سروشتی یاسایی تاوانی ئابڕووبەرانە و دەستدرێژی سێکسی.

پەیمان عیزەدین
نووسەر و یاساناس

تێکەڵیەکی زۆر هەیە لەنێوان دەستدرێژی سێکسی و تاوانی ئابڕووبەرانە و پەیوەندی سێکسی ئارەزوومەندانە.

لە ڕووداوی جیاجیادا کە تایبەت بن بە پەیوەندیی سێکسی دەرەوەی هاوسەرگیری، بەبێ زانینی هۆکار و زەمینەی ئەو پەیوەندییە حوکمەکان دابەشئەبن بەسەر تاوانبارکردنی ژنەکە یان پیاوەکە، بەداخەوە بەشی زۆری حوکمەکانیش بەئاڕاستەی تاوانبارکردنی ژنەکەیە بەو پێیەی کە بەردەوام خەتاباری سەرەکی لەو تاوانانەدا ژنە، چونکە بەپێی تێگەیشتنی زاڵ ئەگەر ژنان خۆیان حەزنەکەن کەس ناتوانێت دەستدرێژیان بکاتە سەر، ئیتر لەوبەینەدا ڕۆڵی پیاوەکە بزر ئەبێت وەک ئەوەی بە تۆپزی دەستدرێژیەکەیان پێکردبێ، لەگەڵ ئەم هەڵە و ناڕەواییە لە حکومدان هێشتا هەڵە تێگەیشتنێکی گەورە هەیە لە نێوان کرداری سێکسی ئارەزومەندانە و دەستدرێژی سێکسی یا تاوانە ئابڕوبەرەکان.

قانونی ئێراقی چۆن ئەمانەی لەیەک جیاکردۆتەوە؟

١- ئەو کرداروپەیوەندییە سێکسیانەی لەنێوان نێر و مێ یان نێر و نێرێکی کامڵ واتە سەرو هەژدە ساڵ ڕوودەدەن و بە ڕەزامەندی و ئارەزوی هەردووکیانە بە مەرجێک خێزاندارنەبن، ئەوا بە تاوان حساب ناکرێت و هیچ مادەیەکی قانونی نیە سزای بۆ ئەو پەیوەندیە دانابێت، چونکە لە بنچینەدا کە ئارەزومەندانە بێت لایەنی سکاڵاکار بوونی نییە.

٢- ئەو کردارو پەیوەندییە سێکسیانەی لەنێوان نێر و مێ یان نێر و نێرێکی کامڵ واتە سەرو  هەژدە ساڵ ڕودەدەن و بەبێ ڕەزامەندی و ئارەزوی یەکێکیان لە ماددەی ٣٩٣ ی یاسای سزادانی ئێراقیدا بە دەستدرێژی سێکسی(الإغتصاب)دانراوە و سزاکەی زیندانیکردنی هەتەهەتاییە.

ئەم سزایە توندتر ئەبێ واتە ئەبێ بە لە سێدارەدان لە چەند حاڵەتێکدا.

- ئەگەر ئەوەی دەستدرێژیەکەی کراوەتە سەر نەگەیشتبووە تەمەنی ١٨ ساڵیی.

- ئەگەر تاوان لەسەرکراو خزمی پلە یەک و دوو و سێی تۆمەتباربوو یان یەکێک بوو لەوانەی کە تۆمەنبار ئەرکی پەروەردەکردنی گرتبێتە ئەستۆ یان کاری بۆ تاوانبار کردبێ.

- ئەگەرتۆمەتبار فەرمەنبەر یا ڕاسپێردراوبێ بە وەزیفەیەکی گشتی یا لە پیاوانی ئاینیی بێ یا پزیشک بێ و ئیستیغلالی پێگە و پیشە ومتمانەی خەڵکیان کردبێ .

- ئەگەر لەکەسێک زیاتر بوون ئەوانەی دەستدرێژیەکەیان کردووە.

٣- خەڵەتاندن بە بیانووی هاوسەرگیری یەکێکی ترە لەو حاڵەتانەی یاسای سزادانی ئێراقی باسی کردوە و لە ماددەی ٣٩٥ دا و ئەڵێ هەر کەسێ کچێک بخەڵەتێنێ بەبیانوی هاوسەرگیری و کچەکە ١٨ ساڵی تەواو کردبێ و سەرجێی لەگەڵ بکات و دواتر پەشیمان بێتەوە ئەوا سزا ئەدرێت بە بەندکرن واتە بۆ ماوەیەکە کە لە ٥ ساڵ تێپەڕ ناکات.

٤- دەربارەی تاوانە ئابڕوبەرەکانیش کە هەموو ئەو کردەوانە ئەگرێتەوە کە ئابڕووی کەسێکی پێئەبرێت لە ماددەی ٣٩٦ دا هاتوەو ئەڵێ ئەگەر ئەو تاوانە بەرامبەر کەسێک کرا لە ڕێی بەکارهێنانی هەڕەشە، فێڵکردن، هێز یا هەر شێوازێکی تر ئەوا سزا ئەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە ٧ ساڵ زیاتر نەبێت یان بەندکردنی ئەگەر تاوانەکە بەرامبەر کەسێک ئەنجام درا کە نەگەیشتبوە تەمەنی ١٨ ساڵیی ئەوا سزاکەی ئەبێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە ١٠ ساڵ زیاتر نەبێت.

لەهەموو حەڵەتەکاندا بە نیسبەت ئەوانەی ١٨ ساڵی تەمەنیان تەواو کردوە و یەکێک لەو تاوانانەیان بەرامبەر ئەکرێت ئەگەر خۆیان سکاڵایان نەبێ کەس ناتوانێ لەبری ئەوان سکاڵا بکات، هەروەها ئەوانەش کە تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە ئەگەر بەخێوکارەکانیان سکاڵایان نەبێ دیسان کەس ناتوانێ سکاڵا بکات، چونکە ئەمانە بەپێی یاسا تەنیا تاوان لەسەر کراو یان ئەوەی سەرپەرشتیان ئەکات مافی سکاڵاکردنی هەیە، ئەسڵی کێشەکەش لێرەوە دەست پێئەکات کاتێک ژنێک یان کچێک رووبەڕووی ئەو تاوانانە ئەبێتەوە زەحمەتە بتوانێ یا بوێرێ لای خێزانەکەشی باسی بکات جا چجای ئەوەی سکاڵا تۆماربکات.

ئێمە ڕاست ناکەین و خۆمان ئەخەڵەتێنین ئەگەر پێمان وابێ لەم هەرێمەی ئێمەدا دەستدرێژی کردنە سەر کچ و کوڕ نییە یا لەو خەیاڵە خۆشەدابین کە هەموو مەلاوقەشەکان نوێنەری خوان لەسەر زەوی و پزیشک، دادوەر، مامۆستا، پارێزەر و..........وەک دایک و خوشک و مناڵی خۆیان سەیری ئەو ژن و کچ و کوڕانە ئەکەن کە ئیشیان تێیان ئەکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرانەشدا ئەگەر ژنێک چووەلای پزیشکێک و پزیشکەکە دەستی بۆبرد، ئەگەر مامۆستایەکی تایبەت بەناوی گاڵتەوە روومەتی خوێندکارە کچ و کوڕەکانی گرت، ئەگەر ڕاهێنەرەکە خۆی بە فێرخوازەکانیەوە نوساند، ئەگەر مامۆستایەکی ئاینی بەناوی خێر و چاکە وە کچ و فەقێکانی خەڵەتاند، کۆمەڵگا بڕوا بە کێیان ئەکات؟؟ بە تایبەت ئەگەر تاوان لەسەرکراوەکە مێینە بێ؟

هەموومان گوێمان لەوەبووە ئەگەر خۆی جلی ڕووتی لەبەر نەکردایە وای لێنەئەهات، قابیلی لەوە زیاترە بۆ واخۆی ئەڕازێنێتەوە، بۆ قبوڵی کرد و شکاتی نەکرد، لە هەموو حاڵەتەکانیشدا سکاڵا بکات یان بێدەنگی هەڵبژێرێت، دواجار مێینەکەیە کە باج ئەدات، بێگومان حاڵەتی واش هەیە کە ژن هەوڵئەدات پیاو لە خشتە ببات و لەدوای دروستبونی پەیوەندیەکە وای پیشان ئەدات کە دەستدرێژی کراوەتە سەر، بەڵام ئەمە لەچاو حاڵەتی هەراسانکردنی ژنان و کچاندا کەمینەیە.

ئەگەر ئێمە بمانەوێ چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتانە بدۆزینەوە ئەبێ خێزان پشتیوانی مێینەکانی بێ بۆ دەستبەردارنەبوونی مافەکانیان، لەبەر هیچ و لەترسی هێچ شتێک دودڵ نەبێ لە سکاڵا کردن، ئەبێت فێر ببین تاوانبار و قوربانیی وەک یەک سەیر نەکەین، بەرپرسێک، مامۆستایەک، دادوەرێک، پزیشکێک -ی خراپ جێگە و پێگەی خۆی بەکاردێنێ و کچان و ژنان ئەخەڵەتێنێ، خەتابار خەڵەتێنراوەکە نیە. بەڵکو خەتابار ئەوکەسەیە کە دەسەڵاتی خۆی یان کەسوکاری بەکاردێنێ بۆ ئارەزوەکانی خۆی، ئەوکەسەیە کە ئیستیغلالی خاڵی لاوازی نەخۆشەکەی، خوێندکارەکەی، بریگرتەکەی ئەکات و بەلارێیدا ئەبات، بابەتەکە ئەوەندەی پەیوەندیدارە بە هەق و ناهەقەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بە نێر و مێیەوە نیە ئەگەر ویژدانمان هەبێت.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

AM:09:54:09/04/2022



ئه‌م بابه‌ته 334 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌