ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ

ڕەمزیە عەلی
نووسەر
 
کە لە ڕێکەوتی ڕۆژی ۱۰ دێسامبەر لە ساڵی ۱۹٤٨ لە وڵاتی پاریس پەیمان نامەیەکیان واژوو کرد کە بە ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ ناساندیان تا ئێمەی مرۆڤەکان بزانین کە مافمان هەیە و بەڵام بەداخەوە مافەکانمان بەیەکەوە جیاوازە، مافی مرۆڤێکی کەمئەندام یان کرێکارێک لە گەڵ مافی کەسێکی کاربەدەست زۆر لە یەکەوە  دوورە.

مرۆڤ بوونەوەرێکی پیرۆزە و شایەنی ڕێز و خۆشەویستییە و شیاوی هەموو مافەجوانەکانە، 
مافی مرۆڤ هەر وەک لە ناوەکەیەوە دەرئەکەوێت تایبەت بە مرۆڤە، واتە مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا ناتوانن ئەم مافە پێشێل بکەن و یان بە هۆکاری جۆراوجۆر جیاوازی بخاتە نێوان مرۆڤەکانەوە و مافەکانیان پێشێل بکات. بە پێناسەیەکی دیکە مافی مرۆڤ، مافێکە نە دەستێندرێتەوە و نە دەبخشرێ بەکەسانی دیکە، ئەم مافە لە گەڵ مرۆڤ لە دایک دەبێ و تاکوو دەمرێ لێی جیا نابێتەوە. هەر بۆیه ئەتوانین بڵێن دەوڵەتەکان، پەیماننامەکان و یاسای نێونەتەوەیی و نێوخۆیی وڵاتەکان، ناتوانن هۆکارێک بن بۆ دەستنیشان کردنی، بەڵکوو تەنیا ئەتوانن هۆکارێکی گرێنگ بن بۆ پاراستن و ڕێگری له پێشێل کردنی ئەو مافانە کە دەراوە بە مرۆڤەکان.

مافەکانی مرۆڤ سەرەکیترین مافەکانی هەر مرۆفێکە کە تەنها بە هۆی مرۆڤ بوونەوە پێی دەبەخشرێت

خۆزگا مرۆڤ مافی هەبوایە و بە ئازادی بژیایە لایەنی کەم مافی هەڵبژاردنی برێک شت لە دەستی خۆیا بوایە و نەبوایە بە کۆیلە و نۆکەری هەندێک لەمرۆڤەکان بەهۆی بەرژەوەندی ئابوورییەوە.

خۆزگە هەموو مرۆڤێکه بە بێ هیچ جیاوازییەک وەک ڕەگەزە، ڕەنگ و ئایین و بیرورای رامیاری ، یان رایەکی تر بنەچینە و بنەمای نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی و دارایی و لە دایک بوون جیاوازیان نەبوایە.
 
هەموو کەسێک مافی ژیان و ئازادی و سوود وەرگرتن لە تەواوی مافەکان و ئاسایش و هێمنایەتیان هەیە، نابێت هیچ مرۆڤێک بکرێتە کۆیلە و بە نۆکەر بگیرێت چونکە لە یاسای مافی مرۆڤدا هەموو چەشنە کۆیلەیەتی و بازرگانی بە کۆیلەوە قەدەغەیە و هیچ مرۆڤێک ئەشکەنجە و ئازار نادرێت هەڵسووکەوتی توندوتێژ و درندانەی لە گەڵدا ناکرێت ئەگەر بەڕاستی بەچاوی مرۆڤایەتیەوە سەیری ئەوکەس بکەیت.

تەنانەت باردۆخی رامیاری و ئابووری و گرانی و بێ مووچەیی و بێ دەسەڵات بوونی ئێستاش پەیوەندی بە مافی مرۆڤەوە هەیە، و ڕۆژانە چەندەها لاوی ئەم وڵاتە بە بێ تاوان دەکۆژرێت و کەسیش وڵامدەر نییە و مافیان بۆ دانانرێت. ئازادی بەشێکە لە ماف و سروشتی مرۆڤ کە لە ویست و ئیرادەی مرۆڤدا خۆی دەنوێنی. لە دۆخی ئازادیدا ئیرادەی مرۆڤێک نابەستریتەوە بە ئیرادەی مرۆڤێکی دیکە و تاک بەناچاری و لە ژێر زەخت و کوشاری کەسانی دیکەدا، هەڵسووکەوت ناکا و فرمانرەوای ئازادی جەستە و ڕوحی خۆیەتی و هەموو کەسێک مافی ژیان و ئاسایشی خۆی هەیە. هەموو کەسێک بەرپرسیارە بەرامبەر بەو کۆمەڵگەیەی کە تەنیا لەوێ دەرفەت بە کەسایەتیی ئەو دەررێت تا گەشەیەکی ئازاد و تەواو بکات. بۆ مسۆگەر کردنی دانپێدانان و ڕێز گرتنی ماف و ئازادیەکانی خەڵک نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو ماف و ئازادیانە دژ بە ئامانج پرنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکار بهێنرێت.

لە کۆتاییدا: مافی مرۆڤ ئەوەیە پرسیارێکم کرد لە هەژارێک ووتی برسیمە...

پێناسەی مافی مرۆڤ دەبێت لە شاعیری گەورەی فارس سەعدی شیرازی فێر بین کە نەیووت مافی ژنان یان مافی پیاوان ووتی مافی مرۆڤ، کاتێک بەشێوازی سەعدی هەستمان پێکرد هەموو مرۆڤەکان ئەندامی وێنەیەک و پەیکەرێکن ئێتر هیچ ئەندامێک مرۆڤێکی تری ئازار نەئەدا.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

AM:12:33:11/12/2020



ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر