پارتى دیموکراتى کوردستان

AM:12:35:06/12/2018
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - حیزب و رێکخراوەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

پارتێکى سیاسی کوردییە، خەبات دەکات لەپێناو بەدیهێنانى سیستەمێکى دیموکراسی پەرلەمانى فیدرالی لە عێراق و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد. لەلایەن مەسعود بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

 

دامەزرانن

 

پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٦ ى ئابی ١٩٤٦ بەسەرۆکایەتى "مەلا مستەفاى بارزانى" دامەزرا، سەرەتا ئەم پارتە ناوى " یارتى دیموکراتى کورد" بوو، لەکۆنگرەى سێیەمدا کەلە کەرکەوک لە١٦ ى کانونى دووەمى ١٩٥٣ئەنجام درا، بڕیار درا بە گۆڕینى ناوەکەى بۆ "پارتى دیموکراتى کوردستانى".

 

ئەم پارتە لەماوەى تەمەنى خۆیدا ١٣ کۆنگرەى بەستووە، لەکۆنگرەى نۆیەمدا کەلە ٤ ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ ئەنجام درا، مەسعود بارزانى بەکۆى دەنگى ئامادە بوانى کۆنگرە وەک سەرۆکى پارتەکە هەڵبژێردرا.

 

ئاڕاستەى ئایدۆلۆجى

 

پارتى دیموکراتى کوردستان واخۆى دەناسێنێت کە پارتێکى دیموکراتى نیشتمانییە، باوەڕى بە مافەکانى مرۆڤ و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى وئازادى تاک ومافی نەتەوەى کورد وسەرجەم نەتەوەکانى دیکە بە مافی چارەى خۆنوسین، هەیە.

 

 

ئامانجەکان

 

پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر ئاستى نەتەوەیی ونیشتمانى ونێودەوڵەتى چەند ئامانجێکى بۆ خۆى دیاریکردووە.

 

لەسەر ئاستى نەتەوەیی، یەکێک لەئامانجەکانى بەنێودەوڵەتیکردنى سیاسییانەى کێشەى کوردە، ئەوەش لە چوارچێوەى ڕێکخراوە نێودەوڵەتی وهەرێمایەتییەکاندا، هەروەها هەوڵ دەدات کە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد سیفەتى چاودێرى پێبدرێت لەو ڕێکخراوانەدا، ئەوەش بەمەبەستى بەرگریکردن لەمافە نەتەوایەتى و نیشتمانییە ڕەواکانى لەو ڕێکخراوانەدا.

 

هەروەها هەوڵ دەدات لەپێناو گێڕانەوەى سەرجەم ئەو ناوچانەى کەلەهەرێمى کوردستان دابڕاون، ئەوەش بەپێى ماددەى ١٤٠ ى دەستورى عێراق وئەو ڕێکارانەى لەو ماددەیەدا هاتووە، هەروەها لەو ڕێگایەوە سنورى هەرێمى کوردستان جێگیر بکات. سەرەڕاى ئەمانەش بەرگرى لەمافەکانى کورد بکات لەسەرجەم ناوچەکانى دیکەى عێراق.

 

هەروەها پارتى دیموکراتى کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەهەوڵى بەدەست هێنانى مافە نەتەوایەتییەکان دەدات بەڕێگایەکى ئاشتیخوازانە وبڵاوکردنەوەى کلتورى گفتوگۆ ولێبوردەیی لەنێو ماڵى کوردا، ڕەوایەتى نەدان بەپەنابردن بۆ بەکارهێنانى هێز.

 

لەسەر ئاستى نیشتمانى پارتى دیموکراتى کوردستان هەوڵ دەدات لەپێناو بەهێزکردنى سیستەمى دیموکراسی و فیدرالی لەعێراق، بەشێوەیەک کەمافی هاوڵاتیبوونى سەرجەم عێراقییەکان پارێزراوبێت، هەروەها ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنى پێگەى عێراق لە ئاستى نێودەوڵەتیدا وپاراستنى سەربەخۆیی وسەروەرى عێراق.

 

هەروەها هەوڵى بەهێزکردنى پێگەى یەکگرتووى نیشتمانى عێراق وهەرێمى کوردستان دەدات، کاردەکات لەپێناو دۆزینەوەى ڕێگاچارەى گونجاو بۆ چارەسەر کردنى بابەتە هەڵپەسێراوەکانى نێوان هەرێمى کوردستان وحکومەتى فیدرالی بەپێی دەستور، لەهەمانکاتدا گرەنتی کردنى مافە نەتەوایەتى وکلتورى وئیدارییەکانى پێکهاتەکانى دیکە وەک: تورکومانەکان وئەرمەنییەکان وئاشورییەکان وکلدانییەکان.

 

لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى پارتى دیموکراتى کوردستان هەوڵدەدات لەپێناو بەهێزکردنى پەیوەندییە دۆستایەتییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان وڵاتانى هاوسێ، هەروەها پتەوکردنى پەیوەندییەکان لەسەر بنەماکانى بەرژەوندى هاوبەش وڕێزى یەکتر گرتن ودۆستایەتى، هەروەها دەست وەرنەدانە کاروبارى یەکتر وچارەسەرکردنى کێشەکان بەپێی پرنسیپەکانى یاساى گشتى نێودەوڵەتى.

 

هەروەها پارتەکە هەوڵ دەدات لەپێناو ئەوەى کە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردى لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان ونوسینگەکانى پەیوەست بەو ڕێکخراوەوە سیفەتى چاودێرى پێ ببەخشرێت، ئەوەش بەمەبەستى پارێزگاریکردن لە مافی نەتەوەى کورد وبەرگریکردن لە دوبارە چەوساندنەوە وئەنجام دانەوەى کۆمەڵکوژى کردنیان.

 

لەکاتى ئێستادا سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان "مەسعود بارزانى" یەو جێگرەکەشی " نێچیرڤان بارزانی" یە.

 

سەرچاوە: الجزیرة

 



ئه‌م بابه‌ته 604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر