ڕووانگەیەکی مێژوویی بۆ مەسەلەی کورد لە ئێراق (3) و کۆتایی

کورد لە ئێراق ڕۆلێکی ئیجابی ھەبووە لە بوونیادنانەوەی دەوڵەتی ئێراقی، بەڵام ئەوە نەبووە ھۆی ئەوەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەند چارەسەر بکات.
AM:12:54:15/02/2022
دۆسیە: نیشتمانسازی


م. تەحسین وسو عەبدوڵڵا
نووسەر، و مامۆستای زانکۆ


سێیەم؛ گۆڕانگارییەکانی دوای ٢٠٠٣ و پرسی کورد لە ئێراق.
 
کۆنگریسی ئەمریکا پلانی ئازادی ئێراقی لە ساڵی ١٩٩٨ پەسەند کرد و پێداویستی مادی و مەعنەوی بۆ ئۆپۆراسیۆنیکی فراوانی دابینکرد، لە ١٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٠٢ کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری بەکارھێنانی ھێزی سەربازی دا لە دژی ئێراق. ئەوەبوو لە ١٩ی ئاداری ٢٠٠٣ یەکەم ھێرشی ئەمریکا بۆسەر ڕژێمی دیکتاتۆری ئێراق دەستی پێکرد و لە ١٩ / ٤ / ٢٠٠٣ تووانی بەغداد بگرێت کۆتای بە ڕژێمی بەعس بھێنێت، ئەو ڕژێمەی کە سی ساڵ لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی تووند و تیژی و چەوشانەوەی پێکهاتەکانی توانیبووی بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی بدات و پێگە و پایەکانی دەسەڵاتی نەک تەنها لەنێو دامودەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەڵکو سەرجەم کایە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کلتوورییەکانی کۆمەڵگەشی خستبووە ژێر دەسەڵات و هەیمەنەی خۆی. سەرەرایی ئەو توانا زۆرەی ڕژێمی بەعس، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ نەیتوانی بەرگریەکی وا بکات لە دەسەڵاتەکەی. لێرەدا کۆمەڵێک فاکتەر ھەبوون  کە کاریگەربوون لەسەر ئیدارەی ئەمریکا بۆ ئەوەی نەھێڵێت ڕژێمی بەعس بەردەوام بێت، ئەوانیش چەکی کۆکوژ و پەیوەندی ئێراق بە ڕێکخراوی (القاعیدە) و نەبوونی سیستەمێکی دیموکراسی و مەسەلەی سامانە سرووشتیەکان (نەوت و گاز)، بە تایبەتی نەوت بە کاریگەرترین ھۆکار دادەنرێت کە ھاندەربوون  بۆ ئیدارەی ئەمریکا بۆ کۆتایھێنان بە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە ئێراق، لەبەر ئەوەی ئەمریکا وایدەبینی کە بەردەوام بوونی ئەم ڕژێمە یەکسانە بە فراوانی، مەترسی و هەڕەشەکانی لەسەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە، بۆیە گەیشتە ئەو بڕوای کە دەبێت ئەم رژێمە کۆتای پێبێت.

لەدوای ڕژێمی بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣ ئەمریکا ھەوڵیدا و ھەستا بە دروستکردنی ئیدارەیەی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی ئێراق. ئەوەبوو نووسینگەیەکی دروستکرد بە ناوی نووسینگەی (ئاوەدانکردنەوەی ئێراق و یارمەتییە مرۆییەکان) ناسراو بە "ORHA" جەنەڕاڵی خانە نشین (جای گارنەر)ی کردە سەرپەرشتیاری ئەم نووسینگەیە کە لە چوار بەش پێکدەھات، ئەوانیش؛ بریتیبوون لە بەشی یارمەتییە مرۆییەکان ئاوەدانکردنەوەی ئێراق، بەڕێوەبردنی کاروبارە مەدەنییەکان، کاروباری دارایی، دوای کە گارنەر ئێراقی بەجێھێشت ئەمریکا کەسێکی تری دانا بۆ ئەوەی جێگای بگرێتەوە، ئەویش "پۆل بریمەر" بوو کە لە ١٢ / ئایاری / ٢٠٠٣ گەیشتە بەغداد، دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی دامەزراند کە بە "CPA" ناسرابوو، شوێنی نووسینگەی ئاوەدانکردنەوی ئێراق و یارمەتییە مرۆییەکانی گرتەوە کە چەندین بڕیاری گرنگی دەرکرد وەک، ھەڵوەشانەوەی سووپای ئێراق و ھێزی ئاسمانی و دەزگای ئەمن و موخابەرات و گاردی کۆماری و ھەڵوەشاندنەوەی ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ڕاگەیاندن، دوای ھاتنی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕوخانی ڕژێمی پێشووی ئێراق و ھەڵوەشانەوەی ئەو یاسایانەی کە تایبەت بوون بە ڕژێمی پێشووی ئێراق، ھەروەھا ھەلوەشانەوەی دەستووری کۆنی ئێراق و دانانی دەستوری کاتی و دواتر داڕشتن و پەسەندکردنی دەستوری ھەمیشەیی ئێراق لە ڕێگای دەنگدانی گشتیدا، دروستکردنی دەوڵەتی ئێراقی نوێ لەسەر بنەمای فیدڕالی و دیموکراسی و داننان بە دەسەڵاتی ھەرێمەکان لەناو چوار چێوەی دەستوری نوێی ئێراق و پێدانی دەسەڵات بە ھەرێمەکان بەپێی دەستووری ھەمیشەیی، ئیعتراف کردن بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم ھەنگاوانە سەرەتایەکی نوێ بوون لە ئێراق کەبەدرێژایی دامەزراندنی دەوڵەت له‌ ئێراق لە ساڵی ١٩٢١ ەوە کورد  بەبەردەوامی کێشەیەک بووە بۆ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق تاکو ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ ، لە دوای ٢٠٠٣ و ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئاماژەمان پێدا، کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بوونە، بەڵام کێشەکان پاش ٢٠٠٣ جیاواز بوون لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوو تردا، چونکە لە پێشوو دا حکومەتی بەغداد، دانی بەکورد نەدەنا لە چوارچێوەی ھەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام دوای ٢٠٠٣ کێشەکان لە ڕووی شێواز و سرووشتەوە گۆڕانکارییان بەسەرداهات، بە جۆرێک هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراقی فیدراڵ وەک هەرێمکی خاوەن پێگەیەکی یاسایی، سیاسی و واقیعی گرفتەکانی لەگەڵ حکومەتی زیاتر وەک گرفتی نێوان دوو یەکەی سیاسی دەرکەوتوون نەوەک هەرێمێک لەگەڵ دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئەمەش لە چەند هۆکارێکەوە سەرچاوەی گرتبوو لەوانە؛

یەکەم؛ حکومەتی ئێراق بە چاوێکی گوومانەوە لە پێشکەوتن و هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستنای ڕوانیوە و هەمیشە وای وێنا کردووە کە ئیدی هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی جیاوازە لە دەوڵەتی ئێراق، بۆیە لە بابەتی دابەشکردنی سامان و بودجە ستەمێکی زۆری لە هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها لە ڕووی سەربازیشەوە درێغی نەکردووە، چەندین جار هێزی لە دژی هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە، لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە ویستوویەتی هەرێمی کوردستان ناچار بکات بە دەست بەرداربوون لە مافی ڕەوای خۆی. 

دووەم؛ یەکێکی تر لە هۆکارەکانی پشت گومانەکانی حکومەتی بەغداد لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بابەتی کرانەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕووی دوونیای دەرەوە، بەغداد ئەم کرانەوەیە بە هەڕەشە لەسەر خۆی دەبینێت و پێی وایە ئیدی ئەمە وا دەکات حکومەتی ئێراق نەتوانێت کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی بەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت.

سێیەم؛ هۆکارێکی تر کە ڕەنگیداوەتەوە لە گوومانەکانی حکوومەتی فیدراڵی ئێراق بریتییە لە دەرفەرت نەدان و نەڕەخساندنی زەمینە سازی بۆ دروست بوونی هەرێمی تر لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی شان بەشانی هەرێمی کوردستان بنەماکانی دەوڵەتێکی فیدراڵی لە ئێراق بچەسپێنن، کە ئەمە خالێکی بەهێزی سەقامگیری و ئاسایش لە ئێراق دەسەتەبەر دەکات، کەچی بە پێچەوانەوە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراق ئەمە بە مەترسی و هەڕەشە دەبینێت لە سەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی وڵات، بۆیە لە دوای ئەو بەرەو پێشچوون و کرانەوەیەی  هەرێمی کوردستان لە پاش نەمانی ڕژێمی بەعس بەخۆیەوە بینیووە، بەغداد هەموو هەوڵەکانی خۆی چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ڕێگی بێت لە دروست بوون و هێنانە کایەی هەرێمی تر، ئەگەر بەپێی ئەو بنەمایانەی لایەنە سەرەکییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر ڕێککەوتن بابەتی دروست بوونی چەند هەرێمێک بوو لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی.

سەرەڕایی ئەوەی کورد لە ئێراق ڕۆلێکی ئیجابی ھەبووە لە دووبارە داڕشتنەوە و بوونیادنانەوەی دەوڵەتی ئێراقی، بەڵام ئەوە نەبووە ھۆی ئەوەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەغداد چارەسەر بکات، بەڵکو پرسی کورد لە ئێراق ھەر بەچارەسەرنەکراوی مایەوە، سەرەڕایی ئەوەی لەسەرەتای تازە دامەزراندنەوەی ئێراقی دوای ٢٠٣٣ ئاستی گرژی و کێشەکان بەو شێوەیە نەبوون کە ئێستا دەبینرێت بەھۆی ھەبوونی کێشەی نێوان پێکھاتەی شیعە و سوننە و دروست بوونی شەڕی تایفی لە نێوانیان، بەڵام لە دوای ئەوەی شەڕی تایفی نێوان شیعە و سوننە کاڵتر بووەوە، کێشەکان لە نێوان حکومەتی ھەرێم و بەغدا زیاتر بەدیار کەوتن، کێشەکانیش جۆراو جۆرن ھەر لە کێشەی سنوور و مەسەلەی بودجە و یاسای نەوت و گاز (کێشەی نەوت و گاز) و مەسەلەی ھێزی پیشمەرگە و بوونی ڕێژەی کورد لەناو دام و دەزگاکانی ئێراق بەتایبەتی لەناو سووپای نوێ و لەمەسەلەی دەسەڵاتە ھەرێمیەکان و ئەو یاسایانەی کە پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان.

لە دوای ٢٠٠٣گۆڕانکارییەکان لە ئێراق بەجۆرێک بوون کە ھەرێمی کوردستان بردە قۆناغێکی تر، چەندین بژاردە خرانە ڕوو لەوانە بژاردەی سێ ھەرێمی جیاواز لە چوار چێوەیەکی دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا، ئەگەرچی بە پێی دەستوور ڕێگە دراوە بۆ ئەوەی ھەرێمەکان لە ئێراق دروست بکرێن، بەڵام جگە لە ھەرێمی کوردستان ھیچ ھەرێمێکی تر لە ئێراق نەھاتە دروست کردن، ئەمەش بارودۆخی وڵاتی بەرەو قەیرانی زۆر قوڵ برد، بۆیە ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا سیاسەتێکی ئابووری سەربەخۆ پەیڕەو بکات لە پێناو ڕزگار بوون لە ژێر ھەیمەنەی دەسەڵاتی ناوەند، لەبەر ئەوەی ئەمە سەلمێنرا کە ئێراق بەو شێوە و فۆڕمە ناتوانرێت بەیەکەوە پێکھاتە جیاوازەکان لەچوار چێوەی یەک دەوڵەتی مەرکەزی بەرێوەببرێت، ئەمەش وای کرد فیدڕالیەت لە ئێراق شکست بێنێت، ئەمە مەترسی گەورەی بۆ سەر پێکھاتەکان دروست کرد.

لە پاش ٢٠٠٣ تاوەکو پێکھاتەی شیعە دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان لە ئێراق بەدەستەوە گرتووە، شیعەکان دەسەڵاتیان لەبەرژەوەندی خۆیان بەکارھێناوەو تا ئێستاش بەردەوام دەسەڵاتی فەرمانڕەوا لە ئێراق بەلایەنگری بەرژەوەندی شیعەکان کاردەکات، لەبەرامبەر ئەم جۆرە سیاسیەتەی حکومەتی ناوەندی بەغداد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست کرد بە جۆرە سیاسەتێک بۆ ئەوەی سەرەنجی دەوڵەتانی جیھانی بەڵای خۆیدا ڕابکێشێت، بەتایبەت لەبواری نەوت، ئەم سیاسەتەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی نەوت ھەنگاوی زۆرگەورە بوو لەبەر ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان، ئەوانەی کاری وەبەرھێنانی دەکەن لەوباری نەوت ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، وەکو (ئێکسۆن مۆبێل، شیڤرۆن، تۆتاڵ) و چەندین کۆمپانیای تری جیھانی، شان بەشانی ڕووتێکردنی کۆمپانیاکان بەشێکی زۆر لەدەوڵەتان کۆنسوڵخانەی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان کردۆتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ترە لە بەرەوە پێشچوونی دۆزی کورد و ھەنگاونان بۆ پەڕینەوە لە قۆناغی ھەرێمێکی سەربەخۆ بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئەمەش پرسی کوردی بردە پێشەوە بەجۆرێک کە دەوڵەتانی جیھانی لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندییە دبلۆماسیەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەستپێکرد، بەجۆرێک لە پاش ٢٠٠٣ زۆر جار کوردستانی باشوور وەکو یەکەیەکی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ کراوە لەتەک یەکە نێودەوڵەتییەکانی تر، بۆیە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بەجۆرێکی سەریان ھەڵدایەوە، پێشتر لەسەردەمە جیاوازەکان ھیچ کات دۆزی نەگەیشتبووە ئەو ئاستەی کە خۆی ئیدارەی سیاسی و ئابووری خۆی بکات، بەڵام دوای ٢٠٠٣ ئەمە بە کردەنی ھاتە بوون، ئەگەر چی بەدرێژایی ١١ ساڵی ڕابردوو کێشەکانی ناوخۆیی حکومەتی ئێراق لە لایەک کێشەکانی لەگەڵ ھەرێمی کودستان لەلایەکی ترەوە بەجۆرێک کەڵەکە بوونەوە کە دەوڵەت توانای ئەوەی نەماوە چارەسەریان بکات، لەم بۆشایەدا ھەرێمی کوردستان توانی بەشێوەیەک خۆی بۆ دەرەوە پێناسە بکات کە بووە مایەی سەرنجی دەوڵەتانی جیھانی.

ھەنگاوەکانی ھەرێمی کوردستان یارمەتیدەرێکی بەھێز بوون بۆ ئەوەی پرسی گورد لە دۆخی لۆکاڵی دەربچێت و ببێتە پرسێکی جیھانی، سەره‌ڕایی ئەوەش؛ تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی ئێراقدایە بەڵام لە ڕووی واقیعییەوە وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، گەورەترین بەڵگەش بۆ ئەمە بریتییه‌ لەو بارودۆخەی دوای ڕووداوەکانی موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو ڕوویدا، کە دەوڵەتی ئیسڵامی لە ئێراق و شام ناسراو بە داعش ناوچە سووننە نشینەکانی لەچێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێراق دەرھێنا، پاشان داعش ڕووی ھێرشەکانی کردە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش گەورەترین دەنگدانەوەی جیھانی بەدوای خۆیدا ھێنا، دەوڵەتە زلھێزە جیھانییەکان ھاتنە سەر خەت و ھەرێمی کوردستان بە ھێلی سوور لەقەڵەم دا بەوەی کە ڕێگە نادەن گرووپێکی تیرۆرستی وەک داعش ئەوەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێراقی ئەنجامیدا لەھەرێمی کوردستان ناتوانێت ئەنجام بدات، ئەمە بەرەو پێش چوونێکی گەورەیە لە دۆزی کورد لەسەر ئاستی جیھان.


ئه‌م بابه‌ته 307 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر