ناحیه‌ی‌ كه‌سنه‌زان

PM:03:07:15/01/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

ناحیه‌ی‌ كه‌سنه‌زان یه‌كێكه‌ له‌ ناحییه‌كانی‌ قه‌زای‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر، 28 گوند ده‌كه‌ونه‌ سنوری‌ ناحییه‌كه‌وه‌. كه‌سنه‌زان مێژوویه‌كی‌ كۆنی‌ هه‌یه‌، به‌دڵنیایی‌ نازاندرێ‌ كه‌ی‌ بنیات نراوه‌، به‌ڵام ده‌وترێت زیاتر له‌ 300 ساڵه‌ كه‌سنه‌زان وه‌ك گوند له‌ سه‌رده‌می‌ حوكمڕانی‌ عوسانییه‌ داگیركه‌ره‌كاندا ژیانی‌ تێدا بووه‌، به‌هۆی‌ بوونی‌ چه‌ند كارێزی ئاو به‌رده‌وام چه‌ند ماڵێك له‌ ده‌وروبه‌ری‌ ئه‌و كارێزه‌ ژیاون، به‌لاَم به‌ته‌واوی‌ 300 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا نزیكه‌ی‌ پێنج تا شه‌ش نه‌وه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ چه‌ند ماڵی‌ تێدا نیشته‌جێ بوون.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ناحیه‌ی‌ كه‌سنه‌زان له‌ 12-5-2002 له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ فه‌رمانی‌ كارگیڕی‌ به‌ ناحیه‌بوونی‌ بۆ ده‌رچووه‌. به‌هۆی‌ فراوانبوونی‌ كه‌سنه‌زان ئێستا كه‌وتوه‌ته‌ نێو ماسته‌ر پلانی‌ شاره‌وانی‌ هه‌ولێر و گرنگییه‌كی‌ زۆری‌ له‌ ڕووی‌ پڕۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ و ئاوه‌دانییه‌وه‌ پێدراوه‌.
 
ناو:
ده‌گوترێت له‌ سه‌رده‌مانێكی‌ زۆر پێش ئێستا چه‌ند چه‌ته‌یه‌ك یاخود ده‌ست ڕۆیشتویه‌كه‌وه‌ مه‌ڕ و ماڵات و ئاژه‌ڵی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ دیكه‌ به‌ تاڵان ده‌به‌ن و ماوه‌یه‌ك له‌ ناو زورگ و ده‌وروبه‌ری‌ كارێزی‌ كه‌سنه‌زان ده‌مێننه‌وه‌، پاشان سوارچاكێكی‌ كه‌سنه‌زان به‌ ناوی‌ (خالد ) له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی‌ دیكه‌ داوا له‌ چه‌ته‌كان ده‌كه‌ن تاڵانه‌كه‌ بۆ ناوچه‌ و خاوه‌نه‌كانیان بگێڕنه‌وه‌، ئه‌وانیش ئه‌م داوایه‌یان ڕه‌تكردوه‌ته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌ هێز و شه‌ڕ  تاڵانییه‌كه‌ وه‌رده‌گرنه‌وه‌ و ده‌یانگێڕنه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان، چه‌ته‌كانیش یان ده‌كوژرێن یاخود هه‌ڵدێن و بزر ده‌بن. خه‌ڵكیش له‌ سوار چاك خالید و هاورێكانی‌ ده‌پرسن دز و چه‌ته‌ و ڕێگره‌كان چیان به‌سه‌ر هات؟ ئه‌وانیش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن "كه‌س نازانێ‌". بۆیه‌ كه‌سنه‌زان له‌وه‌وه‌ ناوی‌ هاتووه‌.

هه‌روه‌ها ده‌گوترێت، سه‌رده‌مانێكی‌ زۆر پێش ئێستا دوو پاشای‌ لێبووه‌ به‌ ناوی‌ ( ئیسماعیل پاشا )و (عه‌لی‌ پاشا) كه‌ په‌نای‌ ئه‌و كه‌سانه‌یان داوه‌ كه‌ له‌ده‌ست حكومه‌تی‌ ئه‌وكات هه‌ڵهاتوون، كه‌ ده‌پرسن بۆ كوێ هه‌ڵهاتوون؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌وترا " كه‌س نازانێ‌ ". گوایه‌ ناوی‌ كه‌سنه‌زان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌. ئه‌م ڕاوبۆچونانه‌ له‌ چه‌ند ڕیشسپییه‌كی‌ ناوچه‌كه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌.

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌:
ناحیه‌ی‌ كه‌سنه‌زان به‌دووری‌ 10كم ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ سه‌نته‌ری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر، ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ قه‌زای‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر، ڕۆژئاوای‌ ناحیه‌ی‌ شۆڕش، باشوری‌ ڕۆژئاوای‌ ناحیه‌ی‌ پیرمام و باشوری‌ ناحیه‌ی‌ به‌حركه‌.

ئاو و هه‌وا:
له‌ ڕووی‌ ئاو و هه‌واوه‌، ناحیه‌ی‌ كه‌سنه‌زان زستانی‌ سارد، هاوینی‌ گه‌رمه‌.

ڕووبه‌ر:
ڕووبه‌ری‌ ناحیه‌ی‌ كه‌سنه‌زان به‌پێی‌ كلیلی‌ نه‌خشه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان، ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 8 كم.

ژماره‌ی‌ دانیشتوان:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ ناحیه‌ی‌ كه‌سنه‌زان نزیكه‌ی‌ 80,185 كه‌سن.

ئا/ ئه‌نه‌س محمد ابراهیم


ئه‌م بابه‌ته 322 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر