نوسینی درێژ \ نوسینی کورت

د. سەردار عەزیز
نوسەر و توێژەر


یەکێک لە گلەییەکانی زۆربەی خوێنەری کورد ئەوەیە کە ئەگەر نوسین درێژبێت ناخوێندرێتەوە. بەڵام نوسینی درێژ و کورت تەنها پەیوەندی بە کات و وزە و تاقەت و بایەخپێدانەوە نیە، بەڵکو دیاردەیەکی چینایەتی و کەلتوریی و ڕۆشنبیرییە. 

لە دونیای ڕۆژنامەنوسی ئینگلیزیدا جۆرێک لە ڕۆژنامە هەیە پێی دەوترێت تابلۆید. تابلۆیدا بە گشتی چەند خەسڵەتێکی هەیە:

یەکەم: نوسینەکانی هەرگیز لە ٢٥٠ وشە تێناپەڕن.
دووەم: ڕۆژنامەنوس دەبێت هەمیشە ئەو وشانە بەکاربهێنێت کە هیچ ئالنگارییەک بۆ خوێنەر دروست ناکەن.
سێیەم: دەبێت هەمیشە وێنەیەکی گەورەی لە گەڵدا بێت.

بە زۆری بابەتی هەرە گرنگی ئەم ڕۆژنامانە وەرزش و سلیبریتییە، کەسانی مەشهور. لاپەڕە سێی ئەم ڕۆژنامانە هەمیشە وێنەی ئافرەتێکی ڕوت یان نیمچە ڕوتی تیایە. دیارە ڕوت و نیمچە ڕوت بە پێی کەلتور دەگۆڕێت.

ئەم ڕۆژنامانە زانیاری نادەن بە خوێنەر، لە سنورێکی تەسکی دوبارەی زمانەوانیدا قەتیسی دەکەن. ژیانی پڕ دەکەن لە ئیرەیی و هەست بە خۆشی و ناخۆشیکردن. بە گشتی ئاراستی هەستە نەک عەقڵ.

ئەگەر بە ئاگایی پیلانگێڕی بیربکەینەوە، ئەوا ئەمە جۆرێکە لە سنوردارکردنی خەڵکی ئاسایی لە تێگەیشتن لە دونیا و ئالۆزییەکانی.

ئایا خوێنەری کورد ئەمەی دەوێت؟ ئایا گەلێک وەک گەلی کورد کە بە دەست دەیان و سەدان قەیرانی ئالۆزەوە دەناڵێنت دەبێت ئاگایی خۆی لە ٢٥٠ وشەدا کورت بکاتەوە؟

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:11:42:15/07/2021



ئه‌م بابه‌ته 522 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌