ھەژمونی عەولەمە لەدەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ

لەناوڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا جیھان وکۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەقۆناغێکی سەخت و دژواری پڕ لەمەینەتی وجەنگ وشەڕوململانێی سیاسی وئابوری دا تێپەری، لەدەرئەنجامدا پێشێلکاری لەمافەکانی مرۆڤ وکارەساتی زۆری لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جێھێشت، خوێنەوەی زۆر بۆ ھۆکار ولایەن وکەسایەتییەکان لەھەڵگیرسانی ئەو جەنگ ونەھامەتیانە دەکرێن، بەڵام دواجار بەھاکانی مافی مرۆڤ پێشێلکران لەسایەی ڕەوتی ئەو سیاسەت وئایدلۆژیا و بیروباوەڕانەی لەو ساتە وەختانەدا ببوون بەفاکتەری ھەڵگیرسانی ململانێ وناکۆکی وجەنگ وماڵوێرانی.
PM:05:33:26/09/2018
دۆسیە: نەتەوەسازی
ھەرێمی کوردستانیش بەشێک بووە لەو کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەی بەجۆرێک لەجۆرەکان سوودمەند بووە لەگۆڕانکارییە جیھانییەکان لەبواری ئابوری وپەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان ودەرگای لەبەردەم واڵا بۆوە بەسوود وەرگرتن لەعەولەمی تەکنەلۆژیا وکلتوری وسیاسی ومافەکانی مرۆڤ کەئەمانە گشتی چەمکێکی عەولەمەن

ئاراس تالیب
توێژەر

دەستپێک

 

لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا جیھان وکۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەقۆناغێکی سەخت و دژواری پڕ لەمەینەتی و جەنگ وشەڕوململانێی سیاسی وئابوری دا تێپەری، لە دەرئەنجامدا پێشێلکاری لەمافەکانی مرۆڤ وکارەساتی زۆری لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جێھێشت،  خوێنەوەی زۆر بۆ ھۆکار ولایەن وکەسایەتییەکان لە ھەڵگیرسانی ئەو جەنگ ونەھامەتیانە دەکرێن، بەڵام دواجار بەھاکانی مافی مرۆڤ پێشێلکران لەسایەی ڕەوتی ئەو سیاسەت و ئایدلۆژیا و بیروباوەڕانەی لەو ساتە وەختانەدا ببوون بە فاکتەری ھەڵگیرسانی ململانێ وناکۆکی وجەنگ وماڵوێرانی

 

جیهانگیرى(Globalizion) وەک دیاردە یاخود ئەگەر وەک چەمکێکی فکری یان ڕێبازێکی ئابوری و سەرمایەداری تەماشا بکرێت یان کۆمەڵێک فاکتەری دیکە لەو قۆناغانەدا کەھەژمونیان ھەبوو، بوونە مایەی وەرچەرخانێکی گرنگ لەگۆرینی ئاڕاستە سیاسی وئابوریەکان، پاشان بەدوای خۆیدا گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەرجیھاندا ھێنا، ئەگەر(جیهانگیرى) وەک زاراوە لەدوای ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بەکارھێنرابێت و توێژینەوە ولێکۆڵینەوەی زۆریان لەسەر کرابێت، ئەوە بۆخۆی گۆڕانکاریەک بوولەڕووی مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەپێگەی ھەستکردنی بەرپرسیارێتی لەگەشەکردنی ئابوری تەنانەت (مەعریفیشدا) لەڕووی گەیاندن و بڵاوبوونەوەی چەمکەکانی (جیهانگیرى) کەتائێستا بەردەوامە. دەشێت چەمکی یان تێزی (جیهانگیرى) لەتەنھا بوارێکی ئابوری وسەرمایە وتەکنەلۆژیدا لەم بونەوەرەدا تەماشا بکرێت لەڕووی بەزاندنی سەروەری وڵاتاندا، دیارە کاردانەوە وکاریگەریشی لەسەرئاستی گوزەران وبژێوی ھەڵسوکەوت وڕەفتاری کۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا بەرجەستە دەبێت، ئەوکات کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەپێناو پاراستنی ماف وبەرژەوەندیەکانی خۆیدا پێویستی بەیاسا وڕێسایەکی گشتگیرە لەسەردەمی عەولەمەدا تا پێگەی خۆی وبەرژەوەندی وڕەفتارەکانی یەکانگیربکاتەوە لەگەڵ گۆرانکارییەکانی کە(عەولەمە)ھێناویەتە ئاراوە .

 

یاسا نێودەوڵەتییەکان جێگرەوەی نەمانی ئەو سنور وسەروەریانە بوون کەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرئەنجامی ڕەھەند وھەژمونی (عەولەمە)ھێنانیە ئاراوە، تێکەڵ بوونی شارستانییەتە جیاوازەکانی ودەستەبەرکردنی دیموکراسییەت ومافەکانی مرۆڤ بۆ ڕەوینەوەی خەمەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەمەترسی ھەژمونی(عەولەمە) دا زامنی یەکسانی ودادپەروەی بوو، ئەگەر چی مەترسییەکان جۆرێکی تر لەسەرھەڵدانەوەی جەنگ ھێشتا ھەر لەئاراداماون. تا ئێستا(عەولەمە) مایەی مشتومڕ وبایەخە، لای توێژەر و ڕۆشنبیران بۆتە جێی سەرنج وبایەخی زۆری لێکۆڵەرەرە و زانایانی سیاسی وئابوری کۆمەڵایەتی وتەکنەلۆژی...ھتد ، کەبڕیار وپێشبینیان بۆ ئایندەی (عەولەمە) نییە.

 

کێشەکانی توێژینەوەکە

 

کێشەکە تایبەتە بەھەژمون، ئەگەر (عەولەمە) تەنھا ڕێباز وچەمکێکی ئابوری بووبێت دەرئەنجامی خواستی بازاڕی سەرمایەداری ھێنابێتییە ئاراوە، ئەوە زۆرێک لەڕەھەندی سیاسی وئابوری، کۆمەڵایەتی، یاسایی، سەربازی بەدوای خۆیدا دەھێنێتە مەیدان وبواری توێژینەوە جیاوازەکان. کێشەیەکی دیکە، کوردستان بەدەرنییە لەھەژمونی(عەولەمە) و ئەو گۆڕانکاریانەی کەبەدوای خۆیدا ھێناویەتە ئاراوه‌.


١- جیاوازی لە پێناسە وشوێن سەردەمەکان بۆ سەرھەڵدانی ھەژمونی (عەولەمە) لەھەموو جیھاندا بێ دیاریکردنی سنوری نێوان وڵاتەکان وەک یەک بووە؟ کات لەو ھەژمونە ئەگەر مێژینە بێت واتە مێژوویەکی دێرین وکۆنی ھەبووبێت ئەوا شێوازەکانی بەڕێوەچوونی (عەولەمە) لەسەرده‌م و ماوەکاندا دووبارە دەکەونەوە بەرپرسیار، لەکوردستاندا کەی وچۆن کاریگەریەکانی(عەولەمە) پێوە دیاری داوە؟


٢- ھەر لەو کێشانەی لەتوێژینەوەکەدا بەرجەستە بۆتەوە مافەکانی مرۆڤ وپێشێل کردنی یاسا وپەیماننامە نێودەولەتییەکانە لەدەستەبەرکردنی مافی مرۆڤدا، (عەولەمە) چۆن بۆتە فاکتەرێکی ئەرێنی یا نەرێنی؟


٣- لەکوردستاندا چۆن پێشوازی لەھەژمونی (عەولەمە) بەسەرجەم ڕەھەند وپێناسەکانییەوە کراوە؟

٤- (عەولەمە) کاریگەری بەسەر کۆمەڵگای کوردیەوە بووە؟ توانیویەتی مافەکانی خۆی تیادا دەستەبەر بکات؟

 

گرنگی توێژینەوەكه‌

 

گرنگی توێژینەوەکە لەدیاریکردنی پێناسە جیاوازەکانی (عەولەمە) یە، سەرباری جۆری لێکدانەوە وبارودۆخی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، ھەروەھا تەکنەلۆژیا، لای توێژەران دووبارە دەبنە فاکتەرێک بۆ ڕاڤەکردن لە(عەولەمە) بەڵام نابنە ڕێگر لەبەردەم یەکگرتنەوەیان لەڕەھەند وبەھاکانی گەشەکردن وپەرەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی .

 

خستنە ڕووی جیاوازی لەھەڵسەنگاندنی ھەژمونی (عەولەمە) بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەگەر ئەو ھەژمونە کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی بووبێت بەڵام دەرئەنجام بۆتە (دیفاکتۆ) و مامەڵەی لەتەکدا دەکرێت. مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگی توێژینەوەکەیە لەدەستەبەرکردنی ئەو مافانە وکاردانەوەی ئەرێنی لەسەر ڕەوتی ئاڕاستەی کۆمەڵگای کوردی بووە بەتایبەتی لەھەرێمی کوردستاندا کە سودی لەیاسا وبڕیارە نێودەوڵەتییەکان بینیوە لەقۆناغێک و بەجۆرێک لەجۆرەکان مامەڵەی وەک (دیفاکتۆ) لەگەڵدا کردووە. پاشان گەشەکردنی ئابوری وبەرزبوونەوەی ئاستی مەعرفی دووبارە خاڵێکی گرنگی توێژینەوەکە دەبێت وتاکی کورد لەھەرێمی کوردستاندا (عەولەمە) چی کارلێکردنێکی بەسەر ھزری سیاسی ویاسایی داھێناوەتە ئاراوە.

 

ئامانجی توێژینەوەكه‌

 

کاریگەریەکانی (عەولەمە) لەدەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ  وئارامی وسەقامگیری، پاشان بەھەند وەرگرتنی ئەو گۆرانکارییە ئابوری وسیاسی، تەکنەلۆژی، کۆمەڵایەتی وکلتوریانەی کەدەبنە مایەی خۆشگوزەرانی لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەسایەی (عەولەمەدا) بەگشتگیری لەجێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان پەیماننامە جیھانییەکاندا، خاڵە ئەرێنی ونەرێنیەکانی (عەولەمە) ئەگەر وەک ھەژمونێک توێژینەوەی بۆ بکرێت، ئەوە ھەرێمی کوردستان بەدەرنابێت لەو کاریگەریانە کەبەدەستھێنانی مافی چارەی خۆنوسین ودەست نیشان کردنی ئایندەی خۆی وەک نەتەوە وگەلێک لەسەر ڕووى ئەم زەمینە .

 

گریمانەی توێژینەوەکە

 

گریمانەی توێژینەوەکە ئەوە لەخۆدەگرێت کەدەشێت بنەماکانی عەولەمە بوبێتە ڕێباز وئایدلۆژیایەکی سەردەم ودەرئەنجامێکی نەرێنی ھەبێت لەڕەوشی گوزەرانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی وبەھا یاساییە ناوخۆ و سەروەریەکانی دەوڵەتەکان کەوتبێتنە بەر ھەڕەشەی ھەژمونی عەولەمەوە، ئەو کۆمەڵگایەنە بوبێتنە کەرەستەیەکی ئاڕاستەکاراو کە لەبەرژەوەندی وڵاتانی دیکەی باڵا دەستدا بەکاربھێنرێن، ھەرێمی کوردستان لەو ھەژمونەی عەولەمەدا چ پشکێکی بەرکەوتووە یان بەری دەکەوێت؟

 

پرسیارەکانی توێژینەوە

 

ئەو پرسیارانەی لەتوێژینەوەکەدا بەرجەستە بونەتەوە و وەڵامیان پێویستە لەناوەڕۆکی کێشەکاندا چارەسەریان ھەبێت:


١- ئایا پێناسەیەکی دروست و زانستیانە ھەیە بۆ (عەولەمە)  بۆ ئەو زارەوەیەی لەخۆگرتووە؟

٢- (عەولەمە) ئایدلۆژیایە یاخود سیستەمە یان دەسەڵاتە یان دیاردەیە؟ ئایا بۆتە ھەژمون؟

٣- مافەکانی مرۆڤ و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان وەک یاسا لەکوێی ھەژمونی (عەولەمە) دان؟

٤- ھەرێمی کوردستان سودمەندبووە یان زەرەرمەندبووە؟ لەھەردوو بارەکەدا چۆن مامەڵەی کردووە لەو ھەژمونە؟

 

میتۆدی توێژینەوە

 

توێژینەوەکە پاڵپشت بە(میتۆدی وەصفی و مێژوویی) و لێکۆڵینەوە وشیکردنەوە بەستراوە، لەڕووی کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەچەند سەرچاوەیەک، بەو پێیە ھەوڵی شیکردنەوە و وەسفی (عەولەمە ) و پێناسەکانی وەک زاراوە ودەستەواژە وسەرچاوەکانی تاوەکو بگەمە دەرئەنجامێک لەکاریگەری بۆ سەرمافەکانی مرۆڤ وبەراوردی لەھەرێمی کوردستان.

 

توێژینەوەکانی پێشتر

 

توێژینەوە لە(عەولەمە) و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕەوتی گۆڕانکارییە ئابوری وسیاسی وکۆمەڵایەتییەکان زۆرھەیە، بەڵام زۆربەشیان تەنھا چەمکێکی (عەولەمە)یان وەک بابەتی توێژینەوە ھەڵبژاردووە. لەم توێژینەوەیەدا کاتێک باس لەسەر (عەولەمە) ودەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، تەنھا لەسەر بنەمای پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ وکاریگەری لەسەر کۆمەڵگای کوردستان وەک چەمکێک لەسەرجەم ئەو پێشھات وگۆڕانکارییانەی لەیاسا وپەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەخەرێتە ڕوو، ھەروەک (ھێڤی امجد حسن ) لەکتێبی (اثر عولمة حقوق الانسان علی مبدأ السیادة) کە دراسەیەکی توێژەرییە لەسەر عەولەمە وپاشان ئاماژەی بەکاریگەریەکانی کردووە لەسەر کوردستان، دەکرێت ئەم توێژینەوەیە نزیک بوونەوە بێت لەتوێژینەوەکانی پێشتر و بەنمونەیان ئەوەی (ھێڤی امجد حسن).

 

پلان وپەیکەری توێژینەوە

 

ھەیکەلیەتی توێژینەوەکە بەم شێوەیە دارێژراوە بۆ دوو باس  و ھەر باسێک بۆ دوو تەوەرە:

 

باسی یەکەم : ڕیشە و پێناس و تێڕامانە جیاوازەکان لەسەر عەولەمە (گلوبالیزم) .

 
تەوەرەی یەکەم: پێناسە جیاوازەکان و خەسڵەتەکانی چەمکی عەولەمە

 
تەوەرەی دووەم: گەشەکردنی مێژوویی وشێوەکانی سەرھەڵدانی

تەوەرەی سێھەم: ڕەھەند و ڕووە جیاوازەکانی لەڕووی ئابوری وتەکنەلۆژیاوە


باسی دووەم: ھەژمونی عەولەمە لەیاسا نێودەوڵەتییەکان ومافەکانی مرۆڤ


تەوەرەی یەکەم: دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ


تەوەرەی دووەم: کاردانەوە وکاریگەری بڕیار ویاسا نێودەوڵەتییەکان لەھەرێمی کوردستاندا 


ئەنجامی توێژینەوەکە.


باسی یەکەم

پێناس وشرۆڤە جیاوازەکان لەزاراوە ودەستەواژەکاندا

 

ئەم باسە دابەش دەکرێت بۆ سەر سێ تەوەرەی سەرەکی، لەھەر تەوەرەیەکدا بەجیاواز پێناسەی زاراوەکانی توێژینەوەکەیە کەئاماژەی پێدراوە کەپەیوەندییان بەعەولەمەوە دەبێت، پاشان خەسڵەتەکانی عەولەمە وچۆنیەتی گەشەکردن ودەرکەوتنی مێژوویی.

 

تەوەرەی یەکەم

پێناسەی دەستەواژەکانی عەولەمە ومافەکانی مرۆڤ

 

لەم تەوەرەیەدا ناوەرۆکی دەستەواژە سەرەکییەکانی ناو توێژینەوەکە بەجیاواز پێناسەکراون، کەھەردوو دەستەواژەکە پێکەوە بەئاوێتەکراوی ناوەرۆکی تەوەرەی یەکەم تەواو دەکات.

  

١- پێناسە جیاوازەکانى عەولەمە

عەولەمە تەنھا پێناسەیەکی یەکانگیر و کۆکراوەی نییە، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەھەندەکانی عەولەمە وشوێن وکاتی بەکارھێنانی وەک زاراوە وئەکادیمی وبیروڕا جیاوازەکانی لێکۆڵەر وشرۆڤەکارانی بوارە جیاوازەکانی ئابوریناسان وسیاسی وکۆمەڵناس ویاساناس و ...ھتد .

 

وەک  وشە و زمان لەعەرەبیدا، لەزمانی ئینگلیزیيەوە کە وەرگیراوە‚‘‘Globalization‘‘ ئاوڵناوە بۆ‘‘Global‘‘ بە واتا گۆی زەوی. لەزۆرێک لەزمانەکانی جیھان بەجیاوازی لە ناو ھێنانەکاندا کەبەکارھێنراوە بەڵام لەکۆتایدا کەدێتە پێناسە دوبارە بەجیاواز پێناسە دەکرێت، ھەندێک لایان وایە یەکەم کەس کەزاراوەی عەولەمەی بەکارھێنابێت بۆ ناسین زانای سۆسیولۆژی کەنەدی "مارشاڵ مال لوھان "بوو کەمامۆستای زانستى سۆسیولۆژی لەزانکۆی "تۆرنۆ"لە کۆتای شەستەکاندا، ئەو مامۆستایە وشەی گوندی بونەوەری "القریة الکونیة " ی داڕشتۆتەوە.

 

زاراوەی عەولەمە لەھەموو بارێکدا ھێشتا لەقۆناغی دروست بووندایە، پێویستی بەنواندن ھەیە، بەمانای ئەوەی پێویستى بەتوخمى فکری وسیاسی وئابوری ویاسایی ھەیە تا ببێتە زاراوەیەکی یاکانگیر، عەولەمە ھەرەوەک ئەوەی باوەڕمان وایە لە قۆناغی کۆرپەدایە.

 

چەمکى عەولەمە لەپێش نیوەی ھەشتاکانی سەدەی بیستەم، پێش ئەوە ھیچ مەفھومێک نەبووە بۆ عەولەمە، بەڵکو لەفەرھەنگی ئۆکسفۆردی وشە ئینگلیزییە نوێکاندا بۆ یەکەمین جار ساڵی ١٩٩١ ئاماژەی بە چەمکى عەولەمە داوە، وەھای وەسفى کردووە کە وشەیەکی نوێیە لەماوەی ساڵانی نەوەتەکاندا بەکارھاتووە.

 

لەهەرە بەناوبانگترین پێناسەکان بۆ عەولەمە  پێناسەی ڕونالد روبرتسون"Ronald Robertswn  "  کە لە ساڵی ١٩٨٧ پێشکەشی کرد، دەڵێت عەولەمە پرۆسەیەکە بۆ گردکردنەوەی جیھان تەنھا لەیەک شوێندا.

 

ڕۆبیرتسون لەکتێبەکەیدا لەساڵی ١٩٩٧ نوسیویەتی وجەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە عەولەمە پوچەڵ کردنەوەی ھەڵوەشانەوەی سنور وڕێگرییەکانە کە لە نێوان کەسان ودەوڵەتەکاندا ھەیە.

 

ئەگەر چی خەسڵەتەکانی عەولەمە زۆر جیاوازن ھەر ئەوەشە وای کردووە پێناسەکانیشی  جیاوازبن بەڵام دەرئەنجام ئەوە دەخەنە ڕوو کەعەولەمە لێک نزیک بوونەوەی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانە بەنەمانی ئەو بەربەست وسنورە سیاسییانەی کەسەروەری وڵاتەکانی پێوەپابەند کردووە، لەم پێناسەیەدا جەخت دەکاتەوە کەعەولەمە چ کاریگەریەکی ھەیە لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. عەولەمە چڕکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە لەچوارچێوەی جیھاندا کەپێگە دوورەکان لەنێوانیاندا گرێ دەداتەوە، پێکەویان دەبەستێتەوە بەشێوەیەک کەڕووداوە ناوخۆییەکان دەکاتە بەرگ وخەسڵەتەکانی دەھێنێتە بەردەم یەکتری، سەرباری مەودای دووریان کەچەندین "میل"یش بێت، زۆرێک لەشرۆڤەکاران وئەکادیمیست وئابوریناسان زیاترعەولەمە بەدیاردەیەکی پێشکەوتووی قۆناغێکی ئابوری ھەژمار دەکەن، دکتۆر

(صادق العظم) وا پێناسەی دەکات کەعەولەمە بریتییە لە: قۆناغێکی گۆڕانی سەرمایەدارییەکی چڕ بۆ سەرجەم  ژیانی مرۆڤایەتی،  کەلە سایەی ھەژمونی دەوڵەتی ناوەند وسەرکردایەتی کردنیدا بەو دەسەڵاتانەی ھەیەتی دروستی کردوون.

 

زیاترین پێناسەکان بۆ عەولەمە وخەسڵەتەکانی لەچوارچێوەی تێپەربوونی بارێکی ئابوریەوە دیاری کراوە و زۆرێک لەلێکۆڵەرەوەکان وەھا شرۆڤەی دەکەن کەنەمانی سنوری سەروەری وڵاتانە لەڕووی ئابوری وکۆمەڵایەتی وسیاسی و بگرە یاساییشەوە، ئەم بۆچوونە جیاوازانە کەلێنێکی لەنێوان بڕوابوون بەعەولەمە وەک دیاردە وقۆناغێکی لەمێژووی مرۆڤایەتییدا ھێناوەتە ئاراوە وھەندێکیشیان تەنھا بەھەژمونێکی دەوڵەتە زلھێز و زەبەلاحەکانی دەزانن بەئامانجی بەرژەوەندی باڵای سەرمایەداران و بگرە بەسیاسەتی ئەمریکی ھەژمار و زۆر جاریش بە (أمرکة) واتە ئەمریکی بوونی لەقەڵەم دەدەن.

 

٢- پێناسەی یاسا ومافەکانی مرۆڤ

 

لەم توێژینەوەیەدا کەباس لەیاسا ومافەکانی مرۆڤ دەکرێت ئەڵبەتە جەخت لەسەر یاسا وپەیمان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بەرجەستە دەبنەوە لەچوارچێوەی پەیوەندی نێودەوڵەتی وپابەندبونیان بەجێبەجێکردنیانەوە، دووبارە دەبنە ڕەھەندێک لەدیاردە وچەمکێکی پەیوەندیدار بەعەولەمەوە. ئەگەر بایەخدانی نێودەوڵەتی زیاتر بەمافەکانی مرۆڤ وئازادیە بنەرەتییەکانیەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە مێژووییەی سەرەتای دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە ساڵی ١٩٤٥ لەسەرى پێکھێنرا، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت لەم ساڵانەی دوایدا گۆڕانکاری وبەرەوپێش چونێکی نێودەوڵەتی ھەیە، کەزیاتر قووڵ بۆتەوە لەبایەخدانی لەو بوارەدا، ئەوەش لەو چوارچێوەیەى کەباس لەزاراوەیەک لەناوھێنانیدا دێتە ئاراوە کەپرنسیبی دەست تێوەردانی نێودەوڵەتی یا دەستخستنە کاروباری دەوڵەتان بەمەبەستی مرۆڤایەتی. زاراوەی "مافی مرۆڤ" بۆ جاری یەکەم لەزمانی فەرەنسی ساڵی ١٧٦٣ دەرکەوت، بەمانای ھاوشێوەی "مافی سروشتی " بەڵام زۆر نەبووە باو لە بەکارھێنانیدا ، ئەگەرچی ڤۆڵتێر بەکاری ھێنا لە(نامەی لێبوردەی).


دەبێت سێ خەسڵەتی بەیەکداچوو ھەبێت لەمافەکانی مرۆڤدا:  پێویستە مافەکان (سروشتی بن، ڕەسەن بێت بۆ مرۆڤ )، یەکسان بێت، یەک بێت بۆ گشت، جیھانی بێت، توانای جێبەجێکردنی ھەبێت لەگشت شوێنێکدا، لەو پێناسەیەدا چەند خەسڵەتێکی لەشیوەی زاراوەدا تیادا بەرجەستە بووە کەیەکانگیر دەبێتەوە لەتەک خەسڵەتی بەجیھانیبوون یان عەولەمە، تاوەکو مافەکان ببێتە مافێکی مرۆڤایەتی پێویستە ھەموو مرۆڤەکان بگرێتەوە بەبێ جیاوازی لەگشت شوێنێکدا بەشێوەیەکی ساکار ونەک بەھۆکارێکی دیکە تەنھا لەبەر ئەوەی کەمرۆڤ بن، ھەر ئەوەشە وای کردووە لەپەیماننامە ویاسا و ڕێککەوتنەکان مۆرکێکی نێودەوڵەتی لەخۆبگرێت تا بەپێی یاسا ناوخۆییەکانی نێودەوڵەتان یەکانگیر ببێتەوە وبگونجێنرێت، بۆ دانپێدانانی وسەپاندنی ڕیککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەمافەکانی مرۆڤ وئەوانی دیکەش لە پەیماننامەکاندا کەدەقەکانی پێک بێت بەڕێز لێنان لەمافەکانی مرۆڤ، لەسەر دەوڵەتانە کەیاسا نێوخۆییەکانی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو دەقانەی لەناوەرۆکی رێککەوتنەکاندا ھاتوون لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ مەرجەعییەتە نێودەوڵەتییەکان کەدانپێدانراون لەیاسا دارێژراوە نیشتمانییەکاندا، بەئاشکرا لەمادەی ٢٧ لەڕێککەوتننامەی ڤییەنا لەساڵی ١٩٦٩دا جەختی لەسەر کراوەتەوە، دوبارە جەخت دەکرێتەوە لەسەر گونجاندنی دەقە یاسا ناوخۆی نیشتمانییەکانى لە ناو وڵاتاندا، لەم دواییانەدا بزاڤێکی بەرفراوان لەزۆربەی وڵاتاندا بەدی دەکرێت لەناو وڵاتاندا لەپێناو چاکردنی دەستور و یاسا ناوخۆییەکانیاندا بەپێی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی لەبواری مافەکانی مرۆڤدان. ئەوانە گشتی گەواھی ئەوە دەدەن کەچۆن یاساو ڕێککەوتن وپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بەجۆرێ لەجۆرەکان کاریگەری لەسەر یاسای ناوخۆی دەوڵەتان ھەیە لەمافەکانی مرۆڤ و وەک چەمکێک لەمەفھومی عەولەمەدا پەیرەوکراون.

 

تەوەرەی دووەم

گەشە کردنی مێژوویی  شێوەکانی دەرکەوتنی عەولەمە

 

ھەروەک جیاوازی لەپێناسە ولێکدانەوەی عەولەمە ودیاردەکانی ھەیە، ھەر شرۆڤەکار ولێکۆڵەرەوەیەک لەگٶشەنیگای فکری وئایدلۆژیای خۆیەوە شرۆڤە وھەڵسەنگاندی بۆ کردووە، بەھەمان شێوە سەرەتای دەرکەوتن وگەشە کردنی ئەم ڕێبازە یان دیاردەیە لەمێژووەکەشیدا کەوتۆتە بەرباری تێروانینی جیاواز، مەفھومی دیاردەی نوێ بۆ عەولەمە کە لەگەڵ سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا دەستی پێکردووە، بەڵام خوێندنەوەی قووڵ بۆ ئەم دیاردەیە وامان لێ دەکات وەھا لێکی بدەینەوە کەعەولەمە دیاردەیەکی زۆر کۆنە، ڕەگ وڕیشەى دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاکانی ئیمپریالییەت لەسەردەمانی زۆر کۆندا وبەتایبەتى پێش پێنج سەدە. عەولەمە لەسەرئەو بنەما نوێیەی خاوەن بڕیار بەدەستەباڵا ستەمکارەکان داھێنراوە و وایان بۆ ڕەخساندوە کەقبوڵ بکرێت لەپێناو ھەڵوەشاندنەوەی جەمسەرە ناکۆکەکان. عەولەمە دیاردەیەکی کۆنە گەیەندراوەتەوە بەڕێگەی پیادەکردنی ئیمپراتۆرییەتەکانی سەردەمانی مێژووی کۆن، واتە بەھەژمونی سیاسی لە لایەن دەوڵەتە باڵادەست و ھەژمونەدارەکان یاخود ناوەندی ئیمپراتۆریەت. جا ئایا ئەو ناوەندە ئەسینا بوبێت یان ڕۆما یان فارس یان لەندەن یان بەرلین و ئێستاش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەڵام "سیار الجمیل" سەرجەم ئەو بۆچوونانە بەدوور دەزانێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەعەولەمە سیستەمێکی جیھانییە بۆ خۆی، لەکۆتایەکانی سەدەی بیستەمدا دروست بووە، ڕێک لەماوەی نەوەدەکاندا. ڕێککەوتنێکی گشتی لەسەر عەولەمە ومێژووی دوورودرێژ ھەیە بەڵام پاڵنەری بەھێز نەبووە تەنھا لەمێژوویەکی نزیکدا لەماوەی بیست ساڵی رابووردودا نەبێت، ئەوەش بەھۆی تەکنەلۆژیای زانیارییەکانەوە کەکاریگەری ھەیە لەسەر کەمکردنەوەی کات ونەھێشتنی چاوەرواننەکراو بەسەر نەخوێنەواریدا.

 

زۆرێک لەکەسان و نوسەران وای دەبینن کەعەولەمە دیاردەیەکە لەماوەیەکی زەمەنی نزیکدا دەرکەوتووە، ئەوەش لەگەڵ سەرەتای نوێ گەراییدایە لەسەردەمی کۆتاییەکانی سەدەی پانزە و بەدواوە، سەرجەمیان لەسەر ئەوە کۆکن کەعەولەمە بەیەک جار لەشەستەکاندا بەقەبارەیەکی گەورە سەریھەڵدا، ئەوەش بەھۆی ئەو گۆڕانکاری و بڕیارە سیاسییانەی بواری ئازادکردنی بازرگانی وسەرمایەداری دەیانگرێتەوە، پاشان ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت وپێش شەستەکان عەولەمە نەبووە.  

 

تەوەرەی سێھەم

ڕەھەند و ڕووە جیاوازەکانی لەڕووی ئابوری وتەکنەلۆژیاوە

 

عەولەمە بەشێوەکی چڕوپڕ وفرەشێواز وجۆراوجۆر گەشەی کردوە وفراوان بووە،  پاشان لەسەرجەم سێکتەرەکانی وڵاتاندا بەرجەستە بۆتەوە لەئاست ئابوری وەکو: بەرھەم ھێنان وپێدانی نەختینەی دارایی وتەکنەلۆژیا وبازاڕکردن وسیاسەتی بەرێوەبردن وڕۆشنبیری وئاوێتەکردنەوەی کلتورەکانی کۆمەڵایەتی وجوگرافی وژینگە ودواھەمینیشیان یاسا وپەیماننامە وڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان. دەکرێت عەولەمە پۆلێن بکرێت بەم شیوەیە:

 

١- عەولەمەی ئابوری (دارایی، بەرھەمھێنان، بازاڕکردن، نەختینەیی).

٢- عەولەمەی سیاسی (دیموکراسییەت، لیبڕاڵی نوێ وھەڵوەشانەوەی جەمسەگەرایی وسەروەری).

٣- عەولەمەی تەکنەلۆژیا (ھۆکانی گەیاندن و پەیوەندیکردن، ڕایەڵە  وتۆڕی ئەنتەرنێت).

٤- عەولەمەی کۆمەڵایەتی سۆسیولۆژی (کلتوری، ھونەری، ڕۆشنبیری).

٥- عەولەمەى یاسایی (رێکەوتننامە وپەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ).

 

سندوقی نەختینەى نێودەوڵەتی بەم شێوەیە پێناسەی عەولەمە دەکات: ھاوکارییەکی ئابوری پەرەپێدانە بۆ کۆمەڵێک لەوڵاتانی جیھان بۆ گرتنەبەری ڕێگەی زیادبوونی قەبارەی مامەڵکردن بەشمەک وخزمەتگوزاریە جیاوازەکانییەوە بەتێپەڕاندنی سنورەکان، سەرباری ئەوە واڵاکردنی سەرمایە نێودەوڵەتییەکان وبڵاوکردنەوەی خێرایی تەکنەلۆژیا لەسەرتاسەری جیھاندا. بواری ئابوری عەولەمە دادەنرێت بە گرنگترین ڕەھەندەکانی، لەکاتێکدا عەولەمەی ئابوری جەخت دەکاتەوە لەسەر چەمکی (ئابوری بازار) کەدینامیکییەتی سەروەری لەمەزھەبی بازاڕ ویاساکانێتی بەسەر ھەموو گۆی زەویدا تاوەکو جیھان بکاتە ناوچەیەکی بازرگانی یەکگرتوو، دەوڵەمەند وھەژارەکان دەچنە ناو ئەو بازاڕەوە، لەکاتێکدا پێوەری بازاڕەکە لەخواست وخستنە ڕووە "العرض و الطلب " یەکلاکەرەوەی بڕیارەکان دەبێت.  لەعەولەمەی ئابوریدا، دیاردەیەک دەردەکەوێت بۆ بچوککردنەوە و نەھێشتنی دەوڵەتی نیشتمانی، بەھۆی کاریگەری عەولەمەی ئابوریەوە سنوری دەوڵەتەکان تێدەپەرێنێت وسەروەریە ئابوری وسیاسییەکانی لاواز دەبێت. عەولەمە بەشێوەیەکی گشتی واتە تێکەڵکردن وپێکەوەلکانی بازاڕەکانی جیھانە لەشوێنی بازرگانی وسەرمایەگوزاری دا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وگواستنەوەی پارە وھێزی کاریگەری ڕۆشنبیرییەکان وتەکنەلۆژیا لەچوارچێوەی سەرمایەداری وبازاڕی ئازاددا فەراھەم دەکرێت.

 

کاردانەوەی عەولەمە وەک دیاردە وچەمکێکی گرنگی ئابوری دەرئەنجامێکی ئەرێنی لەپێشکەوتنی تەکنەلۆژیا وگەشەکردنی بواری وەبەرھێنان وکەڵەکە بوونی سەرمایەگوزاری لەدەرەوەی سنوری نیشتمانی وڵاتاندایە، بەڵام ناکرێت ڕووی نەرێنی دیاردەی عەولەمە لەسەر ھەڵدانی کۆمەڵێک بەربەست و کێشەی بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نەبووبێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی ئەو دوو بۆچوونە جیاوازەی نێوان قبوڵکردنی عەولەمە و قبوڵ نەکردنی .

 

چەمکی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانی و پەیوەندی بە بواری ئابوریەوە ڕوویەکی دیکەی دیاردەی عەولەمەیە، "زانست و تەکنەلۆژیا ئێستا بۆتە میکانیزمێکی سەرەکی بۆ بواری ئابوری لە جیھاندا، لە کاتێکدا بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا  ئێستا بۆتە ئامڕازێک لە ئامڕازەکان و کێبرکێیەکی بەھێزە لەجیھاندا، لەوەدا نەماوە کە دابەشبکرێت تەنھا لەدەست دەوڵەمەندەکاندا بێت وھەژاران دەستیان پێی نەگات وخاوەنی نەبن. تەکنەلۆژیای زانیارییەکان بۆتە ھۆکارێکی ھاندەر وپارێزەر لەپرۆژەی عەولەمەدا، قەبارەی ئەو پێشکەوتنانەی لەسەرەتای نەودەکانی "سەدەی بیستەم" لەسەرجەم ئامێرەکان وپرۆگرامەکانی کۆمپیوتر ھەروەھا لەکەرتی پەیوەندییەکاندا بووە مایەی پێشکەوتنێکی فراوان لەبواری زانیارییەکاندا چ لەڕووی ئاسانکاریەوە لەبەدەستھێنانی زانیارییە جیاوازەکان یاخود لەڕووی کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم قازانج وفراوانبوونیدا لەسەرجەم کەرتە جیاوازەکانی بواری ئابوری .

 

باسی دووەم

ھەژمونی عەولەمە لەیاسا نێودەوڵەتییەکان ومافەکانی مرۆڤ

 

لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەوەی بەدی دەکرێت کەدەوڵەتەکان بەڕەھایی ھەڵسوکەوت ناکەن بەڵکو دەکەونە ژێر باری یاسای گشتییە نێودەوڵەتییەکانەوە کەکۆتێکی زۆریان لەبەردەم کارەکانیاندا بۆ دادەنێت، بڕیار دەدات لەبەردەم پەیوەندییەکانیدا لەتەک دەوڵەتەکانی دیکەدا، ھەروەھا لەگەڵ دەستە نێودەوڵەتییەکانیشدا بەھەمان شێوە دەبێت. زۆرێک ھەیە وای دەبینن کەعەولەمەی یاسایی وەک پێوستییەکی گرنگە کە لەعەولەمەی دیموکراتییەوە دەستی پێکردووە وەک سیستەمێکی(باڵا) لەسیستەمەکانی حوکمڕانی دا، سەرباری مەترسییەکان لەبەردەوام بوون لەو ڕووەوە تابگاتە پەیمانە نێودەوڵەتییەکان کەپێویستە ڕێگای سیستەمی یاسای نێودەوڵەتی ڕێکبخات نەک یاسایەک کەپێویست بێت جێبەجێ بکرێت. وەک ڕوون وئاشکرایە یاسای نوێ، وەک میراتییەکی تەوەرەی فکری نیشان دەدرێت وپێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە لەماوەی سەدەکانی شانزە تا سەدەی نۆزدە، بەڵام نەبووە فاکتەرێک بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکان لەنێوان دەوڵەتەکاندا وپاشانیش بۆ کۆمەڵگای مەدەنی وبازاڕەکان. دیاردەی عەولەمە توند بەستراوەتەوە بەیاساکانی لامەرکەزیەتەوە کەدیالێکتێکی ئاڵۆز لەخۆ بگرێت لەنێوان یاسا ناوخۆیی وجیھانێکاندا کەبەدیاردەکەون، ھەروەھا ئاڵۆزی مافەکانی کۆمەڵگا ومافە نێودەوڵەتی ونیشتمانی ھەرێمایەتییەکان، پاشان پێشکەوتنی شێوازەکانی زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکاندا لەکاتێکدا بنبڕ ناکرێن لەڕێگەی قەزاوە، ھەر ئەمەشە وادەکات کەچاوخشانەوە بەکۆمەڵێک لەو یاسایانەدا بکرێتەوە تا بەشمولیتر ونوێتر تێروانینیان بۆ بکرێت.  ئەوانەی کەباسیان لێوەکرا ئەوە ناگەیەنێت داڕشتنەوەی یاسا ناوخۆییەکانی وڵاتان ھیچ بەھایەکیان نەمێنێت و چیتر لەکاربخرێن، وڵاتان سەروەری یاسایی خۆیان لەدەست بدەن یان لاوازبێت، بەڵکو لەو ڕووەوە شێوازێکی نوێ دێتە ئاراوە کەئەوەش گونجانی داڕشتنەوەی یاساکان وگونجانیان لەگەڵ یەکتری لەسەر بنەمای ڕێبازی ئەسبەقیەتی مەرجەعە نێودەوڵەتییەکان کەدانپێدانراون لەیاسا داڕیژراوە ناوخۆییەکاندا، لێرەدا زۆر ڕاشکاوانە مادەی ٢٧ لەڕێککەوتننامەی ڤێیەنا لەسەر یاسای پەیماننامەکان لەساڵی ١٩٦٩  جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "لایەنەکان ناتوانن دەست ھەڵبگرن لەیاسا ناوخۆییە نیشتمانییەکان بەپاساوی جێبەجێ نەکردنی ئەو پەیماننامەیەی کەخۆیان دانیان پێدا ناوە" لەگرنگترین ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییانە جاڕی گەردونی مافەکانی مرۆڤن  .

 

عەولەمە وەک دیاردە یاخود ھەر چەمکێک بێت لەبواری فکری کۆمەڵایەتی بێت یا ئابوری بێت ..ھتد، دەرئەنجام پرۆسەیەکە وەک ھەژمون بۆ خۆی کاردانەوەی لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبێت، سیاسەتی کۆمەڵایەتی جیھانی بەوە ھەژمار دەکرێت وەک گوزارشێکی  گونجاوبێت بۆ ئەو بیروباوەڕانەی لەھاوڵاتیبوونی جیھانییەوە ھەڵقوڵابێت ومافەکانی مرۆڤی جیھانی فاکتەرێک دەبێت لە لایەنەکانی پێشکەوتنی ھزری جیھانیبوون، ئەوەش بۆ خۆی گەشەکردنێکە لەمەفھومی بەجیھانیبوونی ھاوڵاتی وکۆمەڵگای جیھانی شارستانی. میکارپی وای دەبینێت سەرکەوتووترین ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی مەفھومی تێپەراندنی سنورەکانی نەتەوایەتی لەساڵانی نوێدا ئەوەیە کەدەرکەوتنی مفھومی بەجیھانی مافەکانی مرۆڤە.

 

تەوەرەی یەکەم

دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ

 

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشکەوتن ئەوەی سەلماند کەبەردەوام سوودەکانی عەولەمە لەوەدا دەردەکەوێت تەنھا لەرێی حوکمی بەھێزەکانەوەیە کەپەنا دەباتە بەر مەفھومی عەولەمە کە لەسەر بنەمای پرنسیپێکەیەوە و ڕێگە نیشاندەرە بۆ ڕێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ وبایەخدان بەیەکسانی و جەختکردنە بۆ پابەند بوون بەکەمکردنەوەی یان نەھێشتنی ھەژاری ونەداریدایە. جاڕدانی گەردونی بۆ مافەکانی مرۆڤ – بۆ نمونە – و سەپاندنی پرنسیپەکانی بەسەر ئەوانی دیکەدا لەخاوەن ڕۆشنبیرە جیاوازەکاندا، ھەر لەسەرەتای دەرچوونی بەڵگەنامەی جاردانەکەدا لەساڵی ١٩٤٨ ی زایینی شێواز ودیاردەیەکی عەولەمە بوو ئەگەرچی با بەو ناوەشەوە نەبووبێت. دەکرێت لێرەوە بوترێت بنەمای دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ لەبڕیارە نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت و پاشان ڕێکخراوە فەرمی ونافەرمییەکان واتە ناحکومییەکانیش بوونە پاڵپشت بۆ پشتیوانی و داکۆکی لەمافەکانی مرۆڤ لەکۆمەڵگای مەدەنی، دیموکراسییەت چەمکێکی ئەو مافانەیە، ھەندێک پرنسیپی بەھێز سەریان ھەڵدا لەخۆسەپاندنیدا لەسەر ئاستی جیھانیدا، دیموکراسییەت سەری ھەڵدا وەک پرنسیپێک بۆ ڕێکخستنی سیاسی ومافەکانی مرۆڤ وەک پرنسیپێکی ئەخلاقی، واھەژمار کرا کەنمونەکانی پێویستە بە "عەولەمە " بکرێن و پاشان خرایە نێو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە. زۆرێک لەخەسڵەتەکانی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بۆمافەکانی مرۆڤ لەبەرجەستەکردنی دیاردەی عەولەمەدا ڕەنگیان داوەتەوە، پێویستە لەمافەکانی مرۆڤدا سێ خەسڵەتی پێکداچوو ھەبیت، پێویستە مافەکان سروشتی بن "ڕەسەن بێت بۆ مرۆڤ "، یەکسان بێت "یەکتا بێت بۆ گشت "، جیھانی بێت "توانای جێبەجێ کردنی ھەبێت لەگشت شوێنێکدا "، ئەگەر تەماشا بکرێت لە بەجیھانیکردنی مافەکانی مرۆڤ وجێبەجێکردنی لەگشت شوێنێکدا بەواتا بەزاندنی سنورو بەربەستەکانی سەروەری وڵاتان و بەسەر گشت نەتەوەکانە، کەدیاردەیەکە لەپرۆسەی عەولەمە لەڕووی یاساییەوە، پێویستە گشت مرۆڤەکان ئەو مافە بەدەست بھێنن بەیەکسانی لەگشت شوێنێکدا بەئاسانی بێ ھیچ ھۆکارێکی دیکە تەنھا لەبەر ئەوەی مرۆڤن.

 

ئەوەی لێرەوە زیاتر پەیوەندی بەبابەتی توێژینەوەکەمانەوە ھەیە لەسەر مافەکانی مرۆڤ وکاریگەری ھەژمونی عەولەمە لەیاسا نێودەوڵەتییەکان ودەست تێوەردانی یاسایی لەدەرەوەی سنوری نیشتمانی وڵاتاندا بەپاساوی بەرگری لەمافەکانی مرۆڤ وپاراستنی لەھەرەشەی ئازاردان وچەوسانەوەی لەھەر لایەنێکەوە بێت، کەدەشێت بگاتە ئاستی دەست تێوەردانی سەربازیش، مانای دەست تێوەردانی مرۆڤی ، دەست تێوەردانی سەربازییانەیە لەلایەن دەوڵەتێکەوە یاخود کۆمەڵێک لەدەوڵەتان لەدەوڵەتێکی دیکەدا بەبێ ڕەزامەندی ئەوەی دواھەمینیان واتە دەوڵەتی دووەم بەھۆکاری کارەساتێکی مرۆڤایەتییەوە بەتایبەتی ئەو ھۆکارانەی پێشێلکردنی مەترسیداری بەرفراوان بەدوایدا دەھێنێت لەچوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا.

 

تەوەرەی دووەم

کاریگەری بڕیار ویاسا نێودەوڵەتییەکان لەھەرێمی کوردستاندا

 

ئەگەر وا دابنرێت مافەکانی مرۆڤ ویاسا نێودەوڵەتییەکان دیاردەیەک یان چەمکێک بن لەعەولەمە و بەجیھانیبوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، وەک پێشتر لەم توێژینەوەیەدا ئاماژەی پێدراوە، ئەوا کۆمەڵگای کوردی بەگشتی وھەرێمی کوردستان بەدەر نەبووە لەھەژمونی عەولەمە و بەجۆرێک لە جۆرەکان کاردانەوەی ئەرێنی بووە لەڕووی سود وەرگرتن لەو یاسا وبڕیارە نێودەوڵەتییانەی لەبەرژەوەندی ھەرێمدا بوون لەقۆناغیک لەقۆناغەکانی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی وئابوری وتەکنەلۆژییانەی لەناوچەکە ڕوویاندا .ئەگەر بۆ نمونە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرین کە لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابووردو لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندا بوون بەشێکی زۆریان لەپێناو پاراستنی ھەرێمی کوردستان لەمەترسی ھەرەشەی لەناوبردن وقڕکردنی خەڵکی سڤیلی ھەرێمی کوردستان ھاتنە ئاراوە لەچوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ ئەوا نمونەیان زۆرە، ئەوەی شایەنی گوتنە بریاری ٦٨٨ کەباس لەچەوسانەوەی نەتەوەی کورد دەکات کەڕووبەڕووی دانیشتوانەکەی بۆتەوە لەناوچەکانی عێراق، واھەژمار دەکرێت کەھەڕەشەیەکی مەترسیداربێت بۆ ئاشتی وئاسایشی نێودەوڵەتی وجەختکردنە بۆ زامنکردن و ڕێزگرتنە لەمافەکانی مرۆڤ و مافە سیاسییەکان بۆ سەرجەم ھاوڵاتیان.

 

بریاری ٦٨٨ سێ ڕەھەندی ھەیە، یەکەمیان ڕەھەندی مرۆڤایەتی و دوھەمیان لەڕووی شێوازی دارشتنەوەی یاساییەوە و سێھەمیان ئامانجی سیاسی . ئەگەر بڕوانینە ھەرسێ ڕەھەندەکە لەتێڕوانینێکی گشتگیرەوە وەک دیاردەیەک لەبڕیار ویاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەوە بەڕوونی ھەژمونی عەولەمە لەڕەھەندە یاساییەکەوە بەرجەستە دەبێت لەسەپاندنی یاسا وبڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕەھەندێکی دیکەی بڕیارەکە ئەویش یاساییە لەکاتێکدا وەھا وەسفی بڕیارەکە دەکات وەک "مافێک لەبڕیاری مافەکانی مرۆڤ" کە داوا دەکرێت ڕێزبگیرێت لەمافەکانی مرۆڤ، بە تایبەت مافە سیاسییەکان، بەوەش وەھا دەبینرێت کەمافەکانی مرۆڤ بابەتێکی کتومت ناوخۆیی نییە. لێرەوە دووبارە ئەو پرسیارە دێتەوە ئارا، ئایا ئەو بڕیار ویاسا نێودەوڵەتییانە بەدەست تێوەردانی کاروباری ناوخۆ بەپاساوی داکۆکی یان بەرگری لەمافەکانی مرۆڤ دانانرێت؟ ئەگەر ئەوە ڕاست بێت بۆ سەروەری وڵاتان، ناکرێت لەچەوسانەوەی مرۆڤ لەکۆمەڵگایەکی ناوخۆی خودی ئەو وڵاتەدا لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە چاوپۆشی لێبکرێت، ھەڕەشەی نێودەوڵەتی دەسەپێنرێت بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا لەڕووی کاروباری مافەکانی مرۆڤ و پێویستە ڕێگە بدرێت بەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێریکردن، هەروەها پێویستە مۆڵەت بدرێت بە پشکنین ولێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەت و ڕووداوانەی پێشێلی مافی مرۆڤی تێدا دەکرێت، ئەوەش بە پێی دەقی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی وسیاسییەکانی ساڵی ١٩٧٦ بەدامەزراندنی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ کەڕادەسپێردرێن، دیارە ھەرێمی کوردستان سودمەندبووە لەو بڕیار وڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییانە لەپاراستنی ماڵ وموڵکی ھاونیشتمانیانی کوردستان.

 

دوای بڕیارەکانی ٦٨٧ و ٦٨٨ ی سالی ١٩٩١  بە دانانی شوێنی ئارام لەباکوری عێراق تا سەدان ھەزار ئاوارە بگەڕێنەوە بۆ عێراق ودەستبکەنەوە بەکاری خۆیان لەژێر چاودێری نێودەوڵەتییدا. لەدوا ئەو بڕیارە چەندین ڕێگەی یاسایی بەبڕیاری نێودەوڵەتی گیرایە بەر بۆ چاودێری کردنی مافەکانی مرۆڤ لەعێراقدا کەزۆربەیان ھەرێمی کوردستان وھاوڵاتیانی کوردستان تیادا سودمەندبوون، پێویستە ئەوە بھێنرێتەوە بەرچاو هەروەها ئاماژەی پێ بدرێت کەنوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کەبە پێی بریاری "١٥٠٠"لە ساڵی ٢٠٠٣ دا دەربارەی باری مرۆڤایەتی لەعێراقدا و دەرچواندنی چەندین بڕیاری دیکە بەدوایدا بۆ نوێکردنەوەی ماوەی ئەو نوێنەرایەتییە باسی بریاری"١٦١٩"لە ١١ ئابی ٢٠٠٥ دەکرێت بۆ دوبارە نوێکردنەوەی ماوەکەیان تا لەعێراقدا بمێننەوە بۆ چاودێری بارودۆخی مرۆڤایەتی.

 

ئەوەی نوێ بوو پاشان ڕوویاندا لە دواى ساڵی ١٩٩٠ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەنەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتیان دەکات و لەسایەی عەولەمە وشیوازەکانیدا، کرانەوەی جیھان لەنێوان یەکتریاندا لەسایەی عەولەمەدایە کەئێستا لەماڵی خۆماندا دانیشتوین ودەزانین چی ڕوودەدات لەدژی ھەر مرۆڤێک لەھەر شوێنێکی  ئەفریقیا، ئاسیا یان ھەر پارچەیەک لەکیشوەرەکانی ئەم گۆی زەوی یە.

                                        

دەرئەنجامی توێژینەوەکە

 

عەولەمە خۆی بۆخۆی وەک زاراوە ودەستەواژە ئەگەرچی نوێ بێت، بەڵام لەکۆتایی ھەشتاکان وسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی بیستدا بەکارھێنرا بەئامانجێکی ئابوری سەرمایەگوزاری جیھانی نێوان وڵاتانی سەرمایەداری جیھانی دا یاخود ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکاندا لەڕووی بازاڕکردن وھەڵگرتن وکەمکردنەوەی باج وڕسوماتی سەرکاڵاکان وبەزاندنی سنورو سەروەری نیشتمانی وڵاتاندا، کەگشت ئەمانە واڵاکردنەوەی ئەو بەربەستانە بوون لەعەولەمەدا کەفراوانتر خۆی بنوێنیت وبواری زۆریک لەڕەھەندە کۆمەڵایەتی وکلتوری ویاسایی وتەکنەلۆژیاکانیش بکەونە ژێر ھەژمونی عەولەمەوە .



لەم نێوەندەدا لێکدانەوە زۆر کراوە بۆ عەولەمە چی وەک دیاردە بووبێت یان سیاسەتێکی ئاڕاستەکراوی دەوڵەتە زلھێزە خاوەن دەسەڵات و ھەژمونکارەکان بووبێ یا ئاراستەیەکی دیاریکراو بووبێت لەھەربارێکدا عەولەمە بۆتە ئەمری واقع لەژینگەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی .



ھەرێمی کوردستانیش بەشێک بووە لەو کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەی بەجۆرێک لەجۆرەکان سوودمەندبووە لەگۆڕانکارییە جیھانییەکان لەبواری ئابوری وپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ودەرگای لەبەردەم واڵا بۆوە بەسوود وەرگرتن لەعەولەمی تەکنەلۆژیا وکلتوری وسیاسی ومافەکانی مرۆڤ کەئەمانە گشتی چەمکێکی عەولەمەن، بگرە لەڕووی مافەکانی مرۆڤ لەچۆنییەتی پراکتیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ وکەوتنە ژێرباری چاودیری لەپراکتیزەکردنی دیموکراسییەت وپیادەکردنی مافەکانی مرۆڤ. ھەروەھا دەرئەنجامی توێژینەوەکە زیاتر جەخت لەو بڕیارە نێودەوڵەتییانە کراوەتەوە کەبوونە مایەی پاراستنی ھەرێمی کوردستان لەدواساڵەکانی نەوەدەکان، لەھەڕەشەی قڕکردن  وجینۆساید ڕزگاری بوو، ھەر ئەو بڕیارانەش بوونە فاکتەری بوژانەوەی ھەرێمی کوردستان وبڵاوبونەوەی مافەکانی مرۆڤ .



ئه‌م بابه‌ته 828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر