شەڕی ساردی چین و تایوان

فرسه‌ت سه‌ید شكور
نووسه‌ر
شەڕی ساردی چین و تایوان... مەترسییەکی دیکە

لەدوای ڕاگەیاندنی شەڕ لەلایەن ڕووسیاوەوە و گەیشتنی سەربازانی ڕووسیا بۆنێو خاکی ئۆکراینا، جیا لە کوژرانی ھەزاران سەرباز لە ھەردوولا و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و وێرانبوونی بەشێکی زۆر لەو شارانەی کە جەنگ تێیاندا بەردەوامە، کاریگەرییە فراوانەکەی ئەم جەنگە ھەر زوو لەسەر دۆخی سیاسی، سەربازی و ئابووریی جیهان دەرکەوت. جەنگەکە، ئاراستە و تێڕوانینی وڵاتانی ئەورووپا و ھەتا ئەمریکاشی بەرامبەر ڕووسیا گۆڕی، بە دروستی، کاریگەریی تەواوی خستە سەر نرخی نەوت و خۆراک لە سەرانسەری ئەورووپا و لە ھەندێک شوێن قەیرانی گەورەی خۆراکیی دروست کردووە.

چین و تایوان

كۆماری چین لە ساڵی 1911 بنیات نرا و لە ساڵی 1912 بە فەرمی ناسرا. ئەو دەوڵەتە لە ڕابردوودا، هەموو چین و مەغۆلستانی لەخۆ دەگرت. لەدوای دووەم شەڕی جیهانی، دوورگەكانی تایوان و پەینگۆی لە ژاپۆن ستاندەوە و دەستوورێكی نوێشی دانا كە لە ساڵی 1947 پەسند كرا. لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی چین لە ساڵی 1949، پارتی ناسیۆنالیستی چین، كە بەسەر وڵاتدا زاڵ بوو، بەرامبەر بە پارتی كۆمۆنیسیتی چین پاشەكشەی كرد و بەناچاری حكوومەتی كۆماری چین لە دوورگەی تایوان بنیات نرایەوە و تایپەش بوو بە پایتەختی ئەو حكوومەتە و خۆی بە خاوەنداریی یاسایی و شەرعیی هەموو خاكی چین و مەغۆلستان هەژمار كرد.

ئەوحكوومەتەی لە تایوان دامەزرابوو، لە سەرەتای شەڕی سارد لە لایەن زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە تاكە حكوومەتی یاسایی چین هەژمار دەكرا و تەنانەت لە دامەزرێنەرانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بوو و تا ساڵی 1971 ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوەكە بوو. هەر لەو ساڵەدا لە رێكخراوەكە دەركرا و كورسییەكەی بە كۆماری گەلی چین بەخشرا.

رووبەری تایوان 35 هەزار و 980 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی سەرووی 23 ملیۆن كەس دەبێت. دراوی فەرمیی تایوان دۆلارە. كۆمپیوتەر، ئامێرەكانی كۆمپیوتەر و ئامێری ئەلیكترۆنی، لە گرنگترین ئەو بەرهەمانەن، كە ئەو وڵاتە هەناردەیان دەكات.

ھۆکاری ئاڵۆزییەکان

كۆماری گەلی چین حكوومەتی تایوان بە نایاسایی هەژمار دەكات و خوازیارە بگەڕێندرێتەوە سەر وڵاتەكەی. تایوان سەرەتا یەك حزب تیایدا حوكمی دەكرد، بەڵام دواتر بوو بە وڵاتێكی فرەحزبی. زۆر لە وڵاتانی جیهان لەژێر كاریگەریی چین، پەیوەندییان لەگەڵ تایواندا نییە و بەگشتی 21 وڵاتی دنیا تایوان بە فەرمی دەناسن، بەشێکی زۆر لە (زلھێزان)ی جیھان، لە ترسی لەدەستدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ چین، نایانەوێ لە ھیچ ڕوویەکەوە ھاوسۆز و ھاوکاری تایوان بن.

لەم چەند ساڵەی دواییدا لە تایوان گۆڕانكاریی سیاسی رووی داوە، پەیوەندییەكانی نێوان چین و تایوانیش تا راددەیەك ئاسایی ببووەوە و تایوان بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی چین هەژمار دەكرێت، بەڵام لەدوای دەستپێکی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و تا ڕادەیەک کاردانەوەی ئاسایی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا، بە ڕادەیەکی زۆر خەونی دەستخستنەوەی تایوانی لەلایەن چینەوە زیندوو کردووەتەوە.

تایوان بە (نۆزدەیەم) وڵاتی ئابووریی جیهان هەژمار دەكرێت و لە رووی تەكنەلۆجیا و پیشەسازییەوە زۆر پێشكەتووە و لە رووی دیموكراسی و چاودێریی تەندروستی و پەروەردەش پێگەیەكی باڵای هەیە، (گەشە ئابوورییەکانی تایوان لەلایەن چینەوە ھەرس ناکرێت)، بەو پێیەی ئێستا چین لە ململانێی گەورەی ئابووری و سیاسی و ھەتا بابەتی تەکنەلۆجیاشدایە لەگەڵ ئەمریکا، بۆیە خواست و ئارەزووی ئەوەی نییە لە بندەستی خۆیەوە دەوڵەتێکی دیکە گەشە بکات، کە تا ڕاددەیەکی زۆر لەژێر ھەژموون و کاریگەریی ئەمریکادایە.

ڕۆڵی ئەمریکا لە گرژییەکان

کاریگەریی گەورەی ئەمریکا و حاکمێتییەکەی ئێستای لە جیھاندا، لەلایەن دەوڵەتانی وەک چینەوە قبووڵنەکراوە، ئەمریکاش بەوە ناسراوە، ھەمیشە پاڵپشتیی ئەو گرووپ و ھەرێم و دەوڵەتانە دەکات، کە دژی چین، یان ئێران و ھەریەک لەو وڵاتانەی دژبەرین، ھەموو ڕێگەیەک دەگرێتە بەر. ڕەنگە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ تایوان ھێندەی دیکە چینی تووڕە کردبێت.

بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی (CNN)ی ئەمریکی، ھەفتەی ڕابردوو، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ تایوان دووپات کردەوە و پێشنیاری کردووە، لە سەکۆی بەرگریی یەکەم لە (ئاسیا)، پێویستە چین چالاکییەکانی کەم بکاتەوە. ئۆستن لە دیالۆگی (شانگری لا) لە سەنگافوورە قسەی کرد و باسی لە زیادبوونێکی جێگیری چالاکییە سەربازییەکانی کرد لەنزیک تایوان. تایوان و چین لە ماوەی شەڕی ناوخۆییدا لە ساڵی 1949دا دابەش بوون، بەڵام چین ئەو دوورگەیە وەک خاکی خۆی بانگەشە دەکات، بەڵام بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی بڕیاری نەداوە.

ئۆستن لە ناونیشانەکەیدا گوتی: ئێمە جەخت لەسەر پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و بارودۆخی تایوان دەکەینەوە، بەڵام جووڵەکانی (پی ئاڕ سی) هەڕەشەی لاوازکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە هیند و ئۆقیانووسیا دەکات.

‎ئۆستن دیدگای ئەمریکای بۆ ئەم بابەتە خستووەتە ڕوو و ڕوونی کردووتەوە، لەکاتێکدا ئەمریکا پشتگیریی سەربەخۆیی تایوان ناکات، بەڵام نیگەرانییەکی گەورەی هەیە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئەم دواییەی چین و پێشنیاری کرد کە پەکین لەوانەیە هەوڵی گۆڕینی دۆخەکە بدات، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین (کۆل وو کیان) دەڵێت: چین وەڵامی هەر جووڵەیەک دەداتەوە، کە ئامانج لێی بە سەربەخۆیی ناساندنی فەرمیی تایوان بێت و بە تێکشکاندن، ھەتا بە جەنگیشەوە.

نیگەرانییەکانی چین

‎چین وای دەبینێت، ئەمریکا بەنیازە ناتۆیەکی ئاسیایی دەست پێبکات، بە چوونە دەرەوەی هیند و هێمن، بەڵام ئەمریکا چەندین جار ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردووەوە، کە ئەوان بەدوای ڕوو بەڕوو بوونەوە و ململانێدا ناگەڕێن و بەدوای شەڕێکی ساردی نوێدا ناگەڕێن.

چین دەڵێت: لە ئەمەریکا پشتیوانی لە تایوان دەکرێت، (جی سی پینگ)ی سەرۆکی چین بە ئەمریکا دەڵێت "یاریی بە ئاگر دەکەن". 
لەڕاستیدا چین دەیەوێت گفتوگۆ و هاریکارییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا بپارێزێت، بەڵام لای وایە، ئەمەریکا کۆمەڵێک شتی نابەرپرسانەی گوتووە و کۆمەڵێک کاری وروژێنەرانەی لە تایوان و دەریای باشووری چین كردووە و لەڕێی فڕۆکە و کەشتییە جەنگیەکانیەوە ئەرکی چاودێریی لەنزیکەوە جێبەجێ كردووە.

ھەروەھا، چین بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان سوپاکانی ئەمەریکا و چین مەرجی هەیە، سەروەری و یاسا و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی نابێت پێشێل بکرێن، بەتایبەتی لەسەر بابەتی تایوان، چین هیچ دەرفەتێک بە سازان نادات و ئەمەریکاش سەبارەت بەمە دەبێت هیچ خەیاڵێک نەکات.

تایوانی دیموکرات دژایەتیی فشارە سەربازی و سیاسییەکانی چین دەکات بۆ سەر دوورگەکە، چین دەیەوێت لەو ڕێیانەوە تایوان ناچار بکات، فەرمانڕەوایی چین پەسەند بکات. تسای ئینگ وێن، سەرۆکی تایوان بەڵێنی داوە بەرگری لە دوورگەکە بکات و دەڵێت، تەنیا خەڵکی تایوان دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:03:27:14/06/2022



ئه‌م بابه‌ته 130 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌