی نەتەوەیی. بۆیە لەمیانەی باسکردندا ناسنامەی نەتەوەیی و کۆدی جیۆ-کلتووری وەکویەک بەکاردەهێنرێت. لەدەرئەنجامدا بۆ باسکردنی کۆدەکانی جیۆ-کلتووری سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتێك پێویستە لێکۆلینەوە لە ناسنامەی نەتەوەیی دەوڵەتەکە بکرێت. بەکورتی کۆدی جیۆکلتووری، سیاسەتی دەرەوە هەرچی بێت فاکتەرێکی گرنگ و ڕەچاوکراوە. کاتێک هەموو ئەو هۆکارانە لەبەرچاو دەگیرێن، لەمیانی ئەم باسەدا کۆدەکانی جیۆکلتووری ئێران یان ڕاستر ئەو ناسنامانە شرۆڤە دەکرێن کە دیزاینی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکەن.

پەراوێزەکان:

1.ساموێل هەنتیگتۆن، پێکدادانی شارستانییەکان، وەرگێڕانی: مامەند ڕۆژە.

2.Glen Fisher, Mindsets: The Role of Culture and Perception in International relations, 1996.

3.Henry Kissinger, Diplomacy, Simon & Schuster, 1994. 



ئه‌م بابه‌ته 559 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر