له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان

بێهرۆز زكری ئێدلبی
نوسەر و چالاکوان


له‌ (75) ساڵه‌ی دامەزراندنی کۆماری کوردستان-ەوە؛ سڵاو له‌ گیانی پاكی "پێشه‌وا قازی محمه‌د" و هاوسه‌نگه‌رانی.

لە (2-ڕێبه‌ندانی2646) ی کوردی، بەرامبەر بە (22-ژانویه‌ی1946) كۆماری كوردستان لە "مەهاباد" بەسەركردایەتی (پێشەوا قازی محمەد و بە هاوكاری شێخ ئه‌حمه‌ بارزانی و جەنەرال مستەفا بارزانی ڕاگەیندرا). كۆماری كوردستان وەچەرخانێكی گرنگ بوو لە مێژووی كوردستاندا، سات و كاتی دامەزراندنی، لە كات و ساتێكی گونجاو و گرنگی گۆرانكارییەكان بوو لە ناوچەكەدا، مێژوویەكی لە بیرنەكراو؛ لە لاپەڕەكانی مێژووی گرنگ و بێ وێنەكانی گەلی كوردستاندا دەمێنێتەوە. 

بارزانی-یەكان ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە سەرەتادا، تا كۆتاییەكانی تەمەنی ئەم كۆمارە پاڵپشتێكی سەرسەخت بوون لە بونیادنانی هەر چوار پارچەی كوردستان، خەڵكی نیشتیمان پەروەر لەم كۆمارەدا كۆببونەوە هەموویان بەڕۆح و گیان پاڵپشت و سەرخەری ئەم كومارە بوون، بەڵام بەداخەوە؛ بەهۆی خیانەتی ناوخۆ و بێدەنگی كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بە پیلانگێری شای ئێران و پاڵپشتی (ئەمریكا و بەریتانیا) كۆتاییان بە تەمەنی كۆماری كوردستان هێنرا لە سالی(1947) "قازی محمەد" و یانزه‌ كەس لە سەركردە و فەرماندە دیارەكانی كۆماری كوردستان لەسێدارە دران، "پێشەوا قازی محمەد" ئاڵای پیرۆزی كوردستانی بە بارزانی نەمر سپارد تا بۆ هەتا هەتایە بەبەرزی بمێنێتەوە، "جەنەڕال بارزانی نەمر" لەگەڵ كۆمەلێ پێشمەرگەی بارزانییەكان بەرە و یەكێتی سوڤییەت بەرێككەوتن تا بتوانن خۆیان ڕێکبخەن دواتر بگەرێنەوە بۆ كوردستان شۆڕشێكی نوێ بەرپابكەن.

ئەبێ دوژمن و نەیارانی كوردستان لەوە تێبگەن؛ كە هیچكات ناتوانن ئامانجی سەربەخۆیی كوردستان لە دڵ و دەروونماندا دەربێنن، تاكو ماوین درێژە پێدەری ئەم رێبازە دەبین، كۆماری كوردستان و بیرەوەرییەكانی تا هەتا هەتایە لە هزر و دەروونی كوردستانیاندا دەمێنێتەوە، وەک ورەیەک بەرەو سەركەوتن هانمان دەدات، كۆماری كوردستان" خۆڕاگری و قارەمانی گەلی كوردستان پێشانی دونیای دەرەوە درا.

تێبینی :

ڕۆژی (29/4/1946)   که‌ نوێنه‌رانی کورد و ئازه‌ریی له‌ تاران خه‌ریکی وتووێژکردن بوون، چه‌ند یه‌که‌یه‌کی سووپای "ئێران" هەلیان قۆستەوە و به‌ فه‌رمانی "سه‌رتیپ هومایونی" به‌ چه‌کی سوک و قورس‌ له‌ سێ لایه‌نه‌وه‌ هێرشیانکرده‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان، له‌ به‌ره‌ی "قاراوا" که‌ گو‌ندی "سه‌را" له‌سه‌ر جاده‌ی سه‌قز بۆ بۆکان بگرن‌ له‌ لایه‌ن‌ پێشمه‌رگه‌کانی هێزی بارزانی-یه‌وه‌ زه‌بری قورسیان لێدرا و پاشه‌کشه‌یان پێکرا.

له‌و شه‌ڕه‌دا (110) چه‌کداری سووپای ئێران کوژران و (40) که‌سیشیان لەلایەن بارزانیی-ەکانەوە به ‌دیل گیران، پێشمه‌رگه‌کان دیله‌کانیان به‌ڕێگا‌ی گوندی "حه‌مامیاندا گواستەوە‌ بۆ مەهاباد خه‌ڵکی گونده‌کانی سه‌ر ڕێگه‌ و شاری "مهاباد" به‌ بینینی ئه‌و دیلانه‌ سه‌ریان سوڕما بوو هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان ده‌جوڵا و شانازییان به‌بوونی خۆیان و لێهاتوویی بارزانی-یه‌کانه‌وه‌ ده‌کرد و، فرمێسکی شادییان هه‌ڵده‌ڕشت.



ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:03:24:23/01/2021



ئه‌م بابه‌ته 109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر