جەنگى سارد

PM:05:44:15/04/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - بەڵگەنامەو رووداوەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

ڕووبەڕووبونەوەیەکى سیاسی ئایدۆلۆجى هەندێکجار سەربازى ناراستەخۆبوو، ڕووداوەکانى لە نیوان ساڵانى ١٩٤٧-١٩٩١ دا تۆمارکران، ئەم جەنگە لە نێوان دوو زلهێزى جیهانى " وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و یەکێتى سۆڤییەت" لەدواى جەنگى جیهانى دووەم ڕووى دا، بوو بەهۆى دابەش بوونى جیهان بەسەر دوو بلۆکى شیوعی بەڕابەرایەتى یەکیتى سۆڤیەت و لیبرالى بەڕابەرایەتى ولاتە یەکگرتووەکان.

 

مێژوو

 

لەماوەى جەنگى جیهانى دووەمدا وڵاتانى هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا لەگەڵ یەکێتى سۆڤییەتدا لە هاوپەیمانیدا بوون، بەڵام ئاشکرا بوو کە جیاوازى ئایدۆلۆجى لەدواى کۆتایی هاتنى جەنگەکە و جیاوازى بەرژەوەندییەکانیان کاریگەرى دەکاتە سەریان.

 

کۆنگرەى یالتا لە شوباتى ١٩٤٥ دا ئەو بێ متمانەییەى نێوان وڵاتانى ڕۆژئاواو یەکێتى سۆڤییەتى ئاشکرا کرد، هەرچەند وڵاتانى ڕۆژئاوا دانیان نابوو بە مافەکانى سۆڤییەت و دەستکەوتەکانیدا.

 

وڵاتە یەکگرتووەکان و ڕۆژئاواى ئەورووپا ترسیان لینیشتبوو سەبارەت بە تواناى سۆڤییەت لە بوارى کۆنتڕۆڵکردنى ڕۆژهەڵاتى ئەورووپادا، ئەم مەترسییانەش لە دواى بەستنى کۆنگرەى بۆتسدام کە لە ماوەى تەموز تاوەکو ئابی  ساڵى ١٩٤٥ گرێدرابوو ڕوونتر بویەوە، بە تایبەتى دواى ئەوەى کە جۆزێف ستالینى سەرۆکى یەکێتى سۆڤییەت ڕازى نەبوو بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى دیموکراسییانە لە پۆڵەندا، دووساڵ دواى ئەم ڕووداوە ناکۆکییەکان قووڵتر بوونەوە.

 

ئەم پەلهاویشتنەى یەکێتى سۆڤییەت بۆ دەستگرتن بەسەر ئەورووپادا هانى سەرۆکى ئەمریکاى ئەوکاتەى دا " هارى ترومان" بۆ پەیڕەو کردنى سیاسەتى "لەخۆگرتن" کە بریتی بوو لە پێشکەشکردنى یارمەتى بەو وڵاتە ئەورووپیانەى کە دەیانەویت لە دەرەوەى سیستەمى شیوعیدا بمێننەوە.

 

ئەوەش بوو بەهۆى ئەوەى کە واشنتۆن "پڕۆژەى مارشاڵ" وەک دەستپێشخەرییەک بدات بە وڵاتانى ئەورووپا، پەختەى ئەو پڕۆژەیە بریتییە لەوەى کە یارمەتى وڵاتانى ئەورووپا بدرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەى وڵاتەکانیان پاش ئەوەى بەهۆى جەنگەوە خاپوور کرابوون، و هەروەها بەربگریت لە پەلهاویشتنى زیاتر یەکێتى سۆڤییەت.

 

لە ئەنجامى ئەمە و بەمەبەستى پتەوکردنى پێگەى شیوعییەت، ستالین هەڵسا بە دامەزراندنى نوسینگەى راگەیاندنى شیوعى (Cominform) کە بريتى بوو کۆڕبەندیک کە سەرجەم پارتە شیوعییەکانى وڵاتانى ئەورووپاى ڕۆژهەڵاتى گرتبۆوە، لێرەدا هەردوو پارتى شیوعى فەرەنسی و ئیتالی نوێنەریان هەبوو.

 

لەڕێگاى ئەم کۆڕبەندەوە یەکێتى سۆڤییەت هەوڵى دا کە ئایدۆلۆجیاى خۆى جێگیر بکات و پێی وابوو کە جیهان بۆتە دوو بەشەوە: یەکێکیان دیموکراسییە و دژى ئیمپریالیزمە کە یەکێتى سۆڤییەت ڕابەرایەتى دەکات و ئەوى دیکەیان ئیمپریالیزمێکى نا دیموکراتییە کە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە ڕابەرایەتى دەکریت.

 

دابەشبوون و پێکەوە ژیان

 

لەدواى سەرکەوتنى کودەتاى شیوعییەکان لە چیکۆسلۆڤاکیا لە ساڵى ١٩٤٨ و لەناوبردنى نەیارەکانیان، جیهانى ئەورووپا لە دابەشبوونیکدا خۆى دیتەوە کە بەسەر دوو سەربازگەى گەورەى جیهانیدا دابەش بووە ولە ئەدەبییاتى سیاسییدا بە " جەنگى سارد" ناوبراوە.

 

دواى کودەتاکەى براگ، وڵاتانى ڕۆژئاوا ترسیان هەبوو لەوەى کە دواتر لە ئەڵمانیا کودەتا بکریت، بۆیە هەرسێ وڵات " ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا" رایانگەیاند کە ئەڵمانیا گۆڕى شیوعییەکان و لەو پێناوەشدا دراوێکى تایبەتیان بە ئەڵمانیاى ڕۆژئاوا چاپکرد.

 

لەبەرامبەر ئەمەدا ستالین هەڵسا بەداخستنى سەرجەم ئەو دەروازانەى کە یارمەتییەکانیان دەگەیاند بە بەرلین ولە بەرامبەردا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پردێکى ئاسمانى دروست کرد و هەروەها هۆشیارى دا لەوەى کەئەگەر بەربگیرێت لەگەیاندنى یارمەتییەکان لەو ڕێگایانەى کەپێشتر لەسەرى رێککەوتوون، وەڵامى دەبێت.

 

بەوەش ستالین پاشگەز بوویەوە لە ترسی ئەوەى کە ڕووبەڕووى هێزێکى نێودەوڵەتى ببێتەوە کە خاوەنى چەکى ئەتۆمییە – لەو کاتەدا تەنیا وڵاتە یەکگرتووەکان چەکى ئەتۆمى هەبوو – بۆیە ئابڵوقەکەى هەڵگرت و بەوەش بەرلین بوو بە دوو بەشەوە: ڕۆژهەلات و ڕۆژئاوا.

 

لەدواى مردنى ستالین لە ساڵى ١٩٥٣  و دەست بەکار بوونى نیکیتا خرۆشۆف کە سیاسەتێکى نەرمترى هەبوو، پەیوەندییەکانى نیوان هەردوولا ئاسایبوونەوەى بەخۆیەوەبینى بەتایبەتى کە لەو کاتەدا و لە ناو سەربازگەى ڕۆژئاوادا دەنگى ناڕەزایەتى بەرامبەر بە ئەمریکا بەرەوە بەرزبوونەوە دەچوو، نمونەى دیارترین ناڕەزایەتى شارل دیگۆلى سەرۆکى فەرەنسابوو لە ساڵى ١٩٥٨ سەبارەت بە ڕابەرایەتى ئەمریکا تا کار گەیشتە ئەوەى کەلە سەرۆکایەتى هاوپەیمانى ناتۆ لە ساڵى ١٩٦٦ بکشێتەوە.

 

لەناو بلۆکى ڕۆژهەڵاتیشدا ناکۆکییەکانى نیوان چین و یەکێتى سۆڤییەت تادەهات قووڵتر دەبوویەوە، تاوەکو لە سالى ١٩٦٠ پەیوەندییەکانى نیوانیان بەیەکجارى پچڕا.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دوو بلۆکە کاریگەرییان هەبوو لەسەر ململانێکانى جیهان و لە هەندێک کاتدا دەگەیشتە مەترسیی پێکدادانى ڕاستەوخۆ، پاڵپشتیکردنى ململانێکان وەکو جەنگى هەردوو کۆریا، بزووتنەوە یاخیبوونەکانى ئەمریکاى لاتین، جەنگى کۆنگۆ و نامیبیا، ململانێى نێوان عەرەب و ئیسرائیل...هتد، زیاتر ململانێکانى سەختتر دەکرد، بەڵام ئەوەى کە زۆر مەترسیدار بوو جەنگى هەردوو کۆریا بوو لە ساڵى ١٩٦٢، کە جیهانى لە جەنگى ئەتۆمى نزیک کردەوە.

 

لە حەفتاکانى سەدەى بیستەوە پێکەوژیان بالى کێشا بەسەر پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو بلۆکى ڕۆژهەلات و ڕۆژئاوا، تاوەکو لە نەوەدەکانى سەدەى بیستدا یەکێتى سۆڤییەت هەرەسى هێناو جیهان بەرەو تاک جەمسەرى هەنگاوى نا.

 

سەرچاوە: الجزیرة

 



ئه‌م بابه‌ته 150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر