سه‌دام حسێن

PM:12:27:14/12/2018
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

سیاسییه‌كی عێراقییه‌، له‌منداڵییه‌وه‌ به‌هه‌تیوی په‌روه‌رده‌كراوه‌، به‌ڵام توانی بگاته‌ به‌رزترین پله‌ی وڵات. توانی ده‌سته‌ڵاتی تاكڕه‌وانه‌ی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌تی عێراقدا بسه‌پێنێت. سه‌رۆكایه‌تی عێراقی بۆماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕه‌به‌ق كردووه‌، عێراق له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا دوو جه‌نگی گه‌وره‌ی له‌دژی ڕۆژئاوا به‌رپاكردووه‌، پێشتریش بۆماوه‌ی هه‌شت ساڵ شه‌ڕێكی وێرانكه‌ری له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا به‌رپاكردووه‌.

له‌دایكبوون

-سه‌دام ڕۆژی 28/4/1937 له گوندی عۆجه‌ی نزیكی تكریت ناوه‌ندی پارێزگای سه‌لاحه‌دین له‌ناوه‌ڕاستی عێراق له‌دایكبووه‌. به‌رله‌وه‌ی له‌دایك بێت، باوكی مردووه‌، سه‌دام له‌ماڵی خاڵی خه‌یروڵا تولفاح په‌روه‌رده‌كراوه‌.

خوێندن وگه‌شه‌

-له‌ساڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا نه‌نێردراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن، به‌ڵام له‌ته‌مه‌نی 11 ساڵێدا كاتێ ده‌چێت ماڵی خاڵی، له‌شارۆچكه‌ی تكریت ده‌نێردرێته‌ به‌رخوێندن. له‌به‌غدا خوێندنی بنه‌ڕه‌تی ته‌واو ده‌كات.پاشان ده‌چیته‌ ناوه‌ندی كه‌رخ.

- به‌رله‌وه‌ی خوێندنی دواناوه‌ندی ته‌واو بكات، له‌خوێندن داده‌بڕێت.

-له‌دوای هه‌وڵدانی بۆ تیرۆكردنی عه‌بدولكه‌ریم قاسم سه‌رۆككۆماری ئه‌وكاته‌ی عێراق، په‌ناده‌باته‌ به‌ر میسر و له‌وێ له‌شاری قاهیره‌ ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌خوێندن.

پۆست و پله‌كان

-سه‌ربای ئه‌وه‌ی له‌گۆڕه‌پانی سیاسیدا ئاماده‌گییه‌كی گه‌وره‌و ڕه‌های هه‌بوو، كه‌چی هیچ پله‌و پۆستێكی ئیداری وه‌رنه‌گرتوه‌.

-له‌دوای ڕووخانی عه‌بدولكه‌ریم قاسم، كراوه‌ته‌ به‌رپرسی ده‌ستگای ئاسایش. به‌ڵام له‌سه‌رده‌ستی عه‌بدولسه‌لام عارفدا هه‌موو به‌عسیه‌كان به‌سه‌دامیشه‌وه‌ له‌پۆسته‌كانیان ده‌ركران.

-سه‌دام ساڵی 1964 له‌لایه‌ن عه‌بدولسه‌لام عارفه‌وه‌ خرایه‌ زیندان.له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌یدا له‌زیندان، ساڵی 1966 به‌ئه‌مینداری حیزبی به‌عس باڵی عێراق هه‌ڵبژێردرا.

-ساڵی 1979 سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی عێراق ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌كر، ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌، سه‌دام پۆستی سه‌رۆككۆماری وه‌رگرت، هاوكات خۆی كرده‌ سه‌رۆكوه‌زیران، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان.

-ڕێككه‌وتنی جه‌زائیری له‌گه‌ڵ شای ئێران واژۆكردووه‌، بۆشكست پێهێنانی شۆرشی كورد.

-ساڵی 1980 شه‌ڕێكی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵگیرساندووه‌ كه‌ بۆماوه‌ی 8ی ساڵی ڕه‌به‌ق درێژه‌ی كێشا.

- ڕۆژی 2/8/1990 به‌شێوه‌یه‌كی له‌ناكاو ده‌وڵه‌تی كوه‌یتی داگیركردو، ئه‌وه‌ش بووه‌ سه‌ره‌تای گۆڕانكاریه‌كی قووڵ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا.

-بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی عێراق له‌كوه‌یتدا، هاوپه‌یمانی نێوده‌وله‌تی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و به‌شداری 33 ده‌وله‌ت پێكهێنرا.

-ڕۆژی 26/2/1991 ده‌وڵه‌تی كوه‌یت له‌ده‌ستی داگیركاری سه‌دام ئازادكرا.

- له‌ساڵی 2003 ئه‌مریكا هێرشێكی فراوانی بۆ له‌ناوبردنی سه‌دام حسێن و ڕزگاركردنی عێراق ده‌ستپێكرد.

-ڕۆژی 9/4/2003 ده‌سته‌ڵاتی سه‌دام كۆتایی هات.

-ڕۆژی14/12/2003 له‌لایه‌ن هێزێكی تایبه‌تی ئه‌مریكییه‌وه‌ سه‌دام له‌نزیكی عۆجه‌ له‌ژێر زه‌مینێكدا ده‌ستگیركرا.

مردن

-به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 30/12/2006 كه‌یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قوربان بوو، سه‌دام له‌به‌غدا له‌سێداره‌ درا.



ئه‌م بابه‌ته 1043 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر