ئایا دونیا پێویستی بە تیۆری نوێیە؟

د. سەردار عەزیز
نوسەر و توێژەر

لە پەنجا ساڵی ڕابووردودا؛ تێگەیشتن لە دونیا هەتا ئاستێکی باش ئاسان بوو. سەرەتا دوو هێز یان دوو لایەن هەبوون، پاشان یەکێکیان لە ناوەوە هەرەسی هێنا و ئەویتریان کە ئەمریکایە، بانگەشەی سەرکەوتنی کرد. سەرکەوتنی "ئەمریکا" کۆمەڵێک تیۆرەی تایبەت بە خۆی بەرهەمهێنا، کە هەرە ناسراوترینیان دوو تیۆرگەران، بە ناوی "سامۆئێل هانتنگتۆن" لە گەڵ "فرانسیس فۆکۆیاما". "فۆکۆیاما" پێش "سام" کەوت لە بڵاوکردنەوەی تێزە وروژێنەرەکەیدا کە جاڕی کۆتایی مێژووی دا. هەرچەندە "فۆکۆیاما" بانگەشەی ئەوەی نەکرد کە مرۆڤایەتی دەگاتە ساتەوەختی باڵایی و خۆشگوزەرانی، بەڵکو زیاتر بانگەشەی ئەوەی کرد کە دونیا لە یەک مۆدێلی سیاسیدا دەگیرسێتەوە، کە مۆدێلی لیبرال دیموکراسییە. جەنگ و ململانێ ئایدۆلۆژییەکان کۆتاییان دێت. "فۆکۆیاما" لە ساڵی ١٩٩٢ تێزەکەی بڵاوکردەوە. ئەو کاتە ئێمە سەرقاڵی ڕاپەرین بووین، کاتمان نەبوو قسەی لە سەر بکەین، هههه.

ساڵێ دوای ئەوە "هەنتنگتۆن" سەرەتا لە وتارێکدا پاشان لە لەکتێبێکدا وەڵامی دایەوە. کتێبەکە لە ناو دونیای کوردیدا ناسراوە، بە ناوی پێکدادانی شارستانییەکان. هەتا ئاستێکی باشیش هەواداری هەیە. "سام" ڕەخنەی لە "فۆکۆیاما" لە ڕوانگەی که‌لتورەوە بوو. بە دیدی ئەو جیاوازی کەلتورەکان یان شارستانییەکان لە دونیادا ڕێگر دەبێت، لەوەی کە خەڵکی گۆی زەوی هەموو باوەشیان بۆ "لیبرال دیموکراسی" بکەنەوە. لە بڕی زاڵبوونی یەک ئایدۆلۆژیا، دونیا دەبێتە جێگای ململانێی شارستانییەتەکان. چەمکی شارستانییەت، لە فرەیم، چوارچێوەی ئاگایی کوردیدا زۆر ئەرێنییە، بەڵام مەرج نیە وەها بێت. هەمیشە لە کاتی نووسینی کوریدا، ڕووبەڕی پەیوەندی ئالۆزی نێوان بەها و فرەیم، چوارچێوەی ئاگایی دەبمەوە، بەڵام ئەم ئاگاییە لە ناو کورد-دا هێشتا بیری لێنەکراوەتەوە، بە هیوام لە داهاتودا بە قسەکردن لە سەر کتێبەکەی جۆرج لاکۆف، زیاتر لەمبارەوە قسە بکەم. 
هەردوو؛ هەنتنگتۆن و فۆکۆیاما شێوازی تیۆریزەکردنی خۆیان هەیە. هەرچەندە لە هەمان ژینگەدا  گەورەبوون و پێکەوە کاریان کردووە، بەڵام جۆرێک لە گفتوگۆ و ڕەخنە لە نێوانیاندا بوونی هەیە. بە تایبەتی پاش مردنی هەنتنگتۆن، فۆکۆیاما پەرە بە کتێبە گرنگەکەی دەدا لە سەر نیزامی سیاسی لە کۆمەڵگا گۆڕاوەکاندا. هەنتنگتۆن هەرجارە لە بارەی بوارێکی گەورەوە دەنووسێت. لە ١٩٥٧ دەربارەی پەیوەندی سووپا و مەدەنی دەنووسێت و چەمکی پیشەیی یان سووپای پرۆفیشناڵ دادەتاشێت. ئەم کتێبە ئینجلی بواری پەیوەندی مەدەنی و سەربازییە. پاشان کار لە سەر حوکمرانی و ڕێژەی حوکمرانی دەکات، لە کتێبی نیزامی سیاسی. پاشان لە سەر دیموکراسی بوون و شەپۆلەکانی دیموکراسی، هەتا گەیشتن بە چەمکی کەلتور لە پاش جەنگی سارد. دوا قۆناغی ژیانی فیکریی بە قسەکردن بوو لە سەر پیاوانی داڤۆس و پەرچەکرداری چینەکانی خوارەوە. لەم قۆناغەدا هەندێک لە ڕەخنەگرانی بە پێغەمبەری "ترەمپیزم" ناوی دەبەن. وەک دەبینین؛ هەریەک لەم قۆناغانە پەیوەستە بە بوار و ڕووداو و وەرچەرخانی گەورەوە. چەمکی کەلتور لای "سام" یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکان، کەلە چەند کارێکی تردا بەکاری بردووە، بە تایبەتی لە دوا کاریدا بە ناوی ئێمە کێیین؟ هەنتنگتۆن بە سادەیی دەپرسێت، ئەگەر لە بڕی ئەنگلۆساکسۆنەکان، ئیسپانی و فەرەنسی و کاتۆلیکەکان لە ئەمریکادا زاڵبونایە، ئەوا ئەمریکا، هەمان ئەمریکای ئەمڕۆ دەبوو؟ لە وەڵامدا دەڵێت نەخێر، جێگایەک دەبوو هاوشێوەی مەکسیک و ئەمریکای لاتین و جێگاکانی تر. ئەوانەی ڕەخنەی هەنتنگتۆن دەکەن، وەها دەبینن کە چەمکی شارستانی زۆر ناڕون و بەرفراوانە. لە بڕی پێکدادانی شارستانییەکان، لە هەناو یەک شارستانیدا شەڕ هەیە. "فواد عەجەمی" لە میانەی ڕەخنەیدا باس لە ئەوە دەکات کە لە هەناو ئیسلامدا شەڕێکی ناوخۆیی هەیە، نەک شەڕی ئیسلام و ئەوانیتر. ئەم دوو تێزە کە بە دوو تێزی پێچەوانەی یەکتر دادەنرێن، هەردوو هەوڵی ئەوە ئەدەن سەردەمی ئەمریکی ڕاڤە بکەن. تێزی "فۆکۆیاما" تێزێکی گەشبینانەیە، هەندێک دەڵێن ساویلکە، بەڵام تێزی "هەنتنگتۆن" ڕەشبینانەیە، هەندێک لە ڕەخنەگرانی وەهای دەبینن کە زۆر گشتگیرە. خوێندنەوەی ئەم دوو تێزە وەها مامەڵەی لە گەڵدا کراوە کە داڕێژەی دونیابینی دەسەڵاتی "ئەمریکا" بێت لە قۆناغی تاک جەمسەریدا. خوێندنەوەی ئەم دوو تێزە وەک زۆر تێزی تر لە دونیای ئێمەدا ڕووی نەداوە. پرسی خوێندنەوەی تێز، پرۆسەیەکی تایبەتە کە ڕۆشنبیری کورد پێی هەڵناسێت. خوێندنەوەی تێزی گەورەی لە ئەم جۆرانە تەنها ئەوەندە بەس نییە کە کتێبەکە و هەندێک ڕاو بۆچوون لە سەری بخوێنیتەوە، بەڵکو دەبێت نووسەرەکە و پرۆژەکانی و قۆناغەکە و قۆناغی دیدی نووسەرەکە بناسیت.

"هەنتنگتۆن" بە گشتی لە هەناو تیورەی مۆدێرنەبووندا بیری دەکردەوە. ئەم شا تیۆرەیە لە ئەورووپاوە لە ڕێگای کۆچبەرەکانی جەنگی جیهانی دووەمەوە گەشتە ئەمریکا. بە دیدی هەنتنگتۆن مۆدێرنبونی کۆمەڵگا، پرۆسەیەکی یەکتر تەواوکەرە. وەک "فۆکۆیاما" کورتی دەکاتەوە، هەموو شتە باشەکان پێکەوە ڕوودەدەن. گەر حکومەت قوتابخانە دروست بکات خەڵک خوێندەوار دەبێت، کە خەڵک خوێندەواربوون، کاری باشتر دەکەن و باشتر کار دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابووری. لە ئەنجانی ئەمەدا چینێکی ناوەند دێتە ئاراوە کە داخوازی کرانەوەی سیاسی و ئازادی و شتەباشەکانی تر دەبێت. ئەمە وەک جۆرێک لە حەقایەتە. "فۆکۆیاما" رەخنە لە ئەم تێزە دەگرێت بەوەی کە هەموو شتە باشەکان مەرج نییە پێکەوە ڕووبدەن، ڕەنگە مۆدێرێنبونی کۆمەڵگا ببێتە هۆکاری پەرتبوون، بەریەککەوتن و گرژی. بۆ نموونە لە کاتێکدا کۆمەڵگای کوردی زیاتر خوێندەوار دەبێت، سیستەمی سیاسی بە پێچەوانەوە بۆ دواوە دەچێت، لە بڕی ئەوەی ببێ بە سیستەمێکی ناشەخسی، هەتا بێت زیاتر شەخسی دەبێت. بەڵام ئەوە نییە کە "هەنتنگتۆن" قەیرانی مۆدێرنبوونی نەبینیبێت. بۆ نموونە کارەکانی لە سەر مۆدێرنە و گەندەڵی بینینی لایەنی قەیراناوی ئەو پرسەیە. بەڵام بە گشتی دەبێت لە چوارچێوە یان فرەیمی تیورەی مۆدێرنبوون ئاگاداربیت بۆ تێگەیشتن لە هەنتنگتۆن. لە هەمانکاتدا هەنتنگتۆن میتۆدێکی تایبەتی هەبوو لە بەرچاوخستنی پرسەکاندا. وەک فەرید زەکەرییا، کە قوتابی ئەوبوو، پێمان دەڵێت؛ هەنتنگتۆن بڕوای وەهابوو کە دەبێت لە میانەی قسەکردن لە سەر پرسێک هۆکارێکی سەرەکی زەق بکرێتەوە. نەک ژمارەیەکی زۆر لە هۆکار بەرچاو بخرێت. ئەم میتۆدە بە روونی بە کارەکانی هەنتنگتۆنەوە دیارە. هەردوو تیۆرەکە دەرخەری دۆخێکی تایبەتی ڕێکخستنی هێزن لە دونیادا، یەکێکیان بانگەشە بۆ سەرکەوتنی کۆتایی دەکات و ئەویتریان بۆ ململانێی گەورەتر. بەڵام ئەوەی بە گرنگی دەزانم چۆنێتی خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ دەقێکی وەها.

بە گشتی خوێندنەوەی کوردی وەک خوێندنەوەی گەلانی دەروبەری وەهایە. نووسین هەمیشە وەک پڕوپاگەندەیەکی سیاسی دەبینن. نووسین وەها نابینن کە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن یان ڕاڤە کردن، بەڵکو جاڕدانی بەرنامەیەکی سیاسییە. بۆیە هەمیشە بە دوای ئەوەدان کە ئایا نووسەرەکە سەر بە چ لایەن و دەزگایەکە. بێگومان شوێنی کار و جۆری کاری بیرمەند گرنگە، بەڵام تێگەیشتن لە تێزی لەم جۆرە بەو شێوە سادەیە نییە. ئەم جۆرە خوێندنەوە رێگری لە ئەوە دەکات هەتا بتوانین خوێندنەوە بۆ دەقەکان بکەین، کاری تری لە سەر بکەین، تەرجەمەی بکەین بۆ واقیعی ناوچەکە، بەرچاو ڕونییەکی لێوە هەڵینجێنین. بەڵکو بە گشتی دەبێتە کارێکی ئاسان، ئەو نووسەرە سەر بە ئەو لایەن یان دەزگایە و ئیتر تەواو. ئەم بچوکردنەوەی دوونیا دەربڕی دۆخی ناوخۆیی ئێمەیە. دەرئەنجامەکەی نەتوانینە لە تێگەیشتن لە ڕەفتاری هێزەکان. ماوەیەکی زۆر پرسیارێکی گەورە لای کورد ئەوەبوو، ئایا "ئەمریکا" دۆستە؟ ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا "ئەمریکا" بەجێمان دەهێڵێت؟ لەگەڵ لاوازبوونی "ئەمریکا" و سەرهەڵدانی هێزی نوێ، بیری نوێ دێتە ئاراوە. ناسینی تیورەکانی سەردەمی نوێ گرنگترە لە تیورەکانی سەردەمی تاک جەمسەریی. وەک دەبینن تیورەکانی تاک جەمسەریی زیاتر ڕەفتاری دەوڵەتی لە دەرەوە و لە هەناو پرسە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵدەسەنگان. بەڵام لە قۆناغی نوێدا دەبێت ئێمە زیاتر لە دۆخی ناوەوە بە ئاگابین و هەروەها زیاتر ڕاستەوخۆییانە کاریگەری هەیە لە سەرمان، وەک لە ترسی کشانەوەی ئەمریکادا دەمانهێنێتە لەرزە. ئەگەر باوانی ئێمە لە گوندەکان دەژیان و لایان گرنگ نەبوو یان نەیاندەتوانی بزانن چی لە پەکین و دی سی دەگوزەرێت، ئەوا ئێمە چیدی ئەو خۆشگوزەرانییەمان لە دەست دا. لەمەودوا ناچارین هێندە قوڵ بینەوە بزانین سۆزانییەکانی ڤێگاس چۆن دەنون و قومارچییەکانی مەکاو چۆن پارەکانیان بە فیڕۆ دەدەن.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:01:51:01/09/2021



ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌