توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان

ڕەمزیە عەلی
نووسەر
توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان بۆ۲٥ی نۆڤەمبەر چ ڕۆژێکە

نیوەی جەماوەری ناو کۆمەڵگا ئافرەتان پێکی دێنن. کۆمەڵگای ئێمە پێک هاتووە لە دایک و کچ و خۆشک بەڵام زۆر بەداخەوە مافی مرۆڤیان پێ نادرێت بۆیە ئەو کۆمەڵگایە مانای بەختەوەری بەخۆیەوە نابینێت.

توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان بنەمای پێشێل کردنی ماف و ئازادیەکانی تاکە لەکۆمەڵگەدا و ئەم ڕەفتارە وا لە ئافرەتان دەکات کەزەبری لاوازی بەرامبەر بە پیاوان قبوڵ بکەن و بکەونە ژێر دەسەڵاتی پیاوەکەنیانەوە لەحاڵێکدا ئەم ڕەفتارانە دوورن لەهەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و خۆشەویستی.

لەکاتێکدابنەمای یەکسانی و پێکەوە بوونی ژیانی هەردوو ڕەگەز بریتییە لە خۆشەویستی؛ بۆیە ئافرەتان لە سەرتاسەری جیهان بۆ نەهێشتنی ئەم جیاواز و جیاکاریە و بەرنگاربونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژیەکان، هەڵسان بەهەڵمەتێکی گشتگیر و بێوچان بۆ دابینکردنی ماڤەکانیان بەڵام تائێستەیش بێئاکام بوون و بەداخەوە ژێردەسەی پیاوانن.

یەکەم جار لەساڵی ۱۹٨۱ لەلایەن فێمینستەکانی ئەمریکاوە ڕۆژی ۲٥ی نۆڤەمبەر وەکو ڕۆژی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەستنیشان کرا، پاشان لەدوای ناڕەزایەتی بەردەوام و بێوچانی ئافرەتان دەربارەی نایەکسانی و جیاوازی و جیاکاری توندوتیژی ناو خێزان، وەک توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، بازرگانی کردن بەئافرەتان و... ئەم هۆکارە بوو بەهۆی ئەوە کە لە ساڵی ۱۹۹۱ ڕۆژی ۲٥ نۆڤەمبەر وەکوو ڕۆژی جیهانی توندوتیژی دژی ئافرەتان ناسێندرا.

توندوتیژی دژ بەئافرەتان مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە و "تێگەیشتنی" مرۆڤ لە ئاست هەموو ئەو توندوتیژی و جیاکارییە ڕەگەزیە و پێشێلکردنی مافی ژنان ئەستەم نییە بەڵام ئاسانیش نییە تاتێبگەیت کە ویستی پیاوسالاری بۆچی بەو شێوەیە؟

سەرچاوەی ئەو نادانییەش دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری و بێئاگایی تاکەکانی ناو کۆمەڵگا و ئەو باکگراوندە (کلتوری و ئاینییە)ی کە لای خەڵکی دواکەتوو لە دێرزەمانەوە کۆمەڵگای پیاوسالاری بنیادی ناوە.

بێ‌گومان شارەکانی ئێمەیش بەدوور نین لەو توندوتیژیە کە دژ بەئافرەتان ئەنجام دەدرێت بۆ نموونە: وەک (کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و شێوەکانی تری ئازاردان) بەداخەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ ڕێژەی تاوانەکان ڕوو لەهەڵکشان دەکەن.

پێویستە ژنان و کچانی وڵاتەکەمان خۆیان دەستپێشخەر بن و ڕۆڵ و چالاکی ئازایانەیان هەبێت تاکوو بەهەموو شێوەیەک بەرەنگاری ئەو باردۆخە نالەبارە ببنەوە کەڕۆژانە ڕووبەڕوی ژنان و کچانی ووڵاتەکەمان دەبێتەوە.

توندوتیژی دژ بەئافرەتان پێشێلکاریە بەرامبەر به گەورەیی و پیرۆز بوونی مرۆڤ و دژی ڕەوشتایەتی و یاسایی و ئایینە، دەبێ هەوڵ بدەین کە بوەستێندرێ.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:07:55:25/11/2020



ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر