ئەمریکا و ئەفغانستان

د. سەردار عەزیز
نوسەر و توێژەر


ئایا ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردودا لە ئەفغانستان ڕویدا چیمان پێدەڵێت دەربارەی ئەمریکا؟
بێگومان پرسیارێکی وەها چەندین جۆر لە وەڵام لە خۆی دەگرێت. وەڵامی ئایدەلۆژی، وەڵامی سیاسی، وەڵامی لایەنگریی، لە گەڵ وەڵامی زانستی یان واقیعی.
بۆ هەندێک ئەمریکا شکستی هێنا. بۆ هەندێکی تر نەک تەنها لە ئەفغانستان شکستی نەهێنا بەڵکو لە ئاستی دونیادا لاوازبوە.
لای هەندێکی تر گۆڕانکارییە لە بایەخ و ڕۆڵی ئەمریکا.
با سەرەتا لە ناوەوەی ئەمریکا دەست پێبکەین. بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ٧٠% خەڵکی ئەمریکا پشتیوانی دەکەن. لە ئەمریکایەکی ئەمڕۆدا، کە بە دەست جەمسەرگیریی و نەیارێتی یەکترەوە دەناڵێنێت، هیچ پرسێکی تر نیە ٧٠% ئەمریکاییەکان کۆک بن لە سەری. ئەم ڕێژە زۆرەی پشتیوانی گەلێک هۆکاری هەیە. بەڵام دەرئەنجامی دیاری ئەوەیە کە هیچ پارتێکی سیاسی نیە کە بتوانێت دژایەتی بکات. بە تایبەتی لە سیستەمی سیاسی ئەمریکیدا کە بەردەوام هەڵبژاردن لە ئارادایە، نەک تەنها چوار ساڵ جارێک بەڵکو هەموو دوو ساڵ جارێک. بە جۆرێک ئەندامێکی کۆنگریس زۆربەی زۆری وزە و کاتی بۆ کەمپەینی بەردەوامە.

هۆکاری پشتیوانی نەکردنی خەڵک، دۆخی ناوەوەی ئەمریکاییە، کە ئەمریکاییەکان هەست دەکەن، ئەمریکا پێویستی بە ئەوەیە ئاوڕ لە ناوەوەی خۆی بداتەوە لە بڕی ئەوە هەوڵی باشترکردنی وڵاتانێک بدات کە زۆرینەی ئەمریکاییەکان نازانن لە کوێی دونیادایە.

بەڵام پاڵنەری سەرەکی ئەوەبوو کە دەمێکە ئەمریکا و نوخبەی واشنتۆن گەشتونەتە ئەو باوەرەی کە هەوڵەکانیان لە ئەفغانستان هیچی لێ سەوز نابێت. دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی دا، ژمارەی سەربازەکانی بۆ ٢٥٠٠ سەرباز کەمکردەوە. بۆ ئامادەسازی ئەم پرسە بەبێ پرس و ڕاوێژی حکومەتی ئەفغانی کەوتە دانوستان لە گەڵ تالیباندا. بۆ ئامادەکاری دانوستان، ئیدارەی ترەمپ (عبدالغنی برادەر) کە لە نزیک کابول دەستگیرکرا، لە بەندیخانە ڕزگارکرد. برادەر زاوای مەلا عومەرە و زاوا پێگەیەکی گرنگی هەیە لە هەناو ئەم ڕێکخراوانەدا. نەک تەنها ئەو بەڵکو ٥٠٠٠ گیراوی تریش ڕزگارکران.

لە ڕێککەوتن لە گەڵ ئەمریکادا تالیبان پەیمانی داوە کە داڵدەی هیچ بیانییەک نەدات، مەترسی بۆ سەر هیچ لایەک دروست نەکات، هەڵوێستی بەرامبەر ئافرەتان بگۆڕێت، ببێت بە هێزێکی کۆنزێرڤەتیفی ئەفعانی. تالیبان لە ژێر فشارێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە ئەم پەیمانانە دەباتە سەر. ئەم ڕۆژانە بۆ نیشاندانی بوارنەدان بە ئیسلامییە دەرەکیەکان ئەبو عومەری خۆراسانیان لە بەندیخانەی پۆلی چەرخی دەرهێنا و کوشتیان.
ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن هێزە ئیسلامییەکانی ترەوە وەها دادەنرێت کە وەرچەرخانە بەرەو ناسیونالیزم، وەک داعش لە ڕەخنەیدا لە تالیبان.

بەم پێیە ئەمریکا لە ئەفغانستان دەمێکە گەشتبوە ئەو باوەڕەی کە هیچی پێناکرێت. لە هەمانکاتدا دەمێک بوو گەشتبوە ئەو دۆخەی کە دەبێت شەڕی ناکۆتا کۆتایی پێبهێنێت. لە ئەفغانستان بەبێ ڕێککەوتن لە گەڵ تالیباندا ئەگەر بکشایەتەوە، ئەوا ئەگەری شەڕی ناوخۆ لە ئارادابوو. هەرچەندە ئەمریکاییەکان بڕوایان وەهابوو، یان خۆیان وەها فریودابوو کە حکومەتی ئەفغانی چەند مانگێک بەرگە دەگرێت و پاشان زستان دێت و ئیتر بواری شەڕ نابێت. بەڵام وەک شارەزایانی ئەفغانستان ئاماژەی پێدەدەن، هەمیشە لە نێوان لایەنەکانی شەڕدا ڕێککەوتن و بازرگانی و بەرژەوەندی هەبوە. بۆیە بە نەمانی پشتیوانی ئەمریکی و دۆلاری ئەمریکی هیچ بەهانەیەک نەماوە بۆ چەکدارانی حکومەت شەڕ بکەن. شەڕ لە ئەفغانستان جۆرێکە لە پیشە و بازرگانی.

ئەم کەلتوری بە بازرگانیکردنەی شەڕ سی ئای ئەی هێندەی تر تۆخی کردەوە. یەکێک لە میتۆدە باوەکانی سی ئای ئەی بۆ مامەڵەی لە گەڵ نوخبەی سیاسی وڵاتانی تردا، کڕینە. ئەمە لە ئێراق لە ٢٠٠٣ وە بە چڕی بەڕێوە دەچێت. کەم سیاسی ئێراقی هەیە گونییە پارەی لە سی ئای ئەی وەرنەگرتبێت لە بەرامبەر خزمەتێکدا. سی ئای ئەی لە لایەک وەها دەبینێت کە ئەم نوخبەیە نیشتمانی و نەتەوەیی و دەوڵەتی نین، بەڵکو خۆپەرستن و تەنها ئامانجی خۆیان لە لاگرنگە. بەڵام دەرئەنجامی ئەم مامەڵەیە ئەوەیە، سی ئای ئەی تەنها بەرتیل و دیاری بە سیاسییەکان نادات، بەڵکو گەندەڵیان دەکات و چاوپۆشی لە بەردەوامییان لە گەندەڵی دەکات. ئەوەی ئەمە تۆخ دەکاتەوە ئەو سیستەمە ئالۆزەیە کە بە دوانەی سەربازی و پیشەسازی ناسراوە military industrial complex. کاتێک حکومەتی ئەمریکی ملیار ملیار دۆلار خەرج دەکات، ئەوا ئەوانەی سودمەندن لێی لە ڕێگای سیستەمی لۆببیکردنی ئەمریکییەوە بە ملیونان دۆلار لۆبی بۆ دەکەن و نوخبەی ناو وڵات گەندەڵ دەکەن. بە دۆلارکردنی هەموو شتێک هەر هێندە بڕ دەکات هەتا دۆلارەکان بەردەوامییان هەیە، پاشان درێژەی نابێت. ڕەنگە شەرڤانەکانی ڕۆژئاڤا تاکە هێزبن کە داوای پارە ناکەن لە ئەمریکا.

بەڵام با بگەڕێیینەوە سەر پرسیارەکەمان، ئایا کشانەوەی ئەمریکا نیشانەی لاوازبونیەتی؟
ئەگەر لە ئاستێکی فراواندا بیری لێبکەینەوە، بەڵێ. لاوازبونی رێژەیی ئەمریکا، دەرئەنجامی سەرقاڵی بە شەڕی ناکۆتای تیرۆر و بواردان بە هەڵکشانی ئەوانیتر و پەرتبونی کۆمەڵگای ئەمریکییە لە ناوەوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە ئەمریکا هێشتا بەهێزترینە لە دونیادا. ئەوەی گرنگە بۆ ئەوەی لە ئەم پرسە تێبگەین ئەوەیە کە تاک جەمسەری دیاردەیەکی زۆر دەگمەنە لە مێژویی جیهاندا. سی ساڵی ڕابوردوو کە ئەمریکا تیایدا تاکە زلهێزی دونیابوو، ساتەوەختێک بوو کە مرۆڤایەتی لە چەند هەزار ساڵی ڕابوردودا بە خۆیەوە نەدیوە. مێژوی مرۆڤایەتی هەمیشە مێژوی ململانێی زلهێزەکان بوە. بۆیە گەڕانەوە بۆ دۆخی ململانێی زلهێزەکان دۆخێکی ئاساییە، نەک نا ئاسایی.
ئایا ئەمریکا دەیوێت بەهێزبێتەوە، یان گڵۆڵەکەی کە کەوتوەتە لێژی ڕایبگرێت؟ بەهێزبون و لاوازبون ڕێژەییە. بۆ نمونە گەر ئەمریکا لە دۆخی خۆیدا بوەستێت و چین هەڵکشێت، ئەوا ئەمریکا لاواز دەبێت.
لاوازبونی ئەمریکا و سەرقاڵبونی زیاتری بە خۆیەوە و کەمکردنەوەی بایەخی بە دەرەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر هەموو دونیا دەبێت. یەکێک لە ئەو بوارانەی کە زیانی پێدەگات ئەوەیە کە چیدی ئەمریکا وەک جاران بڕە و بە دەزگا لیبرالەکان و بەهاکان و کۆمەڵەکان نادات. وەک جۆن مێرشمایەر پێمان دەڵێت، هەناردەکردنی دیموکراسی و لیبرالیزم تەنها کاتێک دەبێت کە ئەمریکا تاکە جەمسەر بێت. بەبونی ڕکەبەری ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی هاوسەنگی هێز.

ڕەهەندێکی تری پرسی ئەفغانستان لە دۆخی نێودەوڵەتی ئەمڕۆدایە. لە کاتێکدا کە ئەمریکا دەکشێتەوە، ئەو وڵاتانەی کە ناچارن یان خوازیارن ئەو بۆشاییە دروستبوە پڕ بکەنەوە، ناتوانن بە دژایەتی ئەمریکا بەکاری بهێنن. هەریەکە لە چین و ڕوسیا و پاکستان و وڵاتانی تر، ناتوانن و نایانەوێت تالیبا بە ئاراستەیەکدا بەرن کە ببێتە لانکەی تیرۆر یان مەترسی لە سەر وڵاتانی تر، چونکە مەترسی سەرەکی خۆیان لە هەمانشتە کە ئەمریکا لێی دەترسێت. لە لایەکی ترەوە، وڵاتێکی وەک چین، کە سنورێکی ٩٠ کیلۆمەتری شاخاوی سەختی لە گەڵ ئەفغانستاندا هەیە، ناچارە هاوکاری دارایی تالیبان بکات هەتا لە بەرامبەردا ئەویش داڵدەی چینیە تورکمانەکان نەدا کە دژ بە چین شەڕ دەکەن.
ئەم ترسە بۆڕوسیاش ڕاستە.
ئەمریکا بە شێوازێکی خراپ دەستبەرداری ئەفغانستان بوو. بەڵام ململانێی ئەو وڵاتە هەر دەمێنێت. ئەفغانستان زۆرینەی زۆری خەڵکەکەی لە گوندەکاندا دەژین، بە زۆری دابڕاون لە دەسەڵات و هیچ هاوکاریی و خزمەتگوزارییەکیان پێناگات. ئەم خەڵکانە سەرەتا پشتیوانی کۆمیونیستەکانیان کرد، پاشان موجاهیدەکان، ئەمڕۆش تالیبان. ئەم خەڵکانە بێباکن لە بونی حکومەت، چونکە هیچ سودێکی بۆیان نیە.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:11:47:26/08/2021



ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌