پرسی نوێنەرایەتی؟

د. سەردار عەزیز
نوسەر و توێژەر


لە زمانی کوردی و ئاگایی کوردیدا، نوێنەرایەتی جێگای پرسیار و بیرکردنەوە و تێڕامان نییە. یەکێک لە کێشەکانی زمانی کوردی ئەوەیە کە زمانێکی وشەییە، نەک چەمکی. لە زمانی کوردیدا چەمک، ئەگەر هەشبێت، بەڵام ئاگاییانە نەچەمکێنراوە، لە هەمانکاتدا مێژوییانە قسەی لە سەر نەکراوە. مێژوی وشە، ئیتمۆلۆجی، جیاوازە لە مێژوی چەمک. لە زمانە ئەوروپییەکاندا چەمکی نوێنەرایەتی یەکێکە لە چەمکە هەرە ئاڵۆزەکان کە بە ئاسانی ناتوانرێت بناسرێت و پانتاییەکی ئێجگار فراوانی لە مێژوی بیری سیاسیدا دیاریکردووە. بیرمەندی تایبەت هەن، تەنها بە ئەم چەمکە، لە زمانی ئەڵمانیدا کەسێکی وەک "هاسۆ هۆفمان" بۆ نمونە. ڕەچەڵەکی چەمکی نوێنەر لە زمانە ئەورووپییەکاندا دەچێتەوە سەر وشەی ڕێپریسێنتاتسیوی لاتینی  repraesentatio.   
لێکۆڵینەوەیەکی ووردی هەیە لە سەر مێژوی ئەم چەمکە بۆ ئەوانەی زیاتر دەخوازن.  Yves Sintomer 
لێرەدا ئامانجم قسەکردن نییە لە سەر چەمکی نوێنەر لە زمانە ئەوروپییەکاندا، چونکە کاری بێشوماری لە سەر کراوە. بەڵام ئەم چەند مانگەی ڕابوردوو، لە کارێکمدا بۆ خانەیەکی بیری ئەورووپی لە سەر ئەم چەمکە لە کوردستان، کۆمەڵێک خەسڵەتی ئەم چەمکەم بۆ دەرکەوت کە لێرەدا بە کورتی و بە پوختی بۆتان بەیان دەکەم.
یەکەم؛ چەمکی نوێنەر بیرلێنەکراوەیە. ئەمەش بنەمای بۆ ئەوە داڕشتووە کە سەرتاپا پرۆسەی نوێنەرایەتی بیرلێنەکراوەبێت. ئەم بیر لێنەکردنەوە بە ئاستێکە کە لە ناو کورددا هیچ نووسینێک، باسێک، تەنانەت گەڕە وتارێکی ناو ڕۆژنامە و سایتە بێشومارەکانیشم بەرچاو نەکەوت. دیارە ئەم ئاماژە پێ نەدانە زۆر شتمان پێ دەڵێت؛ دەربارەی ئەوەی کە چی باس دەکرێت و چی باس ناکرێت لە دونیای کوردیدا. لێرەدا من مەبەستم لە نوێنەرایەتی، نوێنەرایەتی سیاسییە، نەک چەمکی فەلسەفی نوێنەرایەتی کە کرۆکی پۆستمۆدێرنەیە. ئەمەیان بوارێکی ئێجگار ئالۆزترە.
دووەم؛ سەرباری ئەوەی باسی ناکەین، بەڵام پرۆسە نوێنەرایەتی ڕۆژانە بەڕێوەدەچێت. ئەو جۆرە دیموکراسییەی کە لە کوردستان هەیە، دیموکراسی نوێنەرایەتییە. قسەکردن بەناوی خەڵکەوە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، گەلی کوردستان، هەوڵدانە بۆ بوون بە نوێنەر. بەڵام کاتێک کردەیەک پیادەدەکرێت و نازانرێت چیە و چۆن پیادە بکرێت، ئەوا لە سنوورێکی تەسکی تایبەتدا دەمێنێتەوە. بۆ نمونە پەرلەمانی کوردستان بە ناوی گەلی کوردستانەوە، نوێنەرایەتی دەکات، هەروەها سیستەمی هەڵبژاردنی تاک بازنەیی کوردستان، هەوڵێکە بۆ دروستکردن و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان، بەڵام بەبێ ئاگایی لە چیەتی نوێنەرایەتی. ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە نەعلەتەکانی لاساییکردنەوە، کە میتۆدێکی ئێجگار زاڵی هێنانی مۆدێرنەیە. زۆرجار لاساییکردنەوەی کردارێک بەبێ تێگەیشتن لە ناواخنەکەی کردارەکە پوچ دەکاتەوە. ڕەنگە ئەمە هۆکاری خراپی پیادەکردن بێت کاتێک کردەکە بە حازرباشی پیادە دەکەین، لە کاتێکدا لە ئەورووپا چەندین سەدە و هەوڵ بیرمەند و شۆرشی ویستووە. بەڵام ئێمەی حازرخۆر، تاقەتی ئەوەمان نییە لێی ڕامێنین.
سێیەم؛ کاتێک لە پرۆسەی نوێنەرایەتی کۆڵیمەوە، بردمی بۆ کۆمەڵێک بواری جیاواز. لە دونیای ئێمەدا دوو جۆر لە نوێنەرایەتی لە ململانێدان. نوێنەرایەتی کۆن یان تەقلیدی، لە گەڵ نوێنەرایەتی مۆدێرن یان لیبرال. نوێنەرایەتییە کۆنەکان بریتین لە خێڵ، عەشیرەت، بنەماڵە، خێزان، تەکێ، تەریقەت. ئەم گرووپانە لە ڕێگای سەرەکانیانەوە، نوێنەرایەتی دەکرێن، بەبێ ئەوەی پرۆسەی نوێنەرایەتی لە نێوان دەست و پێوەند و ئەنداماندا لە ئارادابێت. ئەم جۆرە گرووپ و شێوازی ئەندامێتییان وەک زیانبەخش تەماشا دەکرێن بۆ سیستەمی حوکمڕانی مۆدرێن نەک سوود بەخش. بەڵام دەبینین هەمیشە پەنایان بۆ دەبرێت و بەکاردەهێنرێن. زۆرجار بەکارهێنانەکە ئامرازییە. هەندێکجاریش بۆ ڕێگرییە لە نوێنەرایەتییە مۆدرێنەکان. لە بەرامبەر ئەمەدا نوێنەرایەتی مۆدێرن هەیە وەک کۆمەڵگای مەدەنی، پارتی سیاسی، رێکخراوی نوێ، شووناسی ڕەگەزیی (جنس) و جێندەریی و سێکسی، هەروەها دەکرێت وەرزشی و کەلتوریی و ئایدەلۆژیی و فیکریی و فەلسەفیشی تیادابێت. ئەمە بوو کە ناچاری کردم لە هەڵکشان و داکشانی کۆمەڵگای مەدەنی بکۆڵمەوە لە کوردستان. پرۆژەیەکە کە لە بیرمدایە لە خانەیەکی بیری ئەمریکی یان ئەوروپیدا کاری لە سەر بکەم. 
نوێنەرایەتی مۆدرێن بە شکڵی بەرجەستەبوە، بەڵام لە گەڵ خۆیدا خەسڵەتە بیریارییەکانی بەرهەم نەهێناوە، وەک خەیاڵی نوێی، شێوازی نوێی بۆ پێکەوەبونی ڕاستەقینەیی، سوودبینین لە ئەم شێوازە نوێیە بۆ کاریگەریی دانان لە سەر شێوازی حوکمڕانی، کە خۆی هایبردێکی سەیرە. نوێنەرایەتییە تەقلیدییەکان دەیانەوێت بەشێک بن یان سودمەندبن لە دەسەڵات. بەڵام ئامانجی ڕاستەقینەی نوێنەرایەتی نوێ کاریگەریی و ئاراستەکردنی حوکمڕانییە، دانوستانی ناکۆتا.
چوارەم؛ کاتێک ئێمە بێئاگابویین لە چییەتی نوێنەرایەتی، ئەوا سیستەمی سیاسیمان لە سەر ئەو بنەمایە دانەڕشتووە. چونکە لە هەناو سیستەمی سیاسی ئێمەدا شەڕێکی ناکوتای ناوخۆیی بوونی هەیە، ئەوا کرۆکی حوکمداری زەبر و ئامرازەکانیەتی نەک نوێنەرایەتی. لە گەڵ بەکاردبردنی پەنجا بە پەنجا وەک ڕێگاچارە بۆ رازیکردنی هەردوولا، پرۆسەی نوێنەرایەتی دەمرێت. لە نیوەی بۆ من و نیوەی بۆتۆدا، نوێنەرایەتی بوونی نیە.
بە کورتی نوێنەرایەتی یانی حکومەتێک هەیە کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکات. خەڵک بڕیاردەدات لە سەر کێیەتی و چۆنێتی ئەو نوێنەرانە. کەواتە نوێنەرایەتی هەمیشەیی بوونی نییە. بەڵکو نوێنەرایەتی کاتییە، پێویستی بە پیاداچونەوە و هەڵسەنگاندن و شەرعیەت پێبەخشینە. بەڵام بوونی زەبر و شەڕ بە کرۆکی سیاسەت، ئەم رەهەندانەی تر بایەخییان نیە. بۆیە هەنگاوی یەکەمی دروستبوونی نوێنەر و نوێنەرایەتی گۆڕینی شووناسی هێزە چەکدارەکانی هەرێمە.
پێنجەم؛ لە بەر نەبوونی کەلتوری نوێنەرایەتی، نوخبەی سیاسی کوردی، خاوەن دەسەڵاتە ڕاستەقینەکان، خۆیان بە نوێنەری ئەزەلی دەزانن. ئەمە بەشێکە لە بەڵای شۆرش. شۆرشگێڕان هەمیشە خۆیان بە نوێنەری پرس و خەڵکەکانیان دەزانن، بەبێ ئەوەی هیچ سەنگێک بۆ چۆنێتی نوێنەرایەتی پرس و خەڵکەکان دابنێن. سەرۆکی حیزبەکان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، کوڕ و کاڵی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، هەموو سەر بە قوتابخانەی نوێنەرایەتی ئەزەلین. ئەمەشە بنەمای ئەوەی داڕشتوە کە شۆڕشگێڕەکان بە گشتی  و بە ئاسانی دەبنە بنەماڵەیی.
وەک کاری خانەی بیر دەبێت هەمیشە لە گەڵ هەموو کارێکدا پێشنیارت هەبێت. بە گشتی بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بەرجەستەبێت لە کوردستان، بە دیدی من دەبێت سەرەتا بزانین چییە، بە تایبەتی نوێنەرایەتی مۆدرێن. بەڵام خانەی بیری ئەورووپی پێشنیاری لە ئەم جۆرە بە نۆمیناڵ دەبینن. وەهای دەبینن کە کرداریی نییە. پێشنیارەکان دەبێت کرداریی بن.
نوێنەرایەتی پرۆسەیەکی مەحاڵە. ئەستەمە نوێنەرایەتی پیادەبکرێت، بۆیە هەندێک وەهای دەبینین تەنها ئیدیعایەکە، کلەیم. بەڵام لە کوردستان بە گشتی دوو جۆر کار دەتوانرێت بکرێت؛ یەکەم لابردنی ڕێگرییەکان، دووەم، بەهێزکردنی بوارەکانی نوێنەرایەتی.
ڕێکخستنی هێزی چەکدار یەکێکە لە لابردنی ڕێگاکان و زەمینەسازان بۆ بەرجەستەبونی نوێنەرایەتی. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆسەی گواستنەوە لە شەڕ و زەبرەوە بۆ مەدەنیەتی سیاسی. رێگریی دووەم، ئابوورییە. نەوت دژ بە نوێنەرایەتییە یان دژ بە دیموکراسییە. بەڵام دوفاقییەک لە ئابووری نەوتدا هەیە، لە کاتێکدا دیموکراسی پێویستی بە بوژانەوەی ئابووری و بوونیادی ژێرخان و گەشەی خوێندەواریی هەیە، نەوت لە زۆجاردا هەموو ئەمانە دەکات، کەواتە چۆن رێگرە لە دیموکراسی. ئەمە دەمانبات بۆ هاوکێشەی باج و نوێنەرایەتی. باج یانی سەرچاوەی بژێوی حکومەت، بەڵام کاتێک حکومەت بە هۆی نەوتەوە پێویستی بە باج نییە یان بڕێکی کەمی پێیویستە ئەوا سەرباری دروستبوونی بنەماکانی چینی ناوەند، نوێنەرایەتی نایەتە ئاراوە. ئەمە سەرچاوەی قەیرانە چونکە ڕێگرییکردن لە ئاگایەک سەختترە لە بێئاگایەک. بەڵام کێشەکە ڕەنگە نەبێتە مایەی مەترسی لە بەر ناهاوسەنگی ئابووریی. کەواتە جۆری ئابووری رێگرە.
ڕێگرێکی تر سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمە. تاک بازنەیی وەک برادەرانی KIE بەباشی کاریان لە سەرکردووە بوەتە هۆکاری زۆر کێشە، لە سەروی هەمویانەوە، بێبەش بونی شار و شارۆچکە بچوکەکان. هەروەها سەنتەریی بوون، دروست نەبونی نوێنەر و بازنەی نوێنەرایەتی.
لە بواری بەهێزکردندا، دەزگای پەرلەمان دەبێت بە نوێنەرایەتی بناسرێت. دەبێت نووسینەوەی دەستوور لە سەر پارادایمی نوێنەرایەتی بێت. کاتێک دەستوری ئەمریکی بە ڕستەی ئێمە خەڵکی وڵاتە یەکگرتوەکان دەست پێدەکات، بەمانای ئەوەدێت کە ئەو دەستوورە بە مەبەستی نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە نوسراوە. دەبێت نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکان لە ئاستی فیکریدا بناسرێن لە هەمانکاتدا هەر پشتیوانییەک بۆ کۆمەڵگای مەدەنی و هاوجۆرەکانی لە سەر ئەو بنەمایە بێت کە نوێنەرایەتی نوێ بەرهەم بهێنێت.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:01:40:22/09/2021



ئه‌م بابه‌ته 277 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌