كوردستان ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌

PM:11:43:30/01/2020
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

ئاژانسی‌ رۆژنامەوانیی فه‌ره‌نسا (فرانس پرێس)، راپۆرتێكی‌ ئاماده‌كردووه‌ به‌ناونیشانی‌ "كوردستان ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌". تیایدا هاتووه‌: ئێستا ده‌ڕوانینه‌ كوردستان، كه‌ خاوه‌نی‌ پارله‌مان‌و حكومه‌تی‌ كوردییه‌. كورد (35) ملیۆن كه‌سن، رووبه‌ری‌ كوردستان (500) هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌. كورده‌كان به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و توركی‌‌و فارسی‌ نادوێن، به‌ڵكو زمانی‌ خۆیان هه‌یه‌ كه‌ زمانی‌ كوردییه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: ئێستا هه‌ژده‌ ملیۆن كورد له‌ باكوری‌ كوردستان ده‌ژین، حه‌وت ملیۆن له‌ باشوره‌كه‌ی‌، هه‌شت ملیۆن له‌ رۆژهه‌ڵاته‌كه‌ی‌‌و دوو ملیۆن كورد له‌ رۆژئاواكه‌ی‌. به‌هۆی‌ دابه‌شكردنی‌ نیشتیمانه‌كه‌شیانه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ كورد به‌ره‌و وڵاتانی‌ رۆژئاوا كۆچیان كردووه‌، زۆرینه‌یان له‌ ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێبوون‌و ژماره‌یان ده‌گاته‌ (650) هه‌زار كورد. جگه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكاش ده‌ژین.

كوردستان به‌پێی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ سایكس بیكۆ له‌نێوان فه‌ره‌نساو به‌ریتانیادا دابه‌شكرا. پاشان له‌ ساڵی‌ (1920) به‌ریتانیا ده‌ستی‌ به‌سه‌ر ویلایه‌تی‌ موسڵدا گرت‌و له‌ كوردستانی‌ دابڕی‌. 

له‌ ساڵی‌ (1961) كورده‌كان شۆڕشه‌كه‌یان له‌ گونده‌كانی‌ كوردستان ده‌ستپێكرد. له‌ ساڵی‌ (1991) كورده‌كان له‌ باكوری‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ ئێستا له‌دژی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ عێراق (سه‌دام حسێن) راپه‌ڕین، به‌هۆی‌ راپه‌ڕینه‌كه‌یانه‌وه‌ دوو ملیۆن‌و (400) هه‌زار كه‌س ئاواره‌ بوون‌و ئه‌وه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ لێكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ كورده‌كان خاوه‌نی‌ ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێز بوون. بۆیه‌ جۆرجی‌ بۆشی‌ باوك سه‌رۆكی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا هێڵی‌ (36) داناو ناوچه‌ی‌ دژه‌فڕینی‌ به‌سه‌ر عێراقدا سه‌پاند، به‌شێك له‌ كوردستان كه‌وته‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ كورده‌وه‌.

دوای‌ ساڵی‌ (2003)‌و روخاندنی‌ سه‌دام، كورد به‌شداری‌ له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی‌ عێراقدا كرد، به‌ڵام كورد هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا پارله‌مان‌و حكومه‌تیان بۆ خۆیان دروستكرد، هێزێكیان هه‌یه‌ له‌ كوردستان كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌. كورد به‌ چاوێكی‌ پیرۆزه‌وه‌ ته‌ماشای‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌رگریی له‌ خاكی‌ كوردستان كرد.

له‌ ساڵی‌ (2005) یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن له‌دوای‌ روخاندنی‌ سه‌دام ئه‌نجامدرا. كورده‌كان توانییان رێژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنن‌و ببنه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ دووه‌م له‌ عێراقدا. جه‌لال تاڵه‌بانی‌ به‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و مه‌سعود بارزانی‌ به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم هه‌ڵبژێردران.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر گه‌شه‌ی‌ كرد، كورده‌كان ده‌ستیانكرد به‌ به‌هێزكردنی‌ پێگه‌ی‌ خۆیان، به‌جۆرێك وای‌ له‌ كورده‌كانی‌ به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ كرد رووبكه‌نه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌وڵه‌تانیش نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆیان له‌ كوردستان كرده‌وه‌. كوردستان بووه‌ نمونه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا.

عێراق بۆ رێگرتن له‌ پێشكه‌وتنی‌ كوردستان، ده‌ستیكرد به‌ ململانێ‌. بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ وه‌كو هێزێك له‌ عێراقدا قبوڵ نه‌كرد. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ له‌دژی‌ داعش ده‌ستی‌ پێكرد، داعش په‌لاماری‌ كوردستانی‌ دا، ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ عێراقدا بوون كه‌وتنه‌ ده‌ستی‌ داعشه‌وه‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ توانیان ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ده‌ست داعش ده‌ربهێنن‌و ئاڵای‌ كوردستانی‌ تێدا به‌رزبكه‌نه‌وه‌‌و به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌تر هه‌نگاویان نا. ئێستا كوردستان به‌هێزترین هێزی‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ به‌ره‌نگاری‌ داعش ده‌بێته‌وه‌.

له‌ به‌شی‌ كۆتایی‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌: سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كوردستان پێگه‌یه‌كی‌ گرنگه‌ بۆ سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها پێگه‌ی‌ كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌شدا گرنگه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ ئێستا بڵێین: ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ كوردستانیان دابه‌شكرد، كاتێك ده‌بینین كورده‌كان له‌ڕووی‌ هێزو پێگه‌ی‌ جوگرافی‌‌و سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌، باشترین هاوپه‌یمانی‌ رۆژئاوان له‌ ناوچه‌كه‌دا، بیر له‌ چی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟ بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین: كورده‌كان له‌ نه‌خشه‌ی‌ داهاتووی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا ده‌بنه‌ ده‌وڵه‌ت.

ئا/ بارام سوبحی


ئه‌م بابه‌ته 5524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر