بودجەی ئێراق، سەرەتای هەرەسێكی مێژوویی

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
سه‌رۆكی ناوه‌ندی چاوی كورد بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسی


لەماوەی پانزە ساڵی ڕابردوودا، هەمیشە جەختمان لەو ڕاستییە كردۆتەوە كە ئێراق ناتوانێ ببێتە نیشتمانێك بۆ هەموو پێكهاتەكانی، ئەوەش بەپشت بەستن بووە بەدەیان لێكۆڵینەوەی كۆمەڵناسی و مرۆڤناسی، هاوكات بە پشت بەستن بەئەرگۆمێنتی مێژوویی گرنگ.

ئەگەرچی لەسەرەتای پرۆسەی ڕزگاركردنی ئێراقەوە، ڕای زۆرینەی ڕەهای كورد لەسەر ئەوە كۆك بوو كە ئەمجارەیان ئەزمونەكە جیاواز ئەبێت و، ئێراق بەستایلێكی تر بەڕێوەدەبرێت. بەڵام لەهەمان ڕۆژی دەنگدان لەسەر دەستوری هەمیشەیی ئێراقدا، لەڕۆژنامەی "كوردستانی نوێ" بابەتێكی درێژم بڵاو كردەوە بەناوی" لە ئێراقی نوێدا، ئەوەی بەدەستور ناكرێت" لەوێدا بەوردی ئاماژەم بەو هۆكارانە دابوو كە پێم وابوو وادەكەن دەستور هیچ بایەخێكی نەبێت بۆ ئێراق و نەتوانێت بچوكترین مافەكانی كورد دابین بكات.

لەدوای زیاتر لە پانزە ساڵ لەدەرچوونی دەستور، كەچی ئێستا نەك ئێراق هەر نەبووەتە وڵاتی هەمووان، بەڵكو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بۆ دواوە دەڕوات و، بەدڵنیاییەوە چارەنوسی هەموو پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە كارەساتبارە.

لەئیستاوە ئیراق لەبری دەوڵەتێكی عەلمانی و مەدەنی و فیدراڵی، كە پێشتر ڕێكلامی بۆ دەكرا، بووەتە كارگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی دواكەوتن و ڕەجعیەت و خراپترین جۆرەكانی گەندەڵی و داڕوخانی ئیدارە و سیستەم.

لەدوای پرۆسەی "نەوت بەرانبەر خۆراك" نەتەوە یەكگرتوەكان ڕێگەی بەئێراق دا تاكو ساڵانە بەبەهای 2 ملیار دۆلار نەوت بفرۆشێت و، بەپارەكەی خۆراك و دەرمان دابین بكات بۆ تەواوی خەڵكی ئێراق، هاوكات لەو پارەیە نزیكەی 13%ی بۆ هەرێمی كوردستان دانرابوو، وێڕای بڕێك پارە بۆ قەرەبووی كوەیت و هەندێك خەرجی تری ڕێكخراو و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان!.

كەچی سەیر لەوەدایە بەو بڕە پارەیە، خۆراك و دەرمان بۆ هەموو خەڵكی ئیڕاق، پێداویستی فەرمانگەكانی و ژێرخانی هەندێ سێكتەری وەك كارەبا و شارەوانی لە تەواوی ئیراقدا مسۆگەر كرا.

بڕیارەكە كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دیناری ئیراقی هەبوو، بەجۆرێك خەڵك و ئابوری ئاهێكیان بەبەردا هاتەوە! هەمووی ئەوە گوتمان بە تەنها 2 ملیار دۆلار! دواتر دەركەوت لەو بڕە پارەیە، چەندین دۆسیەی گەندەڵیش بەقەبارەی گەورە لەناو ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و لەناو ئیراقیش پەردەپۆش كراون، كەچی هێشتا بایی ئەوەندە پارە دەمایەوە كە نزیكەی 20 مادە خۆراك و دەیان جۆری دەرمان و ژێرخانی كارەبا و شارەوانییەكان بۆ ئیراق دابین بكرێت!.

لەئیستای ئیراقدا بە نزیكەی 140 ملیار دۆلار، كەچی وەك دەبینین ئیراق نەك بەڕێوە ناچێت، بەڵكو دەیان ملیار دۆلاری قەرزكردووەو، ئیراق لەڕیزی خراپترین وڵاتەكاندایە لەهەموو ڕوویەكەوەو، چاوەروان دەكرێت بەم زوانە بەفەرمی 40%ی خەڵكی ئەم وڵاتە بە هەژار لەقەڵەم بدرێن بەگوێرەی ستانداردەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان!.

جا بیهێنە بەرچاوت، پێش پرۆسەی ئازادی بە 2 ملیار ئەو هەموو بەرەوپێشەوە چوونە لەئیراق ڕوویدا، بەڵام ئیستا بە 140 ملیار، تەنانەت بۆ موچەش قەرز دەكات!.

جێگەی سەرنجە تەنها لەڕێگەی بودجە و دابەشكردنەكانییەوە، بەدەستێكی لێزانانە كاردەكرێت بۆ وێرانكردنی ئیراق، لەبری هەوڵدان بۆ دروستكردنەوەی، كەچی بەپێچەوانەوە، بەئەنقەست كاردەكرێت بۆ داڕوخان و زیاتر پاشكەوتنی، سەرنجی ئەم دوو نمونەیە بدە:

لەبودجەی 2021دا، بڕی 829 ملیار دینار دانراوە بۆ وەقفی شیعی، لەبەرانبەردا تەنها 3 ملیار دانراوە بۆ كۆڕی زانیاری ئێراق!.

بودجەی ئەنجومەنی وەزیران 475 ملیار، بودجەی هەرێمی كوردستان یەك دینار نانێرێت!.

بە دوو پرسیار كۆتایی بەم وتارە دێنم: لەوڵاتێكدا كە كۆڕی زانیاری 3 ملیار بەڵام وەقفێكی مەزهەبی 829 ملیاری بۆ دابنرێت، ئەنجومەنی وەزیران 475 ملیار بۆخۆی دابنێت، بەڵام هەرێمێكی فیدراڵی و دەستوری برسی بكرێت، ئایا ئەو وڵاتە دەبێتە نیشتمانی هەمووان؟ ئێراقی هیواو ئاشتی دەبێت وەك ڕیكلامی بۆ دەكرا؟ یان مەزەبێكی دیاریكراو كۆنترۆڵی كردوو ئیدی دەرچەیەك بۆ پێكەوە ژیان نەماوە؟ بودجەی ئەمساڵ پێی گوتین: ئەمساڵ سەرەتای ڕفاندنی ئیراق و هەرەسێكی مێژوویی دەبێت بەكردەوە.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

AM:10:57:22/01/2021



ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر