کەرکوک

PM:05:26:20/09/2018
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد


شارێکی کوردستانییە, بەھۆی داگێرکاری عێراقەوە و پێداگری ھەرێمی کوردستان لە کوردستانیبوونی کەرکوک و گەڕانەوەی بۆ باوەشی خاک و ئیدارەی ھەرێمی کوردستان, کراوە بە ناوچەی کێشەلەسەری نێوان ھەردوو حکومەت. لەم ساڵانەی دواییدا و پێش ھێرشەکانی ڕێکخراوی داعش, لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان, لە ناوچەی کێشەلەسەر گۆڕا بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان. لە ڕووی دانیشتووان و مێژووی دوور ودرێژی خۆی, کوردستانییە و دەکەوێتە باشووری کوردستانی داگیرکراو و سەپێنراو لەچوارچێوەی عێراقەوە. کە پێک ھاتووە لە نەتەوەکانی کورد کە زۆرینەن بە دوایدا عەرەب، تورکمان لە پاشان کلد و ئاشووری.  تەمەنی شارەکە بە ٥٠٠٠ ساڵ دەخەمڵێنرێت. پایتەختی ویلایەتی شارەزوور بووە. ئەمڕۆ بە (دڵی کوردستان) و (قودسی کوردان ) ناسراوە. کەرکووک وەک کوردستانێکی بچووک وایە کە ھەموو ئەو نەتەوانەی لێ دەژێن کە لە کوردستانی ئازادیشدا ھەن، سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕووی سیاسییە عێراقییەکانەوە وەک "عێراقێکی بچووک" ناو دەبرێت.

کورد شۆڕشی گەورەی كردووه‌  لە پێناوكه‌ركوك, لە ساڵی ١٩٧٥, بەھۆی سازش نەکردن لەسەر کوردستانیبوونی کەرکوک, شۆڕشی ڕزگاریخوازی کورد کە مەلا مستەفای بارزانی ڕێبەرایەتی دەکرد, نوشوستی ھێنا. لە پێش ساڵی ١٩٩١, عێراقی داگیرکەر, بەمەبەستی پاکتاوی ڕەگەزیی کورد, ھەڵمەتی جینۆساید و کۆمەڵکوژی کوردانی دەست پێکرد بەناوی (پرۆژەی ئەنفال), ھەروەھا دەرکردنی ماڵە کوردەکان لەو شارە و گۆڕینی ڕەگەزی کەرکوک لە کوردستانییەوە بۆ بەعەرەبیکردن, کاری ڕژێمە یەک لەدوایەکەکانی عێراقی داگیرکەر بووە.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە رژێمی بەعس ڕووخا و دەوڵەتی عێراقی تازە پێک ھێنرایەوە, لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا کەرکوک و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان, کرا بە ناوچەی کێشە لەسەر و بە ماددەیەک ئاماژە بە چۆنیەتی کێشەی ئەو ناوچانە کراوە. بەپێی ئەو مادەیە (مادەی ١٤٠) دەبوو لەماوەی ٣ ساڵدا حکومەتی عێراق سەرژمێری بکات بۆ شارەکە و پاشان گشتپرسییەک بکات بۆ شارەکە کە ئایا دەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان یان لەسەر ئیدارەی عێراق دەمێننەوە. بەڵام حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراقی داگیرکەر, ئەو مادەیەيان جێبەجێ نەکرد.

لە ساڵی ٢٠١١ لە پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک, لە کۆی ٤١ کورسی ئەنجومەن, کورد ٢٧ کورسی, عەرەب ٨ کورسی, تورکمان ٦ کورسی بەدەست  ھێنا. لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ بۆ پەرلەمانی عێراق, کورد ٨ نوێنەر, عەرەب ٢ نوێنەر, تورکمان ٢ نوێنەریان دەرچوون بۆ پەرلەمانی عێراق.

لە ئەنجامی کارە داگیرکارییەکانی عێراق, ھەرێمی کوردستان لە ٢٥-٩-٢٠١٧ ڕیفراندۆمی ئەنجام دا بە کەرکوکیشەوە و, لە ئەنجامی ڕیفراندۆمدا, بە ڕێژەی ٩٧% ی خەڵکی کەرکوک, وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کوردستان, دەنگیان دا بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان. ئەمەش وەڵامدەرەوەی ئەوەیە کە کەرکوک کوردستانییە و, ئەگەر زوڵم و زۆرداریی و داگیرکاریی نەبێت, کەرکوک خوازیارە لە باوەشی کوردستانی دایکدا بێت بە زۆربەی پێکھاتەکانیشەوە.



لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر, دیسانەوە عێراقی داگیرکەر دەستی کردەوە بە سیاسەتی تەعریبکردن و دەرکردن و سوتاندن و ڕوخاندنی ماڵە کوردەکان لەو شارە.

لەساڵی ٢٠١٥ دوای بەجێھێشتنی شارەکە ھەڵھاتنی سوپای عێراق لەکاتی ھێرشەکانی ڕێکخراوی داعش, پێشمەرگە چووە ناو شارەکە و نەیھێشت شارەکە بکەوێتە دەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە. لەوکاتەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدارەی شارەکەی گرتە ئەستۆی خۆی و, ئارامترین ژیانی بۆ دانیشتوانی شارەکە دابین کرد بە ئاشتی.

شوێنەوارە دێرینەکانی کەرکوک بریتین لە: قەڵای کەرکوک, قەڵای چەرموو, قەیسەری کەرکوک.

ناوی کەرکوک:

سەرچاوەکان ناوی کەرکوک دەگێڕنەوە بۆ مێژووی سۆمەرییەکان کە پێدەچێ لە (کارکوک) ەوە ھاتبێت کە واتای (کاری تەواو) یان (ئیشی ڕێک و پێک) دەگەیەنێت. کەواتە ئەمە جێی سەرنج و تێڕامانە بۆ ئەوانەی کە کەرکوک بەکوردستان نازانن و بەماڵی تورک و عەرەبی دەزانن. لەگەڵ ئەوەشدا ھەرسێ ناوی (باباگوڕگو)  و (کورکورا) و (کارکوک) ھەر کوردیە و بەڵگەی کوردستانیبوونی کەرکوکە لەچەند ھەزار ساڵ لەمەوبەرەوە.

 

ھەڵکەوتەی جوگرافی:

چیای حەمرین لە ڕۆژئاوایدا دوایین سنووری کەرکوک پێک دێنێت, واتە لە باشوور و ڕۆژئاوا ھاوسنوورە لەگەڵ عێراق. لە ڕۆژھەڵات ھاوسنوورە لەگەڵ رۆژھەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران. لە باکوور, ھاوسنوورە لەگەڵ شاری سلێمانی و شاری ھەولێر.

کەشوھەوا:

٣٣٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە  بەرزە. کەشوھەوایەکی وشک و گەرمی ھەیە, بەو ھۆیەشەوە بە ناوچەی گەرمیان ناسراوە.

ڕووبەر:

٩,٦٧٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

دانیشتوان:

ژمارەی دانیشتووانی خەڵکی شاری کەرکووک لە ساڵی (١٩٥٧) کە لە سەرچاوە عەرەبیەکانیشدا ھاتووە و سەرژمێرییەکی فەرمی و ئاشکرا بووە, لە کۆی (٢٧٩,٠٠٠ ) دانیشتووی شارەکە,‌ بەم جۆرە بووە:

•     کورد (١٧٨,٠٠٠) کەس بووە.

•     عەرەب (٤٨,٠٠٠) کەس بووە.

•     تورکمان (٤٣,٠٠٠) کەس بووە.

•     ئاشووری و کلدان (١٠,٠٠٠) کەس بووە.

خۆ ئەگەر بەپێی سەرچاوە عەرەبییەکانیش بێت کە دەگوترێت کۆی دانیشتوانی شاری کەرکوک ٣٨٨,٨٢٩ کەس بووە, کە ئامارەکە بەم جۆرەیە:

•     کورد ١٨٧,٥٩٣ کەس بووە.

•     عەرەب ١٠٩,٦٢٠ کەس بووە.

•     تورکمان ٨٣,٣٧١ کەس بووە.

•     ئارامی یان سریانی ١,٦٠٥ کەس بووە.

•     جولەکە ٢٠٣ کەس بووە.

•     ئەوانی ديكه‌ ٦,٥٤٥  کەس بووە.

بەو حاڵەشەوە ھێشتا کورد زۆرینەیە, ئەوە جگە لەوەی کە عێراق جولەکەی لەو شارە و تەواوی عێراق وەدەر ناوە و ئێستا جووی تێدا ناژی, سیاسەتێکی پاکتاوی ڕەگەزی ئاشکرای لە کەرکوک و ناوچەکانی تری کوردستانیی پەیڕەو کردووە.

لە سەرژمێری ساڵی ١٩٧٧ و ١٩٩٧ بە ڕوونی دەردەکەوێ کە ژمارەی دانیشتوانی کورد چەندە کەم کراوەتەوە, ئەوەش لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە پاکتاوکردنە ڕەگەزییەی کورد کە عێراقی داگیرکەر, پەیڕەوی کردووە.

ئاماری ساڵی ١٩٧٧ لە کۆی ٤٨٣,٩٧٧ کەس بەم جۆرەیە:

•     کورد ١٨٤,٨٧٥ کەس بووە.

•     تورکمان ٨٠,٣٤٧ کەس بووە.

•     عەرەب ٢١٨,٧٥٥ کەس بووە.

بەپێی ئاماری ساڵی ١٩٩٧, لە کۆی ٧٥٢,٧٤٥ کەس, بەم جۆرە بووە:

•     کورد ١٥٥,٨٦١ کەس بووە.

•     تورکمان ٥٠,٠٩٩ کەس بووە.

•     عەرەب٥٤٤,٥٩٨ کەس بووە.

 

سەرژمێری ساڵی (٢٠٠٣) لە کۆی (٧٥٦,٠٠٠) کەس, زیاتر لە (٤٠٠,٠٠٠) کەسی کورد بووە, ئەمە بێجگە لەو کوردە ئاوارانەی کە بێلانە و دەربەدەرن.

لەھەمان ساڵی (١٩٥٧)دا ژمارەی کرێکارو کاربەدەستانی کورد لە کۆمپانیای نەوتی کەرکووک, لەسەدا ھەشتا (٨٠%) بووە, بەڵام سەرژمێری کردنی کرێکاری کورد لەساڵی (٢٠٠٣) دا لەسەدا بیست (٢٠%) بووە. ئەمە بەڵگەی ئەوپەڕی شۆڤێنیستی دەووڵەتی عێراق دەردەخات کە چۆن ساڵ لە دووای ساڵ کوردیان نان بڕاوو دەربەدەر کردووە.

 

 ٨٥٠,٠٠٠ کەس لە ٢٠٠٦.

٨٥٠,٧٨٧ کەس لە ٢٠٠٩.

١,١٥٠,٠٠٠ کەس لە ٢٠١٠.

١,٥٠٠,٠٠٠ کەس لە ٢٠١٤.

١,٢٦٠,٠٠٠ کەس  لە ٢٠١٧.

 



ئه‌م بابه‌ته 555 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر