بە بۆنەی هاتنەوەی مەکگۆرک-ەوە

بەهرۆز جەعفەر
شارەزا لە بواری نەوت

بۆ ئەوەی تێکەڵ و پێکەڵی دروست نەبێت، چەند  فاکتێک ڕیز ئەکەین؛

یەکەم؛ لەبەرئەوەی (یەکێتی و پارتی) لە هەرێمی کوردستان- ئێراق و، خەڵکی کوردستان موراجەعەیەکی زیانەکانی شەڕی ناوخۆی نەکرد لە نەوەتەکانی ڕابردوو، کە تیایدا سەدان هەزار کورد بوونە قوربانی و سەدان هەزاریش ئاوارەو شاربەدەر بوون.  کارەساتە نێوخۆییەکان بە بەردەوامی مانەوە و ڕەنگدانەوەی لە تێگەیشتنی ئەمریکاشدا دروستکرد.

دووەم؛ وەکو "هێنری کیسنجەر" لە وەڵامی نامەیەکی مەرحوم « مەلامستەفای بارزانی» دا کە داوای بە هاناوەچوونی ئەمریکای کردبوو،  گلەیی لە ئەمریکا کردبوو، لەمەڕ شکستەکەی ساڵی ١٩٧٥ دا، "کیسنجەر" ئەڵێت؛ ئەمریکا ڕێکخراوی خێرخوازیی نییە و سیاسەت و هەواڵگریی شتێکەو لایەنی ئەخلاقی شتێکی ترە، سیاسەت بەرژەوەندییە، کورد ئەبێت بزانێت چۆن پەیوەندییەکانی هێز ئەدۆزێتەوە، ستراتیجی بەرانبەرەکانی چییە؟ ئاوەها لەگەڵیان بڕوات. ئەمریکا هێڵی ٣٦ و ناوچەی دژە فڕینی دروستکرد بۆ کورد، ناوچەی دژە فڕین و حکومەتی ( هەرێم و پەرلەمانی کوردستان )ی دروستکرد، کورد چوو شەڕی  ناوخۆیی کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا « کە ئەوکاتیش وەک ئێستا دیموکراتەکان فەرمانڕەوا بوون» هاتنە سەر هێڵ و ئاشتبونەوەی (یەکێتی و پارتی) و ڕێککەوتنی ستراتیجیان بەرپاکرد. ئەمریکا "سەددام حوسەین"ی ڕووخاند و فیدراڵیەتی لە دەستووری ئێراقدا چەسپاند، هەر تەنانەت دەستوورەکەشیان لە ئەمریکا لەسەردەستی چەند لۆبیست و شارەزای دەستووری وەک "پیتەر گالبرێس " Peter W. Galabraith نوسییەوە. کورد بوو بە فەرمانڕەوای گەورە و یەکەم لە ئێراقدا. لەبری زەمینە بۆ مافە دەستووریی و نەتەوەییەکانی کوردستان خۆشبکەن، لە کەرکوک و لە بەغداد دەستییان دا بە گەندەڵی و ڕاو ڕووتی و ململانێی حیزبایەتی.
 
سێیەم؛ کە شەڕی داعش دەستپێده‌کات، لەبری ڕووبەڕوو بوونەوەی مەترسیی تیرۆر کەچی (یەکێتی و پارتی) خەریکی چەلەحانێ کۆنەکەن و، وا ئەزانن زەوی بە دەووری ئەواندا ئەسوڕێتەوە نەک خۆر،  سوور ئەزانن ئەولەویەت و ستراتیجی "ئەمریکا" بریتییە لە جەنگی دژە تیرۆر و لەناوبردنی داعش، کەچی ئەمان دێن و ئەیانەوێ یارییەکە لە ئەمریکا تێکبدەن، ئەڵێن؛ ئێمە ڕیفراندۆم ئەکەین!. کە تۆ وەک ستراتیجی "ئەمریکا" بیر ناکەیتەوە و لەگەڵ ئەوە ناڕۆیت کە ئەو ئەیەوێ، نابێت چاوەڕێی بەهاناوەهاتن و هاریکاریی "ئەمریکا" بکەیت کە لێت ئەقەومێت. کە ١٦ ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا؛ کورد لە ڕووی سیاسی و سەربازیی و دارایی و دیبلۆماسییەوە قوفڵ بوو، نیوەی خاکەکەشی لە دەستدا. لە بری موراجەعەیەکی خۆی بکات و دیسکۆرسێکی نوێ دابهێنێت، دەستی داوەتە ئەوەی کە "ئەمریکا" خیانەتی لە کورد کردو "مەکگۆرگ" دژی ڕیفراندۆم بوو، ئەمریکا متمانەی نییە و، تادوایی... هەموو دونیا ئەیزانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر ڕووئەدا و چاوەروانکراوبوو، ئێمە لە « پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی» لە ١١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە هۆتێل ڕامادای شاری سولەیمانی کۆنفرانسی یەکەمی ووزەی ئێراقمان بەڕێوە ئەبرد، تەواوی کۆنفڕانسەکە میوانەکانی کە لە واشنتۆنەوە(بەئۆنلاین) لە بەغدا و ئێران و تورکیا وە هاتبوون هەموو باسی هێرشی سەربازییان ئەکرد بۆ سەر کەرکوک و کانە نەوتەکان.
 
چوارەم؛ ئێستا جارێکی تر دەرفەتی گەورە هاتۆتە پێشەوە، مەکگۆرک بە دەستەڵاتی زیاترەوە لە کۆشکی سپییەوە دێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "جۆ بایدن" بووەتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان کە بە میتۆدی بنەڕەتی خۆی زۆر بایەخ بە بەهاکان و بە دیموکراسیەت و بە مافی مرۆڤ و کەمینەکان ئەدات، هەورەها تێگەیشتنی زۆر باشی بۆ پرسی ئێراق و کورد هەیە، لەبری ئەوەی کورد هەوڵبدەن یەک خیتابی و سەرکردایەتیەکی مۆدێرن بەرپا بکەن، لەبری موراجەعەیەکی دوور لە شەڕە- گەڕەک و حیزب و بێنە و بەرەی پڕوپووچ بکەن و ناوەوە بینا بکەن و، لە دەرەوەش لە سرووشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێبگەن، کەچی دیسانەوە دەستییان داوەتەوە بەزمە کۆنەکە و  خەریکی گوتاری لابەلاو دوو زۆنی ئەمنی و سیاسیی و ئیداریی جیاوازن و، بەنیازن دیسانەوە بڵێن؛ ئەمریکا نەهات فریامان بکەوێت!

١٦ ی ئۆکتۆبەر؛ شتێکی نامۆ و سەیر نەبوو، چاوەروانکراو بوو، چونکە چواردە ساڵ ( ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٧) یەکێتی و پارتی ( بەتایبەت یەکێتی) لە کەرکوکدا ناشرینترین و خراپترین ڕۆڵیان لە مێژووی ئێراقدا گێڕا، شکستی ڕیفراندۆمیش چاوەڕوانکراو بوو، چونکە بە چارەکە سەدەیەک فەرمانڕەوایی نەیانتوانی دەستورێک بۆ کوردستان بنوسنەوە و سوپایەکی یەکگرتوو دروستبکەن.

ئەگەر ویست بۆ دەوڵەتسازیی و بەرز ڕاگرتنی پێگەی کورد هەیە، ئەوا بێی بیسمیلاکەی ئەبێت پێداچونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو بێت دوور لەو مێنتاڵیەتەی دوێنی و ئەمرۆ (پارتی و یەکێتی) هەیانە، ئەگەر دوێنێ هەر "ئەمریکا" بوو، لە ئێستاوە "چین" وەک زلهێزێکی نوێ بەرەو ناوچەکە ئەکشێ، ئەبێت لەویش تێ بگەن.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:01:29:22/01/2021



ئه‌م بابه‌ته 234 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر