ناسیۆنالیزمی کوردی لە سووریا (1)

چڕکردنەوەی بایەخپێدانی مێژوونووسان بە کەسایەتییە رووناکبیرە دەرکەوتووەکان لە ڕابوون یان ڕێنیسانسی کورددا ڕەنگە بە شێوەیەکی تاکلایەنە چاوی خستبێتە سەر کاراکتەری ترانسناسیۆناڵی خەباتی کورد لە سووریا.
PM:05:04:22/02/2022
دۆسیە: نەتەوەسازی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد


ڕابوونێکی تر؛ بەدرخانییەکان و میللییەکان و ڕەگی خێڵەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سووریا

"پێشەکی"

لێکۆڵینەوە لە ناسیۆنالیزمی کوردی و مێژووی لە سووریادا زۆر کاریگەر بووە بە دۆخی ئێستا لەم سالانەی رابوردوودا، لە دەرکەوتنی کوردەکانی ئێراق وەک کیانێکی نیمچە سەربەخۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ سووککردنێکی زۆری ئەو کۆت و پێوەندانەی سەپابوون بە سەر زمان و چاپەمەنیی کوردیدا لە تورکیا و تا گەڕێکی نوێی هەوڵ و تێکۆشان لەپێناوی رزگاریی سیاسی لە سووریا خۆیدا. لە هەریەک لە ناوچەکەدا و لە ناو کۆمەڵگە گرنگەکانی کۆچبەراندا لە سوێد و ئەڵمانیا بەرهەمێکی بێپێشینە هەیە لە گۆڤارە میللییەکان و یاداشت و بەڵگەنامەی تایبەت سەبارەت بە کولتوور و مێژووی کورد، لەکاتێکدا، کەوا کۆمەڵێکی گەشەکردووی کاری توێژینەوەی پسپۆڕ ئەمڕۆ لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی رۆژئاوادا جێگەی خۆیان کردووەتەوە. زۆرێک لەم بەرهەمە ئەدەبییانە بەشێوەیەکی بەرچاو بایەخیان بە ئیکۆنەکانی بنیاتنانی ناسنامەی نیشتمانیی- نەتەوەیی کورد داوە لە چەرخی نوێدا و، چاویان خستووەتە سەر نووسەران و چالاکوانان و ئەو سەرکردە سیاسییانەی کە هەوڵدانی داستان ئامێزیان بەرجەستە کردووە لەپێناوی مافەکانی تەواوی گەلێکدا و دانپیانانی. لەم رووەوە شوێنێکی دیاری داگیرکردووە بەشێوەیەکی نەگونجاو لەگەڵ مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، کە تێیدا و لە سایەی حوکمی ماندێتی فەرەنسیدا رۆڵی خانەخوێی بینیوە بۆ ئەو جووڵانەوە ئەدەبی و رۆشنبیرییەی هەوڵی یەکخستنی زمانی کوردیی کرمانجی دەدا و خەبات و تێکۆشانی خۆی جۆشدەدا لەپێناوی سەپاندنی چارەنووسی کورددا بەو پێیەی کەوا کێشەیەکی سیاسیی سەرەکییە لە ناوچەکەدا. بە شێوەیەکی تایبەتیش، ئەو چالاکییە رۆژنامەگەرییە پێشەنگانەی هەردوو بەدرخانی برا لە دیمەشق و بەیروت، لەگەڵ بەرنامەی خوێندن و رۆشنبیری کە لەگەڵ سەرکردەکانی تری کورددا دەستیان پێکردبوو لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی کۆمیتەی خۆیبووندا، بوون بە مۆرکێک بۆ سووریا و لوبنان نەک هەر وەک نیشتمانی دایک بۆ بووژانەوەی ئەدەبی عەرەبی لە سەدەی نۆزدەدا، بەڵکو بە ئەندازەی گرنگیش کە بەڕاستی ناوی لێبنێین رابوونی کوردی لە سەدەی بیستەمدا.

 بەهەرحاڵ، چڕکردنەوەی بایەخپێدانی مێژوونووسان بە کەسایەتییە رووناکبیرە دەرکەوتووەکان لە ڕابوون یان ڕێنیسانسی کورددا ڕەنگە بە شێوەیەکی تاکلایەنە چاوی خستبێتە سەر کاراکتەری ترانسناسیۆناڵی خەباتی کورد لە سووریادا، کە تێیدا بەدرخانییەکان وەک کۆچبەری سیاسی دەرکەوتن و لە پاریس و لۆزان جێگیر بوون و کۆمیتەی خۆیبوون وەک حکوومەتێکی دوورخراوەیی ئامانج و بەرژەوەندیی سەرەکیی دەکەوتە ئەمدیو و ئەودیوی سنوورەکانی ئێراق و تورکیاوە. ئەمانج لەم هەوڵ و بەشداریکردنە بەراوردکردنی دەستپێشخەرییەکانی برایانی بەدرخانە بەو ڕۆڵەی کە چالاکوانە کوردە لۆکاڵە کەمتر ناسراوەکان بەڵام رەگداکوتاوتر لە سووریای ماندێتدا گێڕاویانە و ئاماژەیە بۆ ئەوەش کەوا بەزەروورەت هەموو کوردە سوورییەکان باوەشیان بۆ ئامانج و تێڕوانینی خۆیبوونی ئینتەرناسیۆنالیست نەکردووەتەوە کە دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بووە. بەشی یەکەمی ئەم باسە لە ڕەگوڕیشەی بەدرخانییەکان دەدوێت و هاوکاری و رۆڵبینیان لە رەخساندنی چاپ و بڵاوبوونەوە بە زمانی کرمانجی لە سووریادا، بەڵام بە شێوەیەکی تایبەتی ئەو کەسانە بەسەردەکاتەوە کە کەمتر ناسرابوون لەناو ئەو خێزانەدا، لەگەڵ ئەندامانی تری خۆیبووندا کە وا خۆیان ناساندبوو کە فەرمانبەری دەوڵەتن لە سووریادا. بەشی دووەمیش؛ باس لە مێژووی فیدراسیۆنی عەشیرەتی میللی دەکات، کە گرووپێکی خێڵەکیی کورد بوون و رەگی سیاسیی قووڵیان لە جوگرافیای سووریادا هەبووە و پەیوەندییەکی دژوار و دوولایەنەشیان لەگەڵ جوولانەوەی کورددا هەبووە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە. ئێمە لە میانەی ئاڕاستەکردنی سەرنجمان بۆ ڕەگە لۆکاڵی و خێڵەکییەکانی زیاتر شاراوە و تەمۆمژاوی سەبارەت بە چالاکیی کورد لە سووریادا، دەکرێت وایتێبڕوانین کە بزووتنەوەکە بە خاسییەتێکی یەکگرتوو تەماشا نەکراوە لە لایەن دەسەڵاتی ماندێتی فەرەنسییەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، لە گەلێ حاڵەتدا هێزی لەگەڵ نەتەوەییەکانی تری سووریادا یەکخستووە لە خەبات و تێکۆشانی دژ بە کۆڵۆنیاڵیدا. 


١- میرنشینی بۆتان، 1514 - 1847 

"برایان بەدرخان" کە ئەم رۆڵە تەوەرییەیان گێڕاوە لە داڕشتن و گەڵاڵەکردنی شووناسی نەتەوەیی کورددا لە دیمەشق و بەیرووت، نەوەی ئەو میرنشینە نیمچە سەربەخۆیە بوون کە حوکمی جەزیرەی ئیبن عومەریان دەکرد لە بۆتان، ڕاستەوخۆ لە بەری رۆژئاوای دیجلەوە کە ئەمڕۆ بە سووریا دەناسرێت، لە زۆربەی ماوەی حوکمی عوسمانیدا. وەک زۆرێک لە میرنشینەکانی تری کوردستانی عوسمانی، میرنشینی جەزیرەش دامەزرا پاش ئەوەی بنەماڵە فیوداڵە دەسڕۆکانی ناوچەکە سوێندی دڵسۆزییان خوارد بۆ سەڵتەنەت، بەدوای شکستی سەفەوییە شیعەکاندا لە چاڵدیران ساڵی ١٥١٤، لەبەرانبەر دانپێدانانیان وەک حوکمڕانی ناوچەکانیان و مانەوەی حوکمڕانی وەک میرات بۆ نەوەکانیان. بەدرخانییەکان ئیددیعای ئەوە دەکەن کە دەچنەوە سەر میرە بەراییەکانی بۆتان، لە هۆزی ئازیزان و بە ڕەچەڵەک و خزمایەتی دەچنەوە سەر بنەماڵەی شەرەفخانی بەدلیسی کە ئەندازیاری نزیکبوونەوەی عوسمانی و کورد بووە١. سەرەڕای ئەوەی کە تاقە مێژوونووسی هاوچەرخی ئەم نزیکبوونەوەیەش بووە و یەکێکیش بووە لەو مێژوونووسە هاوچەرخە دەگمەنانەی کە لێکۆڵینەوەی کردووە لەبارەی میرنشینەکانەوە (بەگلغ یان حوکوومەت) و بە وردی بارودۆخی باسکردوون و سنووری قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی کێشاون، وەک "هاکان ئوێزئۆغڵو" و بەم دواییە دەریخستووە و ئەم سنوورانە بە تێپەڕینی سەردەم و رۆژگار کەم و زیادیان کردووە، بە گوێرەی ململانێ و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ لە سەر دەسەڵات و هەروەها  هەوڵی ناوبەناوی عوسمانیش بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی زیاتر٢. بەڵگەنامە پارێزراوەکانی سەدەی شانزەهەم بە هەندێ وردەکارییەوە ژیاننامەی "بەدربەگی" تۆمار کردووە، کە پێدەچێت باوباپیری راستەوخۆی میر بەدرخان بەگی ناوداری سەدەی نۆزدەهەم بێت، کە ئیتر بنەماڵەکە بە حوکمڕانی جەزیرە دەناسرێت. بە درێژایی ساڵانی ١٥٧٠کان پەنا براوەتە بەر ئەم بەدربەگە بۆ سەرکوتکردنی خێڵە یاخی و بەرهەڵستکارەکان لە ناوچەکەدا و هەروەها داویەتیە پاڵ لەشکرکێشییەکانی ئیمپراتۆرییەتیش دژ بە ئێران. بەهەرحاڵ، لە ساڵی ١٥٧٨دا، سەید محەمەد بەگی کوڕی کە دەبوو لە دوای خۆی شوێنی بگرێتەوە، لە لایەن دەوڵەتەوە سەرکۆنە دەکرێت بە هۆی سەرکوتکردنییەوە بۆ ئەو گوندانەی کە دەکەوتنە قەڵەمڕەوی باج وەرگرتنیەوە٣. لە دەیەکانی دواتردا شتێکی کەم ئەم میرنشینەی جیادەکردەوە کاتێ کە لە هەموو حاڵەتێکدا بەشێکی پێکدەهێنا لە ئەیالەتی دیاربەکر. ئەگەر بەڕاستی خێڵێک بووبێت کە بە ئازیزان ناسرابێت ئەوە زۆر بەدەگمەن هاتووەتە باسکردن لە تۆمارە کارگێڕییەکانی عوسمانیدا، تەنانەت لەو کاتەشدا کە سەرتاسەری کەوتبووە نێو چوارچێوەی بەرنامەیەکی ئیمپراتۆریی هێجگار گەورەوە بۆ نیشتەجێکردنی خێڵەکان و سەرلەنوێ جێگیرکردنەوە لە دوادواییەکانی سەدەی حەڤدە و تەواوی سەدەی هەژدەدا٤. ئەگەریش هەیە کە حوکمی میرەکانی ئازیزان زۆر لە جەزیرە دوورنەکەوتووەتە لە ناوچە خێڵەکییەکانی کورددا.

میرنشینی بۆتان کاتێ کەوتە بەر رووناکیی تەواوی مێژوو کە سیاسەتی سەنتراڵیزەکردنی دەوڵەتی عوسمانی تەواو بەرجەستە بوو لە سەدەی نۆزدەدا. لە ساڵی ١٨٣٤دا عوسمانییەکان بە سەرکردایەتیی محەمەد رەشید پاشا لەشکرکێشییەکیان دەستپێکرد بۆ ئەوەی جارێکیتر کوردستان بگێڕنەوە ژێر-رکێف و دەسەڵاتی خۆیان وەک زەمینە خۆشکردنێک بۆ دووبارە سەندنەوەی سووریا لە محەمەد عەلیی میسر. ئەوان یەکەمجار میرنشینەکانی بادینان و سۆرانیان لەناوبرد. هەروەها لە ساڵی ١٨٣٨دا جەزیرەشیان گرتەوە (پایتەختی میرنشینی بۆتان – و)، بەڵام بۆ ساڵی دواتر شکۆی عوسمانی لە ناوچەکەدا تووشی شکستێکی گەورە هات لە بەرانبەر میسرییەکاندا لە نیزیب (لە نزیک بیرەجیکەوە). لێرە بەدواوە، بەدرخان بەگ توانی مەملەکەت یان پاشایەتییەکی خێڵەکیی کوردیی راستەقینە دامەزرێنێت لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا. ڕاپۆرتی مسیۆنێر یان مژدەدەرە بیانییەکان بەتایبەتی باس لەوە دەکەن کە نەستۆرییەکانی ناچار کردووە لە ناوچەکەدا نیشتەجێ ببن، کە وەک کریستیانەکانی شوێنەکانی تری ئیمپراتۆرییەت بوون بە هۆی ناوبانگ دەرکردن لە ئەوروپا. هەرچەندە میرنشینی بۆتان دواتر وا وێنا دەکرا کە ببێتە ماکی قەوارەیەکی نەتەوەیی کورد، بەڵام تاکڕەویی لەڕادەبەدەری بەدرخان لەبەرانبەر کارگێڕیی ناوەنددا و لە ئەنجامی فشاری سیاسیی رۆژئاواوە پاڵی بە عوسمانییەکانەوە نا کە ساڵێ ١٨٤٧ دووبارە بیڕووخێننەوە. پاشان بەدرخان بەگ بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە دوورخرایەوە بۆ دوورگەی کرێت و دواجار لە ساڵی ١٨٥٨دا ڕێگەی پێدرا بگەڕێتەوە بۆ ئەستەمبووڵ و پلەی فەرمیی میری میرانی پێبەخشرا. لە ساڵی ١٨٦٥دا خۆی و خێزانە گەورەکەی گواستیانەوە بۆ دیمەشق و لە سەر مووچەی خانەنشینیی عوسمانی دەژیان و لە پاش چەند ساڵێکی کەم لەوێ کۆچی دوایی کرد٥. 

"بەدرخانییەکان لە سووریا"

لە مەودای دەیەکانی دواتردا، سووریا بە هەندێک شێوە خزمەتی بەدرخانییەکانی کرد وەک بنکەیەک بۆ ڕاییکردنی کار و چالاکییەکانیان و گواستنەوەیان بۆ شوێنانی تر و لە گەلێ رووەوە قۆناخە جیاجیاکانی سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردییان پێکهینا. ئەمین عالی بەدرخان، کە دەرکەوتووترین کوڕی بوو، بۆ ماوەیەکی کورت هاوکار بوو لە پێکهێنانی هێزێکی کورد دژ بە رووسەکان لە جەنگی ١٨٧٧ – ١٨٧٨ی رووسی – عوسمانیدا، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دیمەشق، بەڵام دوای ئەوە چووە پاڵ میقداد مەدحەتی برای لە شۆڕشێکدا دژ بە هێزەکانی عوسمانی لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٩دا و بە بەرتیل کڕییان و دواتریش دوورخرایەوە بۆ شاری عەکا لە سووریا بە هۆی تۆمەتبارکردنیەوە بە بەشداربوون لە پیلانێکی کۆشکدا دژ بە عەبدولحەمید لە ساڵی ١٩٠٦دا. دوای ئەوە بە دوو ساڵ گەڕایەوە بۆ ئەستەمبووڵ و لەوێ خێزانەکەیان کۆشکێکی هاوینەیان هەبوو لە بیوکادا و بوو بە ئەندامی دامەزرێنەری "کوردستان تەعاون و تەرەقی جەمعییەتی"، واتە کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کوردستان، بە ئیلهام و کاریگەریی تورکە لاوەکان، کە بانگەشەی رابوونێکی کولتووریی کوردی دەکرد لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا٦. رادیکاڵییەتی بیری نەتەوەیی کورد دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەیەکی گەنجتری رۆشنبیران و لە سەرووی هەموویانەوە سێ کوڕەکەی بەدرخان، سورەییا و جەلادەت و کامەران. ئەوان و دانیشتووانی تری ئەستەمبووڵ لە چالاکوانەکان و نووسەرانی رۆژنامە کاریان بۆ سەلماندن و دانپیانانی مافەکانی کورد دەکرد لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تورکیی پێشکەوتوودا تا ساڵی ١٩١٩، کاتێ جەنگی رزگاریخوازی مستەفا کەمال دەستیپێکرد دژ بە هێزەکانی داگیرکردنی بێگانە و ئەمەش پەیامی هەڵکشانی ناسیۆنالیزمێکی ئیتنیکیی تورکیی سەربازیی تووندڕەوی لەگەڵ خۆی هێنا. لەم کاتەدا دەبوو دەسبەجێ سورەییا بچێتە لای میقدادی مامی بۆ دەرکردنی یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی "کوردستان" لە قاهیرە. لەولاشەوە جەلادەت و کامەران بەرەو حەڵەب بۆیدەرچوون لەگەڵ مێجەر ئی. ئێم. نۆئێلی ئەفسەری سوپای بەریتانی "کۆڵۆنێڵ لۆرەنسی کورد"، (وەک بەراوردێکی مەجازی بە کۆڵۆنێڵ لۆرەنسی بەریتانی کە لۆرەنسی عەرەبیان پێدەوت لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی بە عەرەبی گەیاند – و)، بە مەبەستی چۆنێتیی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی سەر بە بەریتانیا لە باشووری ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا٧. بەهەرحاڵ، پاش پەردە لەڕووهەڵماڵین و دەرکردنی نێردەکەی نۆئێڵ لە ئەیلوولی ١٩١٩دا، هەردوو برا هیچ بژارەیەکیان لە بەردەمدا نەما لەوە بەولاوە کە بگەڕێنەوە بۆ سووریا بۆ ماوەیەکی نادیار و بۆ بەردەوامبوون لە  هەوڵ و تەقەلایان لەپێناوی نیشتمانێکی سەربەخۆدا بۆ کورد.

هاوار (لێرەدا بە ئینگلیزییەکە هەر بە هاوار راڤەی کردووە بۆ یارمەتیدان - و)، یەکەم رۆژنامە بوو بە زمانی کوردی کە ئەلفبێی لاتینی بەکاربێنێت و گرنگترین هاوکاریی بەدرخانییەکان بوو بۆ رابوونی کورد. ئەم رۆژنامەیە ساڵی ١٩٣٢ لە دیمەشق دەرچوو و لە ساڵانی دواتردا بە شێوەیەکی بچڕبچڕ دەوەستا و دەردەچوو، بەڵام لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا بە یارمەتی و پشتیوانیی دەسەڵاتی فەرەنسی سەرلەنوێ دەرچووەوە و ئەمجارەیان لە نێوان ساڵانی ١٩٤١ و ١٩٤٢دا بە رێکوپێکی دەردەچوو لە پاڵ پاشکۆ درەوشاوەکەیدا "رووناهی Ronahi"، بێجگە لە هەردوو دەستەخوشکەکەی "رۆژا نوو  Roja Nu" (رۆژی نوێ) و "ستێر Ster" (ئەستێرە)، کە لە ساڵی ١٩٤٣ تا ١٩٤٦ لە بەیرووت لە لایەن کامەران بەدرخانەوە دەردەکران. پێکەوە لەگەڵ قامووسی کوردی – فەرەنسی کە بەدرخانییەکان کۆیانکردبووەوە و ئامادەیان کردبوو بە یارمەتیی رۆژهەڵاتناسە فەرەنسییەکان و ئەفسەرانی دەسەڵاتی "ماندێت رۆجەر لێسکۆ" و "پێیەر رۆندۆ". ئەم بڵاوکراوانە خزمەتی بەستانداردکردنی رێزمان و نووسینی کوردیی کرمانجیی نوێیان کرد و بوون بە سەرچاوەیەکی هاوبەشی گرنگ بۆ کوردە خوێندەوارەکانی تەواوی ناوچەکە٨. بەڵام مامەڵە و بایەخپێدانیان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ کورد و کۆمەڵی کوردی سووریادا نەبوو، بەڵکو "هاوار" لە یەکەم دەچوونیەوە هەماهەنگ بوو لەگەڵ رادیکالییەتی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکیدا لە تورکیا و بەتایبەتیش دەرچوونی یاسای تێزی مێژووی تورکیا Turkish History Thesis لە ساڵی ١٩٣٢دا، هەروەها بە ڕۆڵی خۆی خزمەتی بەدرخانییەکانی کرد لە ڕوونکردنەوەی شووناسی ئاریایی کورد و جیاوازییان لە ڕەگەزی تورکی. بە پێی فەرمانی دەسەڵاتی فەرەنسی، رۆژنامەکان ناوەرۆکیان سیاسی نەبوو و بە هیچ شێوەیەک مایەی تێگەیشتن و ئاشنایی نەبوون بۆ زۆرێک لە کوردەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا، چونکە ئەوان شێوەزاری بۆتانیی، زێدی بەدرخانییەکانیان کردبوو بە دیالێکتی ستانداردی زمانی کوردیی کرمانجی. دەمڕاستی و سەرپەرشتییەکەی جەلادەت و کامەران بۆ رابوونی کورد لە سووریادا لەکۆتاییدا بە ئامانجی بنیاتنانی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکەیان و وەبەرهێنانی بوو لە ناو پان کوردیزمی تازە چەکەرەکردووی نێودەڵەتیدا وەک یەکەم هەنگاوی گرنگ بۆ گێڕانەوەی ئەو ڕۆلە سیاسییەی کە بنەماڵەکە هەیبوو وەک سەرکردەی میرنشینێکی کوردیی نیمچە سەربەخۆ لە ڕابردوودا٩. 

جەلادەت و کامەران هەردوکیان لە ئەڵمانیا خوێندبوویان و کامەران زۆربەی کاتی لە پاریس بەسەربردبوو و لەڕاستیشدا (بۆ وانە وتنەوە لە INALCO) چوو بۆ ئەوێ پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٦دا سووریا سەربەخۆیی وەرگرت. ئەوان بەشی سەرەکیی مڵک و زەویوزاریان لە سووریادا لە ناوچەی جەزیرەدا بوو کەوا کاتی خۆی سەر بە میرنشینی بۆتان بووە و بەتەمابوون بە هاوکاری و یارمەتیی وەبەرهێنە فەرەنسییەکان سەرلەنوێ پەرەی پێبدەن و ئاوەدانی بکەنەوە١٠. بەهەرحاڵ، گەلێ لە ئەندامانی تری بنەماڵەی بەدرخان، ڕەگی قووڵتریان هەیە لە وڵاتەکەدا. هەرچەندە ئەم ڕاستییە لەمڕۆدا کەمتر ڕوونە و کەمیشی لەسەر نووسراوە، بەڵام بەشداری و تێکەڵبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆییدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە و مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێت کەوا یەکسان بووە لەگەڵ هەمان ئەو ڕۆڵەدا کە گێڕاویانە بۆ پەرەپێدان و گەڵاڵەکردنی شووناسێک بۆ کوردەکانی سووریا. بۆ نموونە، بەدری پاشا یەکێک بووە لە کوڕە گەورەکانی بەدرخان بەگ و میراتگری دیاری میرنشینەکە بووە و دایکی لە عەشیرەتی ئەنکۆسیی ئێزیدییە. بەدری پاشا هێزێکی سێ هەزار کەسیی لە سووریا کۆکردووەتەوە بۆ هاوکاریی جەنگی عوسمانیی ساڵانی ١٨٧٧ – ١٨٧٨ (واتە جەنگی عوسمانی و رووسیا – و). هەروەها ئەم خۆی دووریشخراوەتەوە بۆ سووریا لەبەر ڕۆڵێکی دواتری یاخیبوونێک لە ئەنەدۆڵدا، بەڵام لەوێ کراوە بە حوکمڕانی ناوچەی حۆرانی پڕ لە ئاژاوە بە هۆی ئەزموونیەوە لە کاروباری تیرە و هۆزەکاندا. لە کاتێکی دواریشدا چەندین پۆست و پلەی وەرگرتووە لە تەرابلوس و حەما، کە هەردوکیان لەودەمەدا هێشتا ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی کوردیان تێدابووە١١. خزمانی تریشیان لە قونەیتیرە، دەرعا، قودس، حەسبایا و حیسنولئەکراد (حصن اڵ‌کراد) بە پلەی جۆراوجۆر دامەزراون لە ساڵانی ١٨٨٠کاندا. یاداشتەکانی محەمەد ساڵح بەدرخانی برازاکەی بەدری و (زاوایشی)، کە باوکی لە فەرمانگەی تووتن (رێژی) خزمەتی کردووە لە لازیقییە، سوەیدا‌و و دواتر نەبەک وێنەیەکی وردی دەوڵەمەند بەدەستەوە دەدات بۆ سەردەمێکی منداڵیی خۆی کە لە گەڕەکەکانی سووق سارووغا و قەیمەرییەی دیمەشق بەسەریبردووە و دۆست و ئاشنایانی ئەم خێزانە کوردە لەوێ. دواجار، لە گەشتێکیدا بۆ بەئەنجامگەیاندنی کاروباری مامی لە ناو دورزییەکانی حۆران یان شیعەکانی بەعلبەکدا، بە شێوازە کلاسیکییەکەی عوسمانی هێزێکی کۆکراوەی دەستوپێوەندی کورد یاوەریی ساڵحی کردووە١٢. دواجار ڕەوشەنی کچی محەمەد بوو بە ناسراوترین داکۆکیکاری کولتووری کورد لە ولاتدا و بوو بە ئەندامی یەکێتیی ئافرەتانی سووریا و ساڵی ١٩٤٤ بوو بە نوێنەر لە کۆنگرەی جیهانیی ئافرەتان لە قاهیرە. پاشان ڕەوشەن شوویکرد بە جەلادەت بەدرخان و چالاکانە بەشداریی کارەکانی ژیانی کرد و لەدوای کۆچی دوایی جەلادەتیش بەردەوام بوو لە سەر نووسین لەبارەی کاروباری کوردەوە و لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدار دەبوو سەرەڕای کارەکەشی وەک مامۆستایەکی قوتابخانە. لە ساڵی ١٩٥٦دا یارمەتیی دامەزراندنی کۆمەڵەی فێربوون و ئاڵوگۆڕی هاوکاریی کرد "کۆمەڵا زانستی و ئالیکارییا"لە حەڵەب و وەک بەشدارێکی چالاک مایەوە لە رێکخراوەکانی ئافرەتانی کورددا لە سووریا و عێراق تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٩٢دا کۆچی دوایی کرد١٣.

"خۆیبوون و پەستی و ناڕەزاییەکانی"

دووبەرەکیی مامەڵەکارانی جیهانی و ناوخۆیی سەبارەت بە رزگاربوونی کورد لە سووریا لە ناو کۆمیتەی (کۆمەڵەی – و) خۆیبووندا رەنگیدابووەوە. خۆیبوون (کە بە واتای خۆبەخۆبە یان شووناس دێت)، کەوا بەدرخانییەکان و کوردە نەتەوەییە پێشەنگەکانی تری لەخۆگرتبوو پاش هەرەسهێنانی یاخیبوونەکەی شێخ سەعید، لە ساڵی ١٩٢٧دا لە بەیرووت دامەزرا لەپێناوی خۆئامادەکردندا بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشێکی گەورەتر و سیستەماتیکتر دژ بە حوکمی تورک، کە ساڵی ١٩٣٠ لە ئاگریداغ (ئارارات) بەرپابوو. خۆیبوون لەنزیکەوە و بەشێوەیەکی پتەو لەگەڵ رێکخراوی داشناکی جوداخوازی ئەرمەنیدا کاری دەکرد بەڵام هەر زوو تووشی کێشە بووەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ماندێتی فەرەنسیدا و ڕێگەی بە خەبات و تێکۆشانی سەربەخۆیی نەدا لە ئەنەدۆڵدا کە ببەسترێت بە مەسەلە ناوخۆییەکانی کوردەوە لە سووریادا. بەم پێیە، برایانی بەدرخان لە سەرکردایەتیی سیاسیی خۆیبوون کشانەوە و وایان بە باشتر زانی هەوڵی دەستەبەرکردنی پشتیوانیی فەرەنسییەکان بدەن بۆ بڵاوکراوەکانیان، کەوا مایەی سەرسوڕمان نەبوو، هەرگیز ناوی خاکی سووریایان نەدەهێنا وەک ئەوەی کوردستان بەشێکی پێکبێنێت. ئەوان هەر بە شیوەیەکی شەخسی لە لایەن فەرەنسییەکانەوە قەدەغەیان خرابووەسەر کەوا گەشتی رۆژهەڵاتی رووباری فورات بکەن بۆ ناوچەی جەزیرە١٤. بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەندامانی تری رێکخراوی خۆیبوون چالاکانە تێکەڵی ژیانی سیاسی بوون لە سووریادا. قەدری جان، کە ڕەنگە ناسراوترین شاعیری کورد بووبێت لە نەوەی خۆیدا، ساڵی ١٩٢٨ لە تورکیاوە هەڵات بۆ   سووریا و پاش ئەوەی فێری زمانی عەرەبی بوو چووە کۆڵێجی سەلامییە و ئەوجا لە ئەنتاکییە بە مامۆستا دامەزرا و لەوێ پەیوەندیی هەبوو لەگەڵ جووڵانەوەی نەتەوەیی عەرەبیدا و پاشان گواستیەوە بۆ قامیشلی و دواجاریش بۆ گەڕەکی کوردان (کە ئێستا بووە بە روکنەدین) لە دیمەشق. قەدری جان هاوکارێکی بەردەوامی "هاوار" بوو، هەروەها پەیوەندیشی هەبوو بە ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە لە ئێراق، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە لە ساڵی ١٩٤٤وە بە لای پارتی کۆمۆنیستی سووریدا دایدەشکاند و چەندین ساڵی لە زیندانی مەززە بەسەربردبوو، بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٥٩ تا ١٩٦١، لە سەردەمی کۆماری عەرەبیی یەکگرتوودا (الجمهوریه‌ العربیه‌ المتحده‌)١٥. هەروەها عەلی ئاغا زڵفۆ، کە کوڕی یەکێک لە هەناردەکارانی مەڕوماڵات بوو لە ئامەد-دیاربەکر، ساڵی ١٩٢٥ تێکەڵی چالاکیی یاخیگەری بوو دژ بە فەرەنسییەکان لە دیمەشقدا پێش ئەوەی   بگیرێت و لە تورکیا بەند بکرێت لە سۆنگەی بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینێکی کورددا لەوێ. پاشانیش چووەتە ڕیزی خۆیبوونەوە و بووە بە "ڕابەر" (زەعیم) لە گەڕەکی کوردان لە دیمەشق و شکۆی خێڵەکیی خۆی بەکارهێناوە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی هەردوو کۆمەڵەی فێربوون و ئاڵوگۆڕی یارمەتی و بەردەوامبوون لە بەرپاکردنی شۆڕش دژ بە فەرەنسییەکان١٦.

لەکۆتاییدا، زۆربەی کوردەکانی سووریا بەرگری کردنی دژ بە کەمالییەکان و دژ بە ئیمپریالیزمی فەرەنسییان لە هەمان هەلومەرجدا وەکیەک دەبینی. ڕاستە کەوا "ئیبراهیم هەنانۆ"ی خاوەن مڵک و دەمڕاستی ناوداری کورد و سەرکردەی بەرگریی دژ بە فەرەنسییەکان تەنها چوونەپاڵ مەسەلەی نیشتمانیی سووریای هەڵبژارد، پاش ئەوەی هەوڵەکانی شکستیانهێنا بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی عوسمانی لە حەڵەبدا بە هاوکاریی کۆمیتەکانی بەرگریی تورکی لە ساڵی ١٩٢١دا١٧. بەڵام زۆربەی دانیشتووانی ناوچەی دێهاتیی جەزیرە و گەڕەکی کوردانی دیمەشق، هەرچۆنێک بووە نەچوونە پاڵ ئیبراهیم هەنانۆ و بەدرخانییەکان کە پاشخان و ئایدیاڵی نوێگەرایی تورکە لاوەکانیان هەبوو. ڕەنگە ئەمە ئەوەمان پێبڵێت کە لە نێوان گرووپێكی سیانزە شۆڕشگێڕدا لە گەڕەکی کوردان (لە دیمەشق – و) کەوا فەرەنسییەکان لە ساڵی  ١٩٢٦دا لەسێدارەیان دان لەبەر رۆڵیان لە "شۆڕشی گەورەی سووریادا" نیوەیان سەر بە عەشیرەتەکانی میللی و رەشوان و بەرازی و ئەو عەشیرەتە (کوردانەی – و) تر بوون کە زۆر لەمێژبوو لە باکووری سووریادا جێگیر بووبوون١٨. بەتایبەتی میللی، ئەو فیدراسیۆنە خێڵەکییە کوردەی بە هەژموون و دەسەڵاتەوە لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم لە سەر خاکی سووریا مابوونەوە و مەودا و کاریگەرییان لە دامەزراندنی کۆمەڵەی جیاکاری میللیدا دەرکەوتووە بە ناوی "کۆمەڵەی خێرخوازیی عەشیرەتی میللیSociete de Bienfaisance de la Tribu Milliye"  لە گەڕەکی کوردانی دیمەشقدا (حی اڵ‌‌کراد) لە ماوەی ماندێتی فەرەنسیدا١٩. هەڵبەت ئەوە لەبەر خۆسەلماندن و ئامادەگیی مێژوویی ئەوان و هاوکاری و بەشدارییانە لە پەرەسەندن و گەڵاڵەکردنی شوناسێکی کوردە لە سووریادا کە ئێمە دێینە سەر ئەو باسوخواسە.

٢- سیاسەتی خێڵەکیی عوسمانی لە باکووری سووریا

زۆرێک لە عەشیرەت و خێڵەکانی ئەنەدۆڵ Anatolia کە لە پاش ساڵی ١٩٢٥ لە سووریادا جێگیر بوون پشتیوانییان لە "ناسیۆنالیزمێکی خێڵەکیی" کورد دەکرد و لە هەمان کاتیشدا چالاکانە هاوکارییان لەگەڵ ڕژێمی فەرەنسیدا دەکرد (ئەودەمە سووریا لە ژێر ماندێت یان ئینتیدابی فەرەنسادا بوو – و). حاجۆ ئاغای هەڤەرکان، ئەگەر وەک باشترین نموونە باسی بکەین، پاش ئەوەی ساڵی ١٩٢٦ لە توورعابدین هەڵات چووە ناو ریزەکانی خۆیبوونەوە، بەڵام ئەمیش وەک بەدرخانییەکان هەر زوو خۆی بە لای کاروباری کولتووریدا ساغکردەوە و بەتایبەتیش بۆ پەرەپێدانی مڵک و زەویوزارە بەرفراوانە نوێکەی لە ناوچەی جەزیرەدا و چاندنی لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی فەرەنسییەکاندا٢٠. بەپێچەوانەوە، کوردەکانی میللی رەگێکی قووڵتریان هەبوو لە ناوچەکەدا و بەو پێیە، پەیوەندیی دژوار یان لەگەڵ هەردوک ماندێتی فەرەنسی و مەسەلەی ئینتەرناسیۆنالیستیی کورددا هەبوو (واتە بەنێودەوڵەتی کردنی مەسەلەی کورد – و) و ئەمەش مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێت. میللییەکان یان (میللۆ، میلان) لە سەدەی شانزەهەم بەملاوە لە سەرچاوە عوسمانییەکاندا باسکراون، کاتێ لای باشووری دەشتی کەرەجەداغیان داگیرکردووە و بەزۆریش وەک حوکمڕانی دەڤەری ڤۆیڤۆداکی نزیک ماردین و دۆڵی خابوور دەسنیشان کراون، کە بەشیک بووە لە ویلایەتی دیاربەکر٢١. سەرەتا لە دوادوایی سەدەی حەڤدەدا کەوتنە بەر پرۆژەی نیشتەجێکردنی خێڵەکانی ئیمپراتۆرییەتەوە و بەزۆر ناچار کران بە جێگیربوون، یەکەمجار لە دەوروبەری ئامەد و دواتر لە ئەیالەتی ڕەققە. ئەوان گەلێ جار ئەو زەوییانەیان بەجێدەهێشت کە بۆیان تەرخانکرابوو و بەرەوژوور دەبوونەوە بۆ لەوەڕگە و پاوانی باشتر. بەهەرحاڵ، ئەوان بەخێرایی ناوبانگیان بڵاوبووەوە کە لە هەموو خێڵەکان زیاتر یاخیبوون بەرپادەکەن لە بەرنامەی جێگیربوون لە ڕەققەدا (ڕەققە ئیسکانی). بۆ نموونە، لە ساڵی 1723دا، کۆمەڵێک لە کوردە میللییەکان تۆمەتبار کران بە تێکدانی مەزرا و باخ و دزینی مەڕوماڵات لە مەرەش پاش ئەوەی لە ڕەققە هەڵاتوون بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی کۆچەری. لە ساڵی ١٧٤٦دا تاقمێکی تر لە ئورفە ئیمامی ئێرگەنییان تاڵان کردووە و ٣٠٠ مەڕیان بردووە و ئەم کارەش ناڕەزاییەکی زۆری بەرپاکرد لە ئەستەمبووڵ. لە کاتەکانی تردا میللییەکان باجیان دەسەپاند و زوڵم و ستەمیان لەو خێڵانە دەکرد کە بەرەوخوار دەبوونەوە بۆ ڕەققە بە مەبەستی لەوەڕخۆریی زستانە بۆ ئاژەڵەکانیان٢٢.

لە دەوروبەری ناوەڕاستی سەدەدا (واتە سەدەی هەژدە – و) دەوڵەتی عوسمانی هەوڵیدا سەرۆکەکانی خێڵی میللی لە ڕەققە بەلای خۆیدا رابکێشێت بەوەی کە بە "ئیسکان باشی" واتە بە سەرۆکی نیشتەجێبوون دایانمەزرێنێت. ئەم ئیسکان باشییانە دەسەڵاتی باج وەرگرتنیان درابوویە لە کەسانی سەر بە تیرە و هۆزەکانی خۆیان و هەروەها کۆنترۆڵکردنی هۆزەکانی تریش لە ناوچەکەدا، بەڵام تەنانەت ئەمەش بەردەوام نەبوو لە ڕێگە پێگرتنیان لەوەی کە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خۆیان جێنەهێڵن و هەڵنەکوتنە سەر ئەو شارۆچکە و گوندانەی بە گونجاویان دەزانی بۆ ڕاوڕووتکردن. لەگەڵ داڕووخانی ڕوولەزیادی دەسەڵاتی ناوەندی لە ویلایەتەکاندا خێڵی میللیش کەوتنە سەرنجڕاکێشانی دەوڵەت بە ڕێگە و شێوەی جۆراوجۆر. لە ساڵی ١٧٥٨دا، ئیسکان باشی مەحموودی کوڕی کەلەش عەڤدۆ بەوە تۆمەتبار کراوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چووەتە دۆڵی خابوور و دەستی بە سەر عەمبارەکانی دانەوێڵەدا گرتووە لە مەجداڵ (کە دەکەوێتە رۆئاوای حەسەکەی ئەمڕۆوە) و خێڵەکانی ناوچەکەی چەککردووە و سووکایەتیی پێکردوون. ئەو بێجگە لە  دووبارە درووستکردنەوەی قەڵایەکی کۆن لە سەر خابوور، دەنگ وابووە کە نیازی هەبووە بە بەنداوێکێش بەر لە ئاوی رووبارەکە بگرێت و زنجیرەیەک باخ و مەزرا و گوند دروست بکات و دەست بە سەر تەواوی ناوچەکەدا بگرێت لە بەرژەوەندیی کۆنفێدراسیۆنی میللی٢٣. ئەم هەوڵدانە بۆ دامەزراندنی میرنشینێکی سەربەخۆ لە لایەن عوسمانییەکانەوە بەری پێگیرا و سەرکوتکرا، بەڵام سەرەتایەکی پێکهێنا بۆ هەڵکشانی پێگەی سیاسیی میللییەکان لەو ناوچانەی کە ئێستا باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە. تەیمووری کوڕی مەحموود، کە عوسمانییەکان وەک ئیسکان باشی دانیان پێدانابوو، سەرباری زیادەڕۆییە بەردەوامەکانی لە ناوچەی ئورفەدا، بە کردەوە دەسەڵاتی گرتبووەدەست لە ویلایەتەکەدا، لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی یاسایی بە لەشکرکێشییەک دوورکەوتبووەوە لە ساڵی ١٧٧٤دا. دوو ساڵ دواتر، بابی عالی داوای لێکرد هاوکاریی کۆششی جەنگ بکات دژ بە کەریم خانی زەند لە ئێران٢٤. لە ماوەی دوو دەیەی دواتردا بەردەوام فەرمانی گرتنی و لەسێدارەدانی دەردەچوو، بەڵام تەیموور پشتئەستوور بوو بە پشتگیریی هاوپەیمانێکی نوێی بەهێز کە ئەویش والییە مەملووکەکەی بەغدابوو. لە ساڵی ١٨٠٠دا، بەو بۆنەیەوە کە عوسمانییەکان دەسەڵاتیان بەدەستهێنایەوە لە ویلایەتەکانی چواردەوری ئیمپراتۆرێتەکەدا، بە فەرمی سەرۆک خێڵی میللییان وەک وەزیر و والیی ویلایەتی ڕەققە دامەزراند٢٥.   
 
"عەشیرەتی میللی و کۆتایی ئیمپراتۆرییەت"

کار و فەرمانی تەیموور وەک عوسمانییەک کورتخایەن و جیاکار نەبوو. ئەو دەبوو ١٨٠٢ پاڵپشتیی لەشکرکێشییەکی سزائامێز بکات بە سەرکردایەتیی والیی بەغدا دژ بە چەند خێڵێک لە جەزیرە ساڵی، بەڵام ئەو خۆیشی بووبووە ئامانجی سکاڵایەکی زۆری سەرکوتکردن و خراپ حوکمڕانی لە ڕەققە و ئورفە. لە ساڵی ١٨٠٣دا لە کارەکەی لابرا و گەڕایەوە بۆ ناوچەی خابوور و دەسبەجێ دەستیکرد بە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێ لە خێڵەکان بۆ یارمەتیدانی لە وەرگرتنەوەی کار و فەرمانەکەی٢٦. بەڵام ماوەیەکی زۆر نەژیا و مرد و ئەم یاخیبوونی دواییەی شتیکی نامۆ بوو، سەرەڕای هەڵکشانی دوورودرێژی بنەماڵەکەی بەرەو دەسەڵات بە پلەی یەکەم بەڵام پێگەی ئەویان بە پیرۆز ڕاگرت وەک ئەفسانەیەکی دامەزرێنەری کۆنفێدراسیۆنی خێڵەکانی میللی. مێژوونووسانی نوێی خێڵەکانی سووریا وا وینای تەیموور دەکەن نەک وەک ئیسکان باشییەکی تازەپیاکەوتوو بەڵکوو بەوپێیەی کە وەجاخزادەیەکی عوسمانی و کاربەدەستێکی باڵا بووە هەڵاتووە بۆ ئەنەدۆڵ و میرنشینێکی گەورە و بەرفراوانی دروستکردووە لە خێڵەکانی    کورد و عەرەب کە دەبوو ناوی بنایە "هەزار میللەت"  یان هەزار نەتەوە، لە پاش ئەو هەڵسانەوەی لەو شکست و کەوتنە٢٧. لەڕاستیدا ئەم ئەفسانەیە، کەوا گێڕانەوەی نەریتی و زارەکی نیە، خزمەتی "ج. س. بەکینگهام"ی گەڕیدەی ئینگلیزی کردووە لە سەردانەکەی ساڵی ١٨١٦یدا بۆ لای ئەیوب بەگی کوڕ و جێنشینی تەیموور، کە دواتر راپۆرتەکەی بووەتە بەڵگە و مایەی پشت پێبەستنی ستێفن لۆنگریگ لە کتێبەکەیدا لەبارەی مێژووی ئێراقەوە و دوای ئەویش محەمەد ئەمین زەکی لە هەردوو بەرگی کتێبەکەیدا "مێژووی کورد و کوردستان" لە ساڵی ١٩٣١دا٢٨. بەهەرحاڵ، کۆنفێدراسیۆنی میللی سوودی لە بەریەکهەڵوەشانەوەی بەردەوامی ده‌سەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانی بینی زیاتر لەوەی خزمەت بێت بۆ دەوڵەت. لە یەکەم ساڵەکانی سەدەی نۆزدەدا وا مەزەندە دەکرێت کە پەنجا هەزار خێوەت و بیست هەزار سوار لە ژێر فەرماندەیی ئەیوبدا دوا سەنگەر و قایمکاری بێت دژ بە وەهابییە بەهێزەکان کە بە هاوپەیمانی لەگەل بەدووەکانی خێڵی عەنەزەدا بەرەو باکوور دەهاتن٢٩، لە ساڵی ١٨١٨دا دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە ناوەڕاست و باشووری سووریادا بە رۆڵی خۆی هۆشداری ئەوەی ڕاگەیاند کە میللییەکان و کوردە بەرازییەکانی هاوپەیمانیان ناوچە دەشتاییەکانی دەوروبەری حەمایان داگیرکردووە٣٠.  

 گرتن و داگیرکردنی سووریای عوسمانی لە ساڵی ١٨٣١دا لە لایەن ئیبراهیم پاشای میسرەوە کۆنفێدراسیۆنەکەی بە هەڵپەسێراوییەکی راستەقینە بەجێهێشت لە نێوان ئیمپراتۆریتی ڕوو لە کزی و لاوازبوون و دەوڵەتێکی بەگوڕوتینی سەنتراڵی نوێدا. یەکەمجار "ئەیوب بەگ" لایەنی میسرییەکانی گرت و پەیمانی ملکەچی و دڵسۆزیی بە (ئیبراهیم و محەمەد عەلی) دا لەبەرانبەر دانپیانانی وەک سەرۆک و رابەرێکی خێڵەکی، بەڵام نەیتوانی باوەڕ و متمانەیان بەدەستبێنێت و هەر زوو کەوتە سکاڵاکردن لەوەی کە ئیدارەی نوێ ڕێگە لە خێڵەکانی دەگرێت کاروباری ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن و هاتوچۆی زەوییەکانی نەریتیی لەوەڕخۆریی هاوینەی خۆیان بکەن لە ناوچەی ڕەققەدا٣١. پاشان ناکۆکی کەوتە ناو خێڵی میللی خۆیەوە پاش ئەوەی "ئەیوب" جارێکیتر ملکەچی و پابەندبوونی خۆی گۆڕی و بەڵێنی پشتیوانیی خۆی دا بە عوسمانییەکان کاتێ کە لە ساڵی ١٨٣٤دا دیسانەوە بەری رۆژهەڵاتی رووباری فوراتیان گرتەوە و ئەوجا ئەمانیش وەک بەدرخانییەکان بوون بە قوربانیی لەشکرکێشیی یەک لە دوای یەکی محەمەد ڕەشید پاشا بۆ بچووککردنەوە و دواتر لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە٣٢. لە سەردەمی ریفۆرمی تەنزیماتی tanzimat عوسمانیدا سەرۆکەکانی میللی بەردەوام تووشی سەغلەتی و بێزارکردن دەبوونەوە ولەلایەن دەسەڵاتی دەوڵەتەوە بەند دەکران و بە بەرچاویانەوە زەوییەکانیان لە ناوچەی جەزیرە لەلایەن کۆنە دوژمنەکانیانەوە لە خێڵی تەی و بەتایبەتیش لەلایەن بەدووەکانی خێڵی شەممەرەوە داگیر دەکرا٣٣. وردەکاریی مێژووی میللییەکان لەم سەروەختەدا رووکەشە و فرەجاریش دژبەیەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، پاشەکشەی ژمارەیان بۆ تەنها چەند سەد خێوەتێک بەڵگە و دەلالەتی کارایی ڕوولەزیادی دەوڵەتی مۆدێرنە بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی چواردەوری دێهاتنشین و خێڵەکیی ئیمپراتۆرییەت. 

گەڕانەوەی "سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم" بۆ مەحسووبییەتی خێڵەکی وەک بنەمایەک بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم و ویلایەتەکان و دەستەبەرکردنی دڵسۆزی لەو ڕێگەیەوە زەمینەی خۆشکرد بۆ گەڕانەوەی میللییەکان و چەسپاندنی بوونیان لە باکووری سووریادا. ئیبراهیمی کوڕەزای گەورەی ئەیوب بەگ، کە لە ساڵی ١٨٧٧دا سەرۆکایەتیی خێڵەکەی گرتەدەست، لەوانی پێش خۆی (یان لە هاوچەرخەکانی خۆیشی وەک بەدرخانییەکان) باشتر تێگەیشت کە چۆن سەرنج و بایەخی کۆشکی ئیمپراتۆری رابکێشێت و لە هەمان کاتدا سەرسامیی ئەورووپییەکانیش بۆ لای خۆی رابکێشیت بەو مامەڵە نموونەییەی کە لەگەڵ دانیشتووانی کریستیانی ناوچەکەدا دەیکرد. ئەنجامیش واکەوتەوە کە لە ئەسەمبووڵ نەک هەر چاوپۆشی کرا لە سەردەمێکی چەتەیی و جەردەیی میللییەکان، بەڵکو بوو بە دەسکەوتێکیش بۆ ئیبراهیم "پاشا" کەوا بکرێتە فەرماندەی پێنج فەوجی سوارەی حەمیدییە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا. ئیبراهیم لەگەڵ نزیکەی شەش هەزار لە پیاوەکانی کە چەک و جبەخانەی حکوومەتیان خرابووە ژێردەست، لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە بەکارهێنانی هێز و خزم و دۆست لەخۆکۆکردنەوە و مەحسووبییەتەوە، توانی بەتەواوی کوردەکانی کیکی و کەرەکەچی و عەرەبەکانی قەیس و تەی ملکەچ بکات و تەنانەت چەند بەشێکی خێڵی شەممەریش کە بە نەریت دوژمنایەتییان لە نێواندا بوو رابکێشێتە لای خۆی و بیانهێنیتە ناو کۆنفێدراسیۆنی میللییەوە. بەم جۆرە ئاستێک لە ئاسایش و ئارامی وا دەستەبەر بکات لە ناوچەکەدا بۆ کاروانی بازرگانی کە پێشتر لەوێنەی نەبووە و خێڵەکانی سەر بە خۆیشی دوورەپەرێز گرت لە تێوەگلانی کوشتاری ئەرمەن لە کۆتاییەکانی سەدەدا (واتە سەدەی نۆزدە – و). لە ساڵی ١٩٠١دا چاودێرانی رۆژئاوایی بە سەرسامییەوە باسیان لەو "ئیمپراتۆرییەتە بچووکە" دەکرد کە ئیبراهیم پاشا لە قەڵاکەیەوە لە ویرانشەهر Viranshahr بەڕیوەیدەبرد و بە درێژایی رێگا بەرەخوار دەبووەوە بەرەو چیای عەبدولعەزیز٣٤. بەڵام ئیمپراتۆرییەتەکەی ئیبراهیم پاشا  زۆری نەخایاند و زوو کۆتایی پێهات، چونکە کاتێ شۆڕشی تورکە لاوەکان پەیوەندییە تایبەتەکانی ئەوی لەگەڵ ئەستەمبووڵدا بچڕی و بوو بە ئامانجێکی سەرەکیی کۆمەڵەی یەکێتی و پێشکەوتن (ئیتتیحاد و تەرەقیی جەمعییەسی) دەسەڵاتداری نوێی دەوڵەتی عوسمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی راستەوخۆی ویلایەتەکانی رۆژهەڵاتی ئیمپراتۆرییەت. لە کۆتایی ساڵی ١٩٠٨دا، کۆنفێدراڵییەتەکەی میللی بە کردەوە کەرت و پەرت کرا و ئیبراهیم پاشا لەکاتی هەڵاتنیدا لەدەست هێزەکانی حکوومەت لە نزیک حەسەکە کۆچی دوایی کرد. لێرەوە ئیتر میللییەکان زۆر دڵڕەقانە بەر ستەم و سەرکوتکردنی رژێمی ئیتتیحاد و تەرەقی کەوتن و ساڵانی دواتر هیچ رۆڵێکی بەرچاویان نەگێڕا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، هەرچەندە لە ساڵی ١٩١٩دا بۆ دواجار سوپاس و پێزانینی سەڵتەنەتیان بەدەستهێنا لە سۆنگەی بەرگری کردنی سەرسەختانەیەنەوە لە ناوچەی ویرانشەهر دژ بە هێزە داگیرکەرەکانی هاوپەیمانان٣٥. ئەو سنوورە نێودەوڵەتییە نوێیەی کە لە ئەنقەرە لە ئۆکتۆبەری ١٩٢١دا لە لایەن فەرەنسییەکان و حکوومەتی کەمالییەکانەوە بڕیاری لێدرا دەبوو راستەوخۆ ئەم ناوچەیە ببڕێت و بەشێکی گەورەی زەوییەکانی باوباپیرانی میللییەکانی بۆ خاکی ماندێتکراو بەجێهێشت لە سووریا

نووسین: ستێفان وینتەر زانکۆی کوێبیک – مۆنتریاڵ / کەنەدا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق



ئه‌م بابه‌ته 262 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر