نەوت؛ نیعمەت یان نەفرەت

سەرکۆ یونس
ئابوریناس

ئەو پرسیارەی شەو و، ڕۆژ بە مێشکی زۆربەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا دێت ئەوەیە؛ ئاخۆ ئەگەر نەوتی ژێر زەویمان بەجێبهێشتایە بۆ نەوەکانی داهاتوو، باشتر نەدەبوو؟ یاخود نەخێر! با لە ئێستادا سوود لە خێر و بێری ئەم زێڕە ڕەشە وەربگیرێت. نەوت لە کوردستاندا؛ بۆ هەندێ لایەن و کەس بووەتە نیعمەت و بۆ زۆربەی هاونیشتمانیانیش بووە بەنەفرەت، جگە لە نەھامەتی زیاتر بەدوای خۆیدا هیچی نەهێناوە، سامانی نەوت، یەکێکە لەهەرە گرنگترین سامانەکانی زۆربەی نەتەوە و وڵــاتانی جیهان، بە شمەکێکی ستراتیژی گرنگ دادەنرێت بۆ داهات و بودجەی گشتی وڵات، تا لەڕێگەیەوە خزمەتگوزارییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان بەبێ جیاوازی بۆ کۆمەڵــانی خەڵک دابین بکرێت.

نەوتی کوردستان، نزیکەی(12) ساڵە دەرهێنراوە و لەڕێگەی بۆری فرۆشراوە بەکۆمپانیای "رۆزنەفت"ی ڕووسی، دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی لەسەر دەریای ناوەڕاست، لەوێش بە نیوەی نرخی نەوتی جیهانی ھەڕاج دەکرێت، کە بەتێکرایی(15.78)دۆلارە، لەکاتێکدا تێکڕای نرخی نەوتی "برێنت" زیاتر لە(29)دۆلار بووە لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوودا، بەداخەوە بەهۆی ڕێککەوتنی حکومەتی (هەرێم و تورکیا)، ساڵانە بەدەیان ملیۆن دۆلار زیان بە ئابوری هەرێم دەگات و بەپێی داتاکان نزیکەی (30%) داهاتی نەوتی فرۆشرا و دەگەڕێتەوە گیرفانی حکومەتی هەرێمەوە! بەگوێرەی کۆتا راپۆرتی کۆمپانیای "دیلۆت" لەھەر سێ مانگی(نیسان-ئایار-حوزەیران)ی ساڵی رابردوودا، هەرێم لەبری قازانج(76)ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتوە!

لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا؛ ھەرێم(38)ملیۆن بەرمیلی بەنرخی(15.78)دۆلار فرۆشتووە، بەپێی هەمان ڕاپۆرت لەو ماوەیەدا خەرجییەکانی بواری نەوت لەداهاتەکانی نەوتی فرۆشراو زیاتر بووە! هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە نزیکەی(15%) داهاتی نەوتی هەرێم بۆ تورکیــــا دەچێت، یەکێکی تر لەگرفتەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە، زۆری تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوتەکەیە، کە نزیکەی (20)دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، بەشێکی تری نەوتی کوردستان بەڕێگه‌ی تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوە و، لەمەزادی ئاشکرای ناڕەسمیدا دەفرۆشرێت. کە دیسان بەداخەوە؛ ئەمەش هەروا بەهەدەردان و بەفیڕۆدانی دارایی زۆری تێدا دەکرێت و بەزیانی هەرێم کۆتایی دێت. ئەوەی بارەکەی زیاتر قورستر کردووە، ئەوەیە؛ هەرێم لە ڕووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە ناتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات و ئەندام نیە لەڕێکخراوی "ئۆپیک"، هەموو ئەمانە بەربەستن لەبەردەم هەناردەکردندا.

حکومەتی هەرێم، لەکاتی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتدا، بەبیانوی (ئابوری سەربەخۆ و، بودجەی سەربەخۆ)، ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد، بەڵام لەدوای دەیەیەک لە هەناردەکردنی نەوت نــە ئابوری سەربەخۆ هاتەدی و نە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە چوو، بگرە گۆڕانکارییەکان لەدوای پرۆسەکەوە بەخراپ بەسەر ئابوری هەرێم و دانیشتوانەکەیدا شکایەوە، هەر ئەم مەلەفەیە، بووەتە ڕێگر لەبەردەم ڕێکەوتنی (هەولێر و بەغداد) تا ئێستا و دوای خوێندنەوەی دووەمی بودجەی گشتی(2021)ی ئێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران، ھێشتا ڕێککەوتنی سیاسی و یاسایی ئیمزا نەکراوە، هەربۆیە مەترسی گەورە هەیە لەسەر پشکی هەرێم، کە بڕی پێشنیارکراوی ڕەشنووسەکە بە(12.67%)دانراوە، بەمەرجی ڕادەستکردنی (250)هەزار بەرمیلی ڕۆژانەو نیوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکانی هەرێم.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:11:31:20/01/2021



ئه‌م بابه‌ته 107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر