تەقینەوەکانی بەغدا چی بە(جۆ بایدن)دەبەخشێت

هاوکار جلال بەرزنجی
نوسەر و قوتابی ماستەر لە پەیوەندیەنێودەوڵەتیەکان

یەکەم بەرەنگاری (challenge ) کە ڕووی لە ئیدارەکەی جۆ بایدن کرد، ئەمڕۆ تەقینەوەکانی بەغداد بوو. پاش ساڵ و نیوێک لە نەبوونی پشێوی لە بەغداد، لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، جۆبایدن گوێ بیستی ھەواڵی تەقینەوەکانی ئەڕۆی بەغداد بوو، ھەروەھا دەبێت ئەوە بزانێت، کە دوایین خۆپێشاندانی جەماوەریی عێراقیەکان ساڵ و نیوێک لەمەو پێش لە ھەمان ئەو شوێنە بووە، زیاتر لەوەش دەبێت ھاوکارەکانی ئەوەیان بۆ باس کردبێت کە شوێنی تەقینەوەکە تەنھا چوار کیلۆمەتر لە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە دورە.

دەگونجێت بایدن باوەڕ بەوەش بھێنێت کە دەڵێن بووە بە سەرۆکی قەیرانەکان. سەرەڕای قەیرانە تۆمارکراوەکانی چوار ساڵی کۆشکی سپی، کە ترەمپ بە سەرچاوەی بەشێک لەو قەیرانانە ناوزەند دەکرێت، لەسەروی ھەموویانەوە کێشەی عێراقە، کە کێشەیەکی میرات جێماوی جۆرج بووشی کوڕە، چونکە بایدن لە پێشنیارەکەیدا بۆ چارەسەری قەیرانی عێراق مامەڵەی بۆش لەگەڵ عێراق بە بێ ستراتیژ ناو دەبات و دەڵێت:

"سەرۆك بۆش ستراتیژییەكی بۆ بەدیهێنانی سەركەوتن لەعێراق نەبووە، ئەو دەیویست لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا دووچاری تێكشكان نەبێتەوە لەعێراق و پاشان كێشەكە جێبهێڵێت بۆ ئەوكەسەی لەدوای خۆی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەگرێتە دەست"

پڕۆژەکەی بایدن بۆ چارەسەری کێشەی عێراق بەگشتی دابەش بوونیەتی بۆ سێ ھەرێمی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتێکی سێنتراڵ، بە ئامانجی سەقامگیریی و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەڕێگەی ڕێکخستنی باڵانسی ھێز لە وڵاتەکە.

ئەم پڕۆژەیەی بایدن لە مانگی مایسی ٢٠٠٦ پێشکەش بە کۆنگرێس کراوە، لەنێوان ئەو ماوە زەمەنییە تا ئێستا، سەرچاوەی کێشەکانی عێراق ھەمان سەرچاوەیە، میلیشیا چەکدارەکان ھەمان میلیشیان، ئەوانن کۆنتڕۆڵی زۆرترین ڕووبەری عێراقیان کردووە، و ئێرانیش ھەمان ئەو ئێرانەیە کە داینامیکیەتی میلیشیاکان دەستەبەر دەکات. 

بایدن-یش ھەمان بایدنەیە کە ئەو پڕۆژەیەی پێشنیاز کردووە، بیرۆکراسیەتی ئەمریکا ڕێگا نادات بڕیاری تاڕەوی لە کۆشکی سپی بدرێت، بەڵکو ئەوەی بڕیار دەدات سیستمێکی دیمۆکراسییە، بەڵام ئەو سیستمە پشت بە گۆڕانی بارودۆخی دەبەستێت لە ھەر بڕیارێکیدا سەربارەت بە ھەر ناوچەیەک.

بۆیە بە پشت بەستن بە نەگۆڕی کێشەکانی عێراق، دەتوانین بڵێین کارپێکردنی پڕۆژەکەی بایدن ئەگەرێکی زۆرە. سەبارە بە قەبارەو دەسەڵاتی سوننەو شیعە لە عێراق نادادییەکی زۆر ھەیە، کە لە پێشنیارەکەی بایدندا ھاتووە. ھەروەھا ئاماژە بە پێگەی ھەرێم دەکات و دەڵێت "كورد زیادەرەوی ناكات لەو دەستكەوتانەی لەچوارچێوەی حوكمی زاتی بەدرێژایی 15 ساڵ بەدەستی هێناوە"

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:10:34:21/01/2021



ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر