له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌ی ته‌وژمی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه سه‌ربازییه‌كان له سوریا، دوای ئه‌وه‌ی كه ڕژێمی ئه‌سه‌د به‌هاوكاریی هاوپه‌یمانه‌كانی توانیی ناوچه‌یه‌كی زیاتر بخاته ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستیی (داعش)یش گورزی كه‌مه‌رشكێنی به‌ركه‌وت، به‌تایبه‌ت دوای كوژرانی (ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی) له 27ی ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوودا، ڕوسیا به‌ره‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاماده‌گییه سه‌ربازییه‌كانی له سوریا هه‌نگاوده‌نێت، به دیاریكراوییش له شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان.
رۆژی 14ی نۆڤه‌مبه‌ر، وه‌زاره‌تی به‌رگریی روسیا رایگه‌یاند كه ده‌ستیكردووه به دروستكردنی بنكه‌یه‌كی (هێلیكۆپته‌ر)ی پارێزراو به مووشه‌كی زه‌مین به ئاسمان. ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕوسیا دوای ئه‌وه هات كه ڕاپۆرته هه‌واڵگرییه‌كان باسیان له‌وه دەكرد مۆسكۆ ده‌ستیكردووه به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا بۆ به‌كرێگرتنی فڕۆكه‌خانه‌ی قامیشلۆ بۆ ماوه‌ی 49 ساڵ، هاوشێوه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ی پێشووی ده‌رباره‌ی هه‌ردوو بنكه‌ی حمێمیم‌و ته‌رتوس.
كۆمه‌ڵێك ئامانج
پێش ڕاگهیاندنەکەش، ده‌زانرا كه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ڕوسیا ده‌بێته مایه‌ی وروژاندنی كۆمه‌ڵێك پرسیار له‌لایه‌ن هێزه نێودهوڵهتیو ئیقلیمییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی‌و مه‌یدانییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سوریا. ڕوسیا پێ‌داگر بوو له‌سه‌ر ئاماژه‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی كه ململانێی سه‌ربازی له ناوخۆی سوریادا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م بووه‌ته‌وه، ئه‌وه بوو (ڤلادیمێر پوتن) سه‌رۆكی ڕوسیا له كۆڕهبهندی (ڤاڵدای) بۆ دیالۆگی نێوده‌وڵه‌تی، له 3ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا ڕایگه‌یاند: "ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه به‌رفراوانه‌كان له ناوخۆی سوریادا كۆتاییان هاتووه". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی كرد بۆ بایه‌خی هه‌نگاوی كرداره‌كی به‌ئاراسته‌ی گه‌یشتن به ڕێگەچاره‌ی سیاسی بۆ قه‌یرانی سوریا.
ئه‌و ئاماژانه وا لێكدرانه‌وه كه روسیا ڕه‌نگه هه‌وڵبدات زه‌مینه‌سازی بكات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی سیمای سه‌ربازیی له گۆڕه‌پانی سوریادا، چونكه ئه‌و رۆڵه‌ی له سێپته‌مبه‌ری 2015دا گێڕای، یه‌كلاكه‌ره‌وه بوو بۆ گۆڕینی پارسه‌نگی هێز له به‌رژه‌وه‌ندیی ڕژێمی سوریا كه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌خت ببووه‌وه له ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كه‌دا (2011). ئه‌وه هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو بۆ هه‌ڵكشانی گرژیی په‌یوه‌ندییه‌كانی روسیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی خۆرئاوا، به ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاشه‌وه كه به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی له پشتیوانییه‌كانی مۆسكۆ ده‌گرت بۆ ڕژێمی ئه‌سه‌د، ئه‌ویش له دوو ڕووه‌وه: له‌ڕووی سیاسییه‌وه، روسیا مافی ڤیتۆی به‌كارهێنا له‌دژی ده‌ركردنی بڕیاری ئیدانه‌كردنی كرده سه‌ربازییه‌كانی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش. له‌ڕووی سه‌ربازیشه‌وه، ڕوسیا ڕاسته‌وخۆ هاوكاری ڕژێمی سوریا بوو له‌ڕێی گورزه ئاسمانییه‌كان، ئه‌و هاوكارییانه بوونه مایەی هه‌ڵسانه‌وه‌ی سوپای سوریا‌و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ فراوانكردنی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی دیمه‌شق.
له‌م هه‌نگاوه‌ی دواییه‌وه ده‌ركه‌وت كه مۆسكۆ په‌نای بردووه‌ته‌به‌ر بژارده‌ی دژ، كه ته‌نها بریتی نیه له سه‌پاندنی نفوزی سه‌ربازی خۆی له‌ڕێی به‌كرێگرتنی هه‌ردوو بنكه‌ی حمێمیم‌و ته‌رتوس، به‌ڵكو پلانه‌كه فروانتر ده‌كات بۆ بنكه‌ی دیكه، وه‌ك ئه‌و بنكه سه‌ربازییه‌ی كه ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ دروستكردنی له قامیشلۆ.
لێره‌وه ده‌كرێت بوترێت: مۆسكۆ له‌ڕێی فراوانكردنی مه‌ودای نفوزی سه‌ربازیی خۆی له سوریا، هه‌وڵی به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێك ده‌دات، كه گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:
١/ په‌یامێك بۆ دۆست‌و نه‌یاره‌كان: پێده‌چێت مۆسكۆ له‌ڕێی ئه‌م هه‌نگاوه تازیهوه هه‌وڵبدات له یه‌ك كاتدا په‌یامێك ئاراسته‌ی دۆست‌و نه‌یاره‌كانی بكات، كه نیازی نیه به‌م زووانه ڕاده‌ی ئاماده‌گی سه‌ربازیی خۆی له ناوخۆی سوریادا كه‌م بكاته‌وه.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كه وادیاربوو نه‌یاره‌كانی ڕوسیا چاوه‌ڕێی بوون‌و خۆیان سازكردبوو ده‌ستبه‌جێ ئه‌و بۆشاییه پڕبكه‌نه‌وه كه به ڕۆشتنی ڕوسیا دروست ده‌بێت، وه‌ك چۆن ئه‌مریكا به‌شێك له هێزه‌كانی له رۆژئاوای كوردستان كشانده‌وه‌و توركیا به‌ئامانجی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه له 9ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا له‌شكركێشییه‌كی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه ئه‌نجامدا به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام به قوڵایی 32 كیلۆمه‌تر.
به واتایه‌كی تر، ئه‌و هێزانه پێیان وابوو پێدراوه‌كانی پاش گریمانه‌ی پاشه‌كشه‌ی سه‌ربازیی ڕوسیا له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا، ده‌شێت بیقۆزنه‌وه بۆ به‌هێزكردنی نفوزی خۆیان، له‌وێشه‌وه خۆیان بكه‌ن به ژماره‌یه‌كی قورس كه بواری پشتگوێخستنیان نه‌مێنێت له پرۆسه‌ی گهڵاڵهكردنهوهی پله‌به‌ندیی سیاسی‌و ئه‌منیی پاش كه‌مبوونه‌وه‌ی ته‌وژمی ململانێ سه‌ربازییه‌كان. وادیاره روسیا دركی به‌و نیازه‌ی نه‌یاره‌كانی كردووه، كه هه‌نگاوێكی له‌و جۆره له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌ودا نیه.
لێره‌دا پێناچێت په‌یامه‌كه‌ی مۆسكۆ ته‌نها بۆ واشنتۆن‌و ئه‌نقه‌ره بێت، به‌ڵكو بۆ تارانیشه، به‌وپێیه‌ی كه تاران چه‌ندین جار ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو: دڵنیا نیه له ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنیی مانه‌وه‌ی سه‌ربازیی ڕوسیا له سوریا.
٢/ ترس له پله‌به‌ندییه ئه‌منییه‌كان: مۆسكۆ به‌وردی چاودێریی جووڵه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات له باكووری سوریا، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی واشنتۆن له 13ی نۆڤه‌مبه‌ردا ده‌ستیكرد به جێگیركردنی هێزه‌كانی له رۆژئاوای كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی به‌شێكی هێزه‌كانی له بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی نزیك (كوبانێ) كشانده‌وه‌و هێزێكی دیكه‌ی له عیراقه‌وه گواسته‌وه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه.
مۆسكۆ هه‌ندێك ڕه‌خنه‌ی له‌و جووڵه سه‌ربازییانه‌ی واشنتۆن گرت، ئه‌وه‌بوو (سێرگی لاڤرۆڤ) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا، ئه‌مریكای تۆمه‌تباركرد به "هه‌وڵدان بۆ دابڕینی ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی فورات له سوریا‌و دروستكردنی نیمچه ده‌وڵه‌تێك له‌وێدا"، كه ئه‌وه‌ش ناكرێت جیابكرێته‌وه له پێداگریی بۆ سه‌پاندنی نفوزی سه‌ربازی له داهاتوودا.
٣/ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان: مۆسكۆ پێی وایه ئه‌و رۆڵه سیاسی‌و سه‌ربازییه‌ی له ساڵی 2015وه له سوریا گێڕاویه‌تی، كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌ر هاوسه‌نگی هێزه‌كان‌و به‌رگرتن له فراوانبوونی ده‌سه‌ڵاتی ڕێكخراوه تیرۆریستی‌و چه‌كدارییه‌كان له‌سه‌ر خاكی سوریا.
روسیا وای ده‌بینێت ناكرێت پاشه‌كشێ له‌و ده‌سكه‌وتانه بكات كه له ڕابردوودا به‌ده‌ستی هێناون. ئه‌م تێڕوانینه، نیشانه‌یه‌كی گرنگ ده‌دات به‌ده‌سته‌وه: مۆسكۆ د‌رك به‌وه‌ده‌كات كه پارسه‌نگی هێزه‌كان له ناوخۆی سوریادا به‌جۆرێك گۆڕاوه كه له به‌رژه‌وه‌ندیی حیساباته ستراتیژییهكانیدایه، له‌لایه‌كه‌وه پشتیوانیكردنی ڕژێمی سوریا‌و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، له‌لایه‌كیشه‌وه بۆ دووباره‌نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه له لیبیا ڕوویدا.
ڕوسیا له هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ش ده‌زانێت كه تێچووی ئه‌م ڕۆڵگێڕانه به‌رۆكی ده‌گرێته‌وه، چونكه مانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانی لانیكه‌م واده‌یه‌كی دیاریكراوی نیه له هه‌ردوو مه‌ودای نزیك‌و مامناوه‌نددا. بۆ نموونه، ڕه‌نگه له قۆناغی داهاتوودا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی مۆسكۆ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له گرووپه تیرۆریستییهكانەوە بكرێته ئامانج، ئه‌وه‌ش ناچاری ده‌كات چاودێریی جووڵه‌ی ئه‌و گرووپانه بكات له‌سه‌ر خاكی سوریا، به‌تایبه‌ت كه هه‌ندێك له ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپانه خه‌ڵكی روسیا‌و وڵاتانی ئاسیای ناوهڕاستو قه‌وقازن.
٤/ گوشار بۆ سه‌ر كورده‌كان: له‌وانه‌یه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی دوایی ئاماژه‌ی خواستی مۆسكۆ بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی گوشاره‌كانی له‌سه‌ر كورده‌كان، به دیاریكراویش (هێزه‌كانی سوریای دیموكرات) تا ناچاربن بچنه نێو هاوكێشه ئه‌منییه نوێیه‌كان له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریا، ئه‌مه جگه له قۆستنه‌وه‌ی پێدراوه نوێیه‌كان كه ده‌رهاویشته‌ی له‌شكركێشی توركیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی باكووری سوریا‌و، ئه‌و لێكگهیشتنانهی كه توركیا له‌گه‌ڵ ئهمریكاو روسیا له‌سه‌ری رێكه‌وتوون.
ته‌واوی پێدراوه‌كانی سه‌ره‌وه، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه روسیا هه‌وڵی فراوانكردنی بژارده‌كانی به‌رده‌ستی ده‌دات بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی‌و مه‌یدانییانه‌ی كه به‌م دواییه سوریا به‌خۆوه بینیوه، به‌تایبه‌ت كاری لیژنه‌ی دهستووریو زیادبوونی بایه‌خپێدانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به ئاراسته‌ی گه‌یشتن به رێگه‌چاره‌یه‌كی سیاسی بۆ قه‌یرانی سوریا له قۆناغی داهاتوودا.
و/ سیڤه‌ر
سه‌رچاوه/ futureuae.com