بۆ خۆرەکە لە بەغدادەوە هەڵنایەت؟

دكتۆر عادل باخەوان
سۆسیۆلۆگ و ڕوناكبیری كورد
بەخشینی متمانە بە موستەفا کازمی، دەکرێت هەواڵێکی گرنگ بێت بۆ عێراقیەکان. لەسەر ئاستی نیشتمانی، ئەم ئەکتەرە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەولێر و نەجەف و ئەنباردا هەیە. لەسەر ئاستی جیهانیش هەمان پەیوەندی باشی لەگەڵ واشنتۆن و تاراندا هەیە. 

ئەوەی کە تائێستا دیارە، پیاوێکی پاك و کراوەیە و دورە لە ئایدۆلۆژیا داخراوەکان. بەڵام بەداخەوە، لەگەڵ پاکیەتی کازمیشدا، خۆرەکە ناتوانێت لە بە‌غدادوە هەڵبێت، چونکە نەخۆشییەکانی عێراق کوشندەن و ڤاکسینی کازمی چارەسەریان ناکات.

١/ ئایا هەلومەرجی بابەتی عێراق ڕێگا دەدات کە کازمی وەڵامی داواکاریی خۆپیشاندەرانی بزوتنەوەی ناڕەزایی بداتەوە؟

٢/ ئایا پاکیەتی کازمی دەتوانێت، لە دابەزینی نرخی نەوتدا، موچەی شەش ملیۆن موچەخۆر دابین بکات؟

٣/ ئایا کازمی بە سوپا هەڵوەشاوەکەی عێراقەوە دەتوانيت ڕێگا لە گەڕانەوەی بەهێزانەی داعش بگرێت؟

٤/ ئایا کازمی دەتوانێت سەرکەوتوبێت لە بەڕێوەبردنی ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە عێراقدا؟

٥/ ئایا کازمی بێ ‌حیزب، بێ ئەندامی پەرلەمان، دەتوانێت بەپێی سیستمێکی نوێ لە ماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردن ڕێکبخات؟

٦/ ئایا کازمی دۆستی کورد، دەتونێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەربکات؟

٧/ ئایا کازمی دەتوانێت کۆمەڵگای عێراقی لە میلیشیاکان پاکبکاتەوە؟

٨/ ئایا کازمی، لە کەلاوەیەکدا کە نەخۆشخانە و دەرمان و تەنانەت توانا پزیشکیەکانی وێران کرابن، دەتوانێت ئیدارەی کۆرۆنا ڤایرۆس بکات؟

ئەمە کۆی ئەو پرسیارانەن کە دەکرێت بەدواداچونیان بۆ بکرێت و توێژینەوەیان لەسەر بکرێت، هەروەك دەکرێت بۆچونی جیاوازمان لەسەریان هەبێت.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:09:21:13/05/2020



ئه‌م بابه‌ته 462 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌