یاسر عەرەفات

PM:05:21:22/04/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

سەرۆک یاسر عەرەفات بەیەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانى ململانێى عەرەب – ئیسرائیل هەژماردەکرێت، ناوبراوە لە ماوە پەنجاساڵدا ڕۆڵێکى کاراى هەبووە لە کێشەى فەلەستیندا.

 

لەدایک بوون

 

تا ئێستا گومان هەیە لە شوێنى لەدایک بوونى محەمەد عەبدول ڕەئوف ئەلقودرە ئەلحوسەینى کە دواتر بە یاسر عەرەفات یان باوکە عەممار ناسرا، زۆرترین ڕاکان لەسەر ئەوە هاوڕان کە ناوبراو لە ٢٤ ى ئابی ١٩٢٩ لە قاهیرە لەدایک بووە، باوکى بازرگان بووە لە ساڵى ١٩٢٧دا کۆچى کردووە بۆ قاهیرە و لە گەڕەکى سەکاکینى نیشتەجێ بووە، کاتێک تەمەنى عەرەفات چوار ساڵان دەبێت دایکى کۆچى دوایی دەکات، باوکى لەو تەمەنەدا دەینێڕیت بۆ قودس و لەوێش بە شۆڕشەکانى ساڵى ١٩٣٦ کارتێکراو دەبێت.

 

ئاستى خوێندن

 

ساڵى ١٩٣٧ جارێکى دیکە دەگەڕێتەوە بۆ قاهیرە بۆ ئەوەى لەگەڵ خانەوادەکەیدا ژیان بەسەر بەرێت، دواتر پەیوەندى کردووە بە کۆلێژى ئەندازیارى لە زانکۆى مەلیک فاروق  کە ئێستا بە زانکۆى قاهیرە ناسراوە و پسپۆڕى لە ئەندازیارى شارستانى وەرگرتووە و لە ساڵى ١٩٥١ خوێندنى زانکۆ تەواو دەکات، دواتر لە یەکێک لە کۆمپانیا میسرییەکاندا کار دەکات، لەکاتى خوێندندا ڕابیتەى دەرچووانى فەلەستینى دامەزراندووە کە جێگاى گرنگی پێدانى ژمارەیەکى زۆر لە دەزگاکانى ڕاگەیاندنى میسرى بووە، لە ساڵى ١٩٥٦ دا لەگەڵ سوپادا بەرگرى لە میسر کردووە لە دژى دەستدرێژى سێ دەوڵەتەکەى " بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسرائیل" بۆ سەر میسر.

 

ژیانى کۆمەڵایەتى


یاسر عەرەفات لەتەمەنێکى دواکەوتوودا ژیانى هاوسەرى لەگەڵ خاتوو سوها ئەلتەویل پێکهێناوە و تاکە یەک کچى لێی بووە.

 

ئاڕاستەى بیرکردنەوە

 

یەکێکە لە نەتەوەییەکانى عەرەب کەلە پەنجاکانى سەدەى بیستدا دەرکەوتن و لە شەستەکان و حەفتاکاندا ڕۆڵى بەرچاویان هەبوو، سەرەتا لەڕێگاى سەربازییەوە دژ بە ئیسرائیل دەستى کرد بە خەبات کردن و دواتر لەڕێگاى دانوستانەوە درێژەى بە خەبات داوە، بە هۆى ڕێککەوتننامەى ئۆسلۆوە ئاشتى بەرقەرارکرد و دەسەڵاتى فەلەستنى لە کەرتى غەززە و بەرەى خۆرئاوا دامەزراند.

 

لە ئەیلولى ٢٠٠١ و لە ئاکامى سەردانیکرنى ئیریل شارۆن بۆ مزگەوتى ئەقسا جارێکى دیکە ڕاپەڕینەکان دەستى پێکردەوە بەهۆى ئەو نائومێدییەى باڵى کێشابوو بەسەر پڕۆسەى دانوستانەکان و دامەزراندنى دەوڵەتى فەلەستینى و گەڕانەوەى ئاوارەکانەوە، لە سەرەتاکانى ٢٠٠٢ دا عەرەفات چەند لێدوانێکى دا کە پاڵپشتى لە ڕاپەڕینەکان دەکرد، بەڵام لە هەمانکاتدا ناڕەزایەتى دەربڕى سەبارەت بە بەئامانجگرتنى هاوڵاتى سڤیلی لە هەردوولاى فەلەستینى و ئیسرائیلی.

 

ژیانى سیاسی


بزووتنەوەى فەتح


ساڵى ١٩٥٨ عەرەفات کۆچى کرد بۆ کوەیت تاوەکو وەکو ئەندازیارێک کار بکات، لەوێ لەگەڵ هاوڕیکەیدا بەناوى خەلیل ئەلوەزیر " ئەبو جیهاد" شانەیەکى شۆڕشگێڕییان دامەزراند بەناوى فەتحەوە کە بچوککراوەى ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستینە، هەروەها گۆڤارێکیان دەرکرد بۆ نیشان دانى خەمەکانى گەلى فەلەستین و ناویان نا فەلەستینەکەمان، هەر لەو کاتەوە هەوڵى دا کە ئەو بزووتنەوەیە فۆرمێکى یاسایی وەربگرێت و ڕەوایەتى هەبێت و بۆیە پەیوەندى بە زۆرێک لە سەرکردە عەرەبەکانەوە کرد، دواتر سەرکەوتنى بەدەست هێناو یەکەم نوسینگەى لە جەزائیر لە ساڵى ١٩٦٥دا کردەوە تاوەکو بتوانێت کارە دیبلۆماسییەکانى لەوێوە ڕابپەڕێنێت.

 

لە شەڕى ١٩٦٧دا


لە ساڵى ١٩٦٧ ناوى یاسر عەرەفات بە تەواوەتى درەوشایەوە پاش ئەوەى کە توانى سەرکردایەتى هەندێک چالاکى فیداکارى لە جەنگى ١٩٦٧ دا لە دژى سوپاى ئیسرائیل ئەنجام بدات، ئەو چالاکییانەشى لە خاکى ئوردونەوە ئەنجام دەدا، ساڵێک دواى ئەوە سەرۆکى میسر " جەمال عەبدول ناسر" وەکو نوێنەرى گەلى فەلەستین دانى پیادا نا.

 

سەرۆکایەتى ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستینى


ساڵى ١٩٦٩ ئەنجومەنى نیشتمانى فەلەستینى یاسر عەرەفاتى وەکو سەرۆکى لیژنەى جێبەجیکردنى ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستینى هەڵبژارد لە جێی یەحیا حەمودە، لەمە بەدواوە قۆناغێکى دیکە لە ژیانى سیاسی ناوبراو دەستى پێکرد.

 

وتارى لە نەتەوە یەکگرتووەکان

 

لە ١٣ ى تشرینى دووەمى ١٩٧٤ دا وتارێکى لەبەردەم کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکرد و تیایادا تەواوى نەهامەتییەکانى گەلى فەلەستینى خستەڕوو، هەروەها داواى پشتگیرى وڵاتانى کرد بۆ بەدەست هێنانى دادپەروەرى و لە وتەکانیدا وتى کە " من هاتووم بۆ ئێرە و بە دەستێکمەوە چڵێک دارى زەیتون و بەدەستەکەى دیکەمەوە تفەنگێکى تۆڵە سەندنەوەم پێیە... دارە زەیتونەکە لە دەستم مەخەنە خوارەوە، باش بزانن کە جەنگ لە فەلەستینەوە هەڵدەگیرسێت و لە فەلەستینەوە ئاشتى دەست پێدەکات".

 

ئەیلولى ڕەش

 

ساڵى ١٩٧٠ پێکدادان لە نێوان سوپاى ئوردون و یەکە سەربازییەکانى بەرگرى فەلەستین لە ئوردون ڕووى دا، بەهۆیەوە قوربانى لە هەردوولا کەوتەوە، دواى نێوەندگیرى وڵاتانى عەرەبی، بەرگرى فەلەستین بە سەرۆکایەتى یاسر عەرەفات بڕیارى دا کە لە ئوردون بچێتە دەرەوە و بە شێوەیەکى کاتى لە لوبنان بارەگا دابنێن، ئەو ڕووداوانەش بە "ئەیلولى ڕەش" ناوبران.

 

لە لوبنان

 

لە ماوەى ساڵانى ١٩٧٨ تاوەکو ١٩٨٢ ئیسرائیل گورزى گەورەى لە هێزەکانى بەرگرى فەلەستنى لە لوبنان وەشاند، لە ساڵى ١٩٧٨دا چەندین بارەگاى ئەو هێزانەى خاپورکرد و بە درێژى چوار بۆ شەش کیلۆمەتر هاتە ناو خاکى لوبنانەوە و پشتێنەیەکى ئەمنى دامەزراند، لە ساڵى ١٩٨٢ هێرشی تەواوى کرد سەر خاکى لوبنان و بەشێکى زۆرى پایتەختى لوبنانى داگیر کرد، ئەمەش هێزەکانى بەرگرى ناچارکرد کە لە لوبنان و لەژێر چاودێرى نێودەوڵەتیدا ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

 

لە تونس

 

سێیەمین وێستگەى عەرەفات دواى عەممان و بەیروت تونس بوو، لەگەڵ ئەوەى کە ئەو پایتەختە لە ڕووى جوگرافییەوە دوور بوو لە ئیسرائیلەوە بەڵام دەزگاى هەوڵگیرى ئیسرائیل دەستى پێیان گەیشت و هەریەک لە خەلیل ئەلوەزیر " ئەبو جیهاد" و صلاح خەلەف " ئەبو ئییاد" ى تیرۆر کرد، ئەو ماوەیە بەوە دەناسرێتەوە کە عەرەفات لە هەوڵى بەردەوامدا بووە بۆ پارێزگاریکردن لە یەکگرتووى ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستینى.

 

ڕاگەیاندنى دەوڵەتى فەلەستینى

 

پاڵپشت بە مافە مێژوویی و جوگرافییەکانى فەلەستین، ئەنجومەنى نیشتمانى فەلەستینى لە تشرینى دووەمى ساڵى ١٩٨٨دا دەوڵەتى فەلەستینى ڕاگەیاند و قودسی پیرۆزى بە پایتەختى ئەو دەوڵەتە ناوبرد، هەروەها لە جەزائیر حکومەتێکى کاتى ڕاگەیاند.

 

داننان بە ئیسرائیلدا

 

لە کانونى دووەمى ١٩٨٨دا یاسر عەرەفات جارێکى دیکە وتارێکى لەبەردەم کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکرد و تیایدا دانى نا بە دەوڵەتى ئیسرائیل و هەموو جۆرەکانى تیرۆرى ڕەتکردەوە، لەدواى ئەمەوە بەشێکى زۆر لە وڵاتان دانیان نا بە دەوڵەتى فەلەستیندا.

 

سەرۆکى دەوڵەتى فەلەستین


لە نیسانى ١٩٨٩ دا ئەنجومەنى ناوەندى فەلەستینى یاسر عەرەفاتى دیاریکرد بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى فەلەستین و هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە لە پەیوەندى نهێنیدایە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەمەبەستى پاڵنان بە پڕۆسەى ئاشتییەوە.

 

جەنگى کەنداوى دووەم

 

ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستینى لەو کاتەدا هەلوێستێکى وەرگرت کە والێک دەدرایەوە کە پاڵپشتى داگیرکردنى کوەیت دەکات لەلایەن عێراقەوە وئەمەش بارودۆخى فەلەستینییەکانى لە وڵاتانى دورگەى عەرەبی ڕووبەڕووى هەڕەشەکردەوە، هەروەها کاریگەرى نەرێنى هەبوو لەسەر ڕەوشی ڕاپەڕینى گەلى فەلەستین کە لە ساڵى ١٩٨٧ەوە هەڵگیرسابوو.

 

ڕێککەوتننامەى ئۆسلۆ

 

یەکێک لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانى ڕێککەوتننامەى ئۆسلۆ کەلەساڵى ١٩٩٣ لە نێوان یاسر عەرەفات و ئیسحاق ڕابین دا واژۆکرا بریتی بوو لە داننان بە دەسەڵاتى فەلەستین وەک دەسەڵاتێکى یاسایی بۆ نوینەرایەتیکردنى داخوازییەکانى گەلى فەلەستین، لە ساڵى ١٩٩٤ دا و لە قاهیرە هەردوولا ڕێککەوتننامەى قاهیرەیان واژۆکرد کە تیایدا ئیسرائیل ئۆتۆنۆمى بەخشییە غەززە و ئەریحا.

 

گەڕانەوە بۆ غەززە

 

دواى بیست وحەوت ساڵ لە تەموزى ١٩٩٤دا یاسر عەرەفات گەڕایەوە بۆ غەززە وەکو سەرۆکى دەسەڵاتى فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە دانى پیادا نرا. لە هەمان ساڵدا یاسر عەرەفات و ئیسحاق ڕابین و شیمۆن پیرێز خەڵاتى نۆبڵیان بۆ ئاشتى وەرگرت.

 

کۆچى دواى

 

یاسر عەرەفات بەهۆى نەخۆشییەوە لە ١١ى تشرینى دووەمى ٢٠٠٤ لە شارى کالاى لە فەرەنسا کۆچى دوایی کرد.

 

سەرچاوە: الجزیرة

 



ئه‌م بابه‌ته 155 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر