ڕووانگەیەکی مێژوویی بۆ مەسەلەی کورد لە ئێراق (١)

مێژووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، داستان و سەرگوزشتەی چەندین ئیمپراتۆرییەت و پاشایەتی و خەلافەت مان بۆ ئەگێڕێتەوە، بەلام دەوڵەتێک بەدی ناکرێت کە ناوی دەوڵەتی ئێراق بێت بەو شکڵ و شێوەیەی کە دەیبینین.
PM:03:31:24/01/2022
دۆسیە: نیشتمانسازی


م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، و مامۆستای زانکۆ


یەکەم؛ سەردەمی پاشایەتی (١٩٢١ – ١٩٥٨).

ئەگەر چی مێژووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، داستان و سەرگوزشتەی چەندین ئیمپراتۆرییەت و پاشایەتی و خەلافەت و سەڵتەنەتی وەکو ھەخامەنشینی ئەخمینی و ساسانی و ئیسلامی و ئەمەوی و عەبباسی و عوسمانی و سەفەوی و قاجاری .... مان بۆ ئەگێڕێتەوە، بەلام لە مێژووی کۆن و نوێ ھەرگیز دەوڵەتێک بەدی ناکرێت کە ناوی دەوڵەتی ئێراق بێت بەو شکڵ و شێوەیەی کە دەیبینین. ئەگەر چی بەغدادی پایتەختی دەوڵەتی عەبباسی بوو، بەڵام عەبباسی دەوڵەتێکی ئیسلامی زۆر فراوان بوو، ھەرلە باکووری ئەفریقاوە تا سنووری ھندستانی گرتۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا؛ ھەرگیز خەڵافەتی عەبباسی ناوی دەوڵەتی نوێی ئێراق نەبوو ، سنوورەکەشی سنووری دەوڵەتی ئێراق نەبووە، بەڵکو ناوی خەڵافەتی عەبباسی بوو، خۆی بە دەوڵەتی گشت موسولمانان داناوە"امیر المۆمنین"،   ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئێراق بدەینەوە، دەبینین مێژووی دەوڵەتی ئێراق مێژوویەکی کۆنی نییە، واتە دەوڵەتێکی تازەیە، بەو سنوورەی ئێستای و بەم پێکھاتە نەتەوەیی و دینی و مەزھەبیەی کە ھەیەتی، بەڵکو ئێراق لە دوای ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، لەئەنجامی شکستھێنانی پیاوە نەخۆشەکە "ئیمپراتۆری عوسمانی" لەجەنگی جیھانی یەکەم ھاتە درووستکردن، دەوڵەتە ئیمپریاڵیستە سەرمایەدارە گەورەکانی دونیا لەنێوان خۆیان ڕێکكەوتن لەسەر دابەشکردنی مومتەڵەکاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەمەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بێ ڕەچاوکردن و گوێ دانە ئارەزوو و ڕەغبەتی دانیشتوانی ناوچەکەو بە بێ ئەوەی حیسابی ھیچ نەتەوە و پێکھانەی دینی ناوچەکە بکەن ھەلسان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشکرد، دابەشکردنەکەش بەشێوەیەک بوو کە دژایەتی نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، دابەشکردنی ناوچەی ڕۆژھە ڵاتی ناوەڕاست بەپێی پەیمانی سایکس بیکۆی ساڵی ١٩١٦ی نێوان ڕووسیای قەیسەری و بریتانیاو فەرەنسا بوو، دواتر ڕووسیا ئاشکرای کرد کەمەبەست لەم پەیمانە دابەشکردنی مومتەڵەکاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بووە، ئەم ھەڵوێستەی ڕووسیاش لەئەنجامی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ بوو کە شۆڕش توانی بنچینەی ڕژێمی قەیسەر لە رووسیا ھەڵبتەکێینێت بارودۆخی نوێ لە دونیا ھاتە کایەوە، تا ئەو کاتە لەنێو دەوڵەتانی دونیا ناوێک نەبوو بەناوی دەوڵەتی ئێراق.

ھەرلەو زەمانەی کە ناوچەکە لەت و پەت کرا بزووتنەوەی بەھێز سەریان ھەڵدا لەناوچەکە، وەکو بزووتنەوەی عەرەبی کە لە سەرانسەری عەرەبستان گەشەی کردبوو، ئامانجی ئەم بزووتنەوانە یەکخستنی وڵاتانی عەرەبی و بەدیھێنانی سەربەخۆی بوو، ئەم شۆڕشانەش لەلایەن "شەریف حسێن " ەوە سەرکردایەتی دەکرا، بریتانیاش ڕاستەوخۆ یارمەتیدەدا، گرنگترین ئامانجی ئەم بزووتنەوانە خۆی لە سەربەخۆی و یەکگرتنی ڕۆژھەڵاتی عەرەبی"مشرقی عربی" دەنواند، ھاوکات لەگەڵ ئەم بزووتنەوانەشدا جوڵانەوەیەکی نەتەوەیی لە کوردستاندا ھەبوو، ئینگڵیز دوژمنایەتی دەکرد بە پێچەوانەی بزوتنەوە عەرەبییەکان، جوڵانەوەی کوردیش داوای مافی بەدەستھێنانی ئازادی و بریاردانی چارەنووسی خۆی کە خۆی لەسەربەخۆی و ئازادی و یەکگرتنی کوردا دەبینیەوە.                                                                             
لەئەنجامی تێکچوونی ھاوسەنگی لەنێوان دەوڵەتە سەرمایەدارە ئیمپریاڵیستەکانی دوونیادا، بەھێزبوون و دەرکەوتنی ھەندێکیان و لاواز بوونی ھەندێکی تریاندا، ھۆکارێک بوو بۆ ئەوەی سەرلە نوێ بیر لە دابەشکردنەوەی دوونیا لەنێو خۆیاندا بکەنەوە، جەنگی جیھانی یەکەمیش بارودۆخێکی لەباری بۆ دەوڵەتە ئییمپریالیستەکان ھێنا بووە ئاراوە، کۆتایی ھاتنی جەنگ بووە ھۆی تێچوونی ئەو بارودۆخەی کە پێشتر ھەبوو، بەوەی کە دوو پیمپراتۆری گەورەی وەک ئەلمانیا و عوسمانی پارچەپارچە کران لە نێوان دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگ، به‌مەش ھەلومەرجی نوێ لەسەرئاستی دوونیا ھاتە کایەوە، واتە دەوڵەتی نوێی بەھێز دەرکەوتن، وەکو بریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکا، ئەم دەوڵەتە زڵھێزانەش بەگوێرەی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان ناوچەکانی دونیایان دابەشکرد، بۆ ئەم مەبەستەش دەوڵەتە زلھێزەکان لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕستدا، چەندین دەوڵەتۆکەی موستەعمەری بێ سیادەیان دروستکرد لە ناوچەکە، لە پێناو زیاتر چەسپاندن و گەشەپێدانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، سیستمی ئینتیدابیشیان پەیڕەو کرد بۆ بەرێوەبردنی ئەو موستەعمەراتە بێ سیادانە، لەوانە؛ ئێراق و سوریا و لوبنان و فەلەستین و ئوردن و عەرەبستانی سعودی و کوەیت وچەندین میرنشینی تر لە کەنداوی عەرەبی، ئێراق پێکھێنرا لە ھەردوو ویلایەتی بەغداد و ویلایەتی بەسرە کە سەر بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون، "فەیسەلی کوڕی حسێنی" شەریفی مەککەیان کردە مەلیکی ئێراق، کە "فیێل" پێشتر مەلیکی سوریا بوو، بەلام بەھۆی ھەبوونی کێشە و گرفت لەگەڵ فەرەنسیەکان، ئینگلیزەکان بەکەشتییەکی خۆیان ھێنایانە ئێراق و تاجی پاشایەتیان لەسەرنا، بەمەش ئێراقی دروستکراو بوو بە یەکێک لە وڵاتۆکە موستەعمەرەکانی ژێر ھەژموون و ھەیمەنەی ئینگلیز، ئێراق دەوڵەتێک بوو لەو ھەلومەرجەدا بەپێی ویست و ئارەزووی ئینگلیز پێکھێنرا بەو جۆرەی کە ئیمپریالیزمی ئینگلیزی سنوری بۆ دیاریکرد، بەو جۆرەی کە خۆی ڕژێم و حوکمڕانی تیایدا داناوە، تەنانەت دانانی "فەیسەلی کوڕی حسێن"، کەخەلکی حیجاز بوو بەزۆر سەپاندیان و کردیانە مەلیکی ئێراق، لەبەر ئەوە ئیمپریالیزمی ئینگلیز ئەوەندە بایەخی بە ویست و ئیرادەی دانیشتوانی ناوچەکە و ئیعتیباراتی نەتەوەیی و دینی و مەزھەبی نەدابوو، ئەوەندەی بایەخی بە مسۆگەرکردنی دەستکەوت و قازانجەکانی خۆیداوە، خۆی لە مەسەلەکانی نەوت و ئابوری و سیاسی و ستراتیجی دا دەبینیەوە.

بۆیە سەیر نییە کە نووسەرێکی ئێراقی دەلێت ئەشێ بە ئێراق بووترێت "مەتحەفی ئەجناس"، چونکە؛  لەنەتەوەدا، عەرەب و کورد و تورکمان و ئاشووری و ئەرمەنی و کلدانی و فارسی..... تێدابووە. لەڕووی دینییەوە، موسڵمان و مەسیحی و یەزیدی و جولەکە و ........تێدا بوو، لەڕووی مەزھەبیشەوە، شیعەی جۆراوجۆر و سوننەی جۆراوجۆر و کەنیسەی جۆراوجۆری تێدایە.

ئنجا وڵاتێکی بەم شێوە پێکھاتە جۆراوجۆرانە، لەڕووی نەتەوەیی و دینی و مەزھەبی، بەبێ پرس و ئارەزوو و ڕەزامەندی دانیشتوانی ناوچەکە و بەزۆر لەچوارچێوەی سنووری سیاسی یەک دەوڵەت دا کۆکرابێتەوە، بێ ئەوەی یەکسانی و ھاوتای و ھەبوونی مافی وەک یەک بۆ ھەمووان مسۆگەر کرابێت، سەرەڕای ئەمەش ،ئەوەی زۆر جێگای سەیرە ئەوەیە کە کەمایەتییەکی مەزھەبی بەزۆر خۆی سەپاندبێت، بەسەر ھەموو پێکھاتە جیاجیاکان، گوومانی تێدایە، ئەو دەوڵەتە لەجیاتی ئارامی و ئاسایش و جێگیربوونی بارودۆخ و گەشەسەندن و پێشکەوتنی تێدا بەدی بکرێت، ھەمیشە ھۆکاری ململانێ و شەڕ و پێکدانان و پێکدا ھەڵبرژانی تێدا بەھێز دەبێت، ھەمووکات چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە ئەم وڵاتە بەھیچ شێوەیەک بارودۆخی ئاسایی نەبێت و ھەمیشە لەحاڵەتی تەواری دابێت. بەپێی بڕیاری کۆمەڵەی نەتەوەکان، دوای پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە ویلایەتی موسڵ، لیژنەکە بەباشی زانی ویلایەتی موسل بخرێتە سەر ویلایەتی موسڵ، چونکە بەخستنەسەری ویلایەتی موسڵ بۆسەر دەوڵەتی تازە دروست کراوی ئێراق، بۆ دروستکردنی ھاوسەنگی بوو لەنێوان پێکھاتەکانی شیعەو سووننە و کورد، ھەر لەوکاتیشەوە سوننەکانی ئێراق، فەرمانڕەوای ئێراقیان بەدەست گرت، سووننەکان کەمینەی ئێراق بوون بەبەراورد لەگەڵ شیعەکان، بەمەش دەکرێت بڵێین ئێراق بەشێویەکی نایاسایی دروستکرا، چونکە بە پێچەوانەی سرووشتی پێکھاتەی دانیشتوان بوو، کۆمەڵەی گەڵانیش لە دەستی دەوڵەتە زلھێزەکانی جیھان دابوو، بۆ بەرجەستەکردنی ئامانجە ناڕەواکانیان، بەمەش کورد بووە قوربانی دەستی بەرژەوەندی زڵھێزەکانی دونیا لەناوچەکە، چونکە ئینگلیز وای دەبینی کەبە خستنە سەر ویلایەتی موسڵ بۆ سەر ئێراق لە قازانج و بەرژەوەندی ئەو دایە، بەم کارەشی ئینگلیز دۆزی کوردی خستە نێو دوو دەوڵەتی ناکۆک لەگەڵ یەکتر، ئەوانیش تورکیا و ئێراق، کە تورکیا ئەمەی بە کارێکی ناڕەواو نایاسایی دەزانی، لەبەر ئەوەی ویلایەتی موسڵ بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی دەوڵەتی عوسمانی، کۆماری تورکیای نوێش میراتگری دەوڵەتی عوسمانی بوو، بۆیە دەیویست ئێراق بخرێتە سەر دەوڵەتی تورکیای نوێ نەک ئێراق، بەڵام ئینگلیز ئەمەی ڕەتکردەوە، لێرە بەکورتی باسی ھۆکارەکانی ڵکاندنی ویلایەتی موسڵ بە ئێراق باس دەکەین کە ئەمانی خوارەوەن:-

یەکەم؛ ھۆکاری ئابووری و نەوت، بەھۆی دەوڵەمەندی ناوچەکە بە نەوت و سامانە سرووشتیەکان ئینگلیز بەباشی زانی ویلایەتی موسڵ بڵکێنێت بە ئێراق، چونکە بەمە دەتوانێ زیاتر بەرژەوەندییەکانی خۆی بچەسپێنێت لەناوچەکەدا لەلایەک و وەلەلایەکی تریش ئینگلیز بەھۆی ئەو خەرجییە زۆرانەی کە ھەیبوو، تووشی کێشەی دارایی دەبوو، ویلایەتی موسلیش لەڕووی نەوتەوە دەوڵەمەند بوو، بەمەش ئینگلیز دەیتوانی ئە خەرجیەکان و نەفەقاتی خۆی لەم ڕێگەیەوە کەم بکاتەوە. 

دووەم؛ ھۆکاری جوگرافیا، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تازە دروست کراوی ئێراق، لەدوو ویلایەتی بەغداو بەسرە پێکھاتبوو، بەمەبەستی فراوانکردنی ویلایەتی موسلیشیان خستەسەر ئێراق.

سێیەم؛ ھۆکاری مەزھەبی، بەھۆی ئەوەی لە دەوڵەتی تازە دامەزراوەی ئێراق، شیعەکان بەشداری دەسەڵاتیان نەکردبوو، بەردەوامیش ناڕەزاییان دەردەبڕی، بەمەش بارودۆخ ھەمیشە ناجێگیر بوو، شیعەکانیش زۆرینە بوون، ئەم زۆرینەیە بەردەوام ئەگەری ئەوەی ھەیە کەمینەی سووننەکان لەسەر دەسەڵات لابدەن و خۆیان دەسەڵات وەربگرن، بەڵام ئەگەر ویلایەتی موسلیان خستە سەر ئێراق، کە دانیشتوانی ویلایەتی موسلیش زۆربەی ھەرە زۆریان سووننەمەزھەبن، بەم کارەشیان دەتوانن شیعەکان بێ دەنگ بکەن.

چوارەم؛ ھۆکاری ھاوسەنگی دروستکردن، بەڵکاندنی ویلایەتی موسل بە دەوڵەتی تازە دروست کراوی ئێراق. جۆرێک لە ھاوسەنگی دروست دەبێت لە نێوان پێکھاتەی مەزھەبی لە ئێراق و دەتوانن ئەو بۆشاییەی گەورەیەی نێوان پێکھاتەکانی ئێراق کەم بکرێتەوە.

پێنجەم؛ سیاسی و ستراتیژی، بەھۆی ئەوەی ویلایەتی موسڵ کەوتبووە نێو سنووری دەولەتی تورکیا و ئێراق، ئینگلیزیش بەردەوام گرفتی لەگەڵ دەوڵەتی تازەی تورکیا دەبێت، لەلایەکی تریشەوە بەڵکاندنی ویلایەتی موسڵ بە ئێراق دەتوانێت گرفت دروست بکان لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و ئێراق، چونکە ھەبوونی کێشە لە نێوانیاندا لە بەرژەوەندی موستەعمەری ئینگلیزدایە.

شەشەم؛ ھۆکاری نەبوونی متمانەی ئینگلیز بەکورد، موستەعمەری ئینگلیز باش دەیزانی کە کورد بڕوای بە سیستمی ئینتیداب و داگیرکاری نییە، چونکە ئەو کاته‌ تیۆرێك ھەبوو کە بریتی بوو "لەوەی یان دەبێت سەردار بی یان ژێردەستە"، کوردیش بڕوای بەم تیۆرە نەبوو، بۆیە موستەعمەری ئینگلیز نەیویست گرفت بۆ خۆی دروست بکات.

حەوتەم؛ ھۆکاری تر خۆی دەنوێنێ لە یەکێتی سۆڤییەت، دوای شۆڕشی بەلشەفیکی ١٩١٧ رووسیا بووە لایەنگری نەتەوە ماف خوراوەکان و پاڵپشتیکردن لە دۆزی نەتەوە چەوساوەکان کە کوردیش نەتەوەیەکی چەوساوە و زولملێکراو بوو، ولاتانی ئیمپریالیزم رووسیایان بە مەترسیەکی گەورە دادەنا بۆ بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەربۆیە بەشێک لە پسپۆران و توێژەر و شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە بانگەوازە چواردە خاڵیەکەی "ودرۆ ویلسن" ی سەرۆککۆماری ئەمریکا وەکو ڕەد فعلێک بوو لەھەمبەر شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە ڕووسیا، بۆ ئەوەی ئەمریکاش بلێ منیش ھەم و پاڵپشتی نەتەوەکانی ژێر دەستی ئیمپراتۆرەکان دەکەم، دەکرێت ئەم بانگەوازەی ویڵسن وەکو جەنگی سارد ناوبەرین، کوردیش لە ماوەی دوای تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ ئینگلیز چەندین جار داوای لە ڕووسیاکرد بۆ ھاوکاری و پاڵپشتی کردنی لە دۆزە ڕەواکەی، بەڵام رووسیا بەھانەیەوە نەھات، چونکە رووسیا پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێران ھەبوو.

کەواتە ئەم ھۆکارانە و چەندین ھۆکاری تر ڕۆلیان ھەبوو لە لکاندنی ویلایەتی موسل بە دەوڵەتی تازە دروست کراوی ئێراق، بەم شێوەیە دۆزی کورد لە ئێراق بووبە یەکێک لە دۆزە ھەرە ئاڵۆزەکان، لەبەرئەوەی بێ لەبەر چاوگرتنی ویستی کورد ویلایەتی موسڵیان خستە سەر دەوڵەتی ئێراقی نوێ.

کاربەدەستانی ئێراق ھەر لە زەمانی ھاشمیەکانەوە ئیدیعای ئەوەیان کردووە، کە خەلکی ئێراق بەشێکن لە نەتەوەی عەرەب، ئێراقیش پارچەیەکە لە نیشتمانی عەرەبی، لەکاتێکدا ئەمە واقیعی دیمۆگرافیای دانیشتوانی ئێراق نەبووە، مێژووی ڕووداوەکانی ناوچەکە و سەرژمێری راست و دروستی دانیشتوان، ئەو ئیدیعایانە نەک جارێک بەڵکو ھەزاران جار بەدرۆدەخاتەوە، چونکە کورد لە ئێراقدا سەرەڕای ساڵەھای ساڵە ھەوڵی توانەوە و دەربەرکردن و دەرکردنی لە خاکی ڕەسەنی باو و باپیرانی دراوە لە ئێراق، کە کورد بەر لە ھاتنی عەرەب لەو شوێنە نیشتەجێ بووە.

جا ئەگەر مەسەلەی بەکارھێنانی مافی ئازادی بڕیاردانی چارەنووس و یەکگرتنەوەی نەتەوەی عەرەبی وەکو پرەنسیپ، لەناو چوار چێوەی دەوڵەتی یەکگرتووی خۆیدا، مافێکی ڕەوای نەتەوەی عەرەب بێت، ئەوا بێگومان ئەو مافە بۆ کوردیش مافێکی ڕەوایە ، ھیچ کەس و لایەن و تاقمێک بۆ نییە ئەو مافە بۆ ھەندێک نەتەوە حەڵاڵ و بۆ ھەندێکی تر حەرام بکات. دۆزی کورد لە ئێراق ھەرلە سەردەمی پاشایەتییەوە دۆزێکی ھەستیار و بەرچاو بووە، دەسەڵاتدارانی ئێراقیش بەردەوام ھەوڵی ئەوەیان داوە، ئەم دۆزە بشارنەوە و دانی پێدا نەنێن و بەڕەوای نەبینن، دەکرێت بڵێین؛ تا ئێستاش لە ناو ئەقڵییەتی ھەندێک لە دەسەڵاتدارانی ئێراق ئەمە ھەرماوە، شەریکایەتی کورد و عەرەب ئەگەرچی لەسەردەمی پاشایەتی یەوە لە دروشمی ئێراقدا ئیشارەتی بۆ کراوە، دواتریش لە سەردەمی کۆماری لەدەستووری کاتی شەریکایەتی کورد وعەرەب بەئاشکرا دەرخرابوو، لەبەندێکی دەستکاری کراوی دەستووری کاتی ساڵی ١٩٧٠ بەئاشکرا و بە ڕوونی دان نراوە بەکورد " گەڵی ئێراق پێکدێت لە دوو نەتەوەی سەرەکی عەرەب و کورد"، کەچی ئەمانە تەنھاو تەنھا ھەموویان ھەر نووسینی سەرکاغەز بووە، بەھاکەی ئەوەندەی ئەو مەرەکەبەش نەبووە کە پێی نووسراوە، ھەگیزیش لەکردەوەی دەوڵەتی ئێراقدا ڕەنگیان نەداوەتەوە، ھەموو ئێراقییەکی خاوەن ویژدان ئەزانێت لە ئێراق ھاووڵاتی کورد ئەوەندەی ھاووڵاتییەکی عەرەب مافی نەبووە، لەسەردەمە جیاوازەکانی ئێراق، کەچی بەپێچەوانەوە کورد، ڕۆلی بەرچاوی ھەبووە لە زۆربەی گۆڕانکارییەکانی ئێراق.



ئه‌م بابه‌ته 302 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر