شۆڕش یان گۆڕانکاری بەکێ دەکرێت؟

دییە عەلی مەحمود
ژمێریار

شۆڕش، گۆڕانکاریی ڕیشەییە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر، هەر ئەمەش بووەتە خاڵی جیاوازی لەگەڵ کودەتای سەربازی. 
شۆڕش یان گۆڕانکاری لەژیانی سیاسیدا کەزیاتر مەبەستی بابەتەکەی ئێمەیە، زیاتر لەدامەزراوەکان و دەسەڵاتدا دەبێت. شۆڕش جۆری زۆرە، بەڵام ئێمە زیاتر لەسەر بوارە سیاسییەکەی دەوەستین، کەدەروازەیەکی گرنگە بۆ هەموو بوارەکانی تری ژیانی مرۆڤ، لەوەش زیاتر لەسەر شۆڕشی ناوخۆیی دەوەستین، واتە ئۆپۆزسیۆن یان گروپێک دێن و دژی دەسەڵات دەوەستنەوە دەیانەوێت خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست، پرسیاری جەوهەری ئەم بابەتە ئەوەیە:

ئایا شۆڕش یان گۆڕانکاری بەکێ دەکرێت؟ ئایا هەموو کەسێ دەتوانێ ڕابەرایەتی شۆڕش بکات؟ 

بەرلە هەرشتێ لە کوردستان زۆرجار خۆپیشاندانی مەدەنی و ڕاپەرینی جەماوەری کە دوو چەمکی تەواو جیاوازن لە یەکدی تێکەڵکراون، بۆنمونە شاسوار عەبدولواحید، لە گوتاری سەرەتای بانگەشەی خۆپیشاندان، سەرەتا دەڵێ ڕاپەڕینی جەماوەری دواتر بایدەداتەوە و دەڵێت، خۆپیشاندانی مەدەنی، کە ئەم دووچەمکە جیاوازی نێوانیان ئاسمان و ڕێسمان، بەڵام بۆ کەسێ هیچ قوڵاییەکی لەسیاسەتدانییە و ئاگاداری زانست و بیری سیاسی نییە، وەک یەک سەیر دەکات.

لەکوردستان لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە خۆپیشاندانی جۆراو جۆر کراوە، بەهێزترینیان خۆپیشاندانەکەی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواتر بوو، کە کۆمەڵێ داواکاری جدی و سیاسی هەبوو، توانی زیاتر لە ٦٠ رۆژ بەردەوامبێت، پیاوێکی بەهێزی وەک نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەیەکی وەک گۆڕانی لەپشتەوەبوو، بەڵام ئەویش لە رۆژەکانی کۆتایدا ئەگەر یەکێتیش هەڵینەکوتایەتەسەری و کۆتایی پێنەهێنایە، خۆی کۆتایی پێدەهات، چونکە بووبە شوێنی گاڵتە و گەپ.

بۆیە لەماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی حکومڕانی کوردیدا هیچ ڕاپەڕینێکی جەماوەری دروست نەبووە کە گۆڕانکارییەکی گەورە بەدی بهێنن، ڕەنگە هۆکاری هەرە سەرەکی ئەوەی کە نەیتوانیوە گۆڕانکاری بکات، پەیوەندی بە رابەری خۆپیشاندانەکەوە بێت، کەیان خۆپیشاندانەکان بێ ڕابەربوون، یان ڕابەرەکانی خۆپیشاندان لێنەبڕاون و نەیانتوانیوە لەخۆیان ببورن، چونکە بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرژەوەندییان لەمانەوەی سیستمەکەدا هەبووە.

مارکس لە مانیفێستەکەیدا دەڵێت: "باچینە چەوسێنەرەكان بەرامبەر بە شۆڕشی كۆمۆنیستی سەرتاپایان بێتە لەرزین، لەم شۆڕشەدا كرێكاران هیچ لەدەست نادەن، تەنها زنجیرەكانیان نەبێت"، لای مارکس ئەم دیدە تەواو وابەستەیە بەبەرژەوەندی خۆدی تاکەوە یان ئەو چینەی کەدەیانەوێت شۆڕش بکەن.

هەرچی مەسیحە دەڵێت: "ئەوەی دەیەوێت خۆی ڕزگار بکات با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی خۆی ھەڵبگرێت و شوێنم کەوێت"، مەسیحیش لێرە بەهەمان شێوە باس لەڕزگاری دەکات، باسی گۆڕانکاری و شۆڕش دەکات، بۆیە لای مەسیحیش کەسانێ دەتوانن گۆڕانکاری بکەن، ئەوانەن کەخۆیان بکەن بەقوربانی لەپێناو ڕزگارکردنی گەلەکەیدا.
 
ئێستا کە شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی گۆڕانکاری و شۆڕش دەکات، دەبێت بیدەین لەفلتەری مارکس و مەسیح، هەتا بۆمان ڕوون بێتەوە کە شاسوار عەبدولواحید و حزبەکەی چۆن دەتوانن گۆڕانکاری بکەن؟ بەرلە هەرشتێ دەبێت ئەوەمان لاڕوون بێت، کە خودی شاسوار عەبدولواحید و سەرمایەکەی کەدەیەوێت شۆڕشی پێوە بکات بەرهەمی ئەو گەندەڵییەیە کەبانگەشەی گۆڕینی دەکات، ئێستاش خەریکی زیادکردنی سەرمایەکەیەتی و هاتنە ناوکایەی سیاسیشییەوە هەر بۆ ئەوەبوو، کەسەرمایەکەی زیاد بکات و بیشی پارێزێت ئیتر چۆن شۆڕشی پێدەکرێت؟

کەسێ لەکۆشکێکی گرانبەهاوە سەیری شار بکات و فەرشی سوری بۆخۆی ڕاخستبێت و چەندان جۆر جوانکاری کردبێت چۆن و لەکوێدا دەتوانێت گۆڕانکاری بکات؟، کەسێ سیاسەتی کردبێت بەسێرک و توڕەی سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆڕمەکانی تر بەرنامە و ستراتیژی بۆ دابنێ واتە هیچ بنەمایەی نەگۆڕی نەبێت، هەر رۆژەی لەسەر مەزهەبێ بێت ئیتر چۆن دەتوانێت شۆڕش بکات؟، کەسێ پارەی ١٠ هەزار خاوەن پشک بخوات و مافە داراییەکانی بۆ نەگێڕێتەوە و ساڵانە حساباتیان لەگەڵدا نەکات و خاوەن پشک نەزانێت پرۆژەکەی چیلهاتووە گۆڕانکاری لەچیدا دەکات؟، کەسێ قەرزاری حکومەت و وەستا و کرێکار و خاوەنی شۆفڵ و گەڵابە و بارهەڵگرەکانی تربێت، لەمیدیاکەشیەوە بڵێ تەحەدا دەکەم قەرزاری هیچ کەسێک نیم، سەیرە ئەم کەسە هێندە ڕوو قایم بێت، بانگەشەی شۆڕش و گۆڕانکاری بکات، لەویش سەیرتر ئەوانەن دوای ئەم کەسە بکەون و بڕوا بەقسەکانی بهێنن و چاوەڕێی ئەوەی لێبکەن گۆڕانکارییان بۆ بکات و ژیانیان بگۆڕێت.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:11:17:07/08/2022



ئه‌م بابه‌ته 202 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌