حەشدی شەعبی لەنێوان ھەڵوەشانەوە یا ھەڵسانەوە

ئازاد وەڵەد بەگى
نووسەر
پاش ھێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، لەسەر فەتوای (ئایەتوڵا سیستانی) ھێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزران. ھەڵبەت ھەندێک لەو ھێزانە پێشتریش ھەبوون وەکو: (سەرایا سەلامی موقتەدا سەدر) و (فەیلەقی بەدر) کە تەنانەت مێژووی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس.

پاشان بەپێی یاسای ژمارە (٤٠)ی ساڵی ٢٠١٦ یاسای دەستەی حەشدی شەعبی بەرگێکی یاسایی کرا بە بەری ئەم ھێزانە، بەپێی بەندی (١/یەکەم/١) حەشدی شەعبی بە پێکھاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ دادەنرێت و بەشێکە لە ھێزە چەکدارەکانی عێراق و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان.

دوای ئەوەی ڕۆژنامەی (وال ستریت ژۆرناڵ)، چەند ڕۆژێک لەمەوپێش زەنگێکی مەترسیداری لێدا و لە ھەواڵێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە سەرچاوەی ھەڵدانی ئەو موشەکانەی کە لە دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە دراون بۆ خاکی عێراق دەگەڕێتەوە، شۆکێک لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراقیدا درووستبوو.

ھەروا پاش ھێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی بەحرەین لە بەغدا و داگرتنی ئاڵای ئەو وڵاتە لە ھەفتەی ڕابردوو، هەروەها تۆمەتبارکردنی ھەندێک لە گرووپی حەشد بە دەستھەبوون لەو ڕووداوە، ئەم تێگەیشتنەی لای دەسەڵاتدارانی عێراق و بە تایبەت سەرۆک وەزیران (عادل عەبدولمەھدی) درووستکرد کە لە قۆناغی پۆست داعش و قووڵتربوونەوەی ململانێی ھەرێمی نێوان ئێران و ئەمەریکا، ئەگەر گرووپەکانی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵ نەکرێن، ئەوا مەترسی گەورە وھەڕەشە لە عێراق دەکات و ئەگەری ئەوە ھەیە کە عێراق بە بێ خواستی خۆی، ببێتە بەشێک لەو ململانێیەی کە دوور نییە خاکی عێراق بکاتە گۆڕەپانی جەنگە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا.

عێراق لە قۆناغی پۆست داعش و ئەو دۆخە ئانارشیکەی کە بە ھۆی جەنگی داعش و دەرەنجامەکانییەوە درووست بووە، ئیدی توانای ئەوەی نییە بچێتە ناو ھیچ ململانێیەکی ھەرێمی، کە ڕەنگە جگە لە جەنگ و ماڵوێرانیی ھیچ ئاکامێکی بۆ عێراق بە دواوە نەبێت و دۆخی ئەم وڵاتە توانای بەرگەگرتنی ھیچ جەنگێکی نییە.

عادل عەبدولمەھدی لە ٢٠١٩/٧/١ فەرمانی دیوانی ژمارە (٢٣٧)ی دەرکرد بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە ناو سوپای عێراقدا.

ھەڵبەت بەشێکی ئەم فەرمانە دووبارەکردنەوەی ھەمان ئەو خاڵانەیە، کە پێشتر لە یاسای دەستەی حەشدی شەعبیدا ھاتوون وەک بەستنەوەی ئەم ھێزانە بە ھێزە چەکدارەکانی عێراق، قەدەغەکردنی کاری سیاسی و حیزبی لە ناو ‌ڕیزەکانی حەشد، ملکەچبوونیان بۆ یاسا سەربازییەکانی عێراق و ... ھتد.

خاڵێکی نوێ کە لەم فەرمانەدا ھاتووە قەدەغەکردنی نووسینگە ئابورییەکان و بازگە و شوێنی کۆبوونەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبییە، کە ببووە سەرچاوەیەکی ئابوریی گەورە بۆ ئەو ھێزانە.

دەتوانین سیناریۆ و ئاماژەکانی پشت دەرکردنی ئەم فەرمانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕ بکەینەوە:

١- فەرمانەکە ڕووکەشێکی یاساییە بۆ داپۆشینی حەشدی شەعبی لەژێر چەتری سوپای فەرمی عێراق، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ئەگەر ھەر ھەنگاوێکی نا دژ بە ھێزەکانی ئەمەریکا، ئەوا بکەوێتە ژیر چەتری پاراستنی یاسایی سوپای عێراق و خۆی لە سزا یان ھێرشەکانی ئەمەریکا بپارێزێت.

ھەروا دەکرێت بە سەرنجدان بە ژمارەی زۆری چەکدارەکانی حەشد کە بە ١٢٠٠٠٠ کەس مەزەندە دەکرێن و لە ڕووی چەک و تەقەمەنیشەوە دۆخیان لە سوپای عێراق باشترە، ئەوا دەکرێت بە تێکەڵکردنی ئەم ھێزانە لە ناو سوپای عێراقدا، بەرەبەرە ئەوان بتوانن ئەم سوپایە لە ناو خۆیاندا ھەڵلووشن و بیتوێننەوە و سوپای عێراق بکەنە سوپایەکی ئایدۆلۆژی و لە خزمەت ئامانجەکانی دەوڵەتی قووڵی شیعە بێت لە عێراقدا.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەم فەرمانە، ھەموو لایەنە شیعییەکان و تەنانەت گرووپەکانی حەشدی شەعبیش پێشوازییان لێکرد و ھیچ لایەن و کەسایەتییەکی دیاری شیعە دژی نەوەستایەوە و کاردانەوەیەکی نەرێنی جێی باس بەدینەکرا.

لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم سیناریۆیە، ئەوا ھێزەکانی حەشدی شەعبی نەک ھەر ناتوێنەوە، بەڵکو بەرەو ھەڵسانەوە و فراوانبوون و بەھێزتربوون دەڕۆن.

٢- ئاماژەی دووەم دەتوانێت ئەوە بێت، کە لە کاتی ئێستادا نەوەیەکی نوێی سیاسی لە عێراقدا سەریھەڵداوە، کە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بە لایانەوە لە سەرووی ھەموو شتێکەوەیە.

بە ھۆی ئەوەی ھەندێ لە ڕەفتار و ھەڵسوکەوتەکانی حەشدی شەعبی دەتوانێت لە دۆخی ئانارشیک و ھەستیاری ئێستای ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، گرفت بۆ حکومەتی عێراق و بەرنامە وپلانەکانی گەشەکردنی وڵات درووست بکات و عێراق بخاتە ناو قۆناغێکی دیکەی نائارامی و بشێویی.

ھەربۆیە پێیان باشە ھێزەکانی حەشدی شەعبی بخرێنە ناو چوارچێوەی سوپای عێراق و ھەڵسوکەوتەکانیان کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگە بگرن لەوەی کە عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی تاران-واشنتۆن و، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی حکومەتی عێراق لە قۆناغی پۆست داعش بۆ چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا.

لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم ئاماژەیە، ئەوا ھێزەکانی حەشدی شەعبی بەرەبەرە لە ناو سوپای عێراقدا دەتوێتەوە و ھەڵدەوەشێتەوە. 

سەرکەوتنی ھەر یەک دوو ئاماژەیەی سەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئامانج و مەبەستی ڕاستەقینەی حکومەتی عێراق لە دەرکردنی ئەم فەرمانە، کە ھێشتا زووە بتوانین ھەڵسەنگاندنێکی وردی بۆ بکەین و، دەبێت چاوەڕوان بین بزانین ئەنجامەکانی ئەو فەرمانە لە داھاتوودا چی دەبێت و بە چ ئاراستەیەک دەڕوات. 


ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.


   


PM:03:13:07/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر